ناساندنی کتێبی ژانێت بێهل، شارەوانی ئازاد

سیاوەش گۆدەرزی

ناساندنی کتێبەکەی ژانێت بێهل وەرگێڕانی هاوڕێم زاهیر باهیر

لە پێشەکی کتێبەکەدا چاپ کراوە.

ئەم کتێبەی ژانێت بێهل پێداچوونەوەیەکە بە بیرۆکەی شارەوانییە ئازادەکان، کۆمۆنالیزم و کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک وەک ئەلتەرناتیڤ و جێگەرەوەی سیستەمی دەسەڵاتداریی کاپیتالیستی و دەوڵەت نەتەوە. کورتەی فکر و ڕامانی ژانێت لە هەناوی ڕوانگەی فەلسەفی مورەی بوکچین هەڵهێنجراوە. ئەگەرچی لە پاشکۆی کتێبەکەدا وتووێژێکی دوور و درێژ لە گەڵ بوکچین کراوە بەڵام پێویستە و حەوجێ بەوەیە بەر لەوەی لەم پێشەکییەدا کتێبەکە بەش بە بەش بێتە ناساندن زۆر بە کورتیش خودی مورەی بوکچین و هێڵە فکرییەکانی بێتە ناساندن.
بووکچین وەک فیلەسۆفێکی “کرتیکاڵ تیۆری” لە ٦٠ کانەوە سەرەتا بە ڕەخنەگرتن لە مارکس و مارکسیزمەوە دەست پێدەکرد. بنەمای ڕەخنەکانی بووکچین لە سەر مارکسیزم ئەمانە بوون: مارکسیزم تاک لایەنە و فۆکۆسی تەنیا لە سەر پرسە ئابوورییەکانە. لە ڕوانگەی ئەنترۆپۆلژییەوە: دەسەڵاتی جیهانی لە کەونارانەوە تا ئێستا تەنیا لە سەر ئابووری و مڵکدارییەتی دانەمەزراوە بەڵکوو فاکتەری وەک جنس، تەمەن پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵییان هەبووە. مارکس هیچکاتێک نەیتووانی سیستەمی کاپیتالیزم لە فۆرم و جۆری ئێستایدا پێشبینی بکا کە چۆن سەرمایە ژینگەی تێکداوەو مرۆڤایەتی تووشی مەترسی گەورە کردووە. بووکچین “مارکسیسزمی دەوڵەتی” لە دەوڵەتێکی کاپیتالیستی جیا ناکانەوە. بوکچین دەڵێ: لە مارکسیسزمی دەوڵەتیدا، مافی کرێکار تەنیا لە سەر کاغەز ماوەتەوە. کۆمەڵگا بە سەر دوو چینی گەورەدا، دەسەڵاتدار و بێ دەسەلات، چینی سەرو و چینی ژێر دابەشکراوە. چینی بوروژوازی مامناوەندی، کارمەندەکان بە پێچەوانەی مارکس بۆ خۆیان بەشێک نین لە دەسەڵات. لە مارکسیزمی دەوڵەتیدا مڵکداریەتی لە تاکەوە گوێزراوەتەوە بۆ دەوڵەت و مارکسیزمی دەوڵەتی و شەریکە و فابریکاکانی هەروەک هەموو شەریکەیەکی کاپیتالیستی لە تێکدانی ژینگەدا بەشدارن. دواتر بووکچین ئانارشیستەکان و بزووتنەوە ئەڵتەرناتیڤەکان ، لیبراڵ ئانارشیستەکان و سەندیکالیستەکان دەگرێتە بەر ڕەخنە. لە حەفتاکاندا ئانارشیستەکان و بزووتنەوە ئەڵتەرناتیڤەکان ، لیبراڵ ئانارشیستەکان، سەندیکالیستەکان، توانای کاریگەرییان بە سەر کۆمەڵگەدا زۆر کەم بوو و لە نەوەدەکان بزووتنەوەی ژینگەپارێزیش بەهەمان شێوە دەخاتە بەر ڕەخنە. بوکچین لە نەوەدەکاندا بزووتنەوەی ژینگەپارێزی خستە بەر ڕەخنە و نووسی: ئینسان وەک سروشتی ئینسانی دژی ژینگە نییە. هۆکاری تێکدانی ژینگە پێوەندییە کۆمەلایەتییەکانە. لە بەر ئەوەی ئێمە کۆمەڵگایەکی نایەکسان و نادیمۆکراتمان هەیە بۆیە پرسی ژینگەمان هەیە. هەر بۆیە تەنیا بە ئاڵگۆڕ لە پێوەندییە کۆمەڵایەکاندا دەتوانین، پرسی ژینگە چارەسەر بکەین. لەم ڕوانگەیەوە بوو کە بوکچین لە فەلسەفەی سیاسیدا تیۆرییەکی نوێ بە ناوی سۆسیالئێکۆلۆژی داهێنا. کرۆکی سۆسیال ئێکۆلۆژی ئەوە بوو قەیرانی ژینگە و شارستانی بە هۆی سیستەمی کاپیتالیزم و پێوەندییە هیرارشییە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو دەدا. بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ سیستەمە ڕۆخێنەرە ناوەندگەرایییەکان کە لە گەڵ خۆشیان ژینگەشیان تێکداوە پێویستە لە ئاستی لۆکاڵ کۆمەڵگە ڕێکبخرێ. پێکهێنانی هەرێمی سەربەخۆی بچووک و دەسەڵاتی دیمۆکراتیکی گەلی لە خوارەوە باشترین خەباتە لە دژی ناوەندگەرایی دەوڵەت نەتەوە. پێکهێنانی هەرێمی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک وەک تەنیا ئەڵتەرناتیڤی دەوڵەت – نەتەوەیە. سۆسیالیزم یەکسانی و ئێکۆلژی ژینگەپارێزی پێکەوەو هاوتەرتیب لەگەڵ یەکتری دەتوانن پێکەوە هەڵبکەن نەک دژی یەک بن. بوکچین لە درێژەدان و پەرەپێدانی سۆسیالئێکۆلۆژیدا دەگاتە ئەو باوەرە کە کۆمۆنالیزم دەتوانێ ئەلتەرناتیڤی دەوڵەت – نەتەوە بێت. کۆمۆنالیزم لە ڕوانگەی بووکچینەوە بریتییە لە بەڕێوەبەری لۆکاڵی دیمۆکراتیکی نادەوڵەتی ، کۆمۆنی سەربەخۆ و دیمۆکراتیک، بەشداری چاڵاکانەی هاووڵاتییان و ڕێکخستنی کۆمەڵگە بە شێوەی خۆبەڕێوەبەری و هەروەها بەڕێوەبەری دیمۆکراتیک، لە کۆمۆن و شارەبچووکەکان. کۆموونەکان پێکەوە هاوکاری دەکەن و لە ئاکامدا کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک لە ئەنجامی پێکەوە کاری کۆموونەکاندا دادەمەزرێ.

ناوئاخنی ئەم کتێبەکە:
لە بەندی یەکەمدا پێناسەیەک لە شارەوانی ئازاد دەکرێ. ئەم چەمکە چییە و سەرچاوەی ئەم چەمکە بۆ کامە بیرمەند دەگەڕێتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارە سەرەکییە کە لە بەندی یەکەمدا ڕاڤە دەکرێ. دەوڵەتە کۆمارییەکان لە هەناوی خۆیاندا دیمۆکراسی نین ئەوان هەمان دەوڵەتە نەتەوەییەکانن کە بە هۆی هەژمارێک دام و دەزگای نوێنەرایەتی، پلەیەک لە سەرووی دەوڵەتە نەتەوەیی سەڵتەنەتی یان دیکتاتۆرییەکانن. دەوڵەتان ئەو دامەزراوانەن کە بە هەموو شێوازێک دەسەڵاتی ڕەها بە سەر ژنان و پیاوان و ئەندامانی کۆمەڵگەدا تاقی دەکەنەوە. پشتبەستنی دەوڵەتی نەتەوەیی بە ئەرتەش و سپا لە هەمان بیرۆکەی سەپاندنی دەسەڵات سەرچاوە دەگرێ.
ئەوەی شارەوانیی ئازاد و فه‌رمانڕه‌وایی ده‌وڵه‌ت نەتەوە لێکجیا دەکاتەوە دیمۆکراسی ڕاستۆخۆیە. چەمکی دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ چییە و لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟ لە ئەسینای کۆنەوە بۆ شۆڕشی فەرانسا و هەتا سەردەمی ئێستادا کە سیستەمی باوی سیاسی زیاتر شەرعییەتی خۆی لەدەست داوە، بیرۆکەی دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ بە زیندووی ماوەتەوە. دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ وەک ئەڵتەرناتیڤ دەبێتە جێگرەوەی هەڵبژاردنی باو. چونکە لە دیمۆکراسی ڕۆژئاواییدا هەڵبژاردن ئامرازێکە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات، هەڵبژاردن یانێ شەرعییەتدان بە دەسەڵات و هەڵبژاردنی ئەو نوێنەرانەی کە دواتر لە جمگەکانی دەسەڵاتدا جێگە دەگرن. نوێنەرانی هەڵبژێردراو کاتێک لە دەسەڵاتدا جێگە دەگرن لەو قەول و بەڵێنانەش کە له‌ هه‌‌ڵمه‌تەکانی هه‌ڵبژاردندا بانگەشەیان بۆ کردبوو، پەژیوان دەبنەوە، چونکە سیستەمی دەوڵەتی و دەسەڵات ڕێگەیان لێ دەگرێ. هەربۆیە ئەوانەی کە گۆیا وەک نوێنەری خەڵک هەڵبژێردراون ده‌‌بنه‌ نوێنه‌ری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی دەسەڵات و سامانداران‌.
‌ ‌ ‌ ‌ ‌
لەم بەندی دووەمدا بۆ شیڕۆڤەکردنی شارەوانی ئازاد پێداچوونەوەیەک بە مێژووی شار و شارەوانی ئازاددا دەکرێ. لێرەدا باسی سێ گۆڕه‌پانی کۆمەڵگا: سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەوڵەت دەکرێ. لە گۆڕه‌پانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا وەک کۆنترین گۆڕەپان بێجگە لایەنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا به‌رهه‌مهێنان و ژیانی ئابووری و ژیانی خێزانیش ده‌‌گرێته‌وه. لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتییدا بە دوور و درێژی باسی خێڵ و پێوەندییە خێڵەکییەکان لە چاخی بەردینەوە تا سەرهەڵدانی وەرزێری و پێکهێنانی شار و شۆڕشی شارستانی کراوە، کە چۆن بە تێپەڕبوونی کات و گەشەئەستاندنی کۆمەڵگا خێل و خێڵایەتی بەرەو لاواز بوون چووە. بە گەشەکردنی شار و شارستانی و لاوازبوونی پێوەندییە خێڵەکییەکان هەل و دەرفەت بۆ سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕەپانی سیاسی ئاواڵەتر دەبێ. شۆڕشی شار‌ستانیی ئاسۆیه‌کی سه‌رسووڕهێنه‌ری به‌ ڕووی کۆمۆنێتییە‌ ئازاد و یه‌کسانه‌کاندا کردەوە و شار لە بواری سیاسییەوە ڕووی لە گەشەکردن کرد. لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری گۆڕەپانی سیاسی چەمکی سیاسەت “پۆلیس” شیتەڵ دەکرێ.

بەندی سێیەم بۆ سەرهەڵدانی شێنەیی دیمۆکراسی و پێکهێنانی ئەنجومەنە جەماوەرییە خۆسەرەکان لە یۆنانی کۆندا تەرخان کراوە. لەم بەشە لە ڕوانگەی فاکتە مێژوویەکاندا بەوردی لێگەڕان و پشکنین بۆ بنج و بناوانی دیمۆکراسی وەک هەڵبژاردن، مافی ڕادەربڕینی ئازاد لە ئەنجومەن و حەرەکەتە سەرەتاییەکان لە یۆناندا کراوە. لێرەدا بوو کە ژیانی کولتووریی چەکەرەی کرد و بوو بە هەوێنی سەرهەڵدانی فه‌لسه‌فه‌، دراما، شانۆ و هونه‌ر، مێژوو، فیزیا و بایەلۆژی. ئەم ڕەوتەی لە یۆنانی کۆندا بە پێکهێنانی خۆبه‌ڕیوه‌به‌رییه‌کانی ئه‌سینیا دەستیپێکرد هەزار ساڵ دواتر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بە هۆی دەسەڵاتی کلێسەوە بەجارێک وەستێندرا. لە دوای کزبوونی دەسەڵاتی کلێسە لە دوای ساڵانی ١٢٠٠ جارێکیتر ئەزموونی کۆمۆنی خۆبەڕێوەبەری لە ئیتالیا سەرهەڵدەدا. وەک نموونە هەڵبژاردنی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی و دادگایی لە لایەن خەڵکەوەو هەروەها پێکهێنانی سەندیکا پیشه‌ییه‌کان.

لە بەشی چوارەمدا ئاوردانەیەک لە ڕیفۆرم و ئاڵووگۆڕ لە کلیسەی پرۆتێستانتی لە ئینگلتەرە کراوە. ئەم رێفۆرمانەوە لە کلیسەوە بۆ نێو ئەندامانی کلیسە شۆڕبۆتەوەو دواتر بووەتە هۆی دامەزرانی ئەنجومەنە گشتییەکانیان کە بە شێوازێک لە ڕاپەڕاندی ئەرک و فرمانی شاردا چالاک بوون و بەم شێوەیە جۆرێک لە دیمۆکراتییەت پراکتیزە کراوە. لێرەدا ئاماژە بە یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی شار له‌ ساڵی 1632 دا له‌ شاری کامبریج کراوە که‌ لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لە سەر گیروگرفته‌ لۆکاڵییه‌کان دراوە. ئیتر لەو سەردەمە بەدواوە ئه‌زموونه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی لۆکاڵی لە شاردا سەرەڕای کۆسپ و لەندی دەوڵەت هەتا ڕۆژی ئیمڕۆ لە شیوازی جیاجیادا پراکتیزە کراوە. هەر لەم بەشەدا بێجگە لە ئەزموونی ئینگەلتەرە باسی سەرهەڵدانی ئەنجومەنەکانی پاریس لە ساڵی 1793 لە جەرگەی شۆڕشی مەزنی فەرەنسادا و ساڵەکانی دواتر کراوە کە لە بەروارد لەگەڵ بزووتنەوە خۆجێیەکانی ئینگلتەرە دیمۆکراتیتر و ڕادیکالتر بوون. ئەم حەرەکەتە لۆکاڵییانە لە پاریسەوە بۆ شارەکانی دیکەی فەرانسا تەشەنە دەکەن و بە دامەزرانی 44 هه‌زار کۆموونی سه‌ربه‌خۆی لۆکاڵی لە پانتایی فەرانسادا جۆرێک ئه‌رکی کۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتی شاره‌وانی یان کۆمۆنەکانیان، وەدەست دەخەن.

بەندی پێنجەم بۆ باس و شیتەڵکردنی چەمکەکانی ده‌وڵه‌ت و شاره‌ستانێتی تەرخان کراوە. ده‌وڵه‌ت و ناوەندی دەسەڵاتدارییەتی وەک ئامرازێک بۆ پاوانخوازی و سەپاندنی دەسەڵات و گوێڕایەڵی لە هەموو بوارەکاندا، لە بواری مێژووی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە شیتەڵ کراوە. هەروەها روانگە جیاوازەکان بۆ سەر دەوڵەت و دەسەڵاتدارییەتی لە ڕوانگەی چەپ و مارکسیستەکانەوە خراوەتە بەر باس. لە ڕەوتی سازبوونی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌‌‌دا ئەو نیمچە دەسەڵاتە لۆکاڵییەش کە لە دەوڵەتە نەریتییەکان و ئیمپراتۆرە گەورەکاندا هەبوو، بەرەو کزی و لاوازی چوو. دەوڵەت، پۆلیس و سپا وەک سێکوچکەکەی دەوڵەت – نەتەوە لە کۆکردنەوەی دەسەڵات و ناوەندگەراییدا پێکەوە ڕۆڵی گەورەیان بینی. دیارە پێ بە پێی بەهێزبوونی دەوڵەت – نەتەوە به‌گژاچوونه‌وه‌و یاخبوونی شارەکانیش لە دژی سەرەڕۆیی و زیاده‌ڕه‌وی ده‌وڵه‌ت لە پەرەگرتندا بووە. وەک یەکێک لە دوا نموونەکانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت باسی بزووتنه‌وه‌ی هاووڵاتیانی مه‌درید‌ لە ساڵی ١٩٦٠دا کراوە کە ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی له‌ لاوازکردنی فرمانڕه‌وایی فاشیستی فرانکۆدا، گێڕا. دەوڵەت لایەنی بەرانبەر شارستانی و دەسەڵاتی خۆجێیەتی و لۆکاڵییە. بەڵام ئێستا شار و شارەوانییەکان لە ڕۆژئاوا بە هۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتەوە بە شێوه‌ی به‌ڕیوه‌به‌ری کۆمپانیا و شەریکە بزنس و قازانجویستەکان بەرێوە دەبرێن. بەڵام دیسان لەبەرانبەر دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەت و شارەوانییە بزنسکارەکارەکاندا بەرنگاربوونەوەی مەدەنی هەیە. لەم پێناوەدا شاره‌وانی ئازادیخواز فه‌لسه‌فه‌یه‌کی نوێی شۆڕشگێڕانه‌ی سیاسییانەیە، کە لە ئاستی لۆکاڵیدا بەرهەڵستکاری سەرمایەداری و ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه دەکا.

لە بەندی شه‌شەمدا بە درێژی باسی چەمکەکانی شاره‌وانی، شارەوانێتی‌ و کۆمۆن و ژیانی کۆمینیتی لە دەرەوەی دەسەڵات و دەوڵەت دەکرێ. کاتێک خەڵکی خۆیان لە گەرەکێک، شەقامێک، مەیدانێک یان گوندێک ڕێکدەخەن و هەوڵ بۆ چارەسەری گرفتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان دەدەن، ئەمە ئەو سەرەتایەیە کە لە خۆیدا ناوەڕۆکی شارەوانییە ئازادەکان پێکدێنێ. لێرەدا خۆسەری یان ئۆتۆنۆمیی لە بەرانبەر دەسەڵات و ناناوه‌ندگه‌راییدا دەبێتە درووشمی کۆمۆنیتییە جیاجیاکان. لەم بەشەدا باسی پرۆسەی خۆسەری لە هه‌یکه‌لی دام و دەزگا شارەوانییەکان و گه‌شه‌پێدانی به‌رهه‌می ئابووریی لۆکاڵی دەکرێ. ڕەوت و پرۆسەی بە ئۆتۆنۆمیکردنی شار و شارۆچکه چۆن دەست پێدەکا، پرسیارێکی دیکەیە کە لەم بەشەدا وەڵام دەدرێتەوە. وەک نموونەش باسی‌ کارکرد و شوێن و هەڵکەوتەی زانکۆکان و نەخۆشخانەکان لەم پرۆسەی بەئەتۆنۆمیکردندا کراوە. دیارە ماکە و کرۆکی خۆسەری یان ئەوتوۆنۆمی بە بێ باس کردن لە سەر پرۆسەی دیمۆکراتیزه‌کردن بێ واتا دەبێ هەربۆیە لێرەدا پێوەندی دیالیکتیکی نێوان خۆسەری و دیمۆکراسیش شیتەڵ کراوە. هەر لێرەدایە کە جارێکیتر دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ وەک چەمک لە کتێبەکەدا دەبێتەوە بە ڕۆژەڤ و بەتایبەتی بەدرێژی باسی پرۆسه‌ی بڕیاردان لە دیمۆکراسی ڕاستەوخۆدا دەکرێ.

بەشی حه‌وتەم بۆ دامەزرانی بزووتنه‌وه‌ لۆکاڵییەکان تەرخان کراوە. بزووتنەوەکان بێجگە لەوە لە پێکهێنانی ئەنجومەنه‌کاندا ڕۆڵ دەگێڕن بۆ په‌روه‌رده‌کردن و ڕێکخستنی هاووڵاتیانیش لە شاره‌وانییە ئازادەکاندا زۆر پێویستن. پەروەردە و بارهێنان و هوشیاری و لێکۆڵینەوەو لێگەڕان بۆ فۆرم و چوارچێوەدان بە بزووتنەوەکان زۆر گرینگن. پەروەردەی گشتی لە بواری سیاسه‌ته‌ لۆکاڵییەکان و گرفتە‌ ئیکۆلۆجییه‌کان لە شێوازی کۆڕ و سیمینار و هی دیکەدا دەبێ بەشێکی گرینگ و دانەبڕاو بێت لە پێکهاتەی هەر بزووتنەوەیەک. بزووتنەوەکان پەیوەست بە هەڵکەوتەیان لە قەراغی شار، یان ناوەندی شار یان لە گوند و گەڕەکان دەکرێ خۆیان لەگەڵ باروودۆخی لۆکاڵی ڕێکبخەن یەکەم بۆ ئەوە باشتر لە هەناوی پرس و کێشەکان تێبگەن و دووەم بۆ ئەوە بە پێی باروودۆخی گونجاوی لۆکاڵی هەڵسووکەوت بکەن. هەر بۆیە بزووتنەوەیەکی لۆكاڵی قەرغ شار لە فۆرم و ناوەڕۆکی کاردا لە بزووتنەوەیەکی نێو شارێکی گەورەی وەک پاریس یان لۆسانجلێس جیاوازییان هەیە

لە بەندی هه‌شتەمدا باسی هه‌ڵبژاردن و گرینگی هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکان لە شارەوانییە ئازادەکاندا دەکرێ. ئەو هەڵبژاردنانەی کە بەتەواوەتی لە هەڵبژاردنی دەوڵەتی جیاوازن، هەڵبژاردنێک کە بە فکر و ڕامانەوە لە دیمۆکراسی ڕاستەوخۆدا بۆ ڕاپەڕاندنی کاری شارەوانییەکان دەکرێ نەک چەسپاندنی دەسەڵات. لێرەدا گرینگی ئێجگار زۆر بە داخوازە هەنووکەیی و لۆکاڵییەکان دەدرێ و هەوڵ دەدرێ لە پێشدا پرس و گرفتەکان لە ئاستی لۆکاڵدا چارەسەر بکرێن. بۆ نموونە لە کردنەوەی سەنتەرێک بۆ داڵدەدانی ژنانی ڕاکردوو لە دەستی توندوتیژی پیاوەوە بگرە هەتا پرسی ژینگە و ئێکۆلۆژی دەکرێ بکرێتە رۆژەڤ لە کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا. کەمپەینی هەڵبژاردنەکان چۆن ڕێکبخرێن، کامە نوێنەری شایستە هەڵبژریردرێ و چۆن بزووتنەوەکان لە هەڵبژاردنەکاندا دەگەن بە ئامانجەکانیان، هەروەها سەرکەوتن و شکست لە هەڵبژاردنەکان و ئەزموونەکان لەم پێوەندییەدا ئەو پرسانەن کە بە دوورودرێژی لەم بەشەدا ڕاڤە کراون. هەروەها لە کۆتایی ئەم بەشەدا لە ژێر ناوی “ئازادیخوازان و دژبوون به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن” باسی ئەو ڕەتە فکرییەی نێو ئەنارکیستەکانیش کراوە کە بۆچی بەگشتی دژ بە هەڵبژاردن ڕادوەستن و تەنانەت دژ بە هەڵبژاردن لە شارەوانییە ئازادەکانن.

لە بەندی نۆیەمدا چەمکی هاووڵاتیبوون و مافی تاک لە کۆمەڵگەدا ڕاڤە دەکرێ. لە ڕوانگەی نووسەری کتێبەکەوە ئەوەی لە کۆمەڵگەی کاپیتالیستی بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی ئەمەریکادا بە ناوی تاکیەتی و مافی تاک لە ڕواڵەتدا باسی دەکرێ، بێجگە لە خەیاڵ و درۆ و دەلەسە شتی دیکە نییە. تاکییەتی هەمان تاکییەتی سیستەمی ڕۆژئاوایی نییە. تاکییەتی یان تاکگەرایی هێز و وزەی خۆی لە پەیوەندارێتی کۆمەڵایەتی وەردەگرێ نەك لە سەربەخۆبوونی خۆی. بۆ ئەوە هاووڵاتی خۆی لە قەواخی سیستەمی سەرمایەداریدا بێنێتە دەرێ و ئەرکی تەنیا “دەنگدەران” و ” باجدەران” نەبێ، دەبێ لە دیمۆکراسی سەربەخۆدا مافی هاوڵاتیبوونی خۆی بەتاقیبکاتەوە. هاووڵاتیبوون بە مانای زیندووکردنەوەی مەیدانی سیاسییانەو دیمۆکراسی ڕاستەوخۆی شارەوانی. ئەمەش لە هەمانکاتدا بەو مانا نییە کە تاکەکان لە نێو کۆمەڵی شارەوانیی ئازادیخوازدا، خۆیان بکەنە قوربانیی و ملکەچی هەموو بڕیارە بە کۆمەڵەییەکان بن. بە پێچەوانەوە، هەموو تاکێك لە سنووری تایبەتی و چوارچێوەی مافی خۆیدا دەژی. ئەمەش لە نێو کۆمۆنێتی شارەوانییەکاندا، پەیوەندییە شەخسییەکان بەهێزتر دەکا. چونکە تاكگەرێتی و ژیانی نێو کۆمۆنێتییەکان دوولایەنانەیە و هەردوو لا کاریگەری لەسەر یەکتری دادەنێن و یەکتری بەهێز دەکەن.

بەندی دەیەم بۆ شیتەڵ و ڕاڤەکردنی لۆکاڵەتی و گرینگی لۆکاڵ لە بیری ئەنارکیستی و شارەوانییە ئازادەکاندا تەرخان کراوە. لە سەرەتای ئەم بەشەدا بەرتەکی تەواوی ڕەخنەگرانی ئەو بۆچوونانە دەدرێتەوە کە لە گرینگی لۆکاڵ و لۆکاڵییەتی لە جیهانی مودێڕن و سەردەمی گلۆبالیزەێشن تێناگەن یان لە دژی ڕادەوستن، لە ڕوانگەی لیبراڵەکانەوە بگرە هەتا سۆسیالدیمۆکراتەکان. بەگشتی کرۆک و ناوەرۆکی ڕوانگەی ڕەخنەگران پارێزگاریکردنە لە دەسەڵاتی دەوڵەت- نەتەوە بۆ سەپاندنی زیاتری یاساکان لە کۆمەڵگادا و پێیانوایە بە بێ دەسەڵاتی دەوڵەت – نەتەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندی ژینگە و شار و تەنانەت لۆکاڵییەتیشدا ناکرێ. کە دێتە سەر باسی لۆکاڵ و بیری لۆکاڵییانە، ڕوانگە و بیرە جیاوازەکان لە بیۆرێجنالیستەکانەوە بگرە هەتا دواتر وەبەر هەڤدووکردن دەدرێ و لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ڕوانگە جیاوازە لۆکاڵییەکان دەخرێتە ڕوو. ئەنجامەکەش ئەوەیە کە دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ لە شارەوانییە ئازادەکاندا دەتوانێ زۆربەی گرفتە لۆکاڵییەکان بە پرسی ژینگەشەوە چارەسەر بکا.

لە بەندی یازدەیەمدا بە درێژی باسی چەمکی کۆنفیدراڵیزم، مێژوو کۆنفیدرالیزم و ئەزموونەکانی کۆنفیدرالیزم دەکرێ. کۆنفیدرالیزم جێگرەوە یان ئەلتەرناتیڤی دەوڵەت – نەتەوەیە ئەگەرچی لە باری مێژووییەوە زۆر لە دەوڵەت- نەتەوە کۆنترە. وەک نموونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر پێش لەوە دیاردەی دەوڵەت- نەتەوە ڕووی تێبکا بە شێوازی کۆنفیدرالیزم بەڕێوە چووە. لە کۆنفیدرالیزمدا نوێنەرانی شارەوانییە ئازادەکان ویست و داخوازی گەل بۆ ئاستی کۆنفیدراسیۆن بەرز دەکەنەوە. نوێنەرانی شارەوانی یان کۆمۆنیتە جیاوازەکان لە کۆنفیدراسیۆندا لە سەر سیاسەتێکی هاوبەش ڕێکدەکەون بۆ چارەسەری هەر چەشنە پرس و گرفتێک کە لە نێوان کۆمۆنێتییەکان هاتبێتە پێش. ئیتر کێشە و گرفتەکان کۆمەڵایەتی، ئابووری، نیشتەجێ، ئێکۆلۆژی یان هەرچی بێت لە ئاستی کۆنفیدراسیۆندا ڕێگای چارەسەری هاوبەشیان بۆ دەست نیشان دەکرێ. لیژنە کۆنفیدراڵییەکان چۆن دادەمەزرێن و چ پێوەندییەکیان لەگەڵ ئەنجومەنەکان لە ئاستی لۆکاڵدا هەیە، دەنگدانی هاووڵاتیان لە پرۆسەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆدا، پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵا و هەروەها سیاسەتی گەڵاڵەداڕشتن چۆن خۆی لە بیرۆکراسی ئیدارەیی دوور دەخاتەوە ئەو پرسیارە گرینگانەی دیکەن کە لەم بەشەدا وەڵام دەدرێنەوە.

ئابووری و ڕەهەندەکانی، جیاوازییە فکرییەکان و بە گشتی ئابووری لە شارەوانییە ئازادەکان و کۆنفیدرالیزمدا، مژاری سەرەکی بەندی دوازدەیەمی کتێبەکەیە. وەک دەسپێک ئابووری سەرمایەداری وەک سیستەمی سەردەستی جیهانی و ئابووری سۆسیالیسی یان مارکسیستی وەک سیستەمی شکستخواردوو لە تای یەک تەرازوو و وەک هاوتای یەکتری لە چەوسانەوەی زیاتری مرۆڤەکاندا داندراوە. لە بەرانبەر ئەمەدا لە بەرانبەر ئابووری ئازاد و بازاڕی سەرمایەداریدا باسی قورسایی هەرەوەزییەکان، لە خاوەندارێتی گشتی و تایبەتی لە یەکە ئابوورییەکان و هەروەها کەمکردنەوەی زیانە ئێکۆلۆژییەکان و کۆمپانییەکان لەسەر خەڵک و ژینگە دەکرێ. لەو ڕوانگەیەوە بۆ ئەوە هەوڵی خولقاندنی ئاڵتەرناتیڤی کۆمەڵی هەرەوەزیی بە ئامانج بکا دەبێ گەڕان بەدوای قازانجدا بەرتەسک بکرێتەوە یان بە تەواوەتی هەڵگیرێ. لە باتی ئابووری ئازاد باسی چەمکی “ئازادکردنی ئابووری” دەکرێ. ئەمەش بەو مانایەیە کە شارەوانییە ئازادەکان گەشە بە شێوازێک لە خاوەندارێتی گشتی دەدن لە بەرانبەر خاوەندارێتی تایبەتیدا یانێ بەشارەوانیکردنی خودی ئابووری. ئاکامی ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە نایەکسانییە ئابوورییەکان لە ڕێگای گێڕانەوەی سامان، موڵکییەتی تایبەتی و هەروەها ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بۆ شارەوانی، لە نێو دەچێ و سەرچاوەکانی سامانی چینی خاوەندار لە لایەن خەڵکانی ئاساییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەگەڕێتەوە بۆ شارەوانییە ئازادەکان.

لە بەندی سیازدەیەمدا باسی دەسەڵات دەکرێ. لە پێناسەی دەسەلاتدا هاتووە کە دەسەڵات تەنیا هەستێکی ڕۆحی و دینی یان تەنانەت سایکۆلۆجیانە نییە. دەسەڵات لە ڕاستیدا بۆ خۆی ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی خۆگر و چەسپاو و بەڵگەدار و هەستپێکراوە و دەبێ هەر ئاواش لێی بنواڕدرێ. دەوڵەت – نەتەوەکان و کۆمپانیا گەورەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەرتەش، پۆلیس و دادگاکان لە رێگای توندوتیژیی و زۆرەملی یان ریگاکانی دیکەوە دەسەڵاتەکانی خۆیان بە کردەوە پراکتیزە دەکەن. لێرەدا باسی ئەوە کراوە کە چۆن لە ڕێگای شاروانییە ئازادەکان و دواتر کۆنفێدراسیۆنەکان دەسەڵاتی دەوڵەت و نەتەوەو دەزگاکانی کەمتر دەکرێتەوە. هەتا کۆنفیدراسیۆنی شارەوانییەکان گەورەتر و ژمارەیان زیاتر بێت، ئەوەندەش توانایان بەرفراوان دەبێ لە پێکهێنانی هێزی دژەدەسەڵات لە بەرانبەر دەوڵەت– نەتەوەدا.

لە بەندی چواردەیەمدا لە درێژەی باسی پێشووتری دەسەڵاتدا باسی ئەوە دەکرێ کاتێک دەسەڵاتی دەوڵەت – نەتەوە بە هۆی شارەوانییە ئازادەکاندا کەم کرایەوە، دژەدەسەڵات و دەسەڵاتی شارەوانییە ئازادەکان چ هەڵکەوتەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە خۆیەوە دەگرێ. لە بەگەیشتن بە ئامانجێکی لەم چەشنەدا لە مەیدانی سیاسەتدا ڕێگە بۆ پێشخستنی ئابووریی ڕاست و ڕەوان یان بێ فرتوفێڵ و بەگشتی ژیانی ئابووری دەکرێتەوە. یانێ بە هۆی هەرەوەزی تاکەکانی شارەوانییە ئازادەکان، بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵ دوور لە دەستەڵاتی کار و حکوومەت دەپارێزری و خاوەندارییەتی لێ دەکرێ.

لە بەندی پانزەیەمدا وەک کۆبەندییەک بۆ هەموو باسە تیۆری و پراکتیکییەکانی نێو کتێبەکە لە چواردە بەندی پێشووتردا، باسی هەلوومەرجی ئیمڕۆی بازار، کار، سەرمایەداری و ڕۆڵی هەنووکەی دەوڵەت – نەتەوە و لە بەرانبەر ئەمەدا هێز و وزەی ئاواکردنی شارەوانییە ئازادەکان و کۆنفیدرالیزم کراوە.

لە دوا بەشی کتێبەکەدا وەک پاشکۆ دیمانەیەکی دوور و درێژی ژانێت بیهێل‌ له‌گه‌ڵ موره‌ی بوکچین کە له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 1996 دا ئەنجام دراوە، بڵاو کراوەتەوە. لەم دیمانەیەدا مورەی بوکچین زۆر بەکراوەیی لە سەر زۆر بات قسە دەکا. لە پێشدا تیشک دەخاتە سەر چەمکەکانی کۆماری دیمۆکراتیک و ڕادیکه‌ڵایزمی دیمۆکراتیک. هەروەها بوکچین لە درێژەی ئەم وتووێژەدا زۆر لایەنی فکری و تیۆریک لە سەر شارەوانییە ئازادەکان و یەکێتی کۆنفیدراسیۆنی شاره‌وانییه‌کان و هەرەوەها پاشخانە مێژووییەکانی وەک یۆنانی کۆن و کۆلۆنیالیزمی ئینگلەندی ڕووندەکاتەوە. لە گەڵ ئەمەشدا پرسە هەنووکەییەکانی سەردەمی ئێستای جیهان گرێدراو بە پەیاننامە ئابوورییە جیهانییەکانی وەک نه‌فتا NAFTA ، گات GATTهه‌روه‌ها یەکیەتی ئەوروپا EU شیدەکاتەوە.

سیاوەش گۆدەرزی
ستۆکۆڵم، ئەپریلی ٢٠١٨

لە لاپەڕەی نووسەر وەرگیراوە

Related posts