بۆ ڕای گشتیی
هێرش و داگیرکاییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە کوردستان بێ پسانەوە بەردەوامن. دوێنێ 02.12.2019 هێرشی کردە سەر ناوچەی تەل رەفعت. لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٨ منداڵ و ١٠ کەسی مەدەنی شەهیدبوون و 12 هاوولاتییش بریندار بوون.
بەڕێوەبەرێتی خۆسەریی دیموکرات 2 رۆژ ماتەمی بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە راگەیاند. هەروەها گەلێک رێکخراوو دەزگای کوردستانیی لە دژی ئەو هێرشە دڕندانەیە هەڵوێست و ناڕەزایەتی خۆیان راگەیاند. بانگی گەلی کوردستانیان کرد لە دژی هێرشی دەولەتی تورکیا هەستنە سەرپێی و خۆپیشاندان بکەن.
ئێمەش وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە رۆڵەکانی گەلی کوردستان دەکەین لە هەرشوێنێک بن، لەدژی ئەم دڕندایەتییەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبن. پێویستە هەر کەسێک ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بێنێ. هەمانکات داوا لە هەموو پێکهاتەو باوەڕییەکانی کوردستان دەکەین خۆیان رێکبخەن و شانبەشانی یەکتر لەبەرامبەر ئەم هێرش و پەلامارانەدا بووەستن.
داوا لە رای گشتی و فەرمی جیهانیش دەکەین چیدی لەبەرامبەر ئەم دڕندایەتی و پێشێلکردنانەی دەوڵەتی تورکیای رەجەب تەیب ئەردۆغان، بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نەبن. پشتگیریی خەڵکی کوردستان بکەن. ناکرێ ئیدی ویژدانی مرۆڤایەتی لەو هەموو نامرۆڤایەتی و تاوانە بێدەنگ بێت. هەڵوێستی گەلی کوردستان ئەوەیە کە ئەگەر دەزگاو رێکخڕاوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ..هتد، هەڵوێستێکی جدیی نەنوێنن، ئیتر ناراستەوخۆ ئەبنە هاوبەشی ئەو تاوانانە.
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی تریش دووپاتی ئەکەینەوە، بە هەموو توانای خۆمان لەگەڵ خەبات و بەرخۆدانی گەلەکەمانین. ئازارو خەمەکانیان دەگەینینە هەموو جێگایەک. بڕوامان وایە کە سەرکەوتنی گەلی ئێمە مسۆگەرە. بە یەکریزی و یەکهەڵوێستی و بەرخۆدان ئەتوانین لەبەرامبەر داگیرکاریی و هێرشی دڕندانەی تورکیادا بوەستین و تێکیبشکێنین.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
03.12.2019