نەخشەڕێگای کۆدار بۆ دیموکراتیزە کردنی ئێران و چارەسەری پرسی کورد


نەخشەڕێگای کۆدار بۆ دیموکراتیزە کردنی ئێران و چارەسەری پرسی کورد

تێڕوانینی تیوری
کۆمەڵگای ئێران لە ڕەوشێکدایە کە بەردەوامی ئەو دۆخە، نەک تەنیا بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا کارەساتبارو تراژیدیکە، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ بۆ هێزە دەسەڵاتدارەکانیش بەها گیر دەبێت. لەلایەکەوە کێشەو کەلێنە ناوخۆییەکان و لەلایەکی ترەوە هاوپەیمانێتیە دەرەکیەکان، هەلومەرجێکیان هێناوەتە ئاراوە کە سیاسەت کردن بە شێوازی ڕابردوو و تەنها بە پشت بەستن بەو شتانەی ئێستا هەم بۆ هێزە دەسەڵاتدارەکان و هەم بۆ بەشێک لە هێزە گۆڕانخوازەکان، دژوار و تەنانەت ئاستەمیشە. پێش مەرجی دەرچوون لە بن بەستی سیاسی، یاسایی، ئابوری و کۆمەڵایەتی ئێستا، ڕەخنە کردنی ئاشکرای ئەم لادانە زیهنی-سیاسیەکانی ڕابردوو و هەروەها نزیکبوونەوەکانی ئێستایە. لە پاڵ ئەم پێویستیەشدا، سەرڕاستکردنەوەی سەقەتیەکان بە قازانجی گۆڕانکاریەکی بونیادنەرو دیموکراتیک بابەتێکی گرنگ و ژیانیە.

ئەم گۆڕانکاریە، لێکدانەوەو فکراندنێکی چەند ڕەهەندیە. وێڕای ئەوەی کە “مۆدێلێکی دیموکراتیک” لەسەر بنەمای داخوازیەکانی ڕابردوو بونیاد دەنێت، دەبێتە سپەرێک لەبەرامبەر دەستێوەردانە دەرەکیەکان و لەوانەش زیاتر، دەرفەتی هەناسەدان، پێکەوە ژیان، یەکسانی و ڕازی بوونی زۆرینەش فەراهەم دەکات. وە ئەمەش گۆڕانکاریەکە کە دەتوانرێ وەک “هەنگاوێکی مێژوویی” بەشکۆ لە گەنگەشەی دەرچوون لە سیکلی داخراو و زۆرداری، پاوانخوازی، بۆچوونی تەسک و مۆنۆپۆلکردندا بنرخێندرێت؛ ئەو دیاردەو دڕندانەی کە مژینی خوێنی گەلان، ژنان، مەزهەبەکان و گۆڕانخوازەکانی تر تێریان ناکات، بەڵکو خەریکی قووتدانی کۆمەڵگای ئێرانن.

پرسی سەرەکی ئەمەیە کە کام هێزانە بەرامبەر ڕوودانی ئەم “هەنگاوە دیموکراتیکە” بەرگری لەخۆیان نیشان دەدەن؟ بۆ وڵام بەم پرسە دەتوانین بڵێین کە ئەمانە هەمان ئەو هێزانەن کە بەرژەوەندی زۆرینە بۆ بازنەی بچوک و کەسانی نزیک لەخۆیان دەخوازن. هەر لەبەر ئەمەیە کە کرانەوەو دیموکراتیزاسیۆن پێویستیەکی بە پەلەیە. چونکە بەرژەوەندی یاسایی، سیاسی و ئابوری گشتی بە پێوانی فراوان و بۆ هەموو پێکهاتەو جیاوازیەکان داوا دەکات. ئەم دۆخە دەتوانرێ بە وەرگرتنەوەی ماڵێک و لەگەڵ ئەوەش هاوبەشی کردنی بشۆپێندرێت کە لەلایەن هێزگەلێکی دیارەوە قۆرخ کراوە؛ هێزگەلێک کە “دەرباز بوونی دیموکراتیک”، ڕانتە بچوک و گەورەکانیان دەخاتە مەترسیەوەو هاوکات لە بەردەوامی ڕانتخۆری ئەواندا هەبوونی هەموو گەلان، جیاوازیەکان و تەنانەت ئەو موڵکە هاوبەشە قۆرخ کراوەش دەخاتە مەترسیەوە.

ڕەوشی کارەساتبارو مەترسیداری ئێستا، بەرهەمی عەقڵیەتی وێرانکارو بەتاڵ لە ویژدانە. بەم هۆیەوە یەکگرتوویی، نزیکبوونەوەو یەکێتی عەقڵە چارەسەر ئامێزو بە ویژدانەکان، پێش مەرجی گۆڕانکاری دیموکراتیکە.

لەم نێوەندەدا، خاڵێکی روونکەراو هەیە: ئایا لە ناوەندەکانی دەسەڵاتدا، لێهاتوویی، ئامادەیی، عەقڵانیەت و هۆشیاری تەواو بۆ سەرڕاستکردنەوەی ئەو لادان و سەقەتیانە هەیە؟ ئەگەر تەنها بە هەڵسەنگاندنی ئاراستەکانی پێشوو و ڕامانەکانی ئێستا بمانەوێ دادوەری بکەین، هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ ئامادەکاریەکی جیاواز نابینین. لەم ڕوەوە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، پێوانێکە بۆ دەسەڵات تا مەودای خۆی لەگەڵ دیموکراتیزاسیۆن، نێوانی لەگەڵ لایەنەکانی چارەسەری، دووبارە پێناسە بکاتەوە. ئەو ژیریە سیاسیە حوکم دەکات کە لەم کاتەدا بیردۆزی بەڕێوەبەردنی پراکتیکی لەئەستۆ بگرێت کە لەجیاتی “پاراستن و بەڕێوەبردنی دۆخی ئێستا”، “گۆڕینی دۆخی ئێستا لە بەرژەوەندی دەستەبەر کردنی ئازادی، یەکسانی، دیموکراسی” لە پێشینەی کارەکانی خۆیدا دابنێت.

پێویستیەکان
لە ئێستادا، تەنها لەیەک حاڵەتدا ئەگەری هاوسەنگی، لێکچوونی زۆرینەو هاونرخی ئیرادەی کۆمەڵگا، دەوڵەت و دەسەڵات بەیەکەوە هەیە: ئەوەی کە دەسەڵات ئامادە بێت لەگەڵ گۆاڕانخوازان، بە ڕوکردێکی ستراتیژیک، بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر دیموکراتیزە کردنی سیاست، یاساو کۆمەڵگا پێکبێنێت. ڕەوشێک کە دەتوانرێ وەک “دەست بەردان لە بەرژەوەندی بچوک بۆ بەرژەوەندی گشتی” بنرخێندرێت. ئاشکرایە کە پێویستە ئەم بابەتە، پێشوازی و “دان نان بە هەبوونی قەیران”، وە ئەستۆ گرتنی بەرپرسیارێتی بۆ دەرباز بوونی دیموکراتیک لە قەیران و مسۆگەر کردنی ماف و ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگاو لەنێوانیاندا خەڵکی کوردستان و گەلانی ئێرانە.

هیچ گۆڕانکاریەک بەبێ “گۆڕینی دەستوری بنەڕەتی ئێستا” و گارانتی کردنی مافی ئەو پێکهاتانەی کە “ماف”-ی ئێستا ئەوان ناگرێتەوە، جێ بەجێ نابێت. دەستوری بنەڕەتی بەهیچ جۆرێک ناتوانێ یەک مەزهەب، یەک ئەتنیک، یەک زمان و هەروەها تەنها پیاوان لەخۆی بگرێت و جیاوازیەکانی تر لەدەرەوەی بازنەی خۆی پێناسە بکات. ئەم ڕەوشە ڕێگا لەبەردەم جیاکاری ترسناک و سیستماتیکی مەزهەبی، ئەتنیکی، زمانی و ڕەگەزی دەکاتەوە. لەلایەکی ترەوە، خودی ئەم جیاکاریانە دەبێتە چاوگی ناحەقیەکانی تری وەک هەڵاواردنی ئابوری، کەلتوری و کۆمەڵایەتی. دۆخێک کە رەنجێکی فراوان، گەشەیەکی نارێکوپێک هەروەها نەخۆشی گەلێکی ناچارەسەر بە جەستە و روحی کۆمەڵگاو تەنانەت حکومەتیش دەسەپێنێت. رەوشی ئیستا خۆی گوزارە لەوە دەکات.

ئەو پەیامەی کە پێویستە دەستوری بنەڕەتی لەخۆی بگرێت ئەوەیە کە ئێران وەک نیشتمانی هاوبەشی هەموو گەلان، ڕەگەزەکان، مەزهەبەکان و ناسنامەکان پێناسە بکات. بەڵگەیەک بێت کە بەهیچ جۆرێ نەتوانێت و نابێت زەمینەی شرۆڤەو لێکدانەوەی جۆراو جۆر بهێڵێتەوە. بە واتایەکی تر، دەستوری بنەڕەتی، لەجیاتی ئەوەی کە بیری دروست کردنی ناسنامەی لەسەرتر و یەک ڕەنگ کردنی نادیموکراتیکی لە کۆمەڵگادا پێش بخات، پێویستە ڕێز لە جیاوازیەکان بگرێت، مافەکانیان مسۆگەر بکات و ڕۆحی پێکەوە ژیانی ئازادانەو داد پەروەرانە بۆ گەلانی بئافرێنێت کە لە هەناویدا “نەتەوەی دیموکراتیک” شێوە بگرێت. ئەو تێزەی کە خاڵی پێچەوانەی هەڵوێستی “ڕەزا خان”-یە و لەجێگای توانەوەی جیاوازیەکان لە بۆتەی یەک ناسنامەدا -کە داینەمۆی لێک ترازانە- هەوڵ دەدات هەبوون، ماف و ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵی هەموو پێکهاتەو جیاوازیەکان بپارێزێت و دابینی بکات و هاوبەشیکردنێکی دادپەروەرانە، دیموکراتیک و ئازادانە بکاتە بنەما. بێگومان، ئەمە یەکەمین هەنگاو دەبێت لە گەنگەشەی سەرڕاست کردنەوە چەوتیەکان.

لێرەدا چەند خاڵی هەستیار هەنە: یەکەم ئەوەی کە دیموکراتیزە بوونی دەستوری بنەڕەتی، بە تەنهایی مانای گۆڕانی دیموکراتیک نیە. دەستورێکی دیموکراتیک پێویستە گارانتی بە کردەوە بوونی خۆشی پێناسە بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، بابەتێکی تری گرنگ ئەوەیە کە هیچ ئیرادەیەکی مەزهەبی، سیاسی و سەربازی نابێت بتوانێت هەڵبژاردەو لێکدانەوەی یەک لایەنەی خۆی لە بابەتی یاسا و سیاسەت، بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت. ئەمە گەورەترین مەترسیە کە هەڕەشە لە دیموکراتیزاسیۆن دەکات.

لەلایەکی ترەوە، پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە دیموکراتیزە کردنی ئێران، تەنها لە ئەستۆی حکومەتدا نیە؛ بەشی زۆری ئەم بەرپرسیارێتیە کۆمەڵگا، گەلان، ژنان و ڕۆشنبیران پیویستە بیگرنە ئەستۆ. ئەو بۆچوونانەی کە بێ بەبنەما گرتن و ئامادەکاری کۆمەڵگا، وزەی خۆی –بەشێوەی ئەرێنی یان نەرێنی- تەنها دەدەن بە دەسەڵات، بە بەشێک لە هێزە بەشدارەکانی پێڤاژۆی دیموکراتیزاسیۆن لەقەڵەم نادرێن. پیویستی بەشداری کردن و کاریگەری دانان لە پێڤاژۆی دیموکراتیکدا، بەناوەندگرتنی کۆمەڵگایە. ئەو هێزانەی کە پێیان وایە دەبێ هەموو کاروبارەکان، بەرپرسیارێتیەکان و ئەرکەکان تەنها لە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵاتدا بێت، بەباشی لە ناوەرۆکی دیموکراسی تێنەگەیشتوون و لە حاڵەتی گشتیدا یان پەراوێز دەخرێن، یان دەکەونە خزمەتی دەسەڵاتداریەوەو لەکۆتاییشدا ئەگەری هەیە ببنە سەرکوتکارانێکی بێبەزە.

کۆمەڵگا تەنها بە ڕێکخستن بوون، نزیکبوونەوە لەدەوری ناوەندی دیموکراتیزاسیۆن و گوشاری کۆمەڵایەتی دەتوانێت دەسەڵات ناچاری گۆڕانکاری بنەڕەتی بکات. لەبەر ئەوە، پێویستە دووبارە بکرێتەوە کە کۆمەڵگا، داخوازی گۆڕانکاری لە دەسەڵات ناکات؛ بەڵکو بە ئامادەیی و بەدواداچوون و گوشارەکانی خۆی، بەدەستی دەهێنێت. لێرەدا لۆژیک وا دەخوازێت کە دەسەڵات ئەو پرۆسەیە تێک نەدات و ئاستەنگی نەکات؛ بە پێچەوانەوە، خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت و تێبکۆشێت خۆی لەگەڵ داواکاریە پێشنیار کراوەکاندا ڕێکبخات. لەسەر ئەو بنەمایە، ئەوە کۆمەڵگا نیە کە خۆی ڕادەستی لۆژیکی دەسەڵاتداری دەکات؛ بەڵکو دەسەڵاتداریە کە دەبێ ناکۆکیەکانی لەگەڵ کۆمەڵگا کەم بکاتەوەو ئیرادەی دیموکراسی پەسەند بکات تا بەو جۆرە ڕێگایەک بۆ “سەنتێزێکی دیموکراتیک” بکرێتەوە.

ئەگەر لەم گۆشەیەوە چاو لە گۆڕانکاریەکان بکەین، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، بەپێچەوانەی هەمیشە دەتوانێ دەرفەتێک بێت؛ پەنجرەیەک بۆ چوونە ناو سەردەمی دیموکراتیزاسیۆن. لەدەستدانی دەرفەت، دەسەڵات و لایەنەکانی هەڵبژاردن لەم پەیوەندیەدا، هەڵەیەکی ستراتیژیک و کارەساتبار دەبێت.

دەسەڵات و ئەو هێزانەی کە لەدیمەنی هەڵبژاردندا ئامادە دەبن، ئەگەر لە چوارچێوەی دیالۆگی “چارەسەری دیموکراتی” نەجوڵێنەوە، نە دەتوانن بە ئاسانی خەڵک بکێشنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و نە دەتوانن پرۆسە چارەنوس سازەکانی دوای هەڵبژاردنیش بە باشی بەڕێوە ببەن.

تەنها بە ئەندازیاری و دروست کردنی دووانەی “خراپ” و “خراپتر” بۆ کۆمەڵگا، ناتوانرێ بەرەو پێشکەوتنەکانی داهاتوو بڕۆن. هەر جۆرە هەڵوێستێکی ئامرازی، تاکتیکی، بەکەم زانین و ڕیاکارانە بۆ هەڵبژاردن دەتوانێ خێرایی ڕوودانی کارەساتی گەورە بەشێوەیەکی ناباوەڕی زیاتر بکات.

پێشنیارەکان

بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسەکان لە ئێران، لە بوارە جیاوازەکاندا دەست بە پێکهێنانی کۆمیسۆن گەلێک بکرێت:

1ـ کۆمیسیۆنی یاسایی: ئەم کۆمیسیۆنە چەند ئامانج دەگرێتە بەر؛ لەلایەکەوە دەتوانێت گفتوگۆو ڕا گۆڕینەوە تایبەت بە کەموکوڕیەکانی دەستوری ئێستا لە ئاستی گشتیدا بکات و کۆبوونەوەو کۆنفرانسی کارناسی یاسایی بۆ خەسار ناسی دەستوری بنەڕەتی ئەنجام بدات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کۆمیسیۆنە سەرەڕای توێژینەوەی لە زەمینەی هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافی تاکەکەس و کۆمەڵ، پێویستە چۆنێتی گۆڕینی دەستوری بنەڕەتی ئێستاش بۆ دەستورێکی دیموکراتیک کە مافی هاوڵاتی بوون، سیاسی و مەدەنی گەلان، مەزهەبەکان، ژنان و جیاوازیەکانی تر مسۆگەر بکات، بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئەم کۆمیسیۆنە دەتوانرێت لە یاساناسانی دیموکراسی خواز، یاسا دانەران و نوێنەرانی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا پێکبێت. لەم نێوەندەدا نوێنەرانی دەسەڵاتیش دەتوانن لەو کۆمیسیۆنەدا بەشدار بن و ڕاو بۆچوونی خۆیان بخەنە ڕوو. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆمیسیۆنە ئامادە کردنی کۆمەڵگای مەدەنی و دەسەڵاتە بۆ گۆڕینی دەستوری بنەڕەتی و هاوڕایی یاسایی لەگەڵ “قۆناغی سیاسەتی دیموکراتیکە”.

2ـ کۆمیسیۆنی دووبارە پێناسەکردنەوەی پێکهاتەکانی بەڕێوەبردن: یەکێک لە مەرجەکانی هەنگاونان بەرەو دیموکراسی لە ئێراندا، تێپەڕاندنی لۆژیک و مۆدێلی ناوەند-پەراوێز و هەروەها نا ناوەندێتی لە هەیکەلی دەسەڵاتە. کۆمیسیۆنی ناوبراو دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی شار، ناوچەو وڵات بەشێوەیەک پێناسە بکاتەوە کە ئیرادەی گشتی لەهەریەکێک لەم یەکانەدا، بەپێی بژاردەی سیاسی مەیدانەکانی دەسەڵات ئەولەویەتی هەبێت. بەرهەڵستی کردنی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگا، بەواتای بێ متمانەیی بە هێزە لۆکاڵیەکا و پێداگری لەسەر هەڵوێستی سەرپەرشتی کردنی خودی کۆمەڵگایە. کەڵک وەرگرتن لە پۆتانسیەلی دیموکراتیکی ناوچەیی لە بەڕێوەبردنە سیاسیەکان، ئابوری، کەلتوری و ئاسایشی، نیشانەی باوەڕ بەخۆبوون و تەندروستی سیاسی کۆمەڵگایەکە. ئەم کۆمیسیۆنە هەروەها دەتوانێت بەشێوەی بەڵگەیی، ئەم ناوەندانە بخاتە بەر باس و بیر لە چارەسەرکردنیان بکاتەوە: زیانە سیاسی و ئابوریەکان کە لە پێکهاتەی سیاسی- بەڕێوەبەرێتی ناوەندیەوە سەرچاوە دەگرێت؛ لێکەوتە سیاسیەکان “بەکارهێنانی زۆرینەی هێزەکانی دەرەوەی ناوچە” لە بەڕێوەبەرایەتی شار و ناوچەکان؛ چۆنێتی ڕۆڵ گێڕانی چالاکانەتر و کاریگەری ڕاستەوخۆی کۆمەڵگا لە بڕیارداندا و لە ژیانی کۆمەڵایەتی-سیاسی. لەکۆتاییدا، ئەم کۆمیسیۆنە بیر لە میکانیزمی جیاواز بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگاو بچوک کردنەوەی دەوڵەت دەکاتەو.

3ـ کۆمیسیۆنی پێکەوە ژیانی دادپەروەرانەی گەلان: ئامانجی دامەزراندنی ئەم کۆمیسیۆنە بۆ هاوبەشی کردنی زیاترو یەکێتی ئازادانەو دیموکراتیکی نێوان گەلانی ئێرانە. هەڵوێستە تۆتالیتارە ئەتنیکی-زمانی، هەڕەشەیە بۆسەر پێکەوە ژیانی جیاوازیەکانی کۆمەڵگا. نە ناسیۆنالیزمی هێرشکارانەو نە ناسیۆنالیزمی خۆپارێز، هیچ یەکیان توانای هێنانە ئارای گۆڕانکاریەکی بەواتای لە بەرژەوەندی وەک یەکی، هاوبەشی و پێکەوە ژیانیان نیە. کۆمیسیۆنی پێکەوە ژیانی دادپەروەرانەی گەلان، دەتوانێت بە بەڕێوەبردنی کۆنفرانس و کۆبوونەوەی بابەتی، گرانی بدرێتە ئەم مژارە کە چ هێزێک لە ناکۆکی، دژبەری و ڕەوشی هەستیار لەنێوان گەلاندا سودمەند دەبێت و بۆ سەقامگیر کردن و پتەو کردنی پەیوەندیەکانی گەلانی ئێران چ بەرپرسیارێتیەک دەکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵگا، ڕۆشنبیران، دەوڵەت و دەسەڵات.

4ـ کۆمیسیۆنی ژنان: کاری سەرەکی ئەم کۆمیسیۆنە لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگیەکانی جیاکاری ژنان لە بوارەکانی یاسایی، سیاسی، ئابوری و بەڕێوەبەرایەتیە. جیاکاری لەسەر ژنانی ئێران، دوو لایەنە. بەشێکیان سەرچاوە گرتوو لە ڕیشەداکوتانی زیهنیەتی پیاوسالارانە لەسەر ئاستی کۆمەڵگاو تەواوکاری ئەویش بریتیە لە هەبوونی کۆمەڵە یاساو خوێندنەوەیەکی دژە ژنانە لە یاساکاندا. بەبێ گارانتی کردنی مافەکانی ژنان، نە دیموکراسی، نە یەکسانی و نە ژیانێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی شایستە بوونی نابێت. نەهێشتنی جیاکاری ژنان، پێش مەرجی دەرباز بوونی دیموکراسیە لە ئێران. کاری تایبەتی کۆمیسیۆنی ژنان، کەڵک وەرگرتنی زۆرینە لە پۆتانسیەلەکانی ئێستاو داڕشتن و پێشنیاری دروستکردنی پۆتانسیەلی نوێی یاسایی-سیاسی لە ڕاستای مسۆگەر کردنی ماف و ئازادی ژنانە.

5ـ کۆمیسیۆنی ئاسایشی: ئامانج لە دروست کردنی ئەم کۆمیسیۆنە، وتووێژ و بڕیارگرتن سەبارەت بە سیاسەتە ئاسایشیەکانی پابەند بە ئیرادەی دیموکراتیکی کۆمەڵگایە. لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا، هێزە سەربازی و ئاسایشیەکان، نەک تەنها هەڕەشە نین بۆ هەبوونی کۆمەڵگا، بەڵکو پارێزگاری لە دەستکەوتە دیموکراتیکەکانی کۆمەڵگاو دروستکردنی بەرگریکاری ئاسایشی پاڵپشت بە ڕۆحی پشتگیری، هاودڵی و هاوبەشی هەموو جیاوازیەکانی کۆمەڵگا، پێویستە لە گرنگترین پەیامەکانی هێزە ئاسایشیەکان بن. ئامانجی ئەم کۆمیسیۆنە، دۆزینەوەی میکانیزمەکانی جێگیربوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هاو هەڵوێستی زۆرینە و سیاسەتە ئاسایشیەکان بە ڕۆحی “سیاسەتی دیموکراتیکە”.

6ـ کۆمیسیۆنی ئابوری: لەلایەکەوە پشت بەستن بە “ئابوری نەوت” و لەلایەکی تریشەوە پەرەگرتنی ناهاوسەنگی ئابوری کە لە جیاکاریە یاسایی-سیاسیەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، ڕێگا لەبەردەم بێکاری، هەژاری و قەیرانی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. پەرەسەندنی ئابوری بەبێ پەرەسەندنی دیموکراتیزاسیۆن، ناجێگیر، دەم کورت و خەسارەتمەند دەبێت. ئەرکی کۆمیسیۆنی ئابوری، دەتوانێت توێژینەوە لە چۆنێتی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و سەرچاوەکانی وڵات و هەروەها پشت بەستن بە ئابوری کۆمەڵگاجەمسەر بێت.

7ـ کۆمیسیۆنی ژینگە: پیشەسازی و قۆرخکردنی سود-سەرمایە، وێرانکاریەکی گەورەی ژینگەییان دروست کردووە. ئەم وێرانکاریە، کۆمەڵگاو دەرفەتەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیان ڕوو بەڕووی هەڕەشەی کارەساتبار کردۆتەوە. پیس بوونی هەوا، بە بیابان بوون، قەیرانی ئاو، زێدە ڕۆیی لە دروستکردنی سەدو ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان تەنها نمونەکانی کارەساتەکەن. کۆمیسیۆنی ژینگە، تێدەکۆشێت بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی-دەوڵەتی و نزیکایەتی ئەخلاقی سەبارەت بە ژینگە بکاتە بناغەو لایەنەکانی زیهنی-کردەیی هاوتەریب لەگەڵ “پارادایمی دیموکراتیک-ئیکۆلۆژیک” بەرجەستە بکات.

8ـ کۆمیسیۆنی زمان و کەلتور: ئاستی ئازادی ناسنامەو فرە کەلتوری لە وڵاتێکدا، نیشاندەری ئاستی دیموکراسی و پێشکەوتنی ئەو وڵاتەیە. بەرگری کردن، پاراستن و بەکارهێنانی زمانەکانی کوردی، ئازەری، عەرەبی، بەلوچی و ئەو زمانانەی تر کە لە سەرانسەری ئێراندا بوونیان هەیە لەگەڵ زمانی فارسی، کۆمەڵگای ئێران دەوڵەمەندتر دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا کۆمیسیۆنی زمان و کەلتور دەتوانێت لە دەرفەت و میکانیزمەکانی پەروەردە بە زمانی دایک بکۆڵێتەوە. پەروەردەو فێر بوون بە زمانی دایک، مافێکی بێ چەندو چوونە کە پێویستە کۆمەڵگا و دەوڵەت ڕێکاری ڕاست بۆ بەدەستهێنانی بدۆزنەوە. لە تەنیشت بابەتی زمان، دەستنیشان کردن و کۆشش بۆ لەبەین بردنی ئەو مەترسیانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر هەبوونی کەلتوری کۆمەڵگای ئێران، تێکۆشانێکی ژیانیە.

دەرفەتەکان
لەکاتێکدا کە دەوڵەت و دەسەڵات، ئامادە بن کە کرانەوەی دیموکراتیک لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن و هەنگاو بۆ دیموکراتیزە کردنی یاساو سیاسەت بهاوێژن و بەرپرسیارێتی خۆیان پێکبهێنن، و وەڵامی ئەرێنیان بۆ پێشنیارەکانی ئەم “نەخشە ڕێگا”-یە هەبێت، کۆدار، بزوتنەوە دیموکراتیکەکان وزۆرێک لە هێزە گۆڕانخوازەکانی ناوخۆو دەرەوە ئەرکەکانی خۆیان پێکدەهێنن. بێگومان ئەم ڕەوشە، ژیرانەترین هەڵبژاردەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە کەڵەکە بووەکانی ناوخۆ. سەردەمی “سیاسەتی دیموکراتیک” لەهەمان کاتدا دەتوانێت وەکو دەربازبوونێکی مێژوویی لە پڕۆسەی داخراوی قۆرخکاری، فراوان خوازی و خۆداسەپاندن ئەژمار بکرێت. ئێرانێکی ئازاد، ئاوەدان و دیموکراتیک کە لە یەکێتی ئازادانەو دادپەروەرانەی گەلانی خۆی هێز وەردەگرێت، نەک تەنها دەتوانێ بەرامبەر هەر مەترسی و هەڕەشەیەک بەرگری بکات، بەڵکو دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ دیموکراتیزاسیۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش. ئەم دۆخە، هەموو ئەو هێزو وزەیەی خەرجی بێ کاریگەر کردنی یەکتر دەکرێن، بۆ هێزو وزەی تێکۆشان لەسەر یەک هێڵ دەگۆڕێت. ئیرادە پەرش و بڵاو و ناکۆکەکان دەکاتە یەک ئیرادەیی، ئازاد و بەتوانا و لەهەمان کاتدا دیموکراتیک.

هەڕەشەکان
لە حاڵەتێکدا ئەگەر دەسەڵات و دەوڵەت، مەیل، ئامادەیی و یان توانای هەنگاو نان بۆ “چارەسەری دیموکراتیک”-یان نەبێت، ئەوا خێرایی ڕۆیشتنی ئێران بەرەو کارەسات و تەقینەوەی قەیرانە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان چەند قات زیاتر دەکات. هێزە دەستێوەردەرە هەرێمی و جیهانیەکان، بەباشی دەزانن کە خاڵی لاوازی دەسەڵاتی ئێران، بابەتی دیموکراتیزاسیۆن و مافی گەلان و ژنانە. هەنگاو هەڵنەگرتنی حکومەت بەرەو “دەربازبوونی دیموکراتیک”، بە واتای بانگهێشت کردنی هێزە دەرەکیەکانە بۆ دەستێوەردانی ئێران. ئەگەر ناکۆکیە قوڵ و فراوانە ناوخۆییەکان بۆ ئەم هاوکێشەیە زیاد بکەین، ئەوا سێبەر و هەلومەرجی ئێستای سوریا لەسەر ئێران چڕ دەبێتەوە. بۆیە بە ڕاشکاوی دەتوانین ڕایبگەیەنین کە ئێران لەبەردەم مەترسی ڕوخان، شەڕو کارەساتدایە؛ دۆخێک کە بەو دەرفەتانەی ئێستاوە ڕوو بەڕووبوونەوەی ئاستەمە. وێڕای ئەمەش، ناکۆکی دەسەڵات و خەڵک، لەوانەیە بەشێک لە خەڵک و بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە ئاراستەی هاوپەیمانێتیەکان لەدژی دەسەڵات هان بدات.

هەڵوێستی کۆدار سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری
کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “کۆدار”، بەزوویی دیکلەراسیۆن یان جاڕنامەیەک کە پێویستیەکانی قۆناغ و داواکاریە دەستنیشانکراوە سیاسی و یاساییەکان لەخۆ دەگرێت، بڵاو دەکاتەوە. کۆدار هەڵوێستی کۆتایی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە هەفتەکانی داهاتوودا و دوای هەڵسەنگاندنی ئەگەری کاردانەوەی کاندیدەکان و دەسەڵات بە نەخشەڕێگاکە، داخوازیەکان و کۆمیسیۆنە پێشنیارکراوەکان، ڕادەگەیەنێت. لەکاتێکدا ئەگەر ئاماژەگەلێکی ڕوون بۆ ئامادەیی دەسەڵات سەبارەت بە کرانەوەی دیموکراتیک ببینرێن، کۆدار دەتوانێت هەڵوێستێکی ئەرێنی هەبێت. بەپێچەوانەوە؛ ئەگەر دەسەڵات ئامادەیی “هەڵسوکەوتێکی سیاسی جیاواز” نەبێت، کۆدار بەشداری هیچ پێڤاژۆیەکی نا دیموکراتیک نابێت.

هەڵوێستی کۆدار سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارو گوندەکان
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکان کۆدار باوەڕی وایە کە هەڵبژاردنی کەسانی شایستە و دیموکرات بۆ لەئەستۆ گرتنی بەڕێوەبردنی شارو گوندەکان، پێویستیەکی بنەڕەتیە. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو ئەوەیان ڕوون کردەوە کە ئەنجومەنەکان، شوێنێک بۆ بەشداری کردنی کۆمەڵگا لە بەڕێوەبردندا بن، بوونە شوێنی دەستەگەری، گروپ بەندی، گەندەڵی و داگیرکردنی زەوی و زار. هەر لەبەر ئەم هۆکارە گرنگە کە خەڵک، ئەم مەیدانە لە کەسانی بەرژەوەندخواز وەربگرنەوەو بە وردبینی و هەستیاری، کەسانێک هەڵبژێرن کە زەمینەی گەندەڵی و ڕەنج خۆرییان تێدا نەبێت. نابێت کۆمەڵگا تەنها بە هەڵبژاردنی کەسەکان کۆتابێت؛ بەڵکو چاودێری کردنی کارەکانیان و لێپرسینەوە لێیان گرنگ و ئەساسە.

ئەنجام
کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “کۆدار”، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیەکان و پێشنیارە پێشکەش کراوەکان، چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و کێشەی ماف و ئازادیەکانی ژنان، مەزهەبەکان و ئەتنیکەکان لە کارە بەپەلەو لە پێشینەکانی ئێستا دەزانێت. کۆدار باوەڕی وایە کە دەسەڵات لەم هەلومەرجە هەستیارەدا کە سێبەری دەستێوەردانی دەرەکی لەسەر ئێران چڕ بۆتەوە، پێویستە بەبێ لەدەست دانی کات و بەشێوەیەکی ستراتیژیک هەلومەرجی پێویست بۆ دەرباز بوونی ڕەوشێکی دیموکراتیک فەراهەم بکات. کۆدار بە پشت بەستن بە ستراتیژی “هێڵی سێهەم” نە دەستێوەردانە دەرەکیەکان بە زەمینەی گۆڕانکاری دەزانێت و نە بەردەوامی سەرکوت و فراوانخوازیش ژیرانەو هۆشمەندانە دەزانێت. بۆ دەرباز بوونی دیموکراسی، پێویستە دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، پارتەکان، سیاسیەکان، ڕۆشنبیران، ژنان و لاوان بپەرژێنە سەر بەهێزکردنی میکانیزمەکانی چارەسەری و تێیدا خاوەنی ڕۆڵ بن. ئەو میکانیزمانەی کە دیموکراسی “سیاسەت، ماف و دەستوری بنەڕەتی”، هاوڕاکردنی دەسەڵات لەگەڵ پارادایمی دیموکراتیک، ئامادە کردنی کۆمەڵگا بۆ “قۆناغی سیاسەتی دیموکراتیک” و فراوان کردنی مۆدێلەکانی بەڕێوەبردنی دیموکراتیکی ناوچەیی بەبنەما دەگرێت.

ئاشکرایە کە نەبوونی هاوڕایی دەسەڵات لەگەڵ ئەم پارادایم و هێڵی فکریە و یان ئاژاوەنانەوە بۆ پرۆسە دیموکراتیکەکان، کۆمەڵگاو کۆدار بەرەو ڕەوتێکی تر هان دەدات. ڕەوتگەلێک کە زەخت و گوشاری هەمەلایەنەی کۆمەڵایتەی و سیاسی تەنیا یەک لە جەمسەرەکانی ئەو دەبێت. ئەو گۆڕانکاریانەی لە ڕێگادان، بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی زیهنیەتێکدا نابێت کە خوازیاری بەردەوام بوونی ئەو دۆخەی ئێستای هەیە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، کۆدار لە ڕۆژانی داهاتوودا لە دەکلەراسیۆنێکدا، داخوازیە دیموکراتیکەکان ڕێک دەخات و بڵاوی دەکاتەوە. ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیەندراوە، نرخاندنی ئەندازەی ئامادەیی دەسەڵات بۆ گۆڕانکاری و هەروەها نیشاندانی وردتری داخوازیە دیموکراتیکەکانی گەلی کوردو گەلاتی تری ئێرانە. ئاشکرایە کە شێوازی وەڵامدانەوەو پەرچەکرداری دەسەڵات سەبارەت بەم دەکلەراسیۆنە، دەتوانێت ئەو ڕێگایەی لە پێشمانە تا ڕادەیەکی زۆر بۆ ڕای گشتی لە کوردستان و سەرانسەری ئێران ڕۆشن بکاتەوە.

کۆدار، ئەم “نەخشە ڕێگایە” وەک ڕەشنووسێکی سەرەتایی کە توانای تەواو کردن، سەر ڕاستکردنەوە و وردبینی هەیە، دەنرخێنێت. لەم چوارچێوەیەدا، بەشداری کردنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، ڕۆشنبیران، ژنان و لاوان بۆ دەوڵەمەندتر کردنی ئەم نەخشە ڕێگایە، سود بەخش و گرنگە.

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆدار

١ی گوڵانی ی٢٧١٧ کوردی
٢١ی ئاوڕیلی ٢٠١٧ زایینی

https://www.kodar.info

Related posts