زەرەنگەری چیا بۆ فرۆشتنی زێڕ و ئاڵتوون !!!!!

زەرەنگەری چیا بۆ فرۆشتنی زێڕ و ئاڵتوون !!!!!
.
#فایق_دارتاش
پەشێوی مەزن لە پەیامێکی نووسراوی دا بە بۆنەی شەهیدکرانی کاوە گەرمیانی دەڵێت : ” بکوژانی کاوە هەر ئەوانەن، کە بیست ساڵ پترە زمانی کوردی هەڵدەتەکێنن و نووسەر و هونەرمەند و میدیاکار و شانۆکارانمان زەلیلی دەستی کادیرانی نەخوێندەوار دەکەن” .

ئەو کادیرە نەخوێندەوارانەی پەشێو باسیان لێوە دەکات هەر لە دام‌ و دەزگاکانی دوو زلحیزبی دەستەڵاتدار دا کاربەدست نین بەڵکوو ئەو نەخۆشینە هەموو کەلێن و قوژبنێکی ئەو کۆمەڵگایەی بە ئۆپۆزیسیون و دەستەڵاتدار ، چەپ و ڕاست ، لیبەراڵ و پارێزکار ، دیندار و بێدین ەوە ئالودەی خۆی کردووە .

سەردەمانێک ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لە ڕێگای ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و ڕادیۆ و تیڤی و بلاوکراوەکانی باشوورەوە فێری زمانی کوردی بووین و نووسینەکانی ” شوکور مستەفا ” و ” عەزیز گەردی ” و ” مەسعود محەمەد ” و ” مارف خەزنەدار ” و ” ئەوڕەحمانی حاجی مارف ” ، مامۆستامان بوون و تەنانەت گەورەکانی ئەدەب و وێژەشمان ( هێمن و هەژار و قزڵجی و زەبیحی و حیسامی و حەسەنزادە ، …. ) هەر لەو گەرمێنە پوختە بوون و پێگەیشتن .

جاری جاران لە بڵاوکراوەیەکی باشوور دا بە دەگمەن هەڵەیەکی ڕێزمانیی و ڕێنووسیی بەرچاو دەکەوت و ئێستاش بە دەگمەن وتارێک دەبینی پڕ نەبێ لە گرێ و گۆڵ و هەڵەی زمانەوانیی و داڕشتن و ڕستەسازیی .

شوورەییە لە وڵاتێک دا کە نیزیک بە نیو سەدەیە زمانی کوردی بە ڕەسمی لە خوێندنگاکانی دا دەخوێندرێ و خاوەنی چەندین دەزگای مەزن و ئاستبەرزی وەکوو “کۆڕی زانیاری کورد” و “یەکیەتیی نووسەرانی کورد”ە و لە زانکۆکانی دا زمانی کوردی وەکوو زمانی یەکەم خوێندن و نووسینی پێدەکرێ ، لە سەر تابڵۆی دام و دەزگا و دوکان و بازاڕی دا نووسرابێ : ” زانکۆی هەولێری پزیشکیی ” و ” سەموونخانەی عەبدوڵلای ئۆتۆماتیکی ” و ” زەرەنگەری چیا بۆ فرۆشتنی هەموو جۆرە خشڵ و زێڕێک ” و ” قوتابخانەی زارا ی کوڕان ” .

کاتێک لە ڕۆژی کرانەوەی خوێندنگاکانی هەرێمی کوردستان و سەرەتای ساڵی نویی خوێندن دا ، کوڕە جوانکیلەکەی سەرۆکی هەرێم بە بێ‌ئەوەی هیچ سیفەتێکی ڕەسمی و حکومی هەبێ ، خۆی دەڕازێنێتەوە و بە خۆی و کۆمەڵیک حیمایە و دەستە و دائیرەوە خۆی بە ژووری خوێندنی کچان دا دەکات و وەکوو پسپۆڕێکی بواری خوێندن مامەڵەیان دەگەڵ دەکات ، زۆر ئاساییە کە تابڵۆکانی دوکان و بازاڕ و خوێندنگا و زانکۆ و بەڕیوەبەرایەتییەکانی سەر بە حکومەت ئاوا بنوسرێن .

ئەگەر لە گۆڤار و ڕۆژنامە و دەزگایەکی ڕاگەیاندنی کوردیی لە ئێران یان تورکیا یان سوریا ، هەڵەی ڕێزمانی و ڕێنووسی ببیندرێ ( کە بێگومان دەبیندرێ ) تا ڕادەیەک ئاساییە چوونکە قەت زمانی کوردی لەم وڵاتانە دەرفەتی خوێندن و پێ‌خوێندنی پێنەدراوە و ئەوەی کە هەیە و دەبیندرێ و دەبیسترێ بەرهەمی ڕەنجی تاکی کوردە لەم پارچانە کە خۆیان فێری خوێندن و خوێندنەوە و نووسین بەم شەکرەزمانە کردووە بەڵام هیچ ئاسایی نییە و بگرە شەرمیشە لە وڵاتێکدا کە زمانی کوردی زمانی ڕەسمییە و لە دەستوری عیراقیشدا وەکوو زمانی ڕەسمی دانی پێدانراوە ڕۆژانە چاوت بە دەسیان و بگرە سەدان کارەساتیی زمانیی لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکان و پەڕەی ڕۆژنامەکان و لافیتەی سەر دیوارەکان و تابڵۆی رەسمی دائیرە حکومییەکان بکەوێت .

دیسانیش پەشێو گوتەنی ” تا حاڵی ئەو “هەرێم!”ە بێسنوور و لەتلەتەی باشوور وەک حاڵی ” فولکەی بەتەمای خوا” ی هەولێر بێ، ئەم ئەنفالە کپ و لەسەرخۆیەی سروشت و فەرهەنگ و مرۆڤ هەر بەردەوام دەبێ.
.
🌼ڕۆژنووس🌼
@rojnus

Related posts