ڕۆژئاواو فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا

ڕۆژئاواو فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا

پژار ئاودانان

بۆچی کوردان ناوی ڕۆژئاوایان لە فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا جێگیر نەکرد؟

هەواڵی بە فەرمی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا لەکاتێکدا بڵادەبێتەوە کە ئەنجومەنی دامەزرێنەرانی ئەم فیدراسیۆنە، بەبێ ناو هێنانی “ڕۆژئاوا”، ناونیشانی ڕەسمی فیدراسیۆنەکەیان بە “فیدراسیۆنی باکوری سوریا” ڕاگەیاند. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێکی گەورەی ئەم ئەنجومەنە لە نوێنەرانی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا یان “کوردان” پێکهاتووە. ئەم ژمارە زۆرو بەکاریگەرە! بەئاسانی دەیتوانی ناوی ڕۆژئاوا لەم فیدراسیۆنەدا جێ بکاتەوەو یان تەنانەت ناوی ئەو ناوچەو فیدراسیۆنە بەتەواوی بکاتە ناوی ڕۆژئاوا. بەڵام ئەوەی کە بینرا، ئەنجومەنی دامەزرێنەران هەرگیز ئەوەیان نەکرد و وای بەباش زانی کە فیدراسیۆنەکە ناوی “فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا” بێت.

ڕاگەیاندنی ناوی ڕەسمی فیدراسیۆنەکە نەک تەنها بووە هەواڵی مێدیاکانی ناوچەکە، بەڵکو لە شەقامی کوردیشدا گفتوگۆی هێنایە ئاراوە. هەندێک ئەمەیان وەک دەست بەردان لە ئامانجەکانی “کوردستانی گەورە” پێناسە کردو هەندێکیش وەک هۆکاری “نانەتەوەیی بوونی پ.ی.د” لەقەڵەمیان دا. بەڵام ئەو پرسیارەی کە هەروا بێ وەڵام ماوەتەوە ئەوەیە کە بەڕاستی بۆچی کوردان سەرەڕای کاریگەریان و دەستڕۆیشتووییان لە ئەنجومەنی دامەزرێنەراندا، ناوی ڕۆژئاوایان جێگیر نەکرد؟ وە پرسیارێکی گرنگتر ئەوەیە کە ئایا چارەنوسی ڕۆژئاوا چی بەسەر دێت؟

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، لەڕاستیدا دەتوانێ تێگەیشتنێکی زیاتر لە ئامانجەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پ.ی.د) و بەگشتی تەڤگەری ئاپۆیی لەهەرچواربەشی کوردستان بێنێتە ئاراوە. لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی پرسیارەکان چاو لە “فەلسەفەی سیاسی” تەڤگەری ئاپۆیی بکرێت.

عەبدوڵا ئۆجالان وەک دامەزرێنەری فەلسەفەی ئاپۆیی -کەئێستا لەهەر چواربەشی کوردستان بڵاو بۆتەوە- سەرەتا بە دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی بە تێکۆشان کرد. هەروەک لەناوەکەیەوە دیارە، ئەم پارتە بەر لەهەر شتێک پارتێکی سۆسیالیستیەو لێگەڕینی بۆ ئازادی مرۆڤی کورد لەڕێبازی پرنسیپە سۆسیالیستیەکاندا دەبینێتەوە. هەڵبەتە بیرهێنانەوەی ئەم خاڵە لێرەدا پێویستە؛ کە لە پ.ک.ک و تەڤگەری ئاپۆییدا، سۆسیالیزم هەمان ئەو سۆسیالیزمەی سەدەی بیست (سۆسیالیزمی بونیادنراو) نیە، کە سروشت و ناسنامەی ڕاستینی (ئۆرژیناڵیتە)ی خودی سۆسیالیزمە. لەڕستیدا تەڤگەری ئاپۆیی ئەمڕۆ گەورەترین بزوتنەوەی سۆسیالیستیە کە زۆرترین ڕەخنەی لەبەرەی سۆسیالیزمی بونیاد نراو و ماکسیزمی سەدەی بیستەم هەبووە. وە هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کەلەنێوان شکست و جۆرەکانی تری سۆسیالیزمدا، ئەم تەڤگەرە ببێتە بزوتنەوەیەکی سەرکەوتوو فراوانی ناوچەکە.

لە فەلسەفەی سیاسی مارکسیزم و ئەوەی بەناوی سۆسیالیزمی بونیادنراوەوە لەسەدەی ڕابردوو پێکهات، “تێگەی ئازادی” کرایە قوربانی “یەکسانی” و ئەوەی کە بۆ خەڵک مایەوە، تەنها دیاردەو شێوە گرتنی دیکتاتۆریانە یا سەرکوتکاریەک لە سۆسیالیزمی دەوڵەتی بوو. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە ڕاشکاوی ئەم کەموکوڕیانەی سۆسیالیزمی بونیادنراوی لە پارێزنامەکانی بەناوی “مانیفیستۆی شارستانی دیموکراتیک” شرۆڤە کردووەو هاوکات ڕێکارە پراکتیکیەکانی دەرباز بوون لێی ڕۆشن کردۆتەوە. بەو هۆیەشەوە “تەڤگەری ئاپۆیی، تەڤگەرێکە کە ئازادی خەڵکی کورد لە ئازادی گەلانی ناوچەکەو جیهاندا دەبینێتەوە”. بابەتێکە کەئەگەر بە تێگەیشتن و سیاسەتی شکست خواردووی ستالین “سۆسیالیزم لەیەک وڵات” بەراورد بکرێت، ڕاستیەکەی بەتەواوی ڕوون دەبێتەوە.

خاڵی بەهێزی بابەتەکە ئەوەیە کە ئەگەر کوردان وێڕای هێزو کاریگەری لە ڕۆژئاوا، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ئەنجومەنی دامەزرێنەران هەیانە، ئەم ناوچەیان بخستایەتە چوارچێوەی ناوی ڕۆژئاوا، درەنگ یا زوو دەبووە هۆی ئەوەی کە گیرۆدەی هەڵوێست گەلی نەتەوەپەرستی ببن کە زۆر نمونەی لەو شێوەیە لە مێژووی سەدەکانی ڕابردوودا بەتایبەت سەدەی بیستەمدا بینراون. کوردان پاڵپشت بە پرنسیپەکانی تەڤگەری ئاپۆیی، ڕێگای گەیشتن بە دیموکراسی، لە ڕەد کردنەوەی نەتەوەپەرستیدا دەبیننەوە. یانی ئەگەر کوردەکان هەوڵ بدەن بە سود وەرگرتن لە دەستڕۆیشتنیان لە ڕۆژئاوا، دیموکراسی تەنها بۆخۆیان بەدەست بێنن، لەکۆتاییدا ناچار دەبن کە مافی گەلانی ترو مەزهەبەکان ڕەد بکەنەوە. بەوپێیەی کە کوردان ڕوانگەیەکی گشتی و درێژمەودایان بۆ دیموکراتیزاسیۆنی کوردستان و ناوچەکە هەیە، بۆیە بەباشی هەست بە مەترسیەکانی داهاتووی ئەو هەڵوێستە دەکەن. دەتوانرێ بوترێت کە کورد بۆ گەیشتن بە دیموکراسیەتی ڕاستەقینە، ناچارن دیموکراسی لە ناوچەکەدا لەگەڵ ئەوانی تریش دابەش بکەن. ئەم هەڵوێستەی کورد لە ڕۆژئاوا، بە تەواوی دێتە واتای پێشگرتن لە ڕۆیشتنی ستاتۆی خۆیان بەرەو دیکتاتۆریەت و سەرکوت لە داهاتوویەکی نزیکدا.

لێرەدا دەبینین کە کورد لەڕۆژئاواو باکوری سوریا، هەرچەندە زۆرینەن و دەسەڵاتی کاریگەریان هەیە، بەڵام هەوڵیان دا ناوی ئەو هەرێمە دووربێت لە ناونیشان و ئاماژەی نەتەوەگەری و بۆ ئەوە تێکۆشان کە فیدراسیۆنی نوێ، نوێنەرای هەموو ئەو گەلانە بێت کەلەم جیۆگرافیایەدا دەژین.

پێگەی ڕۆژئاوا لەم فیدراسیۆنەدا بە چ شێوەیەک دەبێت؟

پرسیارێکی تر کە دێتە بیری مرۆڤ ئەوەیە کە لەگەڵ هەبوونی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا، ڕۆڵی ڕۆژئاوا لەم فیدراسیۆنەدا چۆن دەبێت؟ ئایا ئەم فیدراسیۆنە وەک ئامرازێک بۆ ئاسیمیلە کردنی گەلی کورد لە باکوری سوریاو لێک دابڕانی ئەم بەشە لە بەشەکانی تری کوردستان دەبێت؟ وە یا بە گوتەی نەتەوەپەرستانی کورد، ئەمە دێتە واتای “دەست هەڵگرتن لە ئامانجی کوردستانی گەورە”؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسە دەتوانرێت ئاماژە بە وتەکانی هەدیە یوسف هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دامەزرێنەرانی فیدراسیۆن بکەین کە وتی “ڕۆژئاوا وەک پێکهاتەیەک لەناو ئەو فیدراسیۆنەدا دەمێنێتەوە”. ئەمە واتای ئەوەیە کە ڕۆژئاوا بەوشێوەیە وەک ستاتۆیەکی کوردی لە سیاسەتی واقعی هەر چوار بەشی کوردستاندا خاوەن گرنگیەکی ستراتیژیکە. ڕاستیەکە ئەوەیە کە ڕۆژئاوا گرنگیەکی ستراتیژیکی بۆ هەموو تەڤگەری ئاپۆیی هەیە. لەڕاستیدا ڕۆژئاوا ئەو مۆدێلەیە کە تەڤگەر تێدەکۆشێت لەژێر ناوی “فیدراسیۆنی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوین” بەئەنجامی بگەیەنێت. لەو مۆدێلە دیموکراتیکەی کە بزوتنەوەی ئاپۆیی باسی لێوە دەکات، هەرپێکهاتەیەکی مەزهەبی و نەتەوەیی لەکاتێکدا کە مافە دیموکراتیکەکانی خۆی مسۆگەر دەکات، لەهەمانکاتدا دەتوانێ خاوەن ژیانێکی ئاشتیانەش لەگەڵ گەلانی تری ناوچەکەدا بێت. لەڕاستیدا تەڤگەری ئاپۆیی فرەیی پێکهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەکان وەک هۆکاری دەوڵەمەند کردن و بەهێزکردنی پایەکانی فیدراسیۆنێکی دیموکراتیک دەبینێت.

ئەوەی کە حکومەتە داپڵۆسێنەرەکانی ناوچەکە والێدەکات کە وێڕای تێکۆشانی دیموکراتک و سەرکەوتووی کوردان بەرامبەر هێزە توندڕەوەکان، کوردان لە دەرەوەی گفتوگۆی چارەسەری قەیرانی سوریا (ژنێڤ) بهێڵنەوە بە دیاری کراوی هەر ئەم خاڵەیە. ئەو مۆدێلەی کە ڕۆژئاوا بونیادی دەنێت، لەڕاستیدا تێپەڕ بوون لەو سنورانەیە کە پرنسیپەکانی نەتەوەپەرستی کێشاویانە. دەتوانرێت بوترێت کە دەرباز کردن و پێشکەوتنی کوردان لە ستاتۆی ڕۆژئاوا بۆ ستاتۆی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا، لەڕاستیدا “فراوان کردنی بێ سنوری”-یە. سنورە سیاسیەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەمووی ئەنجامی پەیمانی سایکس پیکۆ، جەنگی یەکەمی جیهانی و لەبەرچاوگرتنی بەرنامە ئابوریە گەورەکان و ژیۆستراتیژیک لە سەردەمی ئێستادایە. بۆیە ستاتۆیەک بەناوی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا و جێ گرتنی ڕۆژئاوا لە هەناویدا، هەموو ئەو سنورانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە هێزە جیهانیەکان کێشاویانەو سەرکوتکارە هەرێمیەکانیان لە چوارچێوەیدا دامەزراندووە. دەتوانرێت ئەوە بوترێت کە ڕۆژئاواو فیدراسیۆنی باکوری سوریا هەمان ئەو چەکەیە کە تەڤگەری ئاپۆیی بۆ تێکۆشان بەرامبەر مۆدێرنێتەی کاپیتالیستی و شوێنکەوتووەکانی (حکومەتە داپلۆسێنەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین)، پێویستی پێیەتی.

لەڕاستیدا ئەم مۆدێلە دەتوانی لەبەشەکانی تری کوردستانیشدا پراکتیزەو بەشی زۆری ئەو کێشە بنەڕەتیانەی کە ئێستا لە سنورەکانی کوردستاندا هەیە نەهێڵێت. ئاشکرایە کە تێکەڵبوونی مەزهەبی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، تاقانە نمونە لە جیهاندایە، بەجۆرێک کە ناتوانرێ ئەم دەوڵەمەندیە کەلتوریە لە هیچ شوێنێکی تری جیهان ببینرێت. لەلایەکی ترەوە خەباتی کوردان لەهەرسێ بەشەکەی تری کوردستان، دادەکشێتە ناو تێکۆشان و چالاکی نەتەوەو پێکهاتەکانی تریش. بەم هۆیەوە بە ڕاشکاوی دەتوانرێ بوترێت ئەگەر ڕێکارەکانی هێڵی سێهەمی ڕۆژئاواو فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا لەبەشەکانی تر بەبنەما نەگیرێت، تەنانەت لە ئەگەری تێکچوونی حکومەتە ناوەندیەکانی وڵاتانی ئێران، تورکیا و عیراق، دیسان کوردان ناچار دەبن تا لەگەڵ دراوسێکانیاندا شەڕێکی بێ ئەنجام و بێ کۆتا دەست پێ بکەن. بۆ نمونە کوردانی ڕۆژهەڵات ناچار دەبن بۆ دیاری کردنی سنورەکانیان، شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئازەری، فارس و عەرەبەکان دەست پێبکەن. ئەمە بۆ باشورو باکوریش ڕاستە. یانی کوردانی باشور لەئەگەری گرتنە بەری هەڵوێستی نەتەوەپەرستانە ناچاری ئەوە دەبن کە دەست بە شەڕێکی بێ کۆتایی لەگەڵ عەرەبەکان لەناوچەکانی ماددەی ١٤٠، موسڵ و تەنانەت لە چەند شوێنیکی باشوری عیراقیشدا بکەن. کوردانی باکوریش بەهەمان شێوە.

بەڵام بە گرتنە بەری “هێڵی سێهەم” و بە بنەما گرتنی پارادایمی تەڤگەری ئاپۆیی، دامەزراندنی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی گەلانی هاوسنوری کوردستان، هەم دەتوانرێ دیموکراسی لە کوردستاندا بەهێز بکرێت و هەم پێش بە شەڕێکی بێ ئەنجام و ئەبەدی بگیردرێت. هەر لەبەر ئەمەیە کە دەتوانرێت بوترێت نەخشەڕێی هێڵی سێهەم و فیدراسیۆنی دیموکراتیکی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، تەنها ڕێبازی کۆتایی هێنان بە شەڕو سەرکوتکاریە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین.

وە خاڵێک کە لەوانەیە زۆرتر لەهەر بابەتێک گرنگی تایبەتی هەبێت ئەمەیە کە مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی کۆمەڵگای کوردستان (ک.ج.ک) دەتوانێ هاوکات لەگەڵ کۆنفیدراڵ بوونی هەرێمەکە شێویەکی واقعی بگرێت. یانی فراوان بوونی کۆنفیدرالیزم بۆ وڵاتانی ناوچەکە، نەک تەنها نابێتە ڕێگر لەبەردەم کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی کۆمەڵگای کوردستان، بەڵکو تەواو دەبێتە هۆی بەدیهاتنی. نابێ لەبیر بکرێت کە مۆدێلی ک.ج.ک دەتوانێ بەشێوەی هاوکاری ئاشتیانە لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکە (پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی دەوڵەت + دیموکراسی) پێک بێت و یان لەئەگەری پێداگری دەوڵەتانی ناوچەکە لە چارەسەر نەکردنی کێشەی کورد، هاوکات دەتوانرێ بەشێوەی یەک لایەنە پێک بهێنرێت. بەو واتایەی کە پێکهاتەی ستاتۆ لە ناو کۆنفیدرالدایە بەڵام لەچوارچێوەی سنورەکانی یەک دەوڵەتی ناوەندیدا نیە. ڕێبەری گەلی کورد بەڕاشکاوی ئەم هۆشیاریەی داوە. وا دێتە بەرچاو ئەوەی کە ئێستا لە باکوری کوردستان ڕوو دەدات، ڕێڕەوی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک بە ئاراستەی دامەزراندنی یەک لایەنە ببات.

سەرچاوە سایتی کۆدار

Related posts