یەپەژە: هێرشە دڕندانەکەی تورکیا بە هاوکاری پارتی ئەنجامدراوە

یەپەژە: هێرشە دڕندانەکەی تورکیا بە هاوکاری پارتی ئەنجامدراوە

2017-04-26 10:15:43

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، دەربارەی هێرشەکانی دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو هێرشە بەبێ ئاگایی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئەنجام نەدراوەو ڕاشیگەیاند:”هێرشە دڕندانەکە بە هاوکاری پارتی ئەنجامدراوە”.

دەربارەی هێرشەکانی دوێنێی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، فەرماندەیی گشتی یەپەژە ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان دا هاتووە:”دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئێمە لە ڕۆژئاوا و یەبەشە و یەژەشە لە شەنگال، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بە گشتی ٢٠ هەڤاڵمان شەهیدبوون، ١٨ هەڤاڵی دیکەشمان برینداربوون، کە ١٢ی ئەو هەڤاڵەنە لە هێزەکانی یەپەژەن، دەوڵەتی تورک بەم هێرشە دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فورات لاوازبکاتەوە، ئەو هێڕش بۆسەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد ئەنجامدراوە، ئەم هێرشە پیشانی دەدات، کە ئامانجی سەرەکی هێرشەکە خەبات و تێکۆشانی ژنان بوە”.

لەدرێژە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:”ئەو هێرشە دڕندانەیە بە هاوکاری پارتییەوە ئەنجامدراوە، ئەمە لە کاتێکدایە، کە یەپەگە و یەپەژە لە ڕیزی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعشدا جێیان گرتووە و بۆ پاراستنی بایەخەکانی مرۆڤایەتی شەڕدەکەن، ئەو هێرشە بە بێ ئاگاداری هێزەکانی هاوپەیمانان ئەنجام نەدراوە، بێدەنگی ئەوانیش دەیسەلمێنێت کە ئەم هێرشە بە ڕەوا دەزانن”.

لە بەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:”لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا پێویستە گەلی کورد هەڵوێستێکی نەتەوەیی بگرن، بانگەوازنی هەموو ئەو کەسانەی بۆ ئازادی تێدەکۆشن دەکەین، کە بە هاوبەش بۆ بەرزترکدنەوەی مافی ژنان هەوڵبدەین و تێبکۆشین”.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرزدا ڕایگەیاند: کە مەسعود بارزانی و ئەمریکا و ڕوسیا-یان لە هێرشەکە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام مارك تۆنه‌ر جێگری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕەتیکردەوە کە ئاگاداربن و ڕایگه‌یاند، ئه‌مریكا نیگه‌ران گه‌یاندووه‌تە توركیا.

س.ح

Related posts