ئەگەر سەربەخۆیی کوردستان دەخوازن، رێفراندۆمی بنەماڵە بایکۆت بکەن!

نووسینی:
Emeg Raman

ئەگەر سەربەخۆیی کوردستان دەخوازن، رێفراندۆمی بنەماڵە بایکۆت بکەن!

سەربەخۆیی کوردستان مافی رەوای گەلی کوردە و بێگومان زێدەتر لە ٩٥% گەلی کورد، رێفراندۆم بکرێ یان نا، خوازیاری سەربەخۆیی و دامەزراندنی وڵاتی ئازادە. هەر بۆیە ئەگەر دەسەڵاتێکی کوردی خاوەن توانا و خاوەن بڕێار هەبێ و هەلومەرجی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لە ئارادا بێ، دەتوانێ بە بێ هیچ رێفراندۆمێک ئەم ئەرکە راپەڕێنێ و سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەنێ.

خۆ ئەگەر بخوازرێ سەربەخۆیی بە پشت بەستن بە رێفراندۆمەوە رابگەیەندرێ، ئەوا دیسان رێفراندۆم تەنیا کاتێک مانا دەبەخشێ کە گەلی کورد لە پارچەیەک یان لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە هەلومەرجێکی لەباری ناوخۆیی و ناونەتەوەییدا لەبەردەم راگەیاندنی سەربەخۆیییەکەدا بێ، واتا بە مەبەستی راستەوخۆی راگەیاندنی سەربەخۆیی رێفراندۆم بکرێ و پێشەکی خشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی دیاری کرابێ.
رێفراندۆمی باشوور بەمەبەستی راگەیاندنی سەربەخۆیی نییە و هیچ نەخشەیەکی زەمەنی دیاریکراو لە ئارادا نییە. بنەماڵەی بارزانی و کوێخا و میرزا مشەخۆرەکانیان رایانگەیاندووە کە ئەنجامی ئەرێنی ئەم رێفراندۆمە راستەخۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی لێ ناکەوێتەوە، بەڵکوو ئەوان دەیانهەوێ دەنگی گەل بە جیهان رابگەیەنن. بە وتەیەکی دیکە مەبەستی بنەماڵەی بارزانی نەک راگەیاندنی سەربەخۆیی، بەڵکوو راکێشانی خەڵک بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگ، بەدەست هێنانی دەنگی گەل لەژێر پەردەی “رێفراندۆمی سەربەخۆیی”دا و و کەڵک وەرگرتن لەم دەنگە لەپێناو مانەوە و بەهێز کردنی دەسەڵاتی لەرزۆکی بنەماڵە دایە.

هەموو گەلانی جیهان، دەوڵەتان و تەنانەت داگیرکەران لە کرۆکی دۆزی کورد باش تێدەگەن و دەزانن کە کورد مافی سەربەخۆیی وڵاتی خۆی هەیە و داوای ئەم مافە دەکا و هەر بۆیە هیچ پێویست بەوە ناکا بە دەنگی رێفراندۆم گوێیان بکرێتەوە!. ئەوە کە جیهان و دەوڵەتان خۆیان تا ئێستا لەم ماف و داوایەی گەلی کورد نەبان کردووە، پێوەندی بە هەلومەرجی ناوخۆیی و ناونەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانەوە هەیە و بەڕێوە چوون یان نەچوونی رێفراندۆم چ لە هەڵوێستی ئەوان ناگۆڕێ . جیهان، جیهانی هێز و بەرژەوەندی و زیرەکی سیاسییە. ئەگەرهێزت هەبوو و خاوەنی زیرەکی سیاسی بووی، دەتوانی بەرژەوندییەکانی خۆت بچەسپێنی، ئەگەر نەتبوو، هەزار رێفراندۆمیش بکەی، گوێت لێ ناگیرێ و لایەنە بەهێزەکان بەرژەوندییەکانی خۆیان دەسەپێنن.

رێفراندۆمی بنەماڵە لە باشووری کوردستان لە هەلومەرجێکدا بەڕیوە دەچێ کە ئەم بەشەی وڵات لە سایەی دەسەڵاتی گەندەڵ و مافیاییدا دەستەویەخەی دژوارترین قەیرانەکان بۆتەوە و هەموو زەمینەکانی دروستکردنی دەوڵەت و وڵاتی سەربەخۆ لەم پارچەیە لەناو براون. ناکرێ لە وڵاتێکدا دەسەڵاتێکی ناشەرعی و دیکتاتۆری هەبێ، سەرۆکی ماوەبەسەرچوو هەبێ، دزی و تاڵان و گەندەڵی وەک شیرپەنجە باڵی بەسەر هەموو دامودەزگاکاندا کێشابێ، نەداری و هەژاری و بێمووچەیی زورینەی خەڵکی لە پەڵ و پۆ خستبێ، وڵاتەکە بە کردەوە بووبێتە مەیدانی تەراتێنی داگیرکەران و هەزاران سپا و ئەمن و سیخوڕی داگیرکەران وڵاتیان تەنیبێتەوە، کێشەی ناوچە دابڕاوەکان بە هەڵواسراوی مابێتەوە، ئابووری وڵات بە تەواوی تێک رووخابێ و هەر رۆژە بەشێک لە خاک و سامانی نەتەوەیی هەراج بکرێ، هەست و سۆزی نەتەوەیی و وڵاتپارێزی لەناو گەلدا کپ کرابێ و بە هەزاران کەس خۆزگە بە رەژێمی بەعسی ئەنفالکەر بخوازن، ماف و ئازادییە کەسییەکان و بەتایبەتی هی ژنان و منداڵان ژێر پێ خرابن و …و لە هەلومەرجێکی ئاوادا باس لە رێفراندۆم بکرێ! زۆرینەی گەلی کورد و هەروەها خەڵکان و دەوڵەتانی جیهان لەوە ژیرترن کە بەم شانۆگەری و گاڵتەجارییەی دەسەڵاتی ناڕەوا و گەندەڵ و نیشتمانفرۆش لە خشتە ببردرێن.

بنەماڵەی بارزانی و هاوپەیمانە دز و درۆزنەکانیان هەوڵ دەدەن لە رێگای رێفراندۆمەوە چەندین مەبەستی تایبەتی خۆیان پێک بهێنن و بە تایبەتی ئەم ئامانجانەی خوارەوە :
– خەڵکی باشووری کوردستان کێرد گەیشتووەتە ئێسقانیان، جامی تووڕەییان لێی دەڕژێ و هەر بینا تەقینەوە. دەسەڵاتی دژی گەلی هەوڵ دەدا لە رێگای هێنانەگۆڕی باسی رێفراندۆم خەڵک خاو بکاتەوە و دیسان بیر و هۆشیان لە کێشە سەرەکییەکان، لە خیانەتە گەورەکان، شکستە ستراتێژییەکانیان، لە داڕمانی سیاسی و ئابووری وڵات و لە تاڵان و هەڕاج کردنی سامانی نەتەوەیی و …. دوور بکاتەوە.
– سەرۆکی ماوەبەسەرچوو و دەسەڵاتی بێزراوی باشوور هەوڵ دەدا لە رێگای رێفراندۆمەوە دیسان شەرعییەت بۆ خۆی وە دەست بێنێتەوە و وا نیشان بدا کە گەل بە دەنگی ئەوان هاتوونەتە سەر سەندووقەکان و کەواتە ئەوان رەوایەتییان هەیە و گەل متمانەیان پێ دەکا. ئەوان دەنگی گەل لەسەر سەندووقەکانی رێفراندۆم (چ ئا بێ، چ نا) دەکەنە سەند و بەڵگەیەک بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتیان.
– دەسەڵاتی گەندەڵ و بێزراو هەوڵ دەدا کە نەیارانی خۆی لەژێر پەردەی “رێفراندۆم”دا تاک و تەرێک بکاتەوە، تۆمەتی دژایەتی کردنی سەربەخۆییان پێوە بنووسێنێ و زەمینەی لێدان و سەرکوت کردنی توند و تیژتر لەدژیان پێک بهێنێ. وەک چۆن پێشتریش وا بووە، لەمەو لا هەوڵەکان چڕتر دەبنەوە تا هەر کەس و لایەنێک دژی بنەماڵەی بارزانی وەستا، بە دژایەتی کردنی سەربەخۆیی تاوانباری بکەن.

لە بەرانبەر ئەم سیاستە قێزەونەدا گەلی سەربەرزی باشوور دەبێ وشێار بێ و لە داو و تەڵەکەی دەسەڵات نەکەوێ. پێویستە گەلی سەربەرزی ئێمە لە باشوور کەیسی رێفراندۆم بە بارێکی دیکەدا بقۆزێتەوە و لەپێناو لەقاو دان و تڕۆ کردنی دەسەڵاتی بنەماڵەدا کەڵكی خۆی لێ وەربگرێ. پێویستە هەموو هەوڵ و تواناکان بخرێنە گەڕ تاکوو خەڵکی کوردستان لە رۆژی رێفراندۆمدا نەچنە سەر سەندووقەکانی دەنگدان، بەڵکوو لە ماڵەوە بمێننەوە یان بچنە سەیران. رۆژی رێفراندۆم دەرفەتێکی مێژوویییە لەبەر دەم خەڵکی کورد لە باشووری کوردستان تاکوو رق و بێزاری و تووڕەیی خۆیان بەرانبەر بە دەسەڵاتی خێڵەکی و تاوانبار دەرببڕن و بۆ ئەبەد روورەشیان بکەن. ئەم دەرفەتە مێژووییە نابێ لە کیس بدرێ.

ئەگەر گەلی سەربەرزی ئێمە لە باشوور دەخوازێ سەربەخۆیی و سەرفرازی بەدەست بهێنێ، ئەوا یەکەم هەنگاو لەپێناو سەربەخۆییدا لادانی بنەماڵەی خێڵەکی بارزانی لە دەسەڵاتە.

هەر بژی سەربەخۆیی، هەر بژی بایکۆتی رێفراندۆم لەپێناو داڕزاندن و لادانی بنەماڵەی گەندەڵ کە گەورەترین لەمپەر لەسەر رێگای یەکێتی و ئازادی و سەربەخۆییدایە و هەر گەشاوە بێ خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی باشوور…

Related posts