چەقبەستنی پارتەکانی رۆژهەڵات لە باشوری کوردستانا
هیوا گول
سەرەتای دامەزراندنی رێکخراوی سیاسی و دامەزراندنی کۆماری کوردستان
رۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەشێک لە وڵاتی کوردستان خاوەن مێژوویەکی سەرەنجڕاکێش و پڕ لە هەوراز و نشێوە و پێویستە بە وردی راوەستەی لەسەر بکرێ و هەروەها قۆناخەکانی تێکۆشانی خەباتی ئازادی و سەرهەڵدان و پاشەکشەکانی ئەو خەباتە ورد بکرێنەوە و تەجرەبەی لێوەرگرین و لەسەر ئەو بنەمایانەش بتوانین ئەنجامێک وەرگرین.
دیارە لە سەدەی هەژدە و نوزدەیەم دا چەندین سەرهەڵدانی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستانا رویان داوە و ئامانجێکی سیاسی دیاریکراویان نەبوە و تەنانەت ناتوانین بە سەرهەڵدان و بەرەنگاربونەوەیەکی نەتەوەیش ناودێریان بکەین.
سەرهەڵدانی جوانڕۆ، ئیلام، سنە، دیواندەرە، سەقز، مەریوان و دواتر دەڤەری ورمی و سەرهەڵدانی سمایل ئاغای سمکۆ، چەند نموونەن لەو سەرهەڵدانانە کە لەوانەیە بۆ ئەم باسەی ئێمە گونجاو نەبن و ئێمە نامانەوێ بگەڕینەوە بۆ مێژوویەکی زۆر دوور.
دیارە سەرهەڵدانی سمایل ئاغای شکاک(سمکۆ) هێندێ جیاوازترە لەوانی پێش خۆی و بە هۆکاری ئەوەی پێوەندی بە جوڵانەوەی شیخ مەحمودی حەفید لە سلێمانیەوە گرتووە، هەوڵی داوە ناوەرۆکێکی نەتەوەیی بگرێتە خۆ بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەن پلان و پروژە و ئیدئولوژیەکی تایبەت نەبوو نەیتوانی هیچ ئەنجامێک وەرگرێ. جێگەی ئاماژەیە لە ئەنجامی شەڕی یەکەمی دنیاگر و لەو کاتەدا کە دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێرانا لاواز ببوو، لە هەورامان جافر سان یان (جافر سوڵتان) و حەمەرەشیخان لە بانەش سەریان هەڵدا کە ئەوانیش ئەنجامیکی بەرچاویان نەبوو و لە ناوچەکانی خۆیانا قەتیس مان و دواتر هەموویان شکەستیان خوارد.
خەبات و جوڵانەوەی سیاسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕیتەوە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژێ کاف) و ئەوە یەکەم رێکخراوی سیاسی بە پلان و پرۆژەی کوردییە لەو بەشەی کوردستان.
مەودای نێوان شەڕی یەکەم و دووهەمی دنیاگر کەم بوو و هێشتا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیا لە ژێرباری ویرانکاریەکانی شەری یەکەم نەهاتبووە دەرێ کە شەڕیکی دیکە هاتە ئاراوە و بەتەواوی کاریگەری کردە سەر جیهان و لە ئێرانا کاریگەری زوری بە جێهێشت. لە شەڕی یەکەمی دنیاگرا دەسەڵات لە ئێرانا بە تەواوی هەڵوەشایەوە و رەزا خان لەو بۆشایە کەڵکی وەرگرت و خوی وەک پاشای ئێران لەسەر بنەمای سلسلەی پەهلەوی راگەیاند و بۆ تەسبیت کردنی ئێقتداری خۆی زور بە توندی روبەڕوی هەموو سەرهەڵدانەکان بویەوە و بە شێوەیەکی بێروحمانە سەرکوتی هەموو جمو جوڵیکی دەکرد.لە ئەنجامی شەڕی دووهەمی جیهانیدا و لەوکاتەدا کە ڕەزاخان دەمارگرژانە پشتگیری لە نازیەکانی ئاڵمان بە ریبەری ئادولف هیتلێر دەکرد، هێزە هاوپەیمانەکان خوار و ژوری ئێرانیان داگیر کرد و بە کردەوە رەزا خان دەسەڵاتی لێسەندرایەوە و دواتر دور خرایەوە و ئەوەش جارێکیتر بوشایەکی جیدی لە دەڤەرە جۆراجۆرەکانی جوگرافیای سیاسی ئێرانا دروست کرد و کوردستان بە کردەوە بێ خاوەن بوو، لە بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتەوە تا شاری سنە لە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز و بەشی باکوری رۆژهەڵاتی کوردستان هەتا نێزیک بۆکان لە ژێر دەستی هێزەکانی یەکیەتی سۆڤیەتا بوو. دیارە ئەم هیزانە ئەمجارەیان وەک هێزی داگیرکەر لەگەڵ خەڵکا هەڵس و کەوتیان نەدەکرد و جۆرە ئازادیەکیان لەگەڵ خۆیانا هێنابوو. هەروەها بە هۆکاری کارتێکەریەکانی شەڕ و بەرفراوانی بەرەی شەڕەکان هەم ئینگلیز وهەم سوڤیەت لە لایەنێک، کەس یان کەسایەتیەک دەگڕان بتوانێ رێبەری ژیان و بەڕیوەبەری کۆمەڵگا بگرێتە ئەستۆ و ئەوان ئەو ناوچانە تەسلیمی ئەو کەس، گروپ، یان لایەنە بکەن و دڵنیا بن کە ئەو ناوچانە نابنە کۆسپ لەبەردەم هێزی هاوپەیمانەکاندا.
یەکێک لە کەمایەسیەکانی کورد ئەوە بوو کە لەو کاتە هەستیارەدا خۆێندنەوەیەکی جیدی سەردەمیانەیان بۆ هەل و مەرجەکە نەبوو و لە لایەکیترەوە هێشتا رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر دەست و دەسەڵاتی عەشیرە و سەرک هۆزەکانا بو و سەروک هوزەکانیش تەنیا گرینگیان بە ناوچە و بەرژەوەندی بچوکی تایبەتی خۆیان ئەدا و ئامادە نەبوون لە دەور یەک کۆبنەوە و کەسێک بکەنە رێبەری خۆیان و هەموویان بۆ ئامانجێکی سیاسی، نەتەوەیی تێبکۆشن و تەنانەت لە هەموو حاڵەتەکانیشا دژایەتی و دوژمنایەتی یەکتریان ئەکرد. وەک دەڵین ئامادە بوون خۆیان هیچ وەرنەگرن بەو شەرتە ئەوانیتریش هیچیان پێ نەدرێ.
لە ناوچەکانی ژێر دسەڵاتی سۆڤیەتا کە تا نێزیک شاری بۆکان دەگرێتەوە هێندێ گوڕانکاری بەرچاو هاتبوونە ئاراوە و ڕوسەکان لە ژێر کاریگەری شوڕشی ئوکتوبردا هەوڵی پێشخستنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی دەسەڵاتی ئاغاوات و کەمکردنەوەی زوڵم و زورییان ئەدا وئەوەش بە پێچەوانەی چاوەڕوانی خەڵکی ناوچەکە بوو، چونکە هەر هەمان هێز کە ئەو کاتە هێزی قەیسەری ڕوسی بوون لە شەڕی یەکەمی جیهانی دا هەزاران جورم و جینایەتیان لەو دەڤەرەدا ئەنجام دابوو. هەر چۆنێک بێ، لە مۆکریان جوڵانەوەیەکی روشنبیری وەڕێ کەوت و کۆمەڵە کەسێکی خۆێندەوار و تا ئەندازەیەک ئاگادار لە سیستەمی سیاسی جیهان و ڕوداوەکان کەوتنە جم و جوڵ و هەوڵیان دا ڕیکخراوێکی سیاسی دامەزرێنن. ئەوەی لەو کاتەدا بۆ ئەو کۆمەڵە ڕوشنبیرە کوردە گرینگ بوو ئەوە بوو کە دەبێ کۆمەڵگا بە رێکخستن بکرێ و دواتر دەنگی مافخوازی هەڵبڕێ، دیارە ئەوان پێیان وابو دەبێ لە پێشدا کورد و هەموو ئەوانەی تەڤلی ئەو رێکخراوەیە دەبن، دەبێ بەرژەوەندی نەتەوەیی پێش بەرژەوەندی خۆیان بخەن و بەمجۆرە کوردێکی بە ئیرادە ئامادەی بەرەنگابونەوەیەکی دژوار بکەن.
25ی گەلاوێژی 1942 یەکەم کۆبونەوەی تایبەت بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێانەوەی کورد(ژێ کاف) بەڕیوە چوو و ئەو رێکخراوەیە دامەزرا. دیارە ژێ کاف زور بە نهێنی و بە شێوەیەکی جیدی کاری دەکرد و بەردەوام بوو لە تەنینەوەی خۆی و ئەندامانی باوەرپێکراوی وەردەگرت و سوێندی دەدان کە خەیانەت بە نەتەوە و نیشتمانەکەیان نەکەن. ژێ کاف بە خێرایەکی بەرچاو پەرەی دەگرت و تەنانەت وایلێهاتبو کە سەروک هۆز و ئاغاکانیش مەیلی بوونە ئەندمیان تێدا پەیدا ببوو.
کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژێ کاف) خاوەن بەرنامەیەکی نوسراوی دیاریکراو نەبوو، بەڵام خاوەن فکر و رامانێکی قوڵی نەتەوەیی، سیاسی و دوور بین بوو. ئەوان دەیانویست سەرەتا رێکخراوەکەیان تۆکمە بکەن و بەرفراوانی بکەنەوە و ئینجا بڕیاێکی دیکە بدەن و بتوانن لە هەل و مەرجەکە کەڵکی پێویست وەرگرن.
تەمەنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد کەمە، بەڵام لەو ماوە کەمە دا و بە سەرنجدانە ئەندامەکانی ئەو رێکخراوەیە بۆمان دەردەکەوێ کە رێکخراوێکی خاوەن فکر و بیرکردنەوەی قوڵ و دنیا بینیەکی بەرفراوان و هاوچەرخ و زانستیانە بووە.
یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد عەبدولڕەحمان زەبیحیە. ناوبراو بێجگە لەوەی گەنجێکی خوێندەوار و لە بنەماڵەیەکی کەم دەرامەت بووە بەڵام مروڤێکی ڕووناکبیری زیرەک بووە و بێجگە لەوانەش نوسەریکی باش و زمانزانێکی بە توانا بووە.
زەبیحی بڕوای بەوە هەبوو کە دەبێ کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بتوانێ لە هەموو کوردستانا خۆی بە ریکخستن بکات و بەمجۆرە ببیتە مێکانیزمی ئازادی کورد و پێکەوە گرێدانی کوردستانی گەورە و لەم بارەشەوە هەوڵیکی زور درا و کاریگەری کردە سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەت باشوری وەڵات.(عەبدولڕەحمان زەبیحی کە بە عولەماش ناویان بردووە ساڵی 1920 لە مەهاباد لە دیک بووە و لە ساڵی 1980 بە شێوەیەکی گوماناوی لە راپەڕاندنی ئەرکێکی دیاریکراوا لە نێوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانا بێسەروشۆین دەکرێ و کەس نازانێ چۆن و لە کۆی و بە چ تاوانێک و لە لایەن چ دەزگا و حیزب و حکومەتێکەوە گیراوە و کوژراوە، بەڵام گومانەکان لەسەر حکومەتی بەعسی عێراق و دەزگای موخابراتی ئەو حکومەتەیە)
لەبەر ئەوە ژێ کاف بە تەواوی بنەماکانی نەهێنی لەبەر چاو دەگرت و هەوڵی ئەدا کە رێکخراوەکەیان لە لاوازیدا نەپسی و تا کاتی خۆی بە خێرایەکی باش ئەندامگیری بکات و پەرە بگرێ، گوڤارێکی بڵاو دەکردەوە بە ناوی دیاری کۆمەڵە و دواتر بوو بە نیشتمان و لەو گوڤارەدا بیرو باوەرەکانی ژێ کافی بڵاو ئەکردەوە و لە وتارەکانیدا باسی هەل و مەرجی جیهانی، ناوچەیی و بیری نەتەوەیی و دیموکراسی دەکرد و کاریگەریەکی بەرچاوی هەبوو و خەڵک تامەزروی خۆێندنەوەی بوون.
لە قوناخی گەشەی کۆمەڵەی ژیانەوی کورد(ژێ کاف) دا وەرچەرخانێک لە سیاسەتی سۆڤیەت ڕویدا و دەسەڵاتدارنی مۆسکۆ چاویان بڕیە نەفتی ئێران و بۆ دەست بەسەرداگرتنی نەفتی ئێرانیش هەوڵی دروست کردنی هێندێ گوشاریان دا و لەم پێوەندیەدا سەروک کۆماری ئازەربایجان کە ئەو سەردەمە لە فیدرالیزمی یەکیەتی شوراکان دا بوو، پێوەندیان گرت لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی ناسراوی دەڤەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجان وەک پێشەوا قازی محەمەد لە مەهاباد و پیشەوری لە تەورێز.
دیارە پێشەوا قازی محەمەد ماوەیەک دەبوو کە ببوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژێ کاف و سویندی خوارد بوو کە نهێنیەکان بپارێزی. هاتنی پێشەوا وەک کەسایەتیەکی خاوەن دەسەڵاتی ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆ ناو کۆمەڵەی ژێ کاف، هێندێ نیگەرانی لە لای ئەندامانی دامەزرێنەری ئەو کۆمەڵەیە دروست کرد و پێیان وابوو کە رێکخراوەکەیان ئەکەوێتە بن کاریگەری و هەژمونی پێشەوا قازی محەمەد و لەوانەیە نەتوانن وەک پێویست گەشە بکەن.
کۆمەڵەی ژێ کاف یەکەم کۆنگەری خۆی ساڵیک دوای دامەزراندنی، لە شاخی خوداپەرەست لە دەڤەرەی موکریان بەست و باسی هەل و مەرجی کار و خەباتی خۆی کرد و بڕیاری بڵاو کردنەوەی گوڤاری نیشتمانیان دا. ئەو کۆنگرەیە لە مانگی بانەمەڕی 1943 بەسترا و نێزیک بە 100 ئەندام تێدا بەشدار بوون.
سەبارەت بە پاشخانی بەشدار بوان کە تەمەنیان چەند بووە، لە کام ناوچەوە بەشدار بوون و بە پێی کامە پێوانە بەشدار بوون، هیچ زانیاریەک لە بەردەستدا نیە.
پێشەوا قازی محەمەد چەند جارێک سەردانی دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان و سوڤیەتی کرد و دواتر چەند کەسێکی کۆ کردەوە و باسی ئەوەی بۆ کردن کە دەبێ کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد هەڵوەشیننەوە و حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنن و دامەزراندنی ئەم حیزبەش دەبێتە هۆکاری سەرنەجڕاکشانی زلهیزەکان و سۆڤیەت ئەم حیزبەیان لاپەسەندە و زور حەز ناکەن کۆمەڵەی ژ ێ کاف پەرە بستێنی و بە رێکخراوێکی ناسیونالیستی دەزانن.
ساڵی 1945 لە ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژێ کاف) دا واتە لە 25 ی گەلاوێژدا حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و کۆمەڵە هەڵوەشایەوە.
دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕاستیدا وەک کودەتایەک بوو کە لە کۆمەڵە کرا و لەوکاتەدا کە ئەو کومەڵە هەڵوەشایەوە و حیزبی دیموکرات دامەزرا سەرکردایەتی کۆمەڵە ئاگادار یان بەشدار نەبوون و تەنانەت بەریز عەبدولڕەحمان زەبیحی کە دامەزرینەر و وەک سکرتێری کۆمەڵە بوو، لەوی نەبوو و لە بەندیخانەی ریژیمی داگیرکەری پاشایەتیدا بوو.
هەڵوەشانەوەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لەو هەل و مەرجە ناسکە دا و لە کاتێکدا کە ئەو کۆمەڵەیە بە شێوەیەکی زانستیانە و بە تێگەیشتن لە هەل و مەرجەکە خەریکی ئامادەکاری کۆمەڵگا بوو بۆ سەرهەڵدانێکی سەرتاسەری، گورزێکی کاریگەر بوو لە یەکەم ریکخراوی سیاسی کورد درا کە ئیتر هیچکات نەیتوانی بوژانەوە بە خویەوە ببینی.
دامەزارندی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەو پەلە پەل و بەو بێ بەرنامەییە و تەنیا لەسەر بەڵێنی بێ بەڵگەی لایەنێک، هەڵەیەکی گەورە بوو کە لە لایەن پێشەوا قازی محەمەدەوە کرا. پێشوا قازی محەمەد بە پەرۆشی مافی نەتەوەکەیەوە بوو، پێی وابوو کە ئەتوانێ هیچ نەبێ دەسکەوتیكی بەربەستکراو بۆ کورد دابین بکات بەڵام مەودای دەسەڵات و حیزبەکەی زور بەرتەسک و لاواز بوو. لایەنی سەربازی، سیاسی، ئابوری، جوگرافیایی و ئیداری بۆ لەبەر چاو نەگیرابوو و لە ناوچەکانی مۆکریانا قەتیس مایەوە و ئەوەش وایکرد کە هەموو کات لەمەترسیدا بێ. سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە پێچەوانەی دامەزرینەران و سەرکردەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد جولانەوە و زیاتر سەرقاڵی بە دەسەڵات گەیشتن بوون تا ریکخستن و بە زۆری لە ئاغاوات پێک دەهات.
ساڵی 1946 پێشەوا قازی محەمەد لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد کۆماری خودموختاری کوردستانی راگەیەند. سەبارەت بەو کۆمارە و بەندەکانی
ڕاگەیاندنی زانیاری زور لە بەردەست دا نیە، بەڵام کۆماری کوردستان لە مەهاباد وەک کۆماری خودموختاری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانا پێناسە کراو پێشەوا قازی محەمەد لە وتو وێژ لەگەڵ چاپەمەنیەکانی تاران دا پێداگری لەوە کردەتەوە کە ئەوان مافی کوردیان دەوێ لە چوارچێوەی ئێرانا.
راستە تەمەنی کۆمار کورت بوو بەڵام کۆمەڵیک تەجروبەی باشی لەگەڵ خۆیا هێنا و هەتا ئێستا بۆ وردبوونەوە و پێداچوونەوە و کەڵک لیوەرگرتن دەبێ، بەتایبەت لە بواری پێکەوە ژیانی گەلان دا کە هەموو کەس وەک یەک بە بێ لەبەر چاوگرتنی مەزهەب، ئەتنیک و ڕەگەز خاوەن ماف بوون و کەس مافی نەبوو دەستدریژی بکاتە سەر کەسیتر و مافی ژنان لەبەر چاو گیرابوو و هەوڵی کردنەوەی خۆێندنگەی کوردی درا و سەرئەنجام دەرگای کۆمار بۆ کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانا کرایەوە. بەڵام ئێمە ناتوانین تەنیا بە عەتف و خۆشەویستی و لە هێندێ حاڵەتا بە دەمارگرژیەوە کۆماری کوردستان و ریبەری پێشەوا قازی محەمەد ببینین وبخۆێنینەوە. ئەگەر پێشەوا قازی لە هەڵوەشانەوە یان کودەتا کردن لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان و دواتر ڕاگەیاندی کۆماری کوردستان دا پەلەی نەکردایە لەوانەیە شکستەکەشی بەو خێرایە نەبایە و بیتوانیایە ماوەیەک باش دەوام بێنێ و پەل بهاوێتە بەشەکانی دیکەی کوردستان و لە ئەنجامی سەرکەوتنەکانی شەڕی دووهەمی دنیاگر و شکەستهێنانی نازیەکانا، کورد ببایەتە خاوەن بەشی سەرکەوتن و جێگە و پیگەی خۆی لە جوگرافیا و سیاسەتی دنیا دا دیاری بکردایە.
کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لەو باوەڕەدا بوو کە دەبێ لە بنەڕت و بە بەرنامە قوناخەکانی خەبات و تێکۆشانی کورد دیاری بکرێ و بچێتە پێش و خەریکی بە رێکخستن کردنی کۆمەڵگا بوو بە بێ لەبەر چاوگرتنی چین و ناوچە و شارەکان. بەڵام پێشەوا قازی رێک پێچەوانەی ئەمەی کرد و هیچ گرینگیەکی بە ریکخستن لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و بەڕیوەبەری نەدا و تەنیا پشتی خۆی بەست بە بەڵینە نەنوسراوەکانی سەروکی ئازەربایجان و لە رێگەی ئەویشەوە یەکیەتی سۆڤیەت .
کۆماری کوردستان لە کاتێکدا ڕاگەیندرا کە حیزبی دیموکراتی کوردستان خاوەن ژمارەیەکی زور لە ئەندام نەبوو و تەنانەت بۆ خەڵکێش وەک پێویست نەناسرا بوو. ناوچەی کار و تێکۆشانی زور بەر تەسک و بێ بەرنامە بوو، ئەوانەی بەشدار بوون تێدا بە زوری خان و دەرەبەگ و سەروک عەشیرەکان بوون. لە ڕاستیدا ئەوانەی بەشداری حیزبی دیموکرات ببوون کەسانێکی بە زوری هەلپەرەست و بەرژەوەندیخۆاز بوون و پێیان وابوو شای ئێران ناگەڕیتەوە و بۆ ئەوە چووبوونە ناو ڕیزەکانی دیموکراتەوە کە قازانجێکیان وەبەر بکەوێ و لە حکومەتی کوردیدا خاوەن دەسەڵات و نفوز و هێز بن و بەمجۆرە بەردەوام بن لە چەوسانەوەی کۆمەڵانی خەڵکا.
پێشەوا قازی محەمەد کەسێکی ڕوناکبیر، زمان زان، ئاگاداری هەل و مەرجی دنیاو بە تەدبیر بوو، بەڵام تەنیا بوو، تەنیایی لەوەدا بوو کە مەشوەرتی کەم دەکرد و زیاتر کارەکانی ئەکردە ئەمری واقع.
حیزبی دیموکراتی کوردستان لە 25ی گەلاوێژی 1945 دامەزرا و کۆماری کوردستان لە 1946 دا ڕاگەیندرا و سەروکی حیزب واتە پێشەوا قازی کرایە سەروک کۆمار، بەڵام بەداخەوە کۆمارێکی هەژار لە بواری ئابوری، بەرتەسک لە بواری جوگرافیایی، بێ هێز لە بواری سەربازی و لاواز لە بواری ریکخستنیەوە بوو.
ئەوانە تەنیا خاڵە لاوازەکانی کۆمار نەبوون، بەڵکو کاتەکەشی زور نەگونجاو بوو، ماوەی چەند ساڵیک بوو کە بە هۆکاری لاوازی دەسەڵاتی دیکتاتوری داگیرکەرە ئێرانیەکانەوە و بە هۆی لایەنگری لە فاشیزمەوە لە لایەن رەزا شای ئێرانەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان شانسێکی گەورەی سەرهەڵدانی هەبوو کە هیچ جم و جوڵیکی نەکرد، کەچی کاتێک شەر کوتایی پێهاتووە و کوڕی رەزا شا خراوەتە سەر تەخت و زلهێزەکان و سەرکەوتوەکانی شەڕی دژی نازی خەریک بوون بۆ مسۆگەر کردنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەسەڵاتی تارانیان ئەبوژاندەوە، کۆمار ڕاگەیندرا و لە کاتی ڕاگەیاندن و دوای ڕاگەیاندنیشی هیچ پاڵپشتیەکی جیهانی بۆ خۆی مسۆگەر نەکرد و پەیامەکانیشی دیارینەکراو و پڕ لە دوو دڵی بوون. هەر بەم پێوانەیەش نەیتوانی هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە و پشتیوانی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کورد بۆ لای خۆی ڕاکیشێ.
هاتنی بارزانی و هاورێکانی بۆ مەهاباد و بە جێهێشتنی پێشەوا لە کاتێکی هەستیارا!
لەمبارەوە مێژویەکی دروست و زیندوو لە بەر دەست دا نیە. ساڵی 1931-1932 شەڕ لە نێوان عەشیرەی برادوستیەکان و بارزانیەکان دا رووی دا و لەو شەڕانەدا مەلا مستەفا وەک شەڕکەرێکی ئازا و فەرماندەیەکی سەرکەوتوو ناوبانگی بڵاو بویەوە، لەو شەڕانەدا بارزانی و چەکدارەکانی هەم شەڕیان لەگەڵ عەشیرەی برادوستیەکان ئەکەرد و هەم پەلاماری چەند بارەگایەکی پۆلیسی حکومەتی ناوەندیان دا و ئەوەش زیاتر ناوبانگی مستەفا بارزانی زیاد کرد. ساڵی 1933 حکومەتی عێراقی لێبوردنی گشتی راگەیاند و مەلا مستەفا و 200 چەکدار کە لەگەلیدا بوون خۆیان تەسلیم کردەوە، سەرەتا دوور خرانەوە بۆ شاری ناسریە لە باشوری عێراق و لە کاتی شەڕی دووهەمی دنیاگردا 1939 ئینگلیزەکان مەلا مستەفا و بنەماڵەکەییان کە 86 کەس بوون هێنایە سلێمانی و لەوێ نیشتە جێی کران. بەڵام ژیان و گوزەرانیان ناخۆش بوو و ئەو موچە یان مانگانەیەی کە وەریان ئەگرت بەشی نەدەکردن و بەمجۆرە مەلا مستەفا بڕیاری گەڕانەوە بۆ بارازن واتە دەڤەری لە دایکبوونی خۆی ئەدا و لە 1943 بە بێ رەزامەندی و پرسکردن بە ئینگلیزەکان کە لەو ناوچەیەدا دەسەڵاتدار بوون لە سلێمانیەوە و بە ڕیگای رۆژهەڵاتی کوردستان و لە سنووری دەڤەری برادۆستەوە گەیشتەوە ناوچەی بارزان لە باشوری کوردستان. مەلا مستەفا لە رێگای گەرانەوەیدا چەندین کەس لە بارزانیەکان کە لە ناوچەکانی مەهاباد، شنۆ و نەغەدە و دەڤەرەکانی سۆما و برادۆستا دەژیان لەگەڵ خۆیا بردەوە و کاتێک گەیشتەوە دەڤەری بارزان هێزێکی چەکداری کۆ کردەوە و پەلاماری چەند بنکەیەکی سەربازی حکومەتی دا و گوشاری خستە سەر حکومەتی عیراق و ئینگلیزەکان کە رێگە بدەن شێخ ئەحمەدی برای و پاشماوەی بنەماڵەکەی کە دۆر خرابونەوە بگەڕینەوە ناوچەکانی خۆیان، واتە دەڤەری بارزان.
لەو سەردەمەدا حیزبی هیوا گەورەترین حیزب بوو لە باشوری کوردستانا و رەفیق حیلمی سەرۆکی بوو. رەفیق حیلمی یەکێک بوو لە راوێژکارەکانی شێخ مەحمودی حەفید. رەفیق حیلمی مروڤێکی زمانزان و شارزای سیاسەت بوو بەڵام کەسێکی کاریزما و رێکخەر نەبوو. لەو کات و سەردەمە دا لە نێو حیزبەکەیدا پشتگیری نەمابوو و لە ڕیگە چارەیەک دەگەڕا و بڕیاری دا کە روو لە مستەفا بارزانی بکات کە ئەو کاتە ناوو دەنگێکی پەیدا کردبوو و هەروەها خەڵک بە قسەیان ئەکرد. دیارە ئامانجی سەرەکی رەفیق حیلمی ئەوە بوو کە سەرهەڵدانی دەڤەری بارزان بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی لە سەرهەڵدانێکی عەشیرەیی بێ پلان و بەرنامە و ستراتیژەوە بکاتە شوڕشێکی نەتەوەێی. بەڵام بەر لەوەی ئەم پلانە بە هاوکاری چەند ئەفسەرێکی رۆشنبیری کورد جێ بە جێ ببێ، ئینگلیسەکان کەوتنە خۆ ئامادە کردن بۆ سەرکوتکردنی مستەفا بارزانی و چەکدارەکانی، چونکە بشێوی لە ناوچەکەدا بە زەرەری ئەوان تەواو دەبوو و لەو کاتە دا شەرێ دووهەمی دنیاگریش یەکلاێی نەببوەوە.
حکومەتی ناوەندی عێراق و کەسایەتی ناسراوی ئەو سەردەمە ماجید مستەفا لە ریگەی شێخ ئەحمەد براگەورەی مستە بارزانیەوە پێوەندیان بە ناوبراوەوە گرت. ماجید مستەفا کە ئەو کاتە وەزیربوو لە حکومەتی عێراقیدا لەگەڵ چەند ئەفسەری کورد و چەند کەسایەتی دیکەدا مەلا مستەفایان هێنایە سەر ئەو بڕوایە لە جیاتی شەڕی عەشایەری داواکاریەکانی لە حکومەت بکاتە داواکاری نەتەوەێی و بەمجۆرە ریگەیان خۆش کرد کە حکومەت لەگەڵ بارزانیدا بکەوێتە گوت و بێژ و بارزانیە دورخروەکانیش بەگەڕیننەوە و مەلا مستەفاش چووە بەغدا.
لەو ماوەیە دا حیزبی هیواش توشی کێشەی ناوخۆیی و شێوەی پێوەندیگرتن لەگەڵ بارزانیدا بوو و ئەو یەکریزیەی جارانی نەمابوو.
ساڵی 1945 لە ناو بنکەیەکی پولیس لە دەڤەری مێرگەسوورا ناکۆکی لە نێوان چەکدارەکانی بارزانی و پولیسەکانا لەسەر دابەشکردنی خۆاردن و خۆاروبار هاتە ئاراوە و کەسێک بە ناوی تەموین وەلی بەگ کوژرا کە خزمی نێزکی بارزانی بوو و هەروەها بارزانیەکانیش چەند پولیسێکیان کوشت. دوای ئەم کارەساتە مەلا مستەفا هێزەکانی خۆی کۆ کردەوە و جارێکیتر پەلاماری هێزە چەکدارەکانی عێراقی دایەوە.
ئەرتەشی عێراق بە هاوکاری ئینگلیزەکان و بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیەوە روبەڕوی بارزانیەکان بوونەوە و سەرئەنجام لە نیوەی دووهەمی ساڵی 1945 دا بەسەر بارزانیەکانا زاڵ بوون و مستەفا بارزانی و چەکدارەکانی هەڵهاتن و خۆیان ئاودیوی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
چەکدارەکانی بارزانی لە ناوچەکانی شنو، نەغەدە، تەرگەورە و مەرگەوەردا بڵاو بوونەوە. هاوکات هێزەکانی سۆڤیەت کە ئەو دەڤەرانەیان لە ژێر کونتروڵ دا بوو لە هاتنی مستەفا بارزانی بە گومان بوون و لە ریگەی ناوەندە هەواڵگریەکانیانەوە ئاگاداری پێوەندی مستەفا بارزانی بوون لەگەڵ ئینگلیزەکان و رێگەیان نەئەدا بکەوێتە جموجوڵ.
مستەفا بارزانی بێ هیوا بوو لەوەی بتوانێ سەرکەوتن بەدەست بێنێ و دوو نامەی نارد بۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە ئەو سەردەمە کەسایەتی روناکبیر و مەحامیەکی ناسراو و ئەندامی کۆمەڵەی ژێ کافی باشوور بوو. نامەیەکیان بۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ئەویتریان بۆ باباعەلی شیخ موحمود بوو و داوای کردبوو بە شێوەیەک بکەونە ناوبەر و ئیمکانی تەسلیم بوونەوەی بە حکومەتی عێراقی بۆ فەراهەم بکەن.
دیارە ئیبراهیم ئەحمەد ئاگاداری دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە لایەن پێشەواوە دەبێ و ئاگادارە کە دەسەڵاتدارنی کۆمار لە ریگەی سۆڤیەتیەکانەوە ئاگادار کراونەتەوە بڕوا بە بارزانی نەکەن و ئەوەش ناوبراوی بێ هیوا کردوە و بە تەمای خۆ بەدەستەوە دانە.
ئیبراهیم ئەحمەد نامەکە ناداتە باباعەلی و لە جیاتی ئەوە لەگەڵ شیخ لەتیفی شیخ مەحمودا تۆمارنامەیەک ئەنوسن و ئەینێرن بۆ سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی وەک نۆێنەری باشوری کوردستان پێناسە دەکەن و داوا دەکەن کە کۆمار مستەفا بارزانی قەبوڵ بکەن و پەنای بدەن.
کاتێک ئەو نامەیە دەگاتە مەهاباد پێشەوا دەنێرێ بە شۆێن مستەفا بارزانی و داوا دەکا هەموو هێزە چەکدارەکانی لەگەڵ خۆیا بێنی بۆ مەهاباد و بەمجۆرە هەموو چەکدارەکانی بارزانی ئەکەنە پێشمەرگە و پلەی ژنڕاڵی ئەدەنە شەخسی بارزانی.
کاتێک مستەفا بارزانی ئەبێتە ژنراڵ و ناوبانگ دەرئەکا، چەند کەس لە روناکبیرانی باشوری کوردستان پێشنیاری پێدەکەن کە داوا بکات لە باشورا حیزبی دیموکراتی کوردستان هاوشێوەی ئەوەی مەهاباد دامەزرێ و پێوەندی بە ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵەکانیەوە ئەگرن و سەرئەنجام لە 1946 دا ئەو حیزبە بە گرتنی یەکەم کۆنگرەی خۆی لە بەغداد دادەمەزرێ و مستەفا بارزانی وەک سەرۆکی حیزب دیاری دەکەن.
هاتنی هێزی چەکدار، ئەویش ئەو هێزەی کە تەجروبەی شەڕی هەیە، لەو کات و سەردەمە ئاستەمە دا بۆ کۆماری کوردستان پاڵپشتیەکی باش و کەم وێنە بوو. بەڵام هەر زوو دەرکەوت مستەفا بارزانی تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆی ئەکاتەوە و بڕوای بە کۆمار و بە پێشەوا نیە و زیاتر خۆی لە کۆمەڵیک سەرۆک عەشیرە نێزک ئەکردەوە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دژبەری پێشيوا و کۆمار بوون و لە ڕیگەی ئەو سەروک عەشیرانەوە پێوەندی بە شای ئێرانەوە گرت.
لە ڕاستیدا ئیبراهیم ئەحمەد و هاوڕیکانی پێیان وا بوو بە دروست کردنی کەسێکی لەشکری وەک مەلا مستەفا بارزانی کە ناوبانگی بەرەنگار بوونەوەی بە کوردستان و ناوچەکەدا بڵاو ببووە ئەتوانن تەجروبەی شوڕشی گەلان دووبارە بکەنەوە کە لە چین و روسیە و چەند شوێنی دیکە هاتبووە ئاراوە و وایان کرد کە مستەفا بارزانی واز لە گەڕانەوە و تەسلیم بوون بێنێ و ببێتە کەسایەتیەکی سەربازی و بەمجۆرە زەمینەی رێبەریکردنی بۆ بخوڵقێنن…
بە پێچەوانەی پێشەوا قازی محەمەد و ئیبراهیم ئەحمەد، مەلا مستەفا بارزانی هیچ چەشنە فکر و رامان و تێروانین و ستراتیژیەکی نەتەوەیی، سیاسی و سەربازی نەبوو و تەنیا سواری شەپۆلی روداوەکانی سەردەمی خۆی ببوو و تەنیا بیری لە هەڵهاتن و بەردەوامی ژیان ئەکردەوە و سەرەتا ژیانی خۆی و پاشان هی بنەماڵە و عەشیرەتەکەی بە بنەما ئەگرت.
هەل و مەرجی ناوچەکە بەرەو ئارامی ئەچوو و شای ئێران کە گەنجێکی کەم تەجروبە بوو خەریکی پتەو کردنی دەسەڵاتی خوی بوو و ئامریکایەکان و ئینگلیزیەکان هاوکاری جیدیان ئەکرد و هەوڵیان ئەوەبوو کە دەسەڵاتی پاشایەتی بگەڕێتەوە هەموو سنوورەکانی دیاریکراوی ئێران و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی شا و لەشکرە سەرکوتگەرە شەکەستخواردوە، قینلەدەڵەکەی ئاواڵە بوو کە هەموو جورە جوڵانەوەیەک لە دەڤەرە جیاوازەکان سەرکوت بکات و روژهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجان ئامانجی سەرەکی هێرەشەەکان بوون.
هاوکات ریژیمی پاشایەتی کەوتە دان و ساندن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوڤیەت و مەسەلەی نەفت بوو بە بنەمای دان و ساندنەکان و ئێرانیەکان زیرەکانە جوڵانەوە و بە دانی هێندێ قەول و قەرار تەماحیان نایە بەر سۆڤیەتیەکان و ئیتر یەکیەتی سۆڤیەتیش پشتی لە کورد و ئازەریەکان کرد.
وەک ئاماژەم پێدا مەلا مستەفا بارزانی خۆی لە عەشیرەی دیبوکری نێزیک ئەکردەوە کە ئەو کات نیوە ئاشکرا و نیوە شاراوە دژی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محەمەد بوون و پێوەندی بەردەوامیان بە ئەرتەشی ئێران و شاوە هەبوو.
لە ریگەی عەشیرەی دیبوکریەوە(موهتەدیەکانەوە) مەستەفا بارزانی پێوەندی بە شای ئێرانەوە ئەگرێ و ئیمکانی سەفەر و چاوپێکەوتنی لەگەڵ حەمەرەزا شا دا بۆ فەراهەم ئەکەن.
هەر لە گەروبەری هێڕشی ئەرتەشی پاشایەتی بۆ سەر مەهاباد و لە کاتی داگیرکردنی شاری تەورێز وەک ناوەندی حکومەتی خودموختاری ئازەربایجان بە رێبەری پیشەوری کە سەروکی فیرقەی ئازەربایجان و دوستی نێزیکی پێشەوا قازی محەمەد بوو، مەلا مستەفا بارزانی سەردانی تاران ئەکات و چاوی بە شای ئێران و فەرماندەکانی ئەرتەش ئەکەوێ و پاشان ئەگەڕیتەوە دەڤەری موکریان.
لێرەدا چەند لایەنی تایبەت بە شاراوەیی ماونەتەوە و هیچ مێژوونوس و لێکۆڵەریک خوی پێوە خەریک نەکردوە .1- مەلامستەفا بارزانی یەکێک لە فەرماندەکانی کۆماری کوردستان بووە و هاوکات لە لایەن سەروک کۆماری کوردستانەوە دەرەجەی ژنراڵی پێدراوە و فەرماندەی جەبهەی سەقز بووە و ژمارەیکی زور پێشمەرگەی لە ژێر فەرماندەیی دا بووە، چۆن جەسارەتی کردوە بچێتە تاران و دیدار لە گەڵ شادا پێک بێنێ؟
2- کۆماری کوردستان نوێنەری خۆی لە تاران هەبووە کە سەدری قازی بووە و بەردەوام لە دان و ساندن دا بوون لەگەڵ حکومەتی پاشایەتیدا، ئیتر مەلا مستەفا بارزانی چ کارێکی بە تاران هەبووە؟
3- مەلا مستەفا بارزانی بە چ موناسبەت و لەسەر بڕیاری کێ و بە کامە بەرپرسیاەرتی و بە کامە پرۆژەوە چوەتە لای شای ئێران و لە کۆبونەوەکەیانا باسی چییان کردوە و لەسەر چ بنەمایەک قسەیان کردوە و چۆن شای ئێران ریگەی داوە بگەرێتەوە کوردستان؟
4- چۆنە کە مەلا مستەفا بارزانی هەر کە لە تاران ئەگەڕیتەوە خێرا هێزەکەی خۆی کۆ دەکاتەوە و بڕیاری پاشەکشە ئەدات و کۆمار بە بێ هێزی پاراستن دێڵیتەوە؟
5- چۆنە کە تا ئەو کاتەی مەلا مستەفا بارزانی لە چۆمی ئاراس ناپەڕیتەوە و تاوەکونی شای ئێران و ئەرتەش لە پەڕینەوەی ناوبراو و هێزەکەی دڵنیا نابنەوە پێشەوا و هەڤاڵەکانی هەر لە زیندان دا دەبن و هەر کە ئەوان کردیانە ئەوبەرەوە یەکسەر ئەمانیان ئێعدام کرد؟
6-ئایا دەکرێ هێزێکی چەند سەد کەسی بە مەودایەکی دەیان کیلومیتریدا بە ناوبەری ئەرتەشی دوو وەڵاتا دەرباز بێت و توشی شەڕەکی قورس نەبێ و یەک تاقە کۆژراوی نەبێ؟
ئەرتەشی پاشایەتی بە بێ لەمپەر کۆماری ئازەربایجانی داگیر کرد و کۆمەڵکۆژیەکی سەیری لە شاری تەورێزا وەرێخست. شکانی کۆماری ئازەربایجان بوو بە هۆکاری روخانی ورەی کۆماری کوردستانیش، بەڵام ئەرتەش بەو جەسارەتەی کە پەلاماری ئازەربایجانی دا نەیدەوێرا پەلاماری کوردستان بدات و لە کوردەکان دەترسا.
سەرەتا شای ئێران لە ڕیگەی سەدری قازیەوە پێوەندی بە پێشەواوە گرت و دوای هێندێ هاتن و چوون ڕیک کەوتن لە سەر چەند خاڵیک کە بە تەواوی خاڵەکانی روون نەبونەتەوە.
دیارە حەمەحسەین خانی سەیفی قازی کە وەزیری بەرگری کۆماری کوردستان بوو بڕوای وابوو کە بەرەنگاری ئەرتەش ببنەوە و کۆبوونەوەیەکیان لە مەهاباد پێک هێنا و هەموو سەروک عەشیرە و وەزیرەکانی کۆمار تێدا بەشدار بوون و داواکاری شەڕ هاتە ئاراوە کە بەداخەوە یەک تاقە کەس پشتیوانی لە حەمەحەسەین خان نەکرد و ئەوەش وایکرد کە پێشەوا بە تەواوی ورەی بەردا و کەوتە بیر کردنەوە لە ڕیگە چارەی دیکە و هاوکات بڕوای بەوەش نەبوو کە وەک پیشەوری هەڵبێت و خۆی شەرمەندەی گەلەکەی و مێژوو بکات.
ئیتر ئەرتەشی پاشایەتی گەیشتە دەروازەی مەهاباد یان نێزکی مەهاباد و پێشەوا قازی محەمەد پێشوازی لێکردن و پێکەوە لەگەڵ ئەرتەشا و بە سواری ماشینی ئەرتەش و لە پەنا فەرماندەی ئەو هێزەی هاتبوون گەڕایەوە ناوشاری مەهاباد. دوای ئەوەی هێزەکەی بارزانی پاشەکشەیان کرد و شاری مەهاباد کەتەوە دەست ئەرتەش و سەروک عەشیرەکان بە پەلە و لە کێ بەر کێیەکی قیزەون دا وەفاداری خۆیان بۆ شای ئێران دەربڕی، بڕیاری دەستگیر کردنی پێشەوا قازی محەمەد و سەدر و سەیفی قازی درا و زیندانی کران و لە دادگایەکی روواڵەتیدا مەحکوم بە ئێعدام کران و لە مەیدانی چوار چرای مەهاباد لە سێدارە دران.
کاتێک مستەفا بارزانی لە تاران و لە دیداری شای ئێران و فەرماندەی گشتی ئەرتەشی ئێران دا گەڕایەوە و دەستیان بە پاشەکشە کرد، سەرەتا هەوڵی دا کە حکومەتی عێراقی لێی خۆش بن و بگەڕیتەوە و خوی تەسلیم بکات و تەنانەت ئامادە بوو دوریشی بخەنەوە بۆ باشوری عێراق، بەڵام دەبێ قەولی بدەنێ کە ئێعدامی ناکەن، بەڵام حکومەتی عیراقی هیچ مەرجەێکی قەبوڵ نەکرد و داوای کرد کە بە بێ شەرت و مەرج خۆیان رادەسەت بکەنەوە.
ئیتر مەلا مستەفا بارزانی 500 کەس لە هێزە چەکدارە ئازاکانی جیا کردوە و پاشماوەی هاورێکانی کە خەڵکانێکی بە تەمەن و ژن و منداڵ بوون لەگەڵ شێخ ئەحمەدی براگەورەیدا بەڕی کردەوە و خۆیان تەسلیم بە حکومەت کرد کە لە ناو ئەو خەڵکەدا 3 ژنی مەلا مستەفاش هەبوون چونکە ئەو سەردەمە ناوبراو 3 ژنی هەبوو.
چەند ئەفسەرێکی رۆشنبیر کە هاورێی مەلا مستەفا بارزانی بوون هەوڵیان دا کە ناوبراو ڕازی بکەن بەوەی بەرخۆدان بکات و بەرەنگاری ریژیمی عێراقی ببێتەوە چونکە ئەو سەردەمە هەموو ئەرتەشی عێراق لە 10000 کەسی تێپەڕ نەدەکرد و هەروەها نەشچن بۆ سۆڤیەت، بەڵام مەلا مستەفا ئەوەی قەبوڵ نەکرد و بەرەو سوڤیەت کەوتە ڕێ و سەرەئەنجام ساڵی 1947 لە ئاوی ئاراز پەرینەوە و ئەو هەڵهاتنە دواتر وەک چیرۆکی قارەمانەتی باس دەکەن و کەس ناپرسێ بۆ هەڵهاتن و بۆ بەرخۆدانیان نەکرد کە بێگومان بەرپرسی یەکەم و سەرەکی مەلا مستەفا بارزانیە و ئەوانیتر هیچ دەسەڵاتێکیان نەبووە.
دوای لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هەڤاڵەکانی، حیزبی دیموکراتی کوردستان ئاسەوارێکی لێ نەمایەوە و بێدەنگیەکی سەیر باڵی بەسەر ناوچەکە دا کێشا. ئەو بێدەنگیە زیاتر بێ هێوایی و توڕەبونی لەگەڵ بوو و کاریگەری کردە سەر باشوری کوردستانیش.
ماوەیەک دوای روخانی کۆماری کوردستان حیزبی تودەی ئێران هەوڵی ئەوەی دا کە لە ریگەی بوژانەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە تەشکیلاتی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستانا پەرە پێبدات و لە راستیدا حیزبی دیموکرات بکاتە بەشێک لە ریکخستنەکانی خۆی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەیزانی کە خەڵک هێشتا خوشەویستیان بۆ پێشەوا قازی محەمەد و حیزبی دیموکرات ماوە و ئەتوانن ئەو هەلە بقوزنەوە و سەرەنجی کوردان بۆ لای خۆیان راکیشن.
لە لایەکی دیکەوە چەند کەس لە مەهاباد و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە جوڵە و ئیتر بەرە بەرە رێکخراوی حیزبی بوژانەوەی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینی و لە سەردەمێ سەرهەڵدان و دەسەڵاتی سەورک وەزیرانی دوکتور موسەدیق دا ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان نیوە ئاشکرا لە کار و چالاکی دابوون.
دیارە شکەستی دوکتور موسەدیق بوو بە هۆکاری سەرکوتی بەرفراوانی ئازادیخوازان لە سەرتاسەری ئێرانا و کوردستانیشی گرتەوە و گرتن و راونان دەستی پیکرد و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامە چالاکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەستگیر کران و ژمارەیەکیشیان ئاوارەی باشوری کوردستان بوون.
شوڕشی عیراق، گەرانەوەی بارزانی، قوناخی پڕ لە کێشەی حیزبی دیموکراتی کوردستان!
لە ساڵی 1958 لە عێراقا شوڕشێکی نوێ هاتە ئاراوە و رێژیمی پاشایەتی روخاو سیستەمی کۆماری جێگەی گرتەوە و دروشمی حکومەتی کۆماری، پێکەوە ژیانی گەلان و دەستەبەر کردنی مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی و … پێکهاتەکانی عێراق و یەک لەوان کوردەکان بوو.
جارێکیتر کورد وەجوڵە کەوتن و پێوەندیەکی باشێان لەگەڵ حکومەتدا هەبوو و تا ئەندازەیکی بەرچاو بووژانەوەیەکی روشنبیری، سیاسی لە باشوری کوردستانا پەرەی گرت.
مەلا مەستەفا بارزانی کە لە روسیە پەنابەر بوو کەوتە هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ عیراق و کوردستان و دوو جار داواکاریەکەی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە رەت کرایەوە.
لەو سەردەمەدا ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵەکانی لە پێوەندی بەردەوام دا بوون لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا و تەنانەت نوێنەرایەتی کوردانیشیان ئەکرد، بەڵام پێیان وابوو کوردیش وەک عەرەب پێویستی بە رێبەرێک هەیە کە عەرەب پێی دەڵین قاعید. بیریان لەوە کردەوە کە مەلا مستەفا بارزانی ئەتوانێ ئەو ڕوڵە بگێڕێ و ئیتر هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوەی ناوبراو چڕ کردەوە و سەرئەنجام توانیان لە رێگەی میسرەوە بیگەڕێننەوە عیراق.
سەرەتا مەلا مستەفا هیچ بەرنامەیەکی نەبوو و لە بەغداد ئەژیا و لە لایەن حکومەتەوە هەموو جۆرە هاوکاریەکی ئەکرا و بۆخۆی ئەو ژیانەی پێ خۆش بوو و هیج مەیلی بەلای کوردایەتی و سیاسەتەوە نەبوو. بەڵام ئیبراهیم ئەحمەد و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وازیان لێ نەهێنا و هەتا دەهات پروپاگەنەدیان بۆ دەکرد و ئیتر وای لێهات وەک نوێنەر و رێبەری گەلی کورد بە حکومەتیان دایە قەبوڵ کردن.
لە 1961 بەملاوە حکومەتی ناوەندی لە جموجوڵەکانی مەلا مستەفا کەوتە گومانەوە و ئیتر لە قەوڵ و بەڵێنەکانیشی بە گەلی کورد پاشەکشەی ئەکرد. کوردەکانیش کەوتنە جم و جوڵ و خۆ ئامادە کردن بۆ بەرەنگار بوونەوە. سەرەتا مەلا مستەفا زور دژی هەڵگیرسانەوەی شەڕی چەکداری بوو حەزی نەدەکرد کە بەغداد و ئەو هەموو ئیمکاناتەی بەدەستی هێنا بوو یان بوی دابین کرابوو لە دەست بدات، بەڵام دواتر ناچار بوو بگەڕیتەوە دەڤەری بارزان و هێزێکی چەکداری بۆ پاراستنی خۆی پێک بێنی و لە درێژەی گوشارەکانی حکومەت و پێداگری سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەرەنگار بوونەوەی حکومەت و دەستپێکردنی شەڕی چەکداری مەلا مستەفا بارزانی ناچار بوو ئەوە قەبوڵ بکات و شەڕیکی بێ بەرنامە و بێ ئامانجی دەستیپێکرد کە دواتر بە ئاشبەتال کۆتاێی پێهات.
لە کاتی سەرهەڵدانی مستەفا بارزانیدا کۆمەڵیک لە کوردەکانی رۆژهەڵات رویان لە باشور کرد و بونە پاڵپشتی سەرەکی شوڕشی کوردانی باشور کە بە شوڕشی بارزانی ناسرابوو. کەسایەتی ناسراوی رۆژهەڵاتی، بریتی بوون لە عەبدوڵا ئیسحاقی ناسراو بە ئەحمەد توفیق، سولەیمانی موعینی، سمایلی شەیفزادە، مەلا محەمەدی وێردی و چەندین کەسیتر. ئەحمەد توفیق خۆی کردە سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان و چەند کەسێکی وەک ئەندامانی سەرکردایەتی حیزب دەسنیشان کرد و بە زوری هەوڵی یارمەتیدانی شوڕشی باشوریان ئەدا لە بۆاری ئابوری و تەداروکاتیەوە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بە هاوکاری ئەندامانی حیزبی و خەڵکی ناوچە سنووریەکان، ئەو یارمەتیانەیان ئەگەیاندە باشور و فرسەتێکی باشێش بوو بۆ جوڵاندنەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستان.
لەو سەرو بەندە دا چەند کەسی دیکە لە ئەوروپاوە گەڕانەوە عێراق کە لە ناویاندا ئەتوانین ئاماژە بە دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملو و کەریمی حیسامی بکەین. ئامانجیان چالک کردنی حیزبی دیموکراتی کوردستان دژی رێژێمی پاشایەتی بوو.
ئەحمەد توفیق بە هاتنەوەی قاسملو خوشحاڵ نەبوو و هاوکات مستەفا بارزانی ئەحمەد توفیقی زور خوش دەویست بە هۆکاری ئەوەی ببووە پاڵپشتی سەرەکی ناوبراو و تەنانەت وەک کەسێکی هەرە نێزیکی بارزانی حیسابی بۆ دەکرا و مەلا مستەفای بارزانی وەک ریبەری کوردستان دەناسی و هەوڵی بە هێز کردنی ئەدات و حیزبی دیموکراتی کوردستانی کردبووە بەشێک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و تەنانەت لە کونگرەی دووهەمی خوشیانا مەلا مستەفا بارزانی وەک ریبەری خۆیان ناساند و بە توندی رەخنەی لە پێشەوا قازای محەمەد گرت و کۆماری کوردستانی بردە ژێر پرسیار و بانگەشەی ئەوەی ئەکرد کە مەلا مستەفا کەسێکی ئازا و نەتەوەێی و رێبەری هەموو کوردانە.
دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملو کەسێکی خۆیندەوار و ئاکادیمی بو و بڕوای بە سیستەمی عەشرەێی نەبوو و ئامادە نەبوو بچێتە بندەستی بارزانی و خۆی لە بارزانی بە ئاقڵتر و سیاسیتر ئەزانی و لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بارزانیدا خۆی بچوک نەکردەوە و ئیتر مەلا مستەفا بارزانی رقی لێهەڵگرت و ئەحمەد توفیقیش ئەوەی پێ خوش بوو.
لە بەردەوامی خەباتی کوردان لە باشوری کوردستانا، مەلامستەفا بارزانی دەستیکردە راوەدوونانی باڵە خۆێندەوار و تێگەیشتوەکەی ناو پارتی دیموکرات کە خوازیاری رێکخستن و توکمە کردنی ریزەکانی کۆمەڵگایان ئەکرد و لەو گەرو بەرەشدا شای ئێران لە فرسەتێک دەگەڕا کە چەند ناوچەیەکی کێشە لەسەر لە نێوان ئێران و ئێراقا یەکلاێی بکاتەوە.
ساواکی ئێرانی پێوەندیان بە مەلا مستەفا بارزانیەوە گرت و بەڵێنی دانی چەک و پارە و یارمەتی دیکەیان پێدا و ناوبراویش قەبوڵی کرد و ئیتر بەرە، بەرە شوڕشی کوردان سەربەخۆیی سیاسی و ئابوری خوی لە دەست دا و شای ئێران و ساواکی ئەو دەسەڵاتە بڕیارە سەرەکیەکانیان ئەدا(ساواک دەزگای هەواڵگری رێژیمی پاشایەتی بو لە ئێرانا کە ساڵی 1953 دامەزرا بوو و ساڵی 1979 دوای سەرکەوتنی شوڕشی گەلانی ئێران هەڵوەشایەوە و دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران جێگەی گرتەوە).
لە لایەکیترەوە حکومەتی پاشایەتی و ساواک گوشاریان خستە سەر بارزانی کە دژی شوڕشگێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوەستێتەوە کە سەرەتا پاڵپشتێکی جیدی بارزانی بون و لە بەرەکانی شەڕی دژی حکومەتی عێراق دا لە شەڕ دا بون و لە ناوخۆی رۆژهەڵاتیشەوە هاوکاری مادیان دەگەیاندە بارزانی.
دیارە گرینگە ئاماژە بەوەش بکەین کە نێزیکایەتی بارزانی لە ساواکی رێژیمی پاشایەتی ئێرانی نیگەرانی لە لای ئەندامان و کادرەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دروست کردبوو بەڵام ئەحمەد توفیق وەک دەروێشێکی بارزانی ڕێگەی نەئەدا ئەو نارەزایەتیانە پەرە بگرن بەڵام زوری نەبرد دوای ئەوەی بەشێکی زوری کادرە ناسراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شەڕ دژی رێژیمی پاشایەتیدا شەهید بون یان لە لایەن چەکدارەکانی بارزانیەوە دەستگیر کران و دواتر جەنازەکانیان یان بە زیندووی تەسلیمی ئرانیەکان کرانەوە، ئەحمەد توفیقیش کەوتە نیگەرانی و توشی دوودڵی ببو کە بارزانی بە حوکمی ساواک ئەویشی دوور خستەوە بۆ دەڤەری بارزان و دوای ماوەیەک بە نائومیدی خۆی تەسلیمی حکومەتی عێراقی کرد و دوای ماوەیەکی کورت بێ سەروشۆین کرا و هەتا ئێستا هیچکەس نازانێ چۆن کوژراوە و چی بەسەر هاتوە.
لە لایەکیترەوە بە فەرمانی مەلامستەفا بارزانی چەندین کەسی ناسراوی جولانەوی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک سولەیمان موعینی و …. دەستگیر کران و خێرا لە لایەن چەکدارەکانی بارزانیەوە ئێعدام کرا ن و جەنازەکانیان تەسلیم بە حکومەتی پاشایەتی کرانەوە و ئەوانیش لە ناوشارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانا گەراندیانن بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک.
دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێڕان
ساڵی 1971 رێککەوتنێک لە نێوان بارزانی و حکومەتی عێراق دا هاتە ئاراوە کە بە پەیمانی یازدەی ئادار ناوی دەبەن و لەودا زوربەی مافەکانی کورد چەسپێندرا و بڕیاری پێکەوە ژیانی هاوبەش دراو ئارامی روی لە باشور کردەوە و ئەوجا حکومەتی عیراق رێگەی بە دوکتور قاسملو و چەند کەسێکی دیکە دایەوە کە بێنەوە عیراق و دوکتور قاسملو لە وەزارەتی پلاندانان و ئابوری عیراقی دا دامەزراو هاوکات دەستی کردەوە بە پێوەندی گرتن بە ئەندامانی حیزبەوە و لە ساڵی 1973 کونگرەی سێهەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەسترا و لەو کونگرەیەدا بەرنامە و ئەساسنامە بۆ حیزب نوسرایەوە کە شەخسی دوکتور قاسملو نوسیبویەوە و ئامادەی کردبوو. یەکێک لە وەرچەرخانەکانی کونگرەی سێهەمی دیموکرات ئەوەیە کە ناوی حیزبیان گوڕی و ناویان نا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و دروشمی دیموکراسی بۆ ئێران و خۆدموختاری بۆ کوردستانیان هەڵبژارد.
ئیتر ئەتوانین بڵین ئەم حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە لە 1973 وە دامەزراوە و نێزیک بە هەموو بنەماکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستانی گوڕی و بە شێوە و شیوازێکی نوێ دەستی بە خەبات کرد و سنوورە دەسکردەکانی بە ڕەسمی ناسی و ملی بۆ پەیمانی لۆزان دانەواند.
ساڵی 1975 شای ئێران لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا لەسەر چەند بڕگەیەکی دیاریکراو ڕیک کەوتن و ناکۆکیەکانیان چارەسەر کرد و لە جەزائیر کۆبونەوەیەکی ئاشتی و ئیمزا کردنی پەیمانی ڕیککەوتن لە نێوان سەدام حوسەین کە ئەو کاتە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بوو و حەمەرەزا شای ئێران دا پێک هات.
شای ئێران لە کاتی گەڕانەوەی بۆ تاران بانگهێشتی مستەفا بارزانی کرد و پێی راگەیاند کە ئێمە لەگەڵ عێراقا رێککەوتوین و لەمەو بە دوا هیچ هاوکاریەکی ئێوە ناکەین و ئێوە خۆتان ئەزانن کە بەردەوام دەبن لە شەڕەکەتان دژی عێراق یان کۆتایی پێ دێنن.
مستەفا بارزانی بە بێ بیرکردنەوە و بە بێ ئەوەی بگەڕیتەوە بۆ پرس و ڕا لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کورددستان-عێراق و خەڵکی کورد کە بە هەزاران کەس لە سەنگەری پاراستن دا بوون، بە سەری خۆی بڕیاری دا کە واز بێنێ و بە شای ئێرانی وت کە ئەوەی بۆ ئەو باش بێ ئەمان ئەیکەن و بەمجۆرە جاڕی ئاشبەتاڵی دا. ئاش بە تاڵ واتە کۆتایی هاتن و واز هێنان و هەڵوەشانەوە. گەلی کورد لە باشوری کوردستانا توشی خەسارێکی گەورەی روحی، مەعنەوی و سەربازی بوو و بە هەزاران کەس وەک پەنابەر رویان لە ئیران کرد و بە دەیان هەزار کەسیش خویان تەحویلی رێژیمی عێراقی دایەوە.
گرینگە لێرەدا ئاماژە بەوەش بکەم کە لەو کاتەدا مەلا مستەفا بارزانی جاڕی ئاشبەتالی دا، 60000 پێشمەرگەی دایمی و 43000 چەکداری هێزی بەرگری هەبوو لەگەڵ سەدان چەکی جۆراوجۆر و زیاتر لە 200 ملیون دولار سەرمایە و بە هەزاران کیلومیتری چوارگۆشە ناوچەی رزگارکراو و دەیان چیا و ناوچەی ستراتیژی بە دەست کوردەوە بوو. ئەو کارەساتە لە مێژووی گەلی کوردا بە مێژوویەکی رەش دادەنرێ و نیشاندەری ئەو راستیەیە کە ئەقڵی تاکەکەسی و عەشایەری ناتوانی ئازادی وەدی بێنێ و پشت بەستن بە تاکە کەس و نەبوونی رێکخستن و سەربەخۆیی ئابوری و هێزی چەکدار ناتوانێ ئەنجامێک وەدەست بێنێ.
بارزانی بە ملیونان دولارەوە لە شاری کەرەج باشترین ویلای لە لایەن شای ئێرانەوە وەرگرت و لەگەڵ بنەماڵەکەیا لێی جێگیر بوون و کاتێک رۆژنامەوانە ئێرانی و خاریجیەکان چوون بۆ سەردانی بارزانی و پرسیاری شوڕش و رەوشی باشوری کوردستانیان لێکرد، ناوبراو مژێکی لە جگەرە روزمەنەکەی دا و بە کورتی وتی: کاری من تەواو بوو و من تەنیا خزمەتکارێکی شای شاهانم و هیچیتر.
ماوەیەک نائومیدی باڵی بەسەر ناوچە کوردیەکانا کێشا بەڵام زوری پێنەچوو تەقەی تفەنگی پێشمەرگە خەوی داگیرکەرە عێراقیەکانی زڕاند و کۆمەڵیک لە کادر و ئەندامانی پێشووی پارتی بڕیاری بەردەوامیدان بە خەباتیان داو نەوشیروان مستەفا کە خوێندکاری دوکترا بوو لە وەڵاتی ئوتریش و مام جەلال تاڵەبابی کە کەسایەتی ناسراوی جوڵانەوەی کوردستان و رەخنەگری مستەفا بارزانی بوو بڕیاریان دا کە بە ناوی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان پەرە بە خەباتی کوردان بدەن و ساڵی 1977 یەکەم بنکەی خویان لە بناری قەندیل کردەوە و زور خێرا خەڵکێکی بەرچاو کە بەشێکیان چەکیان هی خۆیان بوو رویان لەو بنکانە کرد و ژمارەی هێزەکانی یەکیەتی تا دەهات زیادی دەکرد.
یەکیەتی نیشتمانی هاوکاری لە رێژیمی سوریە وەردەگرت کە ئەوکاتە نێوانی حێزبی بەعسی عێراق و سوریە ناخوش بوو. ژمارەیەکی زور لە هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بە فەرماندەری عەلی عەسکەری کە ئەو کاتە فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بوو، بۆ هێنانی هێندی چەک و تەقەمەنی لە سوریەوە رویان کردە دەڤەرەکانی حەکاری لە باکوری کوردستان.
لە راستیدا مستەفا بارزانی و بنەماڵەکەی لە ئاسوودەییدا ئەژیان و بە تەمای شەڕ و شۆڕش نەبوون، بەڵام کاتێک یەکیەتی نیشتمانی کوردستان سەری هەڵدایەوە و دەستی بە خەباتی چەکداری کرد، داگیرکەرانی ئێرانی، عیراقی و تورکیە کەوتنە خۆ ئامادە کردن بۆ بەرەنگار بونەوەی جموجوڵەکانی ئەو حەرەکەتە نۆیە، چونکە سەدام حوسەین وتبوی لەسەر تەپڵی سەری من دارخۆرما سەوز بێت لە کوردستانا شوڕش هەڵناگیرسێ و هەر بەم پێە حکومەتەکانی ئێران و ئێراقیش پێیان وابوو بە واز هێنانی مستەفا بارزانی کورد تەوانایی هەستانەوەی نیە. سەرهەڵدانی یەکیەتی نیشتمانی و پەرەگرتنی لە ماوەیەکی کەمدا و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لە زوربەی ناوچەکانی باشوری کوردستانا ئەو حیسابات و چاوەڕوانیانەی پوچەڵ کردەوە.
ساواکی ئێران داوای لە بنەماڵەی بارزانی کرد کە ئەو هێزەی هەیانبوو ولە چەند ئوردوگایەکا ئەژیان ڕیکبخەنەوە و بەرەنگاری ئەو جوڵانەوە نۆیە ببنەوە.
ئیدریس و مەسعود بارزانی، سامی عەبدولڕەحمان، جەوهەر نامێق و چەند کەسی دیکەی ئەڵقە لە گوێی بنەماڵەی بارزانی کەوتنە جموجوڵ و لە ژێر ناوی قیادەی مووەقەت دا خۆیان کۆ کردبوەوە و ژمارەیەکی بەرچاو هێزی چەکداریان کۆ کردەوە و ئەوجا هەڕەشەیان لە یەکیەتی نیشتمانی کوردستان ئەکرد و ئەیانوت کە ئەوان خاوەن کوردستانن و بە بێ ئەوان کەس مافی خەبات و تێکۆشانی نیە.
ساڵێک دوای ئاشبەتاڵ لە 1ی ئاوگوستی 1976 کۆنفرانسی یەکەمی پارتی دیموکرات پێک هات و سەرکردایەتی موەقەتیان هەڵبژارد کە بە قیادەی موەقەت ناوی دەبردرێ و لەو کونفرانسە دا سامی عەبدولڕەحمان بو بە سکرتێر و مەسعود و ئیدریس بارزانی بوونە ئەندامانی سەرکردایەتی و لە ڕاستیدا ئامانجی ئەو کۆنفرانسە پەراوێز خستنی ماڵی بارزانی بوو. بەڵام پاش ماوەیەک دیسان بنەماڵەی بارزانی کەوتنەوە خۆ رێکخستنەوە و وەرگرتنەوەی دەسەڵات و لە 2ی نوڤامبری ساڵی 1979 دا کونگرەی ئاوارتەی پارتی گیرا و لەوێدا مەسعود بارزانی بوو بە سەرۆک و ئیتر سامی عەبدولڕحمان و چەندین کەسیتر وازیان لە پارتی دیموکرات هێنا و لە 26/3-1981 دا کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی گەل پێکهات و دەیان کادر و ئەندامی ناڕازی پارتی دیموکرات بوونە ئەندام و کادری پارتیی گەل و سامی عەبدولڕحمان بوو بە سەروکی ئەو پارتە و بێگومان ئێتساش کادر و ئەندامانی ئەو سەردەمی پارتی گەل خاوەن بیر و هزری نەتەوەیی و پێشکەوتونخوازانەن و کەم کەسیان چوەتەوە ریزەکانی پارتی.
2/3-1992 کۆنگرەی یەکگرتن لە نێوان پارتی گەل، پارتی سوسیالیستی کوردستان، حیزبی سوسیالیستی کوردستان دا گیرا و لەۆ کونگرەیەدا ناوی هەر سێ حیزب بو بە پارتی یەکگرتوی کوردستان.
4-16/8/1993 کۆنگرەیەکی بەرفراوانی پارتی دیموکرات پێکهات کە پارتی یەکگرتوش بەشداری ئەو کونگرەیە بوو و لەو کونگرەیەدا پاریی ناوی خۆی گوڕی بۆ پارتی یەکگرتوی کوردستان.
ئەوەی ئەو پارتانە لەو سەردەمە دا کردیان لە راستیدا دوپینگی ماڵی بارزانیان کرد و جارێکیتر دەسەڵاتی بێ ئەملاو ئەولایان دایەوە بنەماڵەی بارزانی و جارێکیتر ئەوانەی رەخنەگری ئەو بنەماڵەیە بوون خویان تەسلیم کردەوە و بوونە بەردە و بەردەستی بنەماڵە.
ناوی پارتی دیموکراتی یەکگرتوی کوردستان تەنیا ماوەیەک باسکرا و ئیتر پارتی چوەوە سەر ریچکەی خۆی و بویەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و وەک جاری جاران بنەماڵەی بارزانی بوونەوە خاوەن هەموو جمگەکانی پارتی و سامی عەبدولڕحمانیش بوە بە خزمەتکارێکی بێدەسەڵات و چاو لەدەست)
– قیادەی مووەقەت بڕیاری دوژمانیەتی خۆی لە هەمبەر یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دا دابوو و هەوڵی ئەدا زەربەیەکی وایان لێدا نەتوانن بەردەوام بن لە خەبات، بەڵام لە ناو سەرکردەکانی یەکیەتی نیشتمانیدا مەیلی دوستایەتی و نێزیک بوونەوە لە قیادە هەبوو و تەنانەت دوو دڵ بوون لە دوژمنایەتی کردنی ئەو لایەنە و نامەیان بۆ یەک دەنارد و ئاگاداری یەکتریان ئەکردەوە لە جموجوڵەکانیان.
یەکێک لەوانەی بەرانبەر بە بنەماڵەی بارزانی کەمترخەم و خوشباوەڕ بوو عەلی عەسکەری بوو، لەوکاتە دا کە بەرەو ناوچەی حەکاری بەڕیوە بوون بەردەوام لەگەڵ ئیدریس بارزانی کە ئەوکاتە نەفەری یەکەمی قیادە مووەقتە بوو نامەی ئاڵوگوڕ دەکرد و لە نامەیەکا ئیدریس بارزانی بۆ عەلی عەسکەری نوسیبوو کە ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵیانا نیە و چەکدارەکانیان پالاماریان نادەن ئەگەر ئەمان دەسپێشخەری نەکەن و ئەوەش وایکرد کە عەلی عەسکەری تەدبیری پێویست وەرنەگرێ و بڕوا بە بەڵێنەکانی بنەماڵەی بارزانی بکات.
بەڵام بەرپرسەکانی قیادەی مووەقەتە کەوتبونە چالاکی بەردەوام و هۆزە کوردەکانی باکوری کوردستانیان ئامادە ئەکرد دژی ئەو هێزەی یەکیەتی نیشتمانی و سەرئەنجام لە دەڤەری حەکاریدا چەکدارەکانی قیادەی مووەقەت(پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق) لە 1/6/1977 دا پەلاماری پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتمانیان دا و لە ماوەی 3 رۆژا هەموویان لێک بڵاو کردنەوە و نێزیک بە دوو سەد کەسیان لێ بەدیل گرتن کە یەکێک لە دیلەکان عەلی عەسکەری فەرماندەی ئەو هێزە و ئەندامی سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتیمانی و فەرماندەی گشتی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان بوو. لە ناو دیلەکانا چەندین کادر و بەرپرس و فەرماندە هەبوون و بە حوکمی سامی عەبدولڕەحمان زوربەیان هەر لەوێدا تیرباران کران و عەلی عەسکەرییان بە ئارپیجی کوشت چونکە سامی عەبدولڕەحمان وتبوی پیاوی گەروە دەبێ بە چەکی گەورە بکوژرێ.
(جەوهەر ناومێق یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی قیادەی موەقەتە بوو و لە دەڤەری بادینانا ناسراو بو بە سەلیم سۆرانی و کەسێکی وەفادار بە بنەماڵەی بارزانی بوو. دیارە جەوهەر نامیق دوای کونگرەی ئاوارتەی پارتی دیموکرات لە 1979 وازی لە پارتی دیموکرات هێنا و دواتر گەڕایەوە لای ئەو حیزبە و بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و هەروەها بوو بە یەکەم سەروکی پارلەمانی باشوری کوردستان کە دواتر لەبەر رەخنەگرتن لە دەسەڵاتی رەهای بنەماڵەی بارزانی بە پلانی مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی گوشيگیر کرا و تەنانەت هەرەشەشی لێکرا کە زۆر نەڵێ و باسی هێندێ شتی تایبەت نەکات. جەوهەر نامێق ساڵی 2010 لە وەڵاتی سوید بە نەخوشیەکی کوت و پڕ و گوماناوی کوچی دوایی کرد. لە راستیدا ماڵی بارزانی هەموو کات ئەو کەسانەیان کردوەتە ئامانج کە سەردەمانێک دەروێشیان بوون. لەمبارەوە گەلێک نمونە هەیە و لێرەدا گونجاو نین بۆ باس کردن)
سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژیەی کە روبەڕوی کادر و سەرکردایەتی و پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بویەوە، ئەو رێکخراوەیە پەرەی گرت و شەڕی چەکداری دژ بە ڕیژیمی داگیرکەری بەعسی عێراقی دەستپێکرد و زوربەی ناوچەکانی باشوری کوردستانی گرتەوە، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچی کە پارتی رێگەی نەدایە یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە دەڤەرەکانی بادینان بەرفراوان بێتەوە.
ساڵی 1979 گەلانی ئێران دژی رێژیمی پاشایەتی راپەڕین و سەرکەوتن، دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە و دام و دەزگای سەرکوتگەری پاشایەتی لێک هەڵوشانەوە و ئیمکان و دەرفەت هەبوو کە کورد هەموو شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بخەنە بن کونتروڵی خۆیان.
سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە تا ئەو کاتە تاقە حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە بەغداد و سلێمانی ئەژیان، لە چەند قۆڵێکەوە گەڕانەوە رۆژهەڵات، بەڵام هیچ پلان و پرۆژیەکەی دیاریکراویان نەبوو و زیاتر روبەڕوی هەل و مەرجێک بوونەوە کە تەنانەت باوەڕیان نەدەکرد ڕوو بدات.
گەلی کورد بێزار ببون لە دەسەڵاتی داگیرکەری پاشایەتی و بە کرانەوەی دەرگای ئازادی لە هەڵچونێکی کەم وێنەدا بوون و پۆل، پۆل خویان چەکدار دەکرد و لە دەرفەت دەگەڕان.
کاتێک شا ئێرانی بە جێ هێشت و ئەرتەش بێلایەنی خۆی راگەیاند و دواتر حکومەتی بەختیار روخا، بەشێکی زور لە پێگە و پایگاکانی حکومەتی، یان لە لایەن خەڵکەوە چەک کران یان سەرباز و پلەدارە حکومەتیەکان هەڵهاتن و چوڵیان کرد. لە هەل ومەرجێکی ئاوا ئاڵۆزدا، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران خەباتی ئاشکرای خۆی راگەیاند و بە پەلە،پەل کەوتە بوژانەوەی کومیتە حیزبیەکان لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانا، بەڵام زیاتر لە دەڤەرەکانی سەردەشت، بانە، سەقز، بۆکان، مەهاباد و پیرانشار دا بە هێز بوون و گرینگی زوریشیان بەو ناوچانە ئەدا و کەمتر گرینگی بە کرماشان ئیلام، سنە، پاوە و جوانرۆ لە باشوری روژهەڵات و شنو، نەغەدە، ورمی، ماکۆ، سەلماس لە باکوری رۆژهەڵات ئەدا.
بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵک بە شێوەی چاوەڕوان نەکراو لە هەڵچوونی شوڕشگێرانە دا بوون، پۆل، پۆل رویان لە مەهاباد ئەکرد بۆ دیدار لەگەل سەرکردایەتی حیزب و شەخسی دوکتور قاسملوو و داواکار بوون کە حیزب روو لەوانیش بکات.
هێشتا کورد پەرتەوازە و بێ رێکخستنێکی تۆکمە بوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیندراو و ئینجا ڕیبەری کۆماری ئسیلامی ئێران داوای کرد ئەرتەش بەگەڕێتەوە شۆینەکانی خۆی و ئەمەش لە کوردەکان گران هات، چونکە چەند پادگانێکی سەربازی هێشتا چوڵ نەکرابوون و فەرماندەکانی ئەرتەش ئامادە نەبوون تەسلیمیان بکەن و تەنانەت تەقەیان لە خەڵکیش ئەکرد، کاتێک ئەیناویست ئەو پادگانانە چەک بەکەن و لە سنە چەند کەسێک شەهید بوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەرەتا ئەیویست بە وت و ویژ ئەو پاسگایانە تەسلیم بکات بەڵام ئەنجامێکی نەبوو. زۆربەی شارەکانی کوردستان کەوتنە ژێر کونتروڵی پێشمەرگەی دیموکرات و ئەوجا هێزێکی دیکە بە ناوی یەکیەتی جوتیاران کە کاک فواد موستەفا سوڵتانی سەرپەرەشتی دەکردن لە مەریوان سەرەی هەڵدا و دواتر ئەو ڕەوتە بو بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان.
(کاک فواد مستەفا سوڵتانی ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی ئەڵمانە سەر بە شاری مەریوان لەدایکبوو. ساڵی ١٩٦٨ چووە زانکۆی سەنعەتی شەریف لە تاران و لە بواری کارەبا دەستی بە خوێندن کرد. ھەر لەوێوە چالاکییە سیاسییەکانی دەستپێکرد. ساڵێک دواتر لەگەڵ ھێندێ لە ڕفیقانی لە پاییزی ١٩٦٨ ڕێخراوێکیان پێکھێنا کە دواتر بە کۆمەڵە ناسرا. کاک فواد و ھاوڕێکانی ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبوو لە ڕووناککردنەوەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ژێر زۆری دەستگای شای ئێران. لە ساڵی ١٩٧٦، ساواک دەستبەسەری کرد بەڵام ئەو لە بەندیخانە بووبە سەرۆکی شۆڕشەکان و بزووتنەوە ناڕەزاییەکانی ناو بەندیخانە. لە ١٩٧٨ (گەلاوێژی ١٣٥٧) لە بەندیخانە ڕزگاری بوو. کاک فواد ڕۆڵێکی گرینگی لە پێشکەوتن و یەکگرتنی شەپۆلەکانی شۆڕشی دژە دەسەڵاتی شای ئێران لە شارەکانی مەریوان و سنە ھەبوو. پێکھێنانی یەکیەتی جووتیاران و چالاک کردنی یەکەمین دەستەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە (ئۆرگانی زەحمەتکێشانی کوردستان) یەکێک بوو لە گرینگرین دەستکەوتەکانی کاک فواد لەو بوارەدا. کاک فواد لە ساڵی ١٩٧٩ (٩ خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨) بە دەستی ھێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی ئێران لە شەڕێکی چەکداریدا لە نێزیک گوندی بستام لە سەر جادەی سەقز مەریوان شەهید بوو.)
بێجگە لە کۆمەڵە چەند گروپی دیکە سەریان هەڵدا وەک سپای رزگاری کە لە هەورامان و ناوچەکانی ژاوەرووی مەریوان تا شاری کامیاران پەرەی گرت و ئەو هێزە سەر بە شیخەکانی تەریقەتی نەقشبەندی بوو، دیارە شێخ عوسمان دووڕۆ کە ڕیبەری ئەو تەریقەتە بوو راستەۆخۆ سەرپەرەشتی نەدەکرد بەڵام کۆڕ و برا و برازاکانی هەموو بەرپرس و فەرماندەی ئەو هێزە بوون.
سازمانی خەباتی ئیسلامی و نەتەوایەتی لە دەڤەرەکانی بانە و سەردەشت دەستی بە خەباتی چەکداری کرد و شیخ جەلالی حوسەینی سەروکی ئەو رەوتە بوو.
دواتر کۆمەڵە و دیموکرات پەلاماری هێزەکانی سپای رزگاریان دا و تەفروو تونیان کردن و هەتا سنووری هەورامانی باشوری کوردستان راویان نان و ئیتر ئەو هێزە لە دەڤەرەکانی تەوێڵە و بیارە دا قەتیس مان و چالاکیەکانیان زۆر کەم بوونەوە و چەند پایگایەکی سەربازییان هەبوو و لە بەرەکانی شەڕی ئێران و عێراقا لە پەنا ئەرتەشی عێراقا مابوونەوە و کاتێک شەڕی ئەو دوو وەڵاتە کۆتایی هات ئەوانیش هێواشەکی توانەوە.
سازمانی خەباتی ئیسلامی و نەتەوەیش تەنیا لە بانە و نێزک سەردەشتا قەتیس مایەوە و سەرئەنجام لە ساڵی 1988 دا بونە دوو بەش و مەلا خدر عەبباسی لە شیخ جەلال جیا بوویەوە.
بارەگای شێخ جەلال لە دەڤەری رانیە لە باشوری کوردستانا بوو و بارەگای مەلا خدر عەببای چووە بناری قەندیل و لە نێزیک بنکەی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانا جێگر بوون.
کاتێک ئەرتەش پەرتەوازە و بێ هێز و لاواز ببوو، کۆمەڵیک کەسی نێزیک لە خۆمەینی دەست بەکار بوون و هێزێکی تایبەتیان بنیات نا کە دواتر بوو بە سپای پاسدارن و ئەو هێزە وەک هێزی پاسەوانی شورش دەناسران و یەکەم شەڕیان لە شاری پاوە لە دەڤەری کرماشان هەڵگیرساند و بەمجۆرە پەلاماری کوردان دەستی پێکرد.
دوای ماوەیەک پەلامارەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر شار و ناوچە کوردنشینەکان دەسیپێکرد و توشی شکەستی گەورە بونەوە و ئەوجا خومەینی پەیامێکی بڵاو کردەوە و داوای گوت و بێژێ کرد و هەیئەتی نێوبژیوانی و چارەسەری ناردە کوردستان. بەڵام کورد هیچ پلانێکی دیاریکراویان نەبوو. نە پلان بۆ شەڕ و نە بۆ ئاشتی، بەڵکو توشی ئەمری واقع ببوون و دەستەوەستان مابوونەوە. سەرئەنجام چەند لایەن کۆبوونەوە و بڕیاریان دا کومیتەیەک بۆ دان و ساندن پێک بێت کە سەروکی ئەو کومیتەیە مامۆستا شێخ عیزەدین حوسەینی پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی مەهاباد بوو و گوتە بیژی ئەو کومیتەیەش دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملو دەس نیشان کرا و ئەندامانی کومیتەکە پێک هاتبوون لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە و چریکە فیدایەکان و ماموستا شیخ عیزەدەین.
لە یەکەم دیداری هەیئەتی نوێنەرایەتی کورد و گروپی دانوسانکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانا شەش خاڵ وەک داواکاری لە لایەن کوردەکانەوە درایە نوێنەرانی حکومەتی و یەکێک لە خاڵەکان زۆر شەرمێونانەیە و ئەوەش داواکاری دەرکردنی ئەو کوردانە بوو کە کاتی خۆی بە هۆکاری ئاشبەتاڵی بارزانیەوە هاتبوونە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دیارە لەو خاڵەدا دەرکردنی بارزانیەکان و قیادەی موەقەتە وتراوە بەڵام هەرچۆنێک بێت لە تێگەیشتنێکی عەشیرەگەرای داماڵراو لە بەرپرسیارەتی نەتەوەێیەوە سەرچاوەی گرتووە. سەبارەت بەو خاڵە زۆر قسە هەیە و ئەو کەسانەی لەو کاتەدا ئامادە بوون ئەڵین بە پێداگری سەلاح موهتەدی لەوێدا گونجاوە و سەلاح موهتەدیش لە چەند چاوپێکەوتنێکا تاوانەکە ئاراستەی کاک فواد موستەفا سوڵتانی و دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو گوت و بیژانە تەنیا قازانج کردنی کات و ئامانجی کوردەکانیش گەیشتن بە مافە سەرەتایەکانیان واتە خودموختاری بوو. سەر ئەنجام دەسەڵاتدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران خویان ریکخستەوە و هێزی خۆیان کۆ کردەوە و ئەوجا لە زوربەی ناوچەکانەوە هێرشیان دەست پێکردەوە و جارێکیتر کوردەکان توشی شۆک بوون. هێزێکی بێ بەرنامە و سازمان نەدراوی چەکداری بێ ئەزمون دەستیان دایە بەرەنگاری و لە ماوەیەکی کەم دا و کەمتر لە دوو ساڵ هەموو شارەکان و نێیزک بە تەواوی گوندەکان کەوتنە بن کونتروڵی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پێشمەرگە ناچار بە شەڕی پارتیزانی بوون.
خاڵی بەرچاو کە لاوازی بەرخوەدانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەسنیشان ئەکات بە بڕوای من ئەمانەن.
1- نەبوونی ناوەندێکی هاوبەشی سیاسی، سەربازی و بەڕیوەبەری
2- نەبوونی پلان و بەرنامەی بەرەنگاربوونەوە و تاکتیک و ستراتیژی تۆکمەی هاوکێش
3- نەبوونی سەرکردایەتیەکی هاوبەش و داواکاری هاوبەش و سیاسەتی هاوبەش
4- نەبوونی دیالۆگی بەرپرسیارانەی نەتەوەیی، دیموکراتی لە نێوان لایەنەکان
5- مژوڵ بوون بە کێشە بچوکەکانەوە و لە دەستدانی ناوچە و شارە گرینگەکان و بەرتەسکردنی خەبات بە شەڕی چەکداری و شەڕەکەش تەنیا خۆپاراستن و بەرپەرچدانەوەی هێرشی دوژمن بوو.
گرینگە ئاماژە بەوەش بکەم کە لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانا، هێزە چەکدارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق کەوتنە جوڵە و بنەماڵەی بارزانی خۆیان گەیاندە دەسەڵاتدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پشتگیری خۆیان لە هاتنەوەی خومەینی دەربڕی و بێگومان ئەوەش شانسێکی گەورە بوو بۆ خومەینی و دار ودەەستەکەی کە ئەو هێزە بەکار بێنن و لە جیاتی ئەوەی وەدەریان بنێن کەوتنە رێکخستنەوەیان. چونکە بنەماڵەی بارزانی پیاوی شای ئێران بوون، چاوەڕوان ئەکرا دەسەڵاتدارانی نۆێ وەدەریان بنێن، بەڵام ئەو چاوەڕوانیە هەڵە بوو چونکە ئێرانیەکان ئەیانزانی بنەماڵەی بارزانی لە مەوقیەتی لاوازیدان و ئامادەن بۆ قەبوڵکردنی هەموو داواکاریەک بەو شەرتەی وەدەریان نەنێن. هەر بۆیە رایان گرتن و سەریان پێ نەوی کردن و دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رۆژهەڵات سازمانیان دان و بەشێکی هەرە بەرچاوی ناوچەکانی ژیر کونترۆڵی پێشمەرگە لە لایەن چەکدارەکانی پارتی بارزانیەوە داگیر کران و تەسلیم بە سپای پاسدارنی ئێران کران و دەیان کەس بێ تاوان کوژران و زوڵم و زورێکی زوریان لە خەڵکی روژهەڵاتی کوردستان کرد و هیچ گرینگیان بەوە نەئەدا کە ئەوە بەشێکە لە نەتەوەکەیان. دەسەڵاتدارانی ئێرانیش دەستیان ئاواڵە هێشتبونەوە و ئیمکاناتی مادی و سەربازییان بۆ دابین دەکردن و لە زۆر کات و لە زۆر شەڕدا هاوکات هێزەکانی پارتی دیموکرات کە هەتا ئەو کاتە لە ژێر ناوی قیادەی مووەقەتەدا کاریان ئەکرد لەگەڵ چەکدارەکانی سپاسی پاسدارن و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران دا دژی هێزی پێشمەرگە و بەرخۆدانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هێڕشیان ئەکرد و سەنگەریان ئەگرت.
هاوکات هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە پەرە گرتن دا بوون لە باشوری کوردستانا و روژانە لە زۆربەی ناوچەکانا چالاکییان ئەنجام ئەدا و ژمارەیان لە زیاد بوون دا بوو. کاتێک هێرشەکان بو گرتنەوەی جادەی ستراتیژی سەردەشت- پیرانشار لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و چەکدارەکانی پارتی بارزانیەوە گەشتبوه ئاستێکی مەترسیدار، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داوای هاوکاری لە یەکیەتی نیشتانی کوردستان کرد و ئەوانیش نێزیک بە دوو هەزار پێشمەرگەیان روانەی بەرەکانی شەڕ کرد و قارەمانەتی بەرچاویان نواند، دەیان شەهید و برینداریان پێشکەش بە دایکی نیشتمان کرد و زەربەی گورچ و بڕیان لە هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەشاند، بەڵام بەداخەوە داگیرکەران سەرکەوتن و هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی دوای ماوەیەک گەرانەوە دەڤەرەکانی خۆیان لە باشور.
هەر چونێک بێت ئەو هاوکاریەی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان بە شتێکی مێژوویی دەبیندرێ و گرینگی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە ئەوە لە کاتێک دا بوو کە پارتی بارزانی لە بەرەی داگیرکەرانا بوو و یەکیەتی نیشتمانی پێویستی زۆری بە ئێرانیەکان هەبوو بەڵام پشتی گەلەکەی خۆی گرت و ئەگەر چی قورس بۆیان تەواو بوو بەڵام شانازیەکی مێژوویی یان بۆ خۆیان تۆمار کرد.
سەرئەنجام سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە و لایەنەکانی دیکە، رۆژهەڵاتی کوردستانیان بە جێ هێشت و لە باشوری کوردستانا جێگیر بوون.
شەڕ لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەتا ساڵی 1990 بەردەوام بوو بەڵام تەنیا شەڕی چەکداری بێ پلان و بەرنامە بوو. ساڵی 1980 ئێراق پەلاماری ئێرانی دا و شاری گەورە و تجاری خورەمشاری داگیر کرد و ئەمەش شانسێکی گەورەی دایە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی ئێحساساتی خەڵک بەکار بێنێ و میلیونان کەسیان چەکدار کرد و رەوانەی بەرەکانی شەڕیان کردن کە بەشێکیان ئەنێردران بۆ شەڕی رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو شەڕەشی بە بەشێک لەشەری عێراق حیساب دەکرد.
ساڵی 1988 ئاگربەست لە نێوان ئێران و عیراقا هاتە ئاراوە و مەیدانی چالاکی هێزەکانی دیموکرات و کۆمەڵە بەرتەسکتر بویەوە و زیاتر لە باشوری کوردستان و ژێر کونترۆڵی رێژیمی سەدام دا بوون.
ساڵی 1984 شەڕی بەرفراوان لە نێوان هێزەکانی دیموکرات، کۆمەڵە دەستی پێکرد و زیاتر لە 800 قوربانی لێکەوتەوە و هەتا ساڵی 1990 بەردەوام بوو و کاتێک کۆمەڵە توشی کێشەی ناوخۆیی بویەوە و حێزبی دیموکراتیش ناوچەی شەڕی بەدەستەوە نەما بە بێ ئەوەی هیچکامیان باسی بکەن، شەڕ ڕاوەستا. شەڕی دیموکرات و کۆمەلە گەورەترین زەربەی لە بەرخۆدان وئیرادەی شورشگێرانەی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا و زەمینەی تەسلیم بوونی خەڵکی بە دەسەڵاتدارانی داگیرکەری ئێرانی خۆش کرد و ناوەندە ئیتلاعاتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بێ هیوایی و توڕەبونی خەڵک کەڵکیان وەرگرت و توڕی جاسوسی و بەکرێگیراویان فراوان کردەوە. بەر لە شەڕی دیموکرات و کومەلە خەڵک شەڕمی دەکرد چەک بۆ رێژیم هەڵگرێ، بەڵام دوای ئەو شەڕە خەڵک ئەو شەرمەیان نەما و ئەیانوت چەکداری حکومەت بین باشترە لەوەی بچین یەکتر بکوژین.
ساڵی 1988 لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران شەری عیراقی لە کۆڵ ببوویەوە و هێزێکی زۆری چەکداری و سیخوڕی هێنابوویە رۆژهەڵاتی کوردستان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆنگرەی هەشتەمی خۆی لە شاری سلێمانی پێک هێناو ولەو کۆنگرەیە دا لە جیاتی باسکردنی رەوشی کوردستان و دوزینەوەی ڕیگا و ڕیبازی نۆیی خەبات، شەڕی دەسەڵات دەستی پێکرد و سەرئەنجام حیزب بوو بە دوو بەشەوە و ئەوەش ئەوەندەی دیکە ئیرادەی بەرخۆدانی رۆژرهەڵاتی لاواز کرد. هەروەها کۆمەڵەش کە لە ساڵی 1983 بەملاوە ببووە سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران، توشی کێشەی ناوخویی ببوویەوە و مەنسور حیکمەت تیئوریەکانی خۆی بەسەریان دا زاڵ دەکرد و هێدی، هیدی لە خەباتی چەکداری دوور دەخستنەوە و لە چەند ئوردوگایەک دا جێگری کردبوون.
لە ڕاستیدا خەباتی روژهەڵاتی کوردستان تەنیا دوو ساڵ بەردەوام بوو و ئیتر لە باشوری کوردستانا قەتیس مایەوە و نەیتوانی ریبازێکی نوێ بدوزیتەوە و لە لایەکیترەوە حیزبەکانی رۆژهەڵات بەرنامەیەکی تۆکمەی خەباتی کۆمەڵگایان نەبوو و تەنیا حیسابیان لەسەر شەڕی چەکداری بوو کە ئەویش ئەنجامیکی نەدا بەدەستەوە.
ساڵی 1989 دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملو لە ویەن پێتەختی ئوتریش لەکاتی دان و ساندن لەگەڵ چەند مەئمورێکی ئتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانا تیرور کرا و ساڵی 1992 دوکتور سەعید لە ریستورانێک لە بێرلین لە ئاڵمان دا تێرور کراو ئیتر حێزبی دیموکرات توشی کێشەیەکی دیکە بویەوە و ئەوەش کێشەی ڕیبەری بوو.
ساڵی 1990 سەدام حوسەین سەرۆکی دیکتاتۆری عێراق وەڵاتی کوێتی داگیر کرد و کۆمەڵگای ناودەوڵەتی دژی ئەو داگیرکردنە وەستانەوە و سەرئەنجام لە ساڵی 1991 پەلاماری هەموو بنکە سەربازیەکانی عیراق درا و ئەرتەشی ئەو وەڵاتە توشی شکەستێکی چاوەڕوان نەکراو بوویەوە و بە تەواوی لاواز کرا و لە وڵاتی کوێت وەدەرنرا و ئەوجا خەڵکی توڕە و تامەزروی ئازادی عەرەبی شیعە لە باشوری عێراق و خەڵکی کورد لە باشوری کوردستان راپەرین و هەموو دام و دەزگاکانی حکومەتیان کونتروڵ کرد و دەیان ئەندام لە تیمە تایبەتەکانی رێژیم کە لە عەزیەت و ئازاردانی خەڵک دا بەشدار بوون کوژران و دەیان سەرباز و پلەدار لە لایەن گەلەوە لە باشوری کوردستان دەستگیر کران و هێزەکانی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بەشداری راپەڕینەکە بوون و بۆ یەکەمجار شاری کەرکوکیان ئازاد کرد.
لە کوتوپڕێکا وەرچەرخانێک لە سیاسەتی ئامریکا و هاوپەیمانەکانیدا هاتە ئاراوە و سەدام حوسەین بووژایەوەوە و پەلاماری شیعەکانی باشوری عێراقی داو بە هەزاران کەسی کۆمەڵکوژ کرد و سەرهەڵدانەکەی دامرکانەوە و ناوچەکانی کونتروڵکردەوە و ئەوجا هێرشی بۆ سەر باشوری کوردستان دەست پێکرد و لەو هێڕشانەدا هێزەکانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران کە هاوپەیمانی سەدام حوسەین بوون بەشدار بوون و بە سواری تانکەکانی عیراقی پەلاماری شارەکانی خانەقین، کفری، کەلار و دەربەندیخانیان داو ژمارەیەک زور خەڵکیان کۆمەڵکوژ کرد.
(سازمانی موجاهیدنی خەلقی ئێران لە دەیەی شەستەکانی سەدساڵی بیستا سەری هەڵداو وەک رێکخراوێکی مەزهەبی شیعە دەستی بە خەبات کرد و بەرەنگاری دام و دەزگا وسیاسەتەکانی رێژیمی پاشایەتی دەبوویەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و سەرکەوتنی شوڕش بەسەر حکومەتی پاشایەتیدا موجاهیدین پەرەیان گرت و بوون بە یەکێک لە رێکخراوە دیارەکان و مەسعود رەجەوی لە چەند کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی دەیان هەزارکەسیدا لە شاری تاران پێتەختی ئێرانا قسەی کرد و لەبەر ئەوەی قسەکەرێکی باش بوو ناوبانگی دەرکرد. مەسعود رەجەوی بەتەمای دەسەڵات بوو، بەڵام خومەینی و هاوڕیکانی رێگریان لێگرد. کاتێک عەبدولحەسەن بەنیسەدر کە سەروک کۆماری ئەو کاتە بوو لە لایەن خومەینیەوە راونرا، موجاهدینیش کەوتنە بەر پەلاماری هێزە چەکدارەکانی رێژیم و ئەوانیش دەستیان دایە بەرنگار بوونەوە و چەندین شوێنی گرینگیان وەک بارەگای مەجلیس تەقاندەوە، لەو شەڕانەدا جێگری مەسعود رەجەوی بە ناوی موسا خیابانی کوژرا و مەسعود رەجەویش هەڵهات و سەرەتا چووە فەرانسە و دواتر ئەو وڵاتە لە ژیر گوشارەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانا وەدەریان نا و رەوانەی عێراقیان کرد. موجاهدین هەموو هێزەکانی خۆیان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەربازی باشوری کوردستان و عێراق کرد و هێدی هێدی بوونە بەشێک لە لەشکر و دام و دەزگای ئەمنیەتی عێراقی. ساڵی 1991 کاتێک موجاهدین بەشداری کرد لە سەرکوتکردنی سەرهەڵداوانی کورد و شێعە، سەدام حوسەین نوێنەری تایبەتی ناردە لای مەسعود رەجەوی و سپاسی لێکرد، مەسعود رەجەوی لە وەڵاما وتبووی، سپاسی ناوێ ئێمە لە یەک کەشتیداین. دیارە موجاهدین خەڵق ڕیکخراوێکی شیعەی فرسەت تەڵەبی تۆکمەی داخراوە و مەسعود رەجەوی خاوەن سەروماڵی هەموو ئەندامەکانە و تەنانەت مریەم رەجەوی کە ژنی ئەبریشەمچی ئەندامی سەرکردایەتی موجاهدین بوو لە خۆی مارە کرد و کردیە جێگری خۆی و ناویشیان لەو کردەوەیە نا ئینقلابی ئیدئۆلۆژی. دوای روخانی سەدام حوسەین موجاهدین توشی گەورەترین کێشە بوونەوە، مریەم رەجەوی لە فەرانسەیە و مەسعود رەجەوی خۆی شاردوەتەوە و لە ساڵی 2003 وە تا ئێستا مەتەقی لێوە نەهاتووە و ئەندامەکانیشی چەندین جار لە ئوردوگاکانیاندا روبەڕوی هێڕشی هاوبەشی کۆماری ئیسلامی ئێران و حكومەتی عێراقی بوونەتەوە کە ئەگەر ئامریکایەکان نەیانپارێزن بە دوو رۆژ هەمویان کۆمەڵکوژ دەکرێن. ئەوەی وای لە موجاهدین کرد کە توشی ئەم ڕۆژە ڕەشە بێتەوە سیاسەتی تاکڕەوانە و خۆ بە گەورە زانی و سەراپا هەڵەی مەسعود رەجەویە)
هێرشەکانی ئەرتەش و هێزە چەکدارەکانی حکومەتی عێراقی زۆر چڕ و پڕ و بێ ڕوحمانە بوون و لە لایەکیترەوە خەڵکی باشوری کوردستان تەجروبەیەکی مەترسیداریان لە سەدام حوسەین و شیمیاباران و ئەنفالی ئەو دیکتاتۆرە هەبوو، هەربۆیە ترسان و کاتێک هێزەکانی پێشمەرگە بەرگەی هێرشی کۆپتەر و تانکەکانی ئەرتەشی عێراقیان نەگرت، خەڵک بە کۆمەڵ و بە میلیونان شار و ئوردوگاکانیان بە جێ هێشت و رویان لە سنورە دەسکردەکانی ئێران و تورکیە کرد. دیارە لەو سەردەمە دا لە باشوری کوردستان دا گوند نەمابوو، رێژیمی بەعسی عیراقی بە سەروکایەتی سەدام حوسەین هەموو گوند و شاروچەکانی تەخت کردبوو و خەڵکەکەی لە چەند ئوردوگایەکی زۆرەملی دا کۆ کردبوویەوە.
لەگەڵ پەلاماری ئەرتەشی عێراق و تێکشکانی هێزی پێشمەرگە کە پڵان و بەرنامەیکی تایبەت و ئامادەکراوی بەرەنگاریان نەبوو، کۆمەڵانی خەڵکیش ترسان و کۆڕەوێکی میلیونی بەرەو سنوورەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد.
لەوکاتەدا میدیا جیهانیەکان لەو دەڤەرەدا بوون و زۆمی کامێراکانیان کردە کۆڕەوی میلیونی خەڵکی ئاوارە و هەڵوەدای کورد و ئەو کۆڕەوە تراژیدیە بوو بە مانیشێتی هەموو رۆژنامەکانی جیهان و هێدی هێدی خەڵکی مروڤدۆست کەوتنە جوڵە و پشتگیریەکی مەعنەوی و مروڤدۆستانە بۆ کورد هاتە ئاراوە و گەورەیی کۆڕەوەکە و تراژیدیەکەی لە لایەک و کاریگەری رای گشتی لە لایەکیترەوە هێزە باڵادەستەکانی ناچار کرد بێدەنگی بشکێنن و نەتوانن چاوی خۆیان داخەن.
سەرئەنجام سەرەتا ئینگلستان و پاشان ئامریکا هاتنە سەر خەت و پرسی کورد برایە نەتەوە یەکگرتوەکان و بڕیاری هێڵی 36 دەرەجە بۆ پاراستنی ئاوارە کوردەکان درا.
دیارە کۆمەڵانی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵات و باکوری کوردستانەوە باوەشیان بۆ ئاوارەکانی باشوری وەڵات کردەوە و ئەوەندەی بۆیان کرا بێ، درێغیان نەکرد.
هەر چۆنێک بێ هێڵی 36 دەرەجە کە راستەوخۆ نەتەوە یەکگرتوەکان چاوەدێری دەکرد بووە هۆکاری ئەوەی خەڵک بگەڕێنەوە شۆێنی ژیانی خۆیان، دەبێ ئەوەش بڵێم کە بەشێکی زور لە خەڵکی باشوری کوردستان بەتایبەت ئەو دەڤەرانەی لە دەرەوەی هێڵی 36 دەرەجە بوون و لە سەرویانەوە شاری کەرکوک، بوونە ئاوارەی وڵاتی خۆیان و بە ژیانێکی ناخۆش لە شارەکانی سلێمانی و هەولێرا دەژیان.
دیارە هێڵی 36 دەرجە تەنیا مەنعی ئەرتەش و حکومەتی عێراقی ئەکرد هەلیکۆپتەر و تەیارە بۆ سەرکوتکردنی خەڵک بەکار نەهێنێ و ئەوەش وایکرد پێشمەرگە بگەڕێنەوە ناو شارەکان و لە زور شوینا لە نێزیک بارەگاکانی حکومەتی دا بنکە بکەنەوە و چەندین جار تێکهەڵچوون لە نێوان ئەو هێزانە دا هاتە ئاراوە و سەرئەنجام سەدام هەموو هێزە چەکدارەکانی خۆی کشاندەوە دەرەوەی ئەو هێڵەوە و هەموو ئیدارە حکومەیەکانی داخست و بەمجۆرە بۆ ماوەیەک پەکی ژیانی لەو ناوچانە دا خست کە ئاماژەم پێدا.
هاوکات لەگەڵ بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێک هێنانی هێڵی 36 دەرەجە و پاراستنی خەڵکی کورد لە پەلامارەکانی سەدام حوسەین و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناو شارەکان، سەرانی کورد کە بێگومان لە ژێر هەژمونی مام جەلال و مەسعود بارزانیدا بوون و ئەو سەردەمە بەرەیەکیان هەبوو بە ناوی بەرەی کوردستانی و پێک هاتبوون لە چەندین حیزب و رێکخراو، دەستیان بە گوت و بێژ کرد لەگەڵ سەدام حوسەین و حکومەتی حیزبی بەعسی فاشیزم دا. سەرەتا مام جەلال چووە بەغداد و چاوی بە سەدام حوسەین کەوت و رۆژنامەکانی عیراقی کردیانە مانیشێتی خۆیان، لە راستیدا ئەو هەنگاوە وەک هەموو هەنگاوەکانی دیکەی یەکیەتی و پارتی هەڵەیەکی زەق بوو و و باشتر ئەوە بوو لە جیاتی ئەوەی بچن بۆ بەغداد و رەوایەتی بە سەدام حوسەین و دەسەڵاتەکەی بدەن کە لە جیهانا بێزراوو ببو، دەبوو ناوماڵی کورد یەکبخەن و هەوڵی ئیدارەکردنی کۆمەڵگا و پەروەردە بدەن و واز لە چەکەکانیان بێنن و هێزێکی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ پاراستنی هێمنی و نەزم بنیات بنێنن و لێگەڕێن نەتەوە یەکرتوەکان بەرپرسیارەتی سنورەکان بگرێتە ئەستوو و بەمجۆرە کورد هەنگاو بە هەنگاو بەرەو بڕیاری خۆبەڕیوەبەری بچێتە پێش. چوونی سەرانی کورد و دەست پێکردنی دان و ساندن و بڕیاری ئاگربەس لەگەڵ حکومەتی سەدام حوسەین دا رەوایەتی بە سەدام حوسەین دا و لە لایەکیترەوە جیهانی سەرسام کرد کە کورد چۆن ئەتوانن بچنە بەغداد و سەدام حوسەین وەک نوێنەری هەموو جرم و جینایەت، ئەنفال و شیمیاباران و وێرانکردنی 4500 گوند و بێسەر و شوین کەری سەدان هەزار کەس و هەزاران جرم وجینایەتی دیکە لە ئامێز بگرن و بە رۆیا پێبکەنن و ماچی بکەن.
لە راستیدا ئەوەندی سەدام حوسەین پێویستی بەو ئاگربەس و چاوپێکەوتنانە هەبوو کورد پێویستی پێی نەبوو، چونکە کامیرای مێدیا جیهانیەکان زۆمی کامێراکانیان خستبووە سەر باشوری کوردستان و پەردەیان لەسەر کار و کردەوەکانی سەدام حوسەین هەڵ ئەدایەوە.
سەدام حوسەین تەنیا ئامانجی کوشتنی کات بوو و ئامادە نەبوو هیچ مافێک بە کوردان بدات. لە لایەکیترەوە بۆشایەکی ئیداری لە باشوری کوردستاندا هاتبووە ئاراوە و دوای هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر و بە پشتیوانی ئامریکا، ئینگلیس و نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری هەڵبژرادن درا کە لە ناوچەکانی ژێر کونتروڵی پێشمەرگە دا هەڵبژاردن بۆ بنیات نانی پارلەمانێکی ناوچەیی بکرێ و ساڵی 1992 ئەو یەکە پێک هات و خەڵک بە جوش و خروشەوە چوونە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و بۆ یەکەمجار لە مێژووی کوردان دا، باشوری کوردستان پارلەمانی خۆی هەڵبژارد. لە رۆژی هەڵبژرادن دا هێندی کێشە هاتنە ئاراوە و هەم یەکیەتی و هەم پارتی ساختەکاریان کردبوو بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بە رێژەیەکی کەم بە قازانجی ئەو دوو لایەنە تەواو بوو و هەموو حیزبەکانی دیکە بەربەستی دیاریکراویان تێنەپەڕاند. پارتی رایگەیاند کە ئەوان 51 لە سەدی دەنگەکانیان هێناوە و یەکیەتیش ڕایگەیاند کە ئەوان بردویانەوەتە و دوای بگرە و بەردەیەکی زۆر بە پێشنیاری مام جەلال تاڵەبانی بڕیار درا 50 بە 50 کە ناسراوە بە فیتی، فیفتی، پارلەمان و حکومەت پێک بێنن و ئەوەش دیسان یەکێک لە شتە سەرسام هێنەرەکانی کوردان و بەتایبەتی یەکیەتی و پارتی بوو و هیچکامیان ئامادە نەبوون ماوەیەک ببنە ئوپوزسیون و هەردوولا شەڕی دەسەڵاتیان ئەکرد. ئاڵۆزی ناوبەر یەکیەتی و پارتی تا دەهات زیادی دەکرد و سەرئەنجام، ساڵی 1994 شەڕ هاتە ئاراوە. سەرەتا لە شاری رانیەوە بە کوشتی کادرێکی دێرینی یەکیەتی نیشتمانی بە ناوی عەلی نەبی لە لایەن کادرێکی پارتیەوە لەسەر پارچە زەویەک دەستیپێکرد و لە ماوەیەکی کورتا هەموو شارەکانی ناو هێلی 36 دەرەجەی گرتەوە و دەیان جرم و جینایەتیان دژی یەکتری ئەنجام دا و ساڵی 1996 کاتێک پارتی دیموکرات لە بەرانبەر یەکیەتی نیشتمانی دا لاواز ببوو، پەنای بردە بەر سەدام حوسەین و شەخسی مەسعود بارزانی نامەی بۆ سەدام نووسی و بە براگەورە بە ناوی کرد و داوای یارمەتی لێکرد و لە 31 ئابی 1996 چەکدارەکانی پارتی و ئەرتەشی عێراق پەلاماری شاری هەولێریان دا کە پێتەختی باشور بوو و ئەو شارەیان داگیر کرد و سەدان کەسیان کۆمەڵکۆژ کرد و پارلەمانیان داگیر کرد و ئاڵای باشوریان هێنایە خواری و ئاڵای عێراقیان لەسەر هەڵدا و بەمجۆرە قوناخێکی رەشی میژوویی بێزراو دەستیپێکرد و کورد بە تەواوی توشی نسکۆ ببوو. چەکدارەکانی پارتی بە هاوکاری ئەرتەشی عێراق هەموو شارەکانیان گرتەوە و هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانیان ڕاو نا و ئاودیوی سنورە دەسکردەکانی ئێرانیان کردن. بێگومان ئێرانیەکان ئەو حاڵەتەیان پێناخوش بوو و کاتێک ئەرتەشی عێراق پاشەکشەیان کرد، ئێرانیەکان هاوکاری هێزە چەکدارەکانی یەکیەتیان کرد و شارەکانی سلیمانی، هەڵبجە و دەڤەرەکانی دیکەیان کونتروڵ کردەوە بەڵام هەولێر هەر لە دەستی پاری دا مایەوە. دوای ئەو قوناخە شەرەکە کەم بوویەوە و جوریک لە دان و ساندن دەستی پێکرد و سنوری نێوان یەکیەتی و پارتی بوو بە دێگەڵە و یەکیەتی لە سلێمانی پارلەمان و حکومەتی خۆی پێک هێنا و پارتی لە هەولێر هەمان شتی کرد.
لە شەڕی نێوان یەکیەتی و پارتیدا بێجگە لە دەیان خاڵی خراپ و پڕ لە شەرم وشوورەیی، خاڵیکی زۆر باڵکێش هەیە و ئەوەش ئەوەیە سەرەڕای بوونی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ناوچەکە و بوونی چەندین حیزبی کوردی و دەیان کەسی پسپۆڕ و سەدان کەسایەتی ناسراوی کوردی، گروپێکی عەرەب بە ناوی کونگرەی نیشتمانی عیراقی ببوونە نێوبژیوانی یەکیەتی و پارتی و نەیاندەهێشت لە خاڵە سنووریە لێک نێزیکەکانا پێکدا هەڵپرژین و ئەو هێزە کەوتبوونە ناوبەریان و ئەوەش نیشانەی ئەوپەڕی داماڵین لە شانازی نەتەوەیی و داڕوخانی ئیخلاقی شوڕشگێرانەی دیموکراتیخۆازانەی نەتەوەیی ئەو دوو لایەنە بوو.
دیارە لەم هەل و مەرجە دا هەم ئێرانیەکان و هەم تورکەکان خۆیان لە یەکیەتی و پارتی نێزیک کردەوە و ئەیانزانی کە هەردوو لا پێویستیان پێیان هەیە. وەک جوگرافیاکەیان حوکمی ئەکرد یەکیەتی گریذراوی ئێران و پارتی گرێدراوی تورکیە بوو.
ساڵی 1992 دوای ئەوەی پارلەمانی هاوبەش لە نێوان یەکیەتی و پارتی دا پەنجا بە پەنجا دامەزرا، یەکەم بڕیاری پارلەمان دژی تەڤگەری ئازادی باکوری کوردستان بوو. دوای ئەو بڕیارە هێزە چەکدارەکانی یەکیەتی و پارتی بە هاوکاری ئەرتەشی داگیرکەری تورک پەلاماری بارەگاکانی پە کە کە یان دا لە چیاکانی سنووری دەسکردی نێوان تورکیە و عیراق(باکور-باشور) و دەیان گریلا بوونە قوربانی و هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی یەکیەتی و پارتی تێدا چوون.
دوای ساڵی 1994 و کاتێک شەڕ لە نێوان یەکیەتی و پارتی پەرەی گرت، ئەوجا یەکیەتی بە تەواوی کەوتە لای ئێران و پارتی کەوتە لای تورکیە. بەمجۆرە یەکیەتی شەڕی دژ بە پ ک ک راگرت بەڵام پارتی بەردوام بوو و بوو بە بەشێک لە شەڕی ئەرتەشی تورکیە دژی گریلاکان و تەنانەت موچە و ئیمکاناتی مادی و تەداروکاتی چەکدارەکانی لە تورکیە وەردەگرت و دواتر مەسعود بارزانی رایگەیاند کە زیاتر لە 3000 چەکداریان لە شەڕی پ ک ک دا تێدا چوون.
یەکێک لە کارە هەرە درندانەکانی هێزە چەکدارەکانی پارتی دیموکرات ئەوە بوو کە لە ساڵی 1996 دا پەلاماری بنکەیەکی راگیاندنی تەڤگەری ئازادی دا لە هەولێر کە زوربەیان کەم ئەندامانی شەڕ بوون و لە هەڵمەتێکی نامروڤانەدا زیاتر لە 100 کەسی بێچەکیان کۆمەڵکۆژ کرد و لە گوڕێکی شاراوە دا شاردراونەوە و هەتا ئێستا پارتی ئەو گوڕە بەکۆمەڵە ئاشکرا ناکات.
ساڵی 2000 یەکیەتی نیشتمانی توشی هەڵەیەکی مێژوویی بوو و جارێکیتر شەڕێ دژی گریلاکانی پ ک ک دەست پێکردەوە و سەرەتا پەلاماری بارەگاکانی پ ک ک ی دا لە چیاکانی قەرەداخ کە بە رەزامەندی یەکیەتی دامەزرابوون و تەنیا هێزی تازە هاتووی تێدا پەروەردە دەکرا و نێزیک بە هەموویان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بون و چەک و تەقەمەنیەکی ئەوتویان نەبوو کە خۆیانی پێ بپارێزن و لە ئەنجامی ئەو هێرشە چاوەڕوان نەکراوەی چەکدارەکانی یەکیەتی نیشتمانی دا چەندین گریلا بوونە قوربانی و دەیانی دیکەش بەدیل گیران و ژمارەیەکەیش خویان دەرباز کرد و بە زەحمەتی گەیشتنەوە قەندیل. دیارە یەکیەتی دوای قەرەداخ پالاماری بارەگاکانی پ ک ک ی لەبناری قەندیل دا و شەڕیکی قورس دەستی پێکرد، بەڵام لەو شەرەدا هێزە چەکدارەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان شکەستێکی بەرچاویان خوارد و ژمارەیەکی زور پێشمەرگەی یەکیەتی تێدا چوون و هاوکات چەندین شوێنی ستراتیژیشیان لەدەست دا و گریلا ناوچەی مانەوەی خۆیان هەتا نێزیک قەلادزێ بەرفراوان کردەوە و ئیتر یەکیەتی ناچار بوو ئاگربەست راگەیەنێ.
لە کاتێکدا کە بەشێک لە کوردستان ئازاد ببوو و چاوڕوانی ئەوە بوو کە ببێتە ناوەندی ئازادی بەشەکانی دیکەی کوردستان بەڵام بوو بە بەشێک لە مێکانیزمی تێکدانی جوڵانەوەی بەشەکانی دیکەی کوردستان و گەورەترین زەربەیان لە تەڤگەری ئازادی باکوری کوردستان وەشاند بەڵام نەیانتوانی پ ک ک تەسلیم بکەن و لە شاخەوە دایگەڕینن بۆ ئوردوگای زورەملی و وەک کورد دەڵی دەستێ نەتوانی بیشکێنی دەبێ ماچی بکەی و سەرئەنجام یەکیەتی و پارتی دەستی پ ک ک یان ماچ کرد.
رۆژهەڵاتی کوردستان قوربانی سەرەکی ئەقڵی چەقبەستووی عەشیرەگەرای یەکیەتی و پارتی دیموکراتە و هەتا ئیستا نەیتوانیوە خوی بگرێتەوە و هەستیتەوە.
کاتێک یەکیەتی و پارتی گەڕانەوە و لە ئاکامی هێلی 36 دەرەجەی نەتەوە یەکگرتوەکانا بوونە خاوەن دەسەڵات، ئەوجا جوڵە و تێکۆشانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان بەربەست کرد و ناچاریان کردن لە شاخ داگەڕێن و لە چەند ئوردوگایەکا بەجێیان کردن.
لە ساڵی 1992 تا 2000 زیاتر لە 500 ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی لە لایەن توڕە تیروریستیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تێرور کران کە نێزیک بە هەموویان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکیەتی نیشتمانی دا بوون.
دیارە ئەوە دوهەم جارە کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستانا قەتیس دەمێنن و ناچار دەبن خەبات و تێکۆشانی خۆیان ڕاگرن و ئەندامەکانیان ئەبنە قوربانی، ئەمەش نیشانەی نەبوونی ستراتیژی توکمە و بەرنامەی لە پێشدا ئامادە کراو و نەبوونی تاکتیکی خەبات و خۆگونجاندنە لەگەڵ راستەکانی سەردەم و قوناخ.
جاری یەکەم کە لە 1960 تا 1979 بەردەوام بوو، پاساوی سەرکردەکانی دیموکرات ئەوە بوو کە با جاری ئەمان بگەنە شتێک و لێیان تێک نەدەین، بەڵام ئەوان واتە باشور نەگیشتنە هیچ و لەوانیشیان واتە لە رۆژهەڵاتیشیان تێک دا و لە سەرەتاوە ئاماژەم بە هێندێ لەو وروداوانە کردوە.
جاری دووهەم لە 1990 هەتا ئێستایە و ئەمجارەش هەر پاساوی سەرکردەی لایەنەکانی رۆژهەڵات پاراستنی دەسکەوتەکانی باشورە. دیارە لایەنەکانی رۆژهەڵات بە کردەوە بڕوایان بە کوردستانی گەورە نیە و پێیان وایە کوردستان چوار دانەیە و بەشی ئەوان ئەوەیە کە خۆیان پێی ئەڵێن کوردستانی ئێران و تەنیا ئەوان مافیان هەیە لەو بەشەدا کار و خەبات و تێکۆشانیان هەبێ و بەمجۆرە هەموو مافێکیش بە یەکیەتی و پارتی دەدەن کە چونیان دەوێ لە باشورا هەڵس و کەوت بکەن.
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1979 و دوای روخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێرانا دەستیان دایە خەبات و رەوتی روداوەکان و هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق دەرفەتی بەردەوامی شەڕی چەکداری پێێان دا و ئیتر تاقە ئاڵترناتیڤی خەباتی پارتەکانی روژهەڵاتی کوردستان تەنیا شەڕی چەکداریئ بوو و هیچ رێکخستنێکی توکمەی کۆمەڵگایان نەبوو و بەرنامە و ئاڵترناتیڤی شەڕی چەکداریان نەبوو و لە لایەکیترەوە لە خەباتی چەکداریش دا قوناخی دووهەمی ئەو خەباتەیان دەسنیشان نەکردبوو و کاتێک شەڕی ئێران وعێراق وەستا ئەوا شەڕی ئەو لایەنانەش لاواز بوو و لە 1992 بەملاوە و دوای ئەوە دابەزین بۆ قووڵایی باشوری کوردستان و لە ئوردوگای زورەملێ دا جێگیر بوون بە تەواوی جوڵەیان بڕا و ئیتر هەتا ئێستا لە ئوردوگاکانا ماونەتەوە و بە بێ ئیزنی یەکیەتی و پارتی ناتوانن تەنانەت لە ئوردوگاکانیان دا بجووڵینەوە.
کاتێک رۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتێکی بۆ دێتە پێش باوەش بۆ باشور دەکاتەوە بەڵام کاتێک باشور دەرفەتی بۆ دێتە پێش ئەوا دەست لە بیناقاقای رۆژهەڵات ئەنێ و هەموو کورد دەکەنە قوربانی ئەقڵی کورتی عەشیرە و بنەماڵە و حیزبەکانیان و دەبێ هەموو کوردیش پێێان رازی بێ.
سەرەڕای تەجروبەی تالی 1966-67 و 1980-81 کە پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق و بنەماڵەی بارزانی دەیان شوڕشگێری روژهەڵاتیان تێدا برد و وەک دیاری پێشکەشی داگیرکەرە ئێرانیەکانیان کردن و سەرەڕای ئەوەی لە بە بەرچاوی هەموانەوە باشوری کوردستان لە لایەن ئەو حیزب و بنەماڵەیەوە دابەش کراو و ئەرتەشی عێراق هێنرایە سەر پارلەمانی باشور و بوونە بەشێک لە ئەرتەشی تورکیە دژی تەڤگەری باکوری کوردستان و ئێستاش دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی خەڵکی باشور دا گرتووە و هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی لە ئوردوگا دا دەسبەسەر کراون و ئیمکانی بچوکترین چالاکیان پینادرێ و لە پەنا دەستی ئەوانا و لە هوڵی ناونراو بە پێشەوا قازی مەحەمەدا یادی بنیاتنەری کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرکەوتنی ئەو دەسەلاتە داگیرکەرە ئەکەنەوە و سەرەڕای دەیان کاری دیکەی چەوت و هەڵە، ئێستە هەردوو دیموکرات و لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵات بێجگە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و کۆدار نەبێ سوێند بە بنەماڵەی بارزانی دەخۆن و هەموو سیاسەتە چەوت و نانەتەوەیەکانیان دەپارێزن و بە تەمان نمونەی حوکمداری شکەستخواردویان ببنەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.
کارتێگەری حیزبەکانی باشوری کوردستان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان-عیراق لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی حیزبەکانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بێ ئیرادەیی، بەرژەوەندیخۆازی، پارەپەرەستی و خوشگوزەرانی، گرینگیدان بە خۆ و بنەماڵە، چاولەدەستی ئەم و ئەو، چاوەڕوان مانەوەی هەل و دەرفەت و دەست بەسەرداگرتنیدا، هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و نەبینینی بیر و لایەنی جیاواز و نەبوونی پلان و بەرنامەی بەرێوەبەری و رێکخستن و بە بنەما نەگرتنی کۆمەڵگا و بڕوا بە خۆ بوونە.
(بۆ دەڵین حیزبەکانی دیموکرات چونکە ساڵی 2006 لە کاتێکدا دنیا بە قوناخی گوڕانکاری جیدی دا تێدەپەڕی و کوردستان ببووە گوڕەپانی وەرچەرخانێکی گەورە، سەرکردەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران جارێکیتر ئەو حیزبەیان کردە دوو بەشەوە تەنیا لە پێناو دەسەڵات و هیندێ ئیمتیازی بچوکی ئوردوگادا و ئێستە لە هەمان ئوردوگا دا لە دوو بەشا کە دەزگای ئاسایشی باشور لە نێوانیان دایە وەک دوو حیزب خاوەن دوو سکرتێر و دوو سەرکردایەتی و دوو هێزی پێشمەرگەن و لایەکیان هەر هەمان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئەویتریان ناوی خۆی ناوە حیزبی دیموکراتی کوردستان. بەڵام هەر دوولا یەک سیاسەت، یەک مێژوو، یەک جۆر بیرکردنەوە و بەڕیوەبەری و تێگەیشتن و هەڵویستینا هەیە و تەنیا کێشەکەیان دەسەڵاتی بێ دەسەڵاتە.)
لە لایەکیترە ساڵی 1992 حیزبی کومونسیتی ئێران و کۆمەڵە توشی کێشەی گەورە بوونەوە و مەنسور حیکمەت وازی لێیان هێنا و حیزبی کومونیستی کرێکاری راگەیاند. کۆمەڵە لە ناو حیزبی کومونیستا مایەوە و
ساڵی 2000 کێشە کەوتە نێوان سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە و عەبدوڵا موهتەدی لە هەستی سەرهەڵداوی نەتەوەیی خەڵکی کە بە هۆکاری تەڤگەری ئازادی باکورەوە پەرەی گرتبوو کەڵکی وەرگرت و کۆمەڵەی لە حیزبی کومونیست جیاکردەوە بەڵام سەرکەوتو نەبوو و دواتر کۆمەڵەی موهتەدی بوو بە چوار بەش و هەتا ئیستا نەیانتوانیوە هیچ بەرنامەیەکی دیارکراوی سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی و شێوازی نوێی خەبات دیاری بکەن و لە ئوردوگا دا دەژین و عەبدوڵا موهتەدی بووەتە خاوەن ئیمکاناتێکی زوری مادیی و پاسپۆرتی سویدی هەیە و وەک بیزنیز لە کۆمەڵە کەڵک وەردەگرێ و دوژمانیەتی نێوان حیزبەکانی رۆژهەڵات و باکور قوڵ دەکاتەوە و بەردەوام چوارچیوەی ئێرانی یەکگرتوو دەپارێزێ و بڕوای بە نەتەوە و خەباتی نەتەوایەتی پێشکەوتونخواز نیە و لە کۆبونەوەیەک دا رایگەیاندبوو کە ئەو کۆمەڵەیەکی دەوێ وەک موجاهدینی خەڵق بێت و کەس لە قسەی جەنابیان دەرنەچی و ئەوەش نیشانەی رادەی بڕوابوونی کاک عەبدوڵای موهتەدیە بە دیموکراسی و ڕیکخستن.
حیزبی کومنیستی ئێران و کۆمەڵە وەک رێکخراوی کوردستانی ئەو حیزبە بە سەروکایەتی کاک برایم عەلیزادە لە ئوردوگای زڕگوێز لە باشوری کوردستان دایە و سەرەڕای ئەوەی لە شەرایەتێکی باش دا ناژین بەڵام هەلۆیستەکانی کاک برایم زور باش و بەرپرسانە و راستگۆیانەن و ئەگەر واز لە حیزبی کۆمونسیت بێنی و کۆمەڵە ببوژێنێتەوە کاریگەری لەسەر خەباتی رۆژهەڵات و هاوکاری و هاوخەباتی لەسەر بنەمای دیموکراسی و شوڕشگێری دیموکراتی دەبێ.)
بۆ ئەوەی رۆژەهەڵاتی کوردستان لە تەجروبەی باشور بە دوور بێت و هەروەها شکەستەکانی رابووردوو دووبارە نەکاتەوە پێویستی بە رێکخراوێکی تۆکمەی خاوەن ئیدئولۆژی بە پرنسیپ هەیە و ئەوەش لە پژاک چاوەڕوان دەکرێ، چونکە تەجروبەیەکی ئامادە و تاقیکراوی باشی تەڤگەری باکور و رۆژئاوای لەبەر دەست دایە. بەڵام گرینگە پژاک و کۆدار بە بێ حەساس کردنی لایەنەکانی دیکە و بە بێ ئەوەی ڕیگە بدەن لە داهاتوو دا پارتی بارزانی دەستێۆردان لە رۆژهەڵاتا بکات هێڵە گشتیەکانی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان دیاری بکەن و روشنگەری و پەروەردەی کۆمەڵگا بە بنەما بگرن و لەمبارەوە کاری مێدیایی بە گرینگ ببینن.