هاوسەرۆکی کۆدار: لایەنە ڕۆژهەڵاتیەکان دەتوانن ببنە دەستپێشخەر و هەوێن بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.

هاوسەرۆکی کۆدار: لایەنە ڕۆژهەڵاتیەکان دەتوانن ببنە دەستپێشخەر و هەوێن بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.

فوئاد بێریتان لە وتووێژێک لەگەڵ ڕادیۆ دەنگی کوردستان‌دا ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٦ و پێشبینەکانی بۆ ساڵی داهاتو خستە بەر باس و ڕایگەیاند:

ناوەندی شەڕی جیهانی سێهەم لە وڵاتانی عەرەبیەوە گوازراوەتەوە بۆ کوردستان و هەرکەس لە کوردستان سەرکەوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین سەر دەکەوێ. دۆزی کورد لە سەرکەوتن نزیک بۆتەوە و ئەو دەستکەوتانەی لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان کە کورد بۆتە خاوەنی ستاتۆ دیاری هیچ لایەنێکی دەرەکی نیە و خاوەنی ئەو دەسکەوتە خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی گەلی کوردە.

فوئاد بێریتان بۆ باسی شەڕی ناوچەکە دیاری کرد: سێ بەرە لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناو شەڕ دان، یەکەم: نوێنەرانی شارستانیەتی سەرمایەداری و زلهێزەکانی جیهانن وەکوو ئەوروپا و ئامریکا. دوهەم:دەوڵەت نەتەوەکانی هەرێمی وەکوو ئێران، تورکیە و سوریا. سێهەم: شارستانیەتی دیموکراتیک کە گەلی کورد نوێنەری دەکات. شەڕ لە نێوان ئەو سێ هێزەدا درێژخایەن دەبێ و هەرکەس خاوەن پرۆژە و بەرنامە و توانای چارەسەری کێشەکان بێت سەردەکەوێ و هەر هێزێک سەرنەکەوێ لەناو دەچێت و ناوچەکە چۆڵ دەکات. دەوڵەت-نەتەوەکان ناتوانن چارەسەری لەگەڵ خۆیان بێنن بۆیە ئەو زیهنیەتە هیچ شانسێکی بردنەوەی لە ناوچەکەدا نەماوە.

سەبارەت بە کاریگەری گۆڕانکاریە هەرێمیەکان لەسەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوسەرۆکی کۆدار وەڵامی پرسیاری هەژار ڕێبینی بەم شێوەیە دایەوە:

ئەنجامی ئەو شەڕە کاریگەری لەسەر ئێران دەبێ، ئێران وا نیشان دەدات کە کاریگەری نیە و لەناو زەریای شڵەژاوی ڕۆژهەڵاتی ناویندا کۆماری ئیسلامی وەکوو دورگەیەکی ئارام ماوەتەوە؛ بەڵام لە ڕاستیدا ئێران ناتوانێت خۆی لە ڕاستیەکان بدزێتەوە و ئەو گۆڕانکارییانە لە داهاتوودا ئێرانیش دەگرێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٦ دا رۆژبەڕۆژ ناکۆکی و ئاڵۆزیەکانی ناوخۆی ئێران زۆرتر بووە. هەم ئێران و هەم دژبەرانی دەیانهەوێت کوردان بۆلای خۆیان ڕابکێشن و لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بێنن بەڵام نایانەوێ کێشەی کورد چارەسەر بکەن بۆیە کورد لە هەرکام لەم دوو بەرەیەدا جێ بگرێت وەکو خۆکوژیەکی سیاسی دەبێت. تەنیا چارەسەری ڕاستەقینە بۆ کورد ئەوەیە کە خاوەنی هێڵی تایبەت بە خۆی بێت. پێویستە کورد نەکەونە شەڕی مەزهەبی و نەکەونە نێوان شەڕی دەوڵەتان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مۆدێلی چارەسەری تایبەتی خۆیان هەبێت.
نابێت کورد داگیرکەرێک لە داگیرکەرێکی‌تر باشتر بزانێت و دوژمنێک لە دوژمنێکی‌تر باشتر ببینێت و چاوەڕوانی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە لایەن داگیرکەرانەوە لە خۆفرێودان زیاتر هیچ شتێکی‌تر نیە.
پێویستە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاراستنی ڕەوا پێش بخات و بیپارێزێت و هێزی پاراستنی گەورەتر بکاتەوە؛ ئەوە بۆ ئێمە ستراتێژی نیە بەڵکوو بنەما و پرەنسیپە.

ڕێگەی چارەسەری کێشەکانی ئێران لە ڕێگای چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت و ئەگەر ئێران ئەوە قبووڵ نەکات و بیهەوێ تەسلیمیەت بۆ کوردستان فەرز بکات و هێرش بکات ئێمەش خاوەنی هێزین بۆ بەرزکردنەوە تێکۆشین. ئەگەر ئێران درێژە بە ئەو سیاسەتەی بدات کە تا ئێستا لە بەرانبەر گەلی کورد پەیڕەوی کردوە نە تەنیا سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت بەڵکو ئەگەری لەناوچونیشی هەیە. کورد تەنیا یەکیەتی و برایەتی گەلان بە هەبوونی یەکسانی و دیموکراسی قبوڵ دەکات. لە ژێر گوشاردا هیچ یەکیەتیەک واتای نیە و وەلاوەی دەنێت. ئەگەر ئێران کێشەی گەلان و بە تایبەتی گەلی کورد چارەسەر بکات لە ناوچەکەدا بەهێز دەبێت بەڵام ئەگەر سەرکوت بەردەوام بکات ئەوا کێشەکان بۆ ئێرانیش ڕۆژلەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و ئێرانیش لاواز دەکات و ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە سوریا و عێراق و تورکیا هەیە ئێرانیش دەگرێتەوە و ئەگەری پارچەبوونی ئێرانیش هەیە.

لەسەر بابەتی پێوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆدار ڕوونی کردەوە:

ئێمە دەمانهەوێ پێوەندیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پرەنسیپە هاوبەشەکان هەبێت و نکۆڵی لە کەس ناکەین و ئێمە فکری جیاواز و هەبوونی پارت و لایەن و کلتوری ڕەخنە لە کۆمەڵگادا بە پێویست دەزانین. نابێت حزبایەتی لە نەتەوایەتی گرینگتر بزانین. لەو قۆناخە هەستیارەدا پێویستە نەتەوایەتی و دیموکراسی لە پێش هەموو شتێک بێت و ئەوە کوردستانێکی ئازاد بەدی دێنێ.

ئەمڕۆ بۆ سامان گرتنی ماڵی کورد و لەناوچوونی کێشە حیزبیەکان پێویستی بە کۆنگرەی نەتەوەیی هەیە و لایەنە ڕۆژهەڵاتیەکان دەتوانن ببنە دەستپێشخەر و هەوێن بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.

سەرچاوە سایتی کۆدار

Related posts