ڕۆژئاوا: قسەکانی بارزانی بانگهێشتە بۆ دروستکردنی فیتنە لە ناو گەلەکەماندا

کۆمسیۆنی گشتی خۆبەڕێوەبەری سێ کانتۆنەکەی رۆژئاوای کوردستان، لێدوانەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراقی، رەتکردەوەو ڕایگەیاند: سوتاندنی ئاڵای هەرێمی کوردستان دوورە لە ڕاستیەوەو قسەکانی بارزانیش دەستێوەردانێکی ئاشکرایە لە کاروباری رۆژئاوای کوردستان و بانگهێشتێکی راشکاوانەیە بۆ دروستکردنی فیتنە لەنێوان رۆڵەکانی گەلێک.

ئەمڕۆ کۆمسیۆنی گشتی خۆبەڕێوەبەری سێ کانتۆنەکەی رۆژئاوای کوردستان، لەسەر لێدوانەکانی بارزانی و دواین لێدوانی کە وتبوی:” ئەوانەی ئاڵای کوردستان دەستوێنن دواجار باجی ئەو تاوانانەیان هەر دەدەن”، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لە دەقی بەیاننامەکەدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمسیۆنەکە بڵاوکراوەتەوە، کانتۆنەکان ڕایانگەیاندووە: بۆ جاری دووەمە لە ماوەی یەک ساڵدا، مەسعود بارزانی لێدوانی نەگونجاو دەداو لە لێدوانەکانیدا خێرا بڕیاردان و گرژییەکی مەترسیدار بەدی دەکرێت، بەتایبەت کاتێک بەناوی ئەوەوە لێدوان دەدەرێت بۆ گەلەکەمان، لە شارەکانی رۆژئاوا بە راشکاوی هان دەدرێن دژی ڕۆژئاوای کورستان بەناوی پاراستنی ئاڵای هەرێمی کوردستانەوە.

ئەوەشیان ڕاگەیاندووە:” ئێمە هیچمان بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی بە شێوەیەکی هۆشیارانە و حەکیمانە دان بەخۆماندا بگرین لە رەفتارکردن لەگەڵ ئەو لێدوانەی بارزانی بڵاوی کردوەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگریی لە تەشەنەسەندنی ئەو ئاگرە بکەین کە بارزانی دەیەوێ چەخماخەکەی لێ بدا، لەپێناو ئەوەی نەبینە کەرەستەیەکی بێ نرخ بۆ جێبەجێکردنی مەرام و پیلانەکانی دوژمنانی گەلەکەمان بۆ لێدانی یەکپارچەیی و سەقامگیریی کوردستان و پاڵنانی بەرەو شوێنێکی نادیار”.

کۆمسیۆنەکە دەڵێت:” لێدوانەکەی ئەم دواییەی بارزانی دەستێوەردانێکی ئاشکرایە لە کاروباری رۆژئاوای کوردستان و بانگهێشتێکی راشکاوانەیە بۆ دروستکردنی فیتنە لەنێوان رۆڵەکانی گەلێک”.

لە بەیاننامەکدا، کۆمسیۆنەکە پرسیارێکی بەمشێوەیە دەکات:” نازانین سەرۆکایەتی هەرێم لەکوێ بوو کاتێ هێزەکانی (غربا‌و الشام) ئاڵای هەرێمی کوردستانیان پیس کرد، بە بەرچاوی موریدەکانی خۆی لە سەرێکانی، یان کاتێ کە خەڵکی نەجەف ئالای هەرێمی کوردستانیان لەبەر پێی هاتوچۆکەران راخستبوو، یان ئەو کاتانەی سەربازانی تورک ئالای کوردستانیان سوتاند بەبەرچاوی هەموو خەڵک لە شڕناخ، لەبەرچی پارێزەر بارزانی هیچ لێدوانێکی نەبوو؟، هەڕەشەی تۆڵەشی نەدەکرد، ئەو زمانەی بەڕێز بارزانی بەکاری هێناوە لە لێدوانەکەی ئەم دواییەیدا، زمانێکە سەرتاپای رەتکراوەیە و نیشانەی کەسایەتییەکی ناهۆشیارە وتۆوی فیتنە لە کۆمەڵگەی کوردی دەچێنێت لە چەندین بواری بەرفراواندا، ئەوەش جگە لە بەرژەوەندی دوژمنانی گەلەکەمان هیچ سوودێکی دیکەی نییە، چونکە دوژمنانمان هیچ خێرێکیان بۆ ئێمە ناوێت”.

کۆمسیۆنەکە نووسیویەتی:” ئێمە لە کۆمسیۆنی گشتی خۆبەڕێوەبەری لە هەرسێ کانتۆنەکەی رۆژئاوا، لە کاتێکدا دەستێوەردانی بارزانی لە کاروباری ناوخۆی رۆژئاوادا رەتدەکەینەوە، ئەوەش رادەگەیەنین، کە ئەو لێدوانەی ئەو لایەنگرییەکی ئاشکرایە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان رۆڵەکانی گەلەکەمان و بزووتنەوەکەی لە رۆژئاوا، داوا لە بارزانی دەکەین بەخۆیدا بچێتەوە و رێگەی خۆی راست بکاتەوە و هۆشیار و حەکیم بێت و سنووری خۆی باش بزانێت”.

کۆمسیۆنەکە لە بەیاننامەکەیدا ئەوە ڕادەگەیەنێت:” ئێمە وەک میراتێکی نیشتیمانی مەزن رێز لە هەموو سیمبۆلە نیشتیمانییە کوردی و کوردستانییەکان دەگرین، چ هی گەلی خۆمان بێت، یان هی گەلانی دیکە، سەری رێز دادەنەوێنین بۆ خوێنی هەموو شەهیدانی گەلەکەمان، بوار بە هیچ کەسێکیش نادەین لە هیچ لایەنێکەوە رووداوێکی نەخوازراو یان رەفتارێکی کەسی بقۆزێتەوە، ئەوەی دەوترێت کە لە عامودا ئاڵای هەرێمی کوردستان سوتێندراوە، راست نییە و هیچ شتێکی لەو شێوەیە نییە، جگە لە دروستکردنی سەرەتایەک بۆ بنیاتنانی پیلانێک دژی رۆژئاوا، هیوادارین کە ئەو لێدوانەی بارزانی چەخماخەی هەڵگیرساندنی ئاگری ئەو پیلانە نەبێت و چێنەری ئەو تۆوە نەبێت کە فیتنەی نێوان رۆڵەکانی گەلەکەمانی لێ سەوز ببێت”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا کۆمسیۆنی گشتی خۆبەڕێوەبەری سێ کانتۆنەکەی رۆژئاوادا ئامۆژگاریی بارزانی دەکات و دەڵێت:” ئامۆژگاری سەرۆکایەتی هەرێم دەکەین با ئاگاداری کاروباری ناوخۆی بێت و بایەخ بە کاروباری ناوخۆیان بدەن و دەست لە کاروباری رۆلەکانی گەلەکەمان وەرنەدات لە رۆژئاوا، لەو کارەی خۆی پەشیمان ببێتەوە، چونکە رایدەکێشێت بۆ هەڵە و پەشیمانی و خزمەت بەهیچ ناکات جگە لە دوژمنانی گەلەکەمان نەبێت”.

س.ح
سەرچاوە: رۆژنیوز

Related posts