بۆ ڕای گشتیی
گرتن و سزادانی خەڵک بە هۆکاری سیاسی و رای ئازاد قبوڵ ناکرێت
ماوەیەکە لە باشووری کوردستان، بە تایبەتی لە ناوچەی بادینان، نووسەر و رۆژنامەوان و سیەسەتمەدار، بە هۆکاری سیاسی و لەسەر رای جیاواز ئەگیرێن و حوکمی زیندانی ئەدرێن. یەکێک لەو کەسایەتیانەش، بەڕێز نەزیر بەرواری، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانە. مەلا نەزیر بەرواری لە مانگی شوباتەوە دستگیرکراوە. پێش دوو رۆژیش لە دادگای دهۆک حوکمی 7 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. نەزیر بەرواری کەسێکی سیاسییە و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانە. هەروەها کادرێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە. کەسێکی نیشتمانپەروەرەو بۆ گەل و ولاتەکەی خۆی خەباتی کردووە. راستە کاک نەزیر رکابەری دەسەلاتی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام ئەوە مافێکی دیموکراتی و رەوای ئەوە.
دەستگیرکردن و سزادانی کەسێکی وەها بەهیچ جۆرێک مایەی قبوڵکردن نییە. ئەو حوکم و زیندانیی کردنە بە هۆکاری سیاسیی، نایاسایی و نادادپەروەرییە. ئێمە ئەو بڕیارە وەک بڕیارێکی یاسایی نابینین و قبوڵی ناکەین. بڕیاری گرتن و سزادانی بەڕێز نەزیر بەرواری بە توندی شەرمەزار دەکەین. هەروەها بانگی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەین، مەلا نەزیر و هەموو گیراوانی سیاسیی و رای ئازاد، ئازاد بکەن.
لەو هەرێمە، هەر بە تەنیا مەلا نەزیر زیندانی سیاسیی نییە. بەڵکو بە هۆکاری سیاسی و رەخنە لە دەسەلاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەیان کەس لە زینداندان. تا ئێستا 82 کەس لە زینداندان. لەبەر ئەو نادادپەروەرییەش نزیکەی دوو هەفتەیە ئەو زیندانیە سیاسیانە مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە. داخوازییەکانیان رەوان و دژی نادادپەروەریین. پێویستە دەسەلاتی هەرێم گوێ داخوازییەکانی ئەوان بگرێت و چارەسەرێکی دادپەروەرانە پەیڕەو بکات.
ئێمە وەک گەلی کورد بە گرتن و زیندانیکردنی کەسانی سیاسیی لە لایەن رژێمە داگیرکەرەکانەوە ئاشناین. نابێ دەسەلاتێکی کوردیش هاوشێوەی داگیرکەران چالاکوانانی سیاسی و خاوەن رای جیاواز بگرێت و زیندانیی بکات. ئەم دۆخە لە ئاستی نێونەتەوەییشدا ئێمە ناشیرین دەکات. ئەوە ماوەیەکە دۆخی گیراوانی بادینان لە ئەجێندای رێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤدایە. پێویستە حکومەت و دەسەلاتی هەرێمی کوردستان بەئەرێنێ وەڵامی دەزگا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بدەنەوەو چارەسەرێکی دادپەروەرانەی ئەو مەسەلەیە بکەن.
لەو بارەیەوە ئێمە جارێکی دی گرتن و سزادانی بەڕێز مەلا نەزیر بەرواری شەرمەزار دەکەین و داوای هەرچی زووتر ئازادیی سیاسیی و رادەربڕین دەکەین.
دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-ك ن ک
21.09.2021 برۆکسل