ئایا کوردستان دەبێتە ئەفغانستان!؟

جەلال چوارتایی

ئایا کوردستان دەبێتە ئەفغانستان!؟

لە ساڵی هەشتاكاندا تەواوی وڵاتی ئەفغانستان و بە تایبەت شاری كابۆلی پایتەخت بەهۆی شەڕی خۆبەخۆی لایەنە ئیسلامیەكانەوە وێران بووبوو. لە نێو هەموو ئەو وڵاتەدا تەنها جێگەیەک کە بەپێوە مابوو مزگەوتەکان بوون، تەواوی مزگەوتەکانیش لەلایەن هێزە ئیسلامیەکانەوە داگیر کرابوون و کرابوونە شوێنی جیهاد، کەلەسەر پەڕاندن، سەنگەسارکردن و زۆر کاری ناشایستەی دیکەش.
وێرانبوونی ئەو وڵاتە بە جۆرێك کاری تێکردم کە هێدی هێدی لە واقعیەتی ئیسلامی سیاسی تێدەگەیشتم. بەڵام هێشتا نەگەیشتبوومە ئەو بڕوایەی کە هەموو هێزە ئیسلامیەکان خاوەنی هەمان عەقڵیەتبن و وەك دڵخۆشیدانەوەی خۆم دەمگوت لەوانەیە ئەم بەزموڕەزمە تەنها كاری قاعیدە و تاڵیبان و حیكمەتیارەكان بێت و ئیسلامیەكانی لای خۆمان چێژی وڵات داگیرکراوییان چەشتبێت و بەهۆی ئازارەکانی ئەنفال و کیمیابارانەوە هیچ کاتێک هانا بۆ كاری وەها وێرانکاری و دڕندانە نەبەن!

بەڵام ساڵ هات و چوو تا سەرەنجام لە ساڵی نەوەدەكان (دوای ڕاپەڕین) بینیم کە لایەنە ئیسلامیەكانی لای خۆمان نەك هەر مزگەوتەكان بەڵكو نادیەكانیشیان داگیر كرد و لە هەموو شوێنێكیش ئامادەكارییان بۆ شەڕێكی وەها ماڵوێرانكەری دەكرد کە ئەفغانستان لە چاویدا ئاوخواردنەوە بێت، تەنانەت بەرنامەڕێژی ئەوەیان دەکرد زمانی ئەو کەسانەش ببڕن کە باسی ئەنفالیان بە خراپە دەکرد.
منیش كە ئەو ئامادەكاریانەم دەبینی سەرم سوڕما بوو، بەردەوام لە بیرکردنەوەدا بووم و لەبەر خۆمەوە دەمگوت خۆ لە دەست سەدام حسێن و ڕژێمی بەعس ڕزگارمان بووە، ئیتر ئەم ئامادەكاریانە بۆچییە!؟

تا ڕۆژێك لە نادیەكەی هەوارەبەرزە كە لەلایەن جەماعەتی مەلا كرێكارەوە داگیركرابوو و ناوەکەیان گۆڕیبوو بۆ مزگەوتی “جیهاد”، زۆر لەسەرخۆ بە مەلا كرێكارم گوت (ئینشەڵا بەهۆی عەدالەتی ئیسلامەوە كوردستان هێندە خۆش دەكەین دەیكەین بە لوبنان).
كەچی لە وەڵامدا مەلا كرێكار بە دەنگێكی هێجگار بەرزەوە هاواری كرد و گوتی (كوردستان دەكەینە ئەفغانستان).

منیش لە خەیاڵی خۆمدا وتم لەوانەیە مەلا کرێکار لە ڕقی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو قسەیەی کردبێت و هێزە ئیسلامیەکان هێندە بێویژدان نەبن کە کوردستان وەک ئەفغانستان وێران بکەن!
تا لە ڕۆژانی دواتردا لەگەڵ خوالێخۆشبوو شوانەی حەمە ساڵح کە بەرپرسی سەربازی بزوتنەوەی ئیسلامی و برادەرێکی هێجگار خۆشەویستم بوو سەردانی زۆربەی بەرپرس و کادرە پێشکەوتووەکانی لایەنە ئیسلامیەکانم کرد و هەمان باس و خواسم لەگەڵیاندا کردەوە. کەچی هەموو كادر و بەرپرسەکانی لایەنە ئیسلامیە جۆراوجۆرەكانیش هەمان خولیای بە ئەفغانستانكردنی كوردستانیان لە مێشكدا بوو.

ناچار ڕۆژێكیان لە مەلا عومەری سەلەفی (مەلا عومەر چنگیانی)م پرسی: ئەرێ مامۆستا بەڕاستی ئەفغانستان بەهۆی شەڕی خۆبەخۆی لایەنە ئیسلامیەكانەوە بە تەواو وێران بووبوو، كەچی سەرباقی ئەو هەموو ئەنفال و کیمیابارانەی بەسەرماندا هاتووە ئەم ئیسلامیانەی لەمەڕ خۆشمان خەو بە ئەفغانستانبوونی كوردستانەوە دەبینن و دەیانەوێت ئەوەی بەعس و سەدامی دڕندە پێی ڕانەگەیشتوون ئەمان تەواوی بکەن؟

بەڵام خۆزگە ئەو پرسیارەم هەر نەکردبایە، لەبەرئەوەی وەڵامەكەی مەلا عومەر چنگیانیش عوزری لە قەباعەت خراپتر بوو و یەکسەر لە وەڵامدا وتی (خودا ئەم دونیا بۆ كافرەكان خۆش دەكات و ئەو دنیاش بۆ مسوڵمانان، لەبەرئەوە گرنگ نییە ئەگەر وڵاتەکە بە تەواوی خاپوور و وێران ببێت، بەڵام زۆر گرنگە کە خودا لە خۆمان ڕازی بکەین و نەهێڵین كوفر لە كوردستان بڵاوببێتەوە).

ئیتر لەو ڕۆژەوە تێگەیشتم كە لایەنە ئیسلامیەكان چی لە ئەفغانستان و چی لە کوردستان و چی لە نایجیریا و چی لە سۆماڵ بن، تەنها ناوی حیزبەکانیان جیاوازە، دەنا خاوەنی یەک بەرنامەن و هیچ جیاوازییەک لە بیرکردنەوە و کاردەوەکانیاندا نییە و ڕووبكەنە هەر كۆمەڵگایەكیش وێرانی دەكەن.

جەلال چوارتایی

Related posts