بەیاننامەی پلاتفۆرمی زاگرۆس بۆ شەرمەزار کردنی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر شنگال و ڕۆژاوای کوردستان

بەیاننامەی پلاتفۆرمی زاگرۆس بۆ شەرمەزار کردنی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر شنگال و ڕۆژاوای کوردستان

شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشیان کردە سەر چەند ناوەندێکی سەربازی و سڤیل لە شنگال و ڕۆژاوای کوردستان کە بە داخەوە ژمارەیەک لە شەڕڤانانی هێزەکانی پاراستنی گەل، یەکینەکانی پاراستنی شنگال، پێشمەرگەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و خەلکی سڤیل شەهید و بریندار بوون.

هەر وا کە دەزانرێت، هەرکات گەلی کورد لە پارچەیەک لە خاکی کوردستان توانیویەتی بەشێک لە مافی سرووشتی و نەتەوەیی خۆی بەدەست بهێنێت، داگیرکەرانی کوردستان کەوتوونەتە پەلاماردانی گەلی کورد و دەستییان لە هیچ کردەوەیەکی دژە مرۆڤانە نە پاراستووە، سەرکوت کردنی هەر جۆرە ویستی ئازادی خوازی گەلی کورد بەتایبەتی لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. داگیرکاری سەدان ساڵەی دەوڵەتانی تورک لە سەر خاکی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست هەموو کات لەسەر پاکتاوکردن و سڕینەوەی ئەم گەلانە پێک هاتووە، ژینۆسایدی ئەرمەن، ئاسوور و کورد نموونەی هەری بەرچاوی ئەم سیاسەتە دژە مرۆڤانەی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیایە.

دەوڵەتی تورکیا کە نەیتوانی لە ڕیگای چەتاکانی داعشەوە ئامانجی خۆی لە بن خستنی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان بپێکێت، لە دڕێژەی هەمان سیاسەتدا ئەمجارە خۆی ڕاستەوخۆ و بە یارمەتی هەندێ هاوپەیمانی کوردی خۆی، هێرشی گەلی کوردی لە شنگال و ڕۆژاوا دەست پێکرد. ئەم هێرشانە لە ڕاستای هێرشە شکست خواردووەکانی داعشدایە و بەردەوامی فەرمانی هەفتاوسێیەمینی گەلی ئێزدییە و دەست و پێوەندییەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لە کاتی پەلاماری داعشدا گەلەکەمانیان لە شنگال بێ پشت و پەنا هێشتەوە و بێ هیچ بەرگیریەک هەڵهاتن ئەمجارە چاو ساغی دەوڵەتی تورکیان و ناوێرن بە تەنیا یەک وشە ئەم دەستدرێژییەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەلەکەمان ئیدانە بکەن و، تەنانەت گیانی پێشمەرگەکانی خۆیانیشیان بۆ ناپارێزرێت.

پارتی دیمۆکرات بە گرێدانی چارەنووسی خۆی بە دەوڵەتی ئاکپارتی و کەسایەتی دیکتاتۆری ئەردۆغانەوە، پشتی لە هەموو نرخەکانی گەکی کورد کردووە و لەم بوراەدا تەنانەت گیانی پێشمەرگەی خۆیشی بۆ گرینگ نییە و لەو بەیاننامەیەدا کەوا بە ناو وەزارەتی پێشمەرگەوە دەری کردووە تەنانەت بۆ یەکجاریش دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار نەکردووە و ئیدانەی دەستدرێژی فرۆکەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆسەر خاکی کوردستان و بارەگاکانی خۆی کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی چەندین پێشمەرگەیان نەکردووە، لێرەدا دەر دەکەوێت ئەو پارت و لایەنانەی کە پشتیان بە گەلی خۆیان قایم نەبێت و چارەنووسیان بە چارەنووسی داگیرکەرانی کوردستانەوە گرێ دابێت ڕۆژێک دەبێت لە گەڵ نەمانی ئەوان، ئەمایش بارکەن بڕۆن چونکوو زوڵم و زۆر تا سەر نییە و شۆڕشی ئازادی خوازی گەلی کورد کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر لە پێشکەوتندایە و بووەتە هێمایەک بۆ هەموو گەلانی ژێردەستە لە دنیادا بەو نزیکانە دەگاتە ئامانجی خۆی و داگیرکاری تێکدەشکێنێت.

ئێمە وەک پلاتفۆرمی زاگرۆس هێرشی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا بۆ سەر گەلەکەمان لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان بە توندی ئیدانە دەکەین و ئەو لایەنانەی کە وا بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و بنەماڵەیی خۆیان گەلی کوردیان کردووەتە قوربانی و، تەنانەت ناتوانن پێشمەرگەی خۆشیان لە دەستدرێژی تورکیای هاوپەیمانییان بپارێزن شەرمەزار دەکەین و لە هەمان کاتیشدا پرسە و سەرخۆشی خۆمان بۆ قوربانیان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ڕادەگەینین.

پلاتفۆرمی زاگرۆس
سوید – ٢٥-٠٤-٢٠١٧

Related posts