ئایا بارزانی کەشتیی کوردەکان نقوم دەکات؟

ئایا بارزانی کەشتیی کوردەکان نقوم دەکات؟

پژار ئاودانان

چیرۆکی مەسعود بارزانی، چیرۆکی ئەو پیاوە شێتەیە کە لە ناوەڕاستی ئۆقیانۆسێکی شەپۆلاوی، بزمار و چەکوشێکی بەدەست گرتووە و دەلێت: “من تەنھا دەمەوێ شوێنەکەی خۆم کون بکەم”.
بێ‌گومان ھەر کەسێک پاش٥۰ ساڵی تر پرسی کوردستانی ئەمڕۆ بخوێنێتەوە، بەھیچ شیوەیەک لەوە تێناگات کە سەرەڕای ئەو دەرفەتە مێژووییەی لە سەدەی ٢١ دا بۆ کوردەکان ڕەخساوە، حیزبەکان نەیانتوانیوە، بەباشی کەڵکی لێ وەربگرن. تەڤگەری ئازادیخوازی کورد، تا ئیستا، چەندین جار لەسەر بابەتی یەکگرتنی ھێزە کوردیەکان و پێکھێنانی کۆنگرەی نەتەویی پێداگریی کردووەو تێکوشانێکی بێ وێنەی لەم پێناوەدا بەڕێوە بردووە. بەڵام بەداخەوە ھەر جارەو لە لایەن ھەندێک حیزب و لە سەرووی ھەموویان پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق (بارزانیەکان)، لەمپەرگەلێکی جددی لە بەرامبەر ئەم ھەوڵدانانە دروست کراوە. بەداخەوە ئەم خیانەتە ئاشکرا‌یە کە دژ بە مافی ھەموو کوردەکان بەرێوە دەچێت، ھێندە نۆرمال بۆتەوە کە زۆر لە کوردەکان لە بیر دەکەن ئەم کارەی بارزانی، خیانەتێکی ئاشکرا بە ٤٠ ملیۆن مرۆڤی کورد لە ئەمڕۆی کوردستانە؛ تەنانەت لەمە زیاتر دەتوانرێت ئەم کارە وەک خیانەت بە مرۆڤی کورد ئەژمار بکەین کە لە داھاتوودا لەسەر ئەم خاکەدا دەژین.

چیرۆکی مەسعود بارزانی، چیرۆکی ئەو پیاوە شێتەیە کە لە ناوەڕاستی ئۆقیانۆسێکی شەپۆلاوی، بزمار و چەکوشێکی بەدەست گرتووە و دەڵێت: “من تەنھا دەمەوێ شوێنەکەی خۆم کون بکەم”. بەداخەوە ئەم بڕیارەی بارزانی لەسەر کون کردنی کەشتییەکە، تەنیا بڕیاری خۆی نیە. شەخسی ئەردۆغان و دەسەڵاتی تورکیا کە بە گەورەترین دوژمنانی گەلی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان لە قەڵەم دەدرێن، بەڵێن بەبارزانی دەدەن کە ئەگەر بتوانێت ئەم کەشتیە نقوم بکات، لە داھاتوودا کەشتیەکی باشتری پێ دەدەن کە بۆخۆی کەشتیوانی بێت.

ھەموو ھەل ومەرجێک بۆ ئەحمەقیێکی گەورە لەم کەشتیەدا ئامادەیە؛ بارزانی تەڤگەری ئاپویی وەکو گەورەترین ڕکابەری خۆی لەم کەشتییەدا دەبینێت وا بیر دەکاتەوە کە ئەگەر بتوانێت کەشتییەکە بە سەرکەوتوویی نقوم بکات، دەتوانێ کەشتیەکی باشتر لە تورکیا وەربگرێت؛ کەشتیەک کە ھیچ مرۆڤی کوردی ئاپۆیی تێدا سوار نابێت‌و خۆی کەشتیوانەکەیتی. بەڵام بارزانی ناتوانێت لەو خاڵە تێبگات کە لەم سیاسەتدا ئامانجی ئەردۆغان و تورکیا، نە نقوم کردنی پەکەکە، بەڵکو ھاوکات نقوم کردنی خودی بارزانیشە لەم ئۆقیانۆسە شەپۆلاویەدا. بارزانی ھیچ کاتێک ناتوانێ تێبگات کە ئەوە ھێزی تەڤگەری ئاپۆییە کە ئەردۆغان ناچار دەکات دەستی برایەتی بۆ لای پارتی دیموکرات درێژ بکات. ئەەگینا ھیچ پاساوێک نیە کە ئەردۆغان و تورکیا پشتیوانی لەو کوردانە بکەن کە ھەمیشە بەشێکیان وەک دوژمن ئەژمار کردووە.

زۆر بەداخەوە کەسانێکی تریش لەناو ئەم کەشتیەدا ھەن کە بۆ بەرژەوەندیە کورتخایەنەکانی خۆیان، فریوی ئەحمەقیەتی بارزانیان خواردووە و بێ ئەوەی کە بزانن، خەریکن لە نقوم کردنی کەشتیەکەدا ڕۆڵ دەگێڕن. بارزانی باسی کەشتیەکی خەیاڵی ئەکات کە تورکیا لە داھاتوو ئاراستەی ئەکات‌و ھەر لە ئێستاوە ھەندێک لە بلیتەکانیشی بە حیزب و لایەنەکان فرۆشتووە. ئەنجامەکەش ئەوە دەبێت کە ھەندێ لە پارتەکانی ھەرچوار بەشی کوردستان، فریوی بەڵێنە درۆیینەکانی ئەردۆغان و وەھمەکانی بارازنی دەخۆن و بەناوی “ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی‌و و‌ڵاتی کوردستان”، زەبرەکانی چەکوشەکە لە بزمارەکەی بارزانی دەدەن.

دەبێت لە بیر نەکەین کە کوردستان تەنھا چەن پارێزگای بچووک لە بەشی باشوری نیە. ڕەنگە بارزانی چاوی خۆی لەم ڕاستیە ببەستێت بەڵام کوردانی بەشەکانی ‌تری کوردستانیش ھەر بەو ئەندازەیە مافی ئازادی‌و سەربەخۆییان ھەیە و ئەم پڕۆژەیەی بارزانی، وەکو زەبری چەکوشێکە کە لە لاشەی کەشتییەکە بدات و لە ئەنجامدا داھاتووی ھەموو کوردان دەخاتە مەترسییەوە. لەم دۆخەدا، ئایا دەکرێت مۆڵەت بە بارزانی بدرێت لەبەر ئەو ھەڵە کوشندەیەی کە خەریکە دەیکات، ژیانی ٤٠ ملیۆن مرۆڤی کوردی ھەر چوار پارچە بخاتە مەتەرسییەوە؟

ئەم نوسینە بەر لەوەی کە ڕوو بە بارزانی بێت، ڕووی لە ھەموو ئەو ھێزانەیە کە فریوی پڕوپاگاندای مەترسیداری بارزانیان خواردووە. ئەو حیزبە لیبراڵانەی لە بەشەکانی تری کوردستان، ئایا دەتوانن بیر لەم بابەتە بکەنەوە کە بۆچی بارزانی یارمەتیان دەدات؟ ئایا دەتوانن لەوە تێبگەن کە ئەمە نەخشەیەکی پیلان ‌بۆ کراوی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیایە؟ ئایا دەتوانن ئەم بابەتە گرنگە تێبگەن کە تورکیا ھیچ کاتێک دۆستیان نیە و تەنانەت ئەگەر پەکەکەش نەبێت، دیسان تورکیا گەورەرین دوژمنی کوردانە؟ ئایا ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی سوریا (ENKS) دەتوانێت تێبگات کە بۆچی بارزانی لە جیاتی خەرج کردنی داھاتە نەوتیەکانی باشوری کوردستان بۆ خەڵکە ھەژارەکەی خۆی، ئەینێرێتە ڕوژاوا تا زەبر لە شۆڕشەکەی بدات؟ ئایا “وردە حیزبە لیبراڵەکانی باکوری کوردستان” تێ دەگەن کە بارزانی ھەمان فیکری ئەردۆغانە؟ و گرنگتر لەمانە، ئایا حیزبە ڕوژھەڵاتیەکان کە ئێستا لە باشوری کوردستان دانیشتوون، دەتوانن ئەم بابەتە دەرک بکەن و ببینن کە بارزانی خەریکی فریودانی خۆی و ئەوانە؟ وە ئایا ئەم پارتیانە لە پەیوەندی نێوان ئەردۆگان و بارزانی تێدەگەن؟ ئەم حیزبانە ھاتنی سوپای تورکیا تا پشتی دیوارەکانی کەمپەکانیان چۆن دەنرخێنن؟ ئایا ئەم حیزبانە چۆن دەتوانن لە ھستیاری پەکەکە تێبگەن؟ و ئایا ئەم مافە دەدەنە پەکەکە کە ڕێگا نەدات لەبەر ئەو کەشتیە خەیاڵیەی کە ئەردۆغان لەداھاتوودا پێشکەشی ناکات، لێپرسینەوە لە بارزانی بکات و نەھێلێت کەشتیی کورد بە ٤٠ ملیۆن سەرنشینەوە نقوم ببێت؟

جێگەی خۆشحاڵیە کە پەکەکە ھێندە بەھێزە ناھێلێت بارزانی ئەو کەشتیە ٤٠ ملیۆنیە لە ناوەڕاستی ئۆقیانۆس نقوم بکات، بەڵام سەرەڕای ئەمە ڕۆڵی حیزب و لایەنەکانی‌تر چی دەبێت؟ ئایا ئەم حیزبانە دەبێت لەبەر ئەو بلیتانەی پێشەکی بارزانی پێی فرۆشتوون، لە نقوم کردنی کەشتیەکە یارمەتی دەری ئەو پیاوە بن؟ یاخود دەست بخەنە ناو دەستی پەکەکەو “کۆنگرەی نەتەویی کوردستان” دامەرزێنن و لەو گەردەلولە مەترسیدارەی ڕوژھەڵاتی ناویندا کەشتییەکە بە سەلامەتی بگەیینەنە کەناراوەکان؟ ئەمە ڕاستییەکە، ئەگەر بارزانی لە بیری چارەنوسی خەڵکی کورد لە پارچەکانی‌تر نیە، لانیکەم خودی حیزبەکانی بەشەکانی تر دەبێت لەبیری داھاتووی خۆیان و گەلەکەیان بن. دەبێت ئەو ڕاستیە بزانرێت کە پەکەکە و تەڤگەری ئاپۆیی بەپێچەوانەی بارزانی تەنھا یەک کەس نین و ئامانجی مەزنیان بۆ کوردستان ھەیە.

ھەموو حیزبەکان و لە سەروی ھەموویان حیزبەکانی ڕوژھەڵات دەبێت بەباشی بیر لەو خاڵە بکەنەوە کە تەنانەت لە ئەگەری نقوم کردنی کەشتییەکەو وەرگرتنی کەشتییەکی تر لە لایەن ئەردۆغان، ئایا بارزانی ڕێگا بەو حیزبانە دەدات کە ڕۆڵیان لە ئاژۆتنی کەشتیەکەدا ھەبێت؟ ڕەنگە بارزانیەکان ‌ھەر نایانەوێ بێجگە لە پیاوانی خێڵی خۆیان، کەسێکی‌تر لەو کەشتییە سەر بکەوێت.

سەرچاوە: سایتی http://birkrdnawa.com/

Related posts