پردەکانی جوانی ! بۆ یادی نووسەری ڕئالیست ، بیرمەندی هزرڤان ” حەسەن قزڵجی ! “

پردەکانی جوانی ! بۆ یادی نووسەری ڕئالیست ، بیرمەندی هزرڤان ” حەسەن قزڵجی ! ”

ڕەشاد- مستەفا سوڵتانی

ڕێزدار حەسەنی قزڵجی، نووسەرێکی ڕئالیست، ژیر بێژ، و بیرمەندێکی هزرڤان و چیرۆک نووس و کوردی زانێکی شارەزا و ، خاوەن بیری چەپ ، سیکۆلار و ئەندیشەی ئەنترناسیونالیستی بوو . کورتە چیرۆک و بەرهەمە جوان و ناسکەکانی ڕەنگین و لە بواری ئەدبی کلاسیکدا داهێنەرانە بوو . حەسەن قزڵجییە داهێنەری لیهاتووی “پردەکانی جوانی” بوو . لە نیوان بەرهەمەکانی ” گی دی موپاسان” و حەسەن قزڵچی وێک چونێک هەیە. حەسەنی قزڵجی کارناس ، لێزان و شارەزای وشەی کوردی، ئیستێتیک، خاڵبەندی، ڕێنووس ( ئوڕتۆگرافی ) و دیاردەکانیی ڕێزمانی وەک: مۆرفیم ، سینتاکس و فۆنیم بووە . ئەگەر چی بیر و بوچونی بەلای حیزبی توودەدا شکابوەوە ، ئەمما لە پلورالیزم ، فرە چەشنی و بیر جیاوازەکان ڕێزی گرتوە. ئەندامی کۆمەڵەی ژێ – کاف بووە و، لە زمانی کوردی ، فارسی ، تورکی ، بولغاری و عەرەبی فرە شارەزا وبە توانا بووە . لە گەڵ بەڕێزان : هەژار، هێمن و زەبیحی خزمەتی گەورەیان بە ئەدەبی کلاسیک و زمانی کوردی کرد و،لە گۆڤارەکانی جمهوری کوردستان ڕەچەیەکی بەرزیان لە بەستێنی هۆنراوەشیعر، چیرۆک و پەخشانی زمانی کوردی شکاندوە .
جاڕ بدەن وە ناو کوچەی شاران دا ، وە عیبرەتم کەن جە بازاڕان دا ، شەرت بۆ هەر ساعەت مەیلت زیاد کەم ، خاتر هەر وە عەشق باڵاکەت شاد کەم ! ( خانای قوبادی )
ساڵی ١٩١٣ زاینی لە گوندی قزڵجەی هەرێمی بۆکان لە دایک بووە. ساڵی ١٩٤٢ ی زاینی ئەندامی کۆمەڵەی ژێ – کاف بووە . ساڵی ١٩٨٤ی زاینی لە زیندانی کۆنەپارێزان و حکومەتی توتالیتری جمهوری سێدارەی ئیسلامی گیانی بەخت کرد . ئەمما کار بەدەستان ، رێبەران و حکومەتی سوڤیەت ، نە بۆ مەرگی جەناب حەسەنی قزڵجی و نە بۆ بیرمەندان و ئازادیخوازانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دەورانێکی دوور و درێژ لە سیاسەت و ڕێبازی سوڤیەت پشتیوانیان کردوە ، هەڵویستێکی مرۆڤدۆستانە، ڕادیکاڵ، عەدالەتخوازانە و ئیعترازی یان نە گرتوە و، وەک جاری جاران سکوتیان کردووە .
* * * * *
زمانی کوردی خۆم فێر بووم و لە ڕاستیدا گوڵاڵە سوورە بووم و لە سەر بەردی ڕەق ڕوام . هیوادارم خوێنەرانی خۆشەویست و زۆر بە ڕێز بە چاوی لیبوردون و لوتفەوە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانم چاو لێ بکە ن و ،لە کانگای دڵمەوە سپاستان دەکەم . هەنگ ئاسا ئارەزووی مژینی شیلەی وتارەکانی حەسەن قزڵجیم و، لە کاتی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی جۆرە هەستێکی نادیاری حورمەت و ڕێز گرتن دامدەگرێت. لە یادی سەدویەکەمین ساڵڕۆژی لە دایک بوونی نووسەر، تەنیا دەتوانم لە گەڵ ئەم وتارە ، دەستەچینەیەک پڕ لە گوڵە بۆنخۆشەکانی داوێنی کویستانەکانی هەورامان و پێدەشتەکانی مەریوان پێشکەش کەم . پۆلبەندی شاکارەکان :

١- بواری ساتیر، ئێرۆنی و ئیستعارە ڕێزدار حەسەنی قزڵجی لە پێش ڕۆژگار و قۆناغی خۆێ هەنگاوی نا و، یاسا شکین ، سوننەت شکین و داب و نەریت شکین بوو . لە نوسراوەکانیدا ، زۆر بە جورئەتەوە ، لە ئامێری ساتیر بە شێوەیەکی شارەزایانە کەڵکی وەر گرتوە . نووسراوەکانی خیاری گوڵ بەدەم و ناسک و جوانن و تێکهەڵشێلانی کارەساتەکانی دڵگیرانە کردووە . چیرۆکرکان یەک لە یەکتر ناسکتر و جوانترن . نووسراەکانی قزڵجی بەرەوژوور، تا ئاستێکی بەر دڵگر بەرەو چڵە پۆپەی جوانی هەڵکشاون و ئامانجیان پێکاوە . نمونە: بازار هەمووی بۆسە، کەمین و حەشارە بە تەنیشت یەکەوە ، لە هەر حەشارێکدا ڕاوکەرێک دەستی داوەتە چەکی نیوگەز، یا تەڵەی تەرازووی ناوەتەوە و یا خۆی مات داوە . نێچیر وەک لافاو لەم سەرەوە بە ساغی دێن و، لەو سەرەوە کە دەر دەچن هی وایان هەیە نیو گەز گیرفانی دڕیوە و، هی واشیان هەیە کیسەکەی بە تەڵەوە بووە ! هەڵبژاردنی سەر وتارەکان ، لە قاڵبی ئیستعارە و ساتیردا ئاوینەی بالا نوێنی هێژایی و هوشیاری ئەو نیشان دەدەن . لە شیوازی دیالۆگ و قسە و باسی ئاژەڵان زۆر مەبەست و گرفتی کۆمەڵایەتی باس دەکات . نووسەر تەنها لە دوو دانە لە چیرۆکەکانی یانی عادەتی بازار و سەر فیترە باسی ناکۆکی و ئانتاگۆنیزمی شار دەکات . ئەمە بۆ نووسەرێکی ڕئالیست ، کە ناکۆکیەکانی شارۆمەندانی شاری کەمتر لە بەرچاو بووە خاڵی پۆزیتیڤ نیە . دەبوا بەستێنی شار ، کەرەسەیەکی چاک بۆ نووسینی چیرۆکی گرانبەها بوایە. دیاردەی کۆچی ڕەنجبەران بەرەو دڕەندەکانی بازاڕی شارەکان، لە چیرۆکەکانی پێکەنینی گەدا و شەهیدی زۆڵمە ، لە چلەپۆپەی دەسەڵاتی زمانەوانیدا باس کراوە . تەنز و ساتیر وەسیلە و ڕێبازێکی تیژ و چەقۆی لە هەساندراوی نووسەرە ، کە جار ناجار حیکایەتەکانی پێ دەڕازێنێتەوە . بۆ نمونە لە داستانی خەمڵی پەموو کاراکتیری شەخسیەتەکانی ئاوا دەناسێنێت : سۆفی قادر بەرپرسی بانگی مزگەوتە،سۆفی نامیق جووتیارە، خانقا بۆ تەهلیلە و خەتم تەرخان کراوە، شێخ بێکار و خەریکی تەزبیح گێڕانە ، مەلال جەلال کرێکاری دینیە و میرزاعەلی ڕەشایی لەشکرە . ئەگەر کورد خاونی حکومەتی خۆی دەبوو و ، حەسەن قزلچی لە ژێر چەتری ئاڵای وڵاتی سەربەخۆی کوردستان و ستاتوسی حکومەتەکەی بژیبا ، لەئاستی نووسەرانی تری جیهان وەک : سالتیکۆف شچدرین ، عەزیز نسین ، مەلا نەسرەدین*، یولماز گونای ، عوبید زاکانی، سەمەد بیهڕەنگی و کی دی موپاسان لە ئاستی نێونەتەوییدا دەناسرا و نوسراوەکانی بە چەندین زمانی زیندووی جیهان تەرجومە دەکرایەوە . شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە هۆنراوە و شیعرەکانیدا ، پەنای بۆ ئامێری ساتیر بردووە . لازمە بۆ شێخ سبەینان گورگە خەو – تابڵێن شێخ عابیدە و نانوێ بە شەو !

٢- بواری پەخشان : ڕیزداران : حەسەنی قزڵجی ، ئیبراهیم ئەحمەد * ، شوکور مستەفا ، پشکۆ نەجمەدین، فەرهاد شاکەلی ، ڕێواس ئەحمەد ، عەبدوللا ی حەسەن زادە ، ناسری حیسامی، عەلائەدین سەججادی و عەبدولڕەحمان زەبیحی لە مەیدانی پەخشاندا، ڕەچەیەکی بەرزیان شکاندووە . ئاسۆی بیر کردنەوەیان سنورەکانی تێپەڕاندووە و خوێنەر لە خوێندنەوەی چۆڕاوەی مێشکیان هەرگیز وەڕز وماندوو نابێت . نووسراوەکانی قزڵجی بە زمانێکی ڕێک و پێک ، ڕەوان، سادە وهەموار نوسراوە و، هەموویان شەقڵی ساتیر و تەوسیان پێوە دیارە . حەسەن قزڵجی زمانەوان و شارەزای هەموو شێوە دیالکتەکانی کوردستان بووە و، وەک گەنجینەیەکی زمان، کەڵکی لێ وەر گرتون . سەرجەم نووسراوەکانی بە دیالکتی موکریانی نوسیوە و ، دیالکتەکانی هەورامی ، سنە یی و شارەزوریش لە نوسراوکانیدا بەرچاو دەکەون . ئەم زمانە وەک جۆگە و ڕووبار بەرەو دەریا ملی ناوە و بە هێز و بلاوینە . شێوە و قاڵبی نووسینی هەندی جار بەرەو ستیل و داڕشتنی ئیستعارە و ئیشارە هەنگاو دەنێت . قاڵبەکان نووسینەکانی حەسەن قزڵجیان دیاری نە کردووە ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ،دڵسۆزی و کاری نووسەر قاڵبەکانی دیاری کردووە . قارەمانی داستانی شەهیدی زوڵمە ، کفن و شۆردنی ناوێ ،جووتیارێکە ناوی هەباس ە . نووسەر ئەم قارەمانە، لە هەموو کارەساتە تاڵەکان بەشدار دەکات و برسێتی ئەوەندە زۆری بۆ دێنێت کە ، خۆی لە مزگەوتێکدا دەبینێتەوە . خادمی مزگەوت ، پرسیاری لێدەکا و هانی دەدات مزگەوت بەجێ بێڵێت . ورزێر، لە ناچاری مزگەوت جێ دێڵێت و لە تاو برسێتی لە قەراخ شار گیانی لە دەس دەدات . نووسەر بەشێوەیەکی لێزانانە و پسپۆڕانە، قارەمانەکەی تا ئاسوی ئەوسەر نادیاری ئومێد و هیوا پەروەردە دەکات ، بەشکم لە برسا نەمرێت ، بەڵام نووسەر بە پەیامێکی مێژوویی، دور لە ئارەزوو و مەیل و خواستی خۆی ناچارە قارەمانەکەی بکوژێت . ئەو مرۆڤانە کە ویجدانێکی ئاگایان هەیە ، بۆ تراژیدی مەرگی وەرزێر( هەباس ) فرمێسک لە چاوانیان دێتە خوار و هەست بە پەژارەیەکی بەر فراوان و قووڵ دەکەن . لە پێکەنێنی گەدا قارەمانی داستانەکە “حەمە ڕەش ” کەرامەتی لە لایەن سیستەمی تالان کەری جیهانی، داگیرکاران و دەرەبەگایەتیەوە برێندارو شکێندراوە . حەسەن قزڵجی لە شکڵی مێتولۆژی بۆ هەندی لە چیرۆکەکانی کەڵکی وەر گرتوە و خزمەتی گەوەرەی بە فولکلوری کوردیش کردووە .

٣ – بواری چیرۆک : سەر لە بەری چیرۆکەکان ، تژی لە هیوا و ئومێدە و نووسەر تەسکبین نیە . بوار و مەیدانی وتە بە نرخ و گرانبەهاکانی ، لە شێوازی داستان ( ئێپۆس ) ، بۆ سەردەمی دەورانی فیئودالیزم دەگەڕێتەوە . ئەگەر ژێرخانی ئابوری خولقینەری سەرخانی ئابوریە، حەسەن قزلجی ، ئازایانە ، لیهاتوانە لەو بوارەدا، چیرۆکی جوان و ناسک و دڵگێری بە زمانی “دڵ” نوسیوە . چیرۆکەکان خۆیان لە کاناڵی ئیدئولۆژی چینی هەژار دەبینەوە . لە هەڵسەنگاندنی نووسەر ” حیزب و ڕیکخراو” ئامێری خەباتە و لە پێناو دەستە بەر کردنی بەرژەوەند و مافی چینی ڕەنجبەر تەفسیر و تەرجومە دەکرێنەوە . کورتە چیرۆک ئامێری دەستی نووسەر بۆ خەباتی چینایەتی بووە . لە چیرۆکی بێهێنەو ناوی مەبە ،پێڤاژە و پڕوسەی تێپەڕ بوونی کۆمەڵگای کوردستان لە فیئودالیزمەوە بەرەو سەرمایەداری بانگە واز دەکات . ڕاسپاردەکەی بە ساتیرێکی پڕ مانا ،خوێنەر ئاگادار دەکاتەوە وهەرس هێنانی قۆناغی دەرەبەگایەتی جاڕ دەدات . دوو نووسەری پایەبەرزی کورد ، بەڕێزان : ئیبراهیم ئەحمەد بە نووسین و بڵاو کردنەوەی دوو ڕۆمان بە ناوی کوێرەوەری وژانی گەل و حەسەن قزڵجی بە نووسین و بڵاوی کردنەوە پێکەنینی گەدا و پشکۆ نەجمەدین بە نووسینی ” ئەزمون و یاد ” ڕەچەیەکی فرە بەرزیان لە قۆناغی ئەدەبیاتی کوردیدا شکاندووە و خزمەتێکی گەورەیان بە زمانی ستانداردی کوردی کردووە . لەم چیرۆکانەدا قزڵجی باسی کۆنە پارێزان ، مێمڵەکان و پاڕازیتەکان و چەوسێنەرانی ناو کۆمەڵگای کوردەواری دەکات و ، هەڵویستی ڕەوا و مێژوویی دەگرێت و لە بەرهەم هێنەران و خولقێنەران یانی جووتیاران و ڕەنجدەران پشتیوانی دەکا و بە خوێنەرانی دەناسێنێت . قزڵجی لەم ئاخرانەدا دوو چیرۆکی بە ناوەکانی چەکمە ڕەق و بێچوە قەل نوسیوە . بێچوە قەل بۆ جل و بەرگیکۆنەپارێزان و دماگرژەکان تەرخان کراوە . هاوکات لە گەڵ زیندانی کردنی ‌ نووسەر ئەو دوو چیرۆکەیش بزر و گوم بوون . پەیمانی دوولایی ناوی هۆنراوەیەکی قزلجیە: واسیلیوچ گوگول روسیا ( ١٨٥٢-١٨٠٩ ) ئانتوان چیخۆف روسیا ( ١٩٠٤-١٨٦٠) گی دومو پاسان فەرانسا ( ١٨٩٣-١٨٥٠) کاترین منسفیلد ئینگلیزی ، ویلیام فاڵکنەر ئامریکائی ، ئیوان توڕگیئۆف روسی، تولستوی روسی، ماکسیم گورکی روسی، گابریل گارسیا مارکز کولومبیایی، ئیڕنست هەمینگۆی ئامریکایی ، خۆرخە لوئیز بورخس ، عەزیز نسین تورکیا، سەمەد بیهرەنگی ئازربایجان، ئەحمەد خودا داد کرماشان، لە بواری کورتە چیرۆک ناو بانگیان هەیە و لە مێژوودا ناسراون . مێژووی ڕۆمان و داستان لە ئوروپا ٣٠ سێ سەد ساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێش ترە .

٤- دەوری شانۆ : هەندی لە نوسراوەکانی حەسەنی قزڵجی ، بەرەو سنووری شانۆگەری ملیان ناوە . چەندکەس قسە دەکەن و بیر و باوڕی خۆیان لە لابەلای وشەکاندا دەر دەبڕن . تاج و تەختی کوێخا هومەر و خەمڵی پەموو . نمونەی چاکی مەیدانی شانۆگەرین . چیرۆکی بێهێنە و ناوی مەیە ، شیوازی کومیدی هەیە وشانۆیەکی سەرکەوتوانەیە. لەم وتارانەدا چارە ڕەشی وەرزێر و، پێگەی کۆمەڵایەتی و ستاتوسی ڕەنجبەران بە شێوەیەکی سیحرئاوی ، و بە چاکی شی دەکاتەوە و سەرنجی بێنەر رادەکێشێت .

٥- کێشەی ژنان و هەڵویستی نووسەر : لە چیرۆکەکانی “نەدیداری حاجی، نە خەوی مزگەوت ” و ” نووشتەکەی ئامینە خان ” هەلویستی ڕیزدار حەسەنی قزڵجی لە جڵەپۆپەدا نیە و لە جێگای خۆیدا نین . کاتێک بۆ بایز قارەمانی داستان ، بە فێڵ و زمان لووسی حاجی، ژنی دووهەم ( زیبا خانم ) لە سابڵاغ مارە دەکەن . ژنە شاریەکە لە ڕادە بەدەر فەخر و لووت بەرزی بە نیسبەت ژنە گوندیەکە ( خەزاڵ ) نیشان دەدات و بە چاوی سووک و تەحقیرەوە پێ دەڵێت ژنە کرمانج . لە وڵامی بایزدا ، دەڵێت : خۆ من کارکەر و قەرەواش نیم بە ژنە کرمانجەکەت بڵێ! ئەگەرچی فەزای داستانەکە وا دەخوازێت ، ئەمما جێگای خۆی و شیاو بوو ، کە لە دەست ڕەنگینی وڕەنج و ئازاری خەزاڵ باسێک کرابا . خەزاڵ وەک ژن ، ڕۆڵەی ڕەنج و کارە و لە داوێنی مەینەت و ژیانی دژواری گوند پەروەردە بووە و ، فەرامۆش کراوە . لە چیرۆکی نووشتەکەی ئامینە خان ، نووسەر هێچ ئیشارە و زانیارییەک سەبارەت بە ئامینە خان بە خوێنەر نادات و دوورە پەرێزە . لە حاڵێکدا ئامینە خان کچێکی گەورەساڵە ، ژیان و گوزەرانی بە مانای واقیعی تراژیدێکی لە تاڵ تاڵتر وڕاستەوخۆ بوتە قوربانی نیزام و سیستەمی فیئودالی . لە بەرهەمەکانی قزڵجی تەنیا یەک جار ” ژن ” قارەمانی داستانەکانە . لەم داستانەدا نووسەر تا رادەیەکی بەر چاو خۆی لە خەم ، پەژارە،ناهومێدی، باری نالە باری ژیانی ئامینەخان بواردووە و لە ڕاستیدا هەر بەجارێک ئامینە خان کە خۆی قارەمانی داستانەکەیە لە بیر کراوە . دەبوا نووسەر دەرد ، مەینەت ، هەژاری و هەرس هێنانی باری سایکۆلۆژی ئامینە خان و برینی ساڕێژ نە بوو و ساڕێژ نەکراوی باس کردبا و زانیاری کامیلی بە خوێنەران پێشکەش کردبا . خۆزگە نووسەرانی کورد سەبارەت بە تراژیدیای ” ئاسکە ون بوەکانی” دەشتی گەرمیان ، کە نزیکەی هەژدە کەنیشکی ناسکۆڵە بوون و ، بەعس ئەسیری کردن و لە وڵاتانی عەربی وەک کۆیلە فرۆشران و ئیستا ژیانیان تاڵ تر لە کەکرەیە، چیرۆکیان نوسیبا.

٦- داگیرکاران و ژیانی نووسەر: بەرژەوەندی و پێلانی زلهێزەکان لە سەر قەڵاچوی میللەتی کورد و نەمانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد،جێ بە جێ کرا . حکومەتی پاشایەتی ، فیکری نوێ و تازە و قەڵەمی سانسور کردبوو و ، هاو بیرەکان ئیجازەی نوسینیان هەبوو و، بەرهەم و نووسینی دژ بیرکان بە توندی سانسور دەکرا. ئامێری گیوتین* بۆ سەر پەڕاندنی ئازادیخوازان و دژبیرەکان ئامادە کرا و کەوتە کار . بە قەولی هێژا و نووسەر کاک فەرهاد شاکەلی ، کۆماری مەهاباد جوانەمەرگ کرا و ، لەو هەموو تەقەمەنی و چەکە، هیچمان بۆ نە ماوەتەوە ، ئەمما بەرهەمەکانی هێمن ، هەژار، زەبیحی و قزلجیمان هەر بۆ ماونەتەوە . ئازادیخوازان و عەدالەتخوازان ناچار دەبن، ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێ بێڵن و بەرەو باشوری کوردستان کۆچ کەن . دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان ژیانی نووسەرانی دەورانی کۆمار، تراژیدیای پڕ و تژی لە مەرگەسات و کارەسات بوو . حەسەنی قزڵجی یەکێک لەو ئازادیخوازانەیە ، کە ژیانی ئاوارەگی بەرەو پیری دێت . ناچار دەبێت بۆ بەڕێوە بردنی ژیانی رۆژانە ، تووتنەوانی، کرێکاری، چایچی گەری، وێنەگری،،جووتیاری و میرزایی ناو دوکانی تاجرەکان بکات . قزڵچی وەک کوردێکی ” دیاسپورا ” لە بولغارستان بەرهەمی جوانی پێشکەش بە گەلی کورد کردووە .

٧- نووسەر و گۆڤارەکان: هەوراز و نشێوی ژیان ، زیندان ،ژیانی ئاسایی ، ئاوارەگی و هەڵات هەڵات ، ژیانی نووسەری دیاری کردووە و سەنگەر و حەشارگەی زۆری گۆڕاوە . و هەر کات دەرفەتێک و موڵەتێکی گونجاوی دەست کەوتوە، بیر و ئەندیشەی لە وتارە کاندا کۆ کردوەتەوە و لەم گۆڤارانەدا بڵاو بونەتەوە . کۆڕی زانیاری کورد ، هەڵاڵە ، نووسەری کورد، بەیان ، ڕۆشنبیری نوێ، ڕێگا، کوردستان، ئاوات، نیشتمان، هیوا، ڕۆژی نوێ. کاتێک گەڕاوە بۆ کوردستان لە ڕۆژنامەی خەڵک ( مردم- ئوڕگانی ناوەندی حیزبی توودەی ئێران ) وتاری نوسیوە و کاری تەرجومەی کردووە.

٨- ژیانی رەنجبەران و ستەمی تۆخی نەتەوایەتی : لە سیا ساڵەکان ناسیونالیزمی پاوان خواز و ڕەگەز پەرستی داگیرکاران دەیان لوراند و ئەمنیە و پولیس ، گیرفان بڕی هەژارانی کوردستان بوون . دەزگای داپلۆسێنەری کەم هاوتا ، ڕەنجی شانی ڕەنجبەرانی هەڵدەلوشی. سیستەمی سەرکوتگەری داگیرکاران ،تۆزقاڵێکێش لە نامەردی و دڵ بەردی خۆیان نە دەبوارد . بێ گومان ستەمی نەتەوایەتی ئازاری میللەتی کورد دەدات ولێی بێزارە. میلان کوندێرا* ١٩٢٩ زاینی سەبارەت بە زمان دەڵێت : هەوەڵین هەنگاو بۆ فەوتاندن و لە ناو بردنی نەتەوەیەک ، سانسور وسڕینەوەی فەرهەنگ ، زمان وکولتوریەتی . لە ئاسۆی بیرو باوڕی نووسەر گزیر، ئاغا، شێخ ، سەید، بەگ ، کوێخا لە پڕۆسەی بەرهەم هێناندا نین . ئەگەریش هەبن فرە کز و لاوازن و، وەک مێمڵ لە سەر بەرهەمی ڕەنجی شانی کرێکاران ، ڕەنجدەران و وەرزێران دەژین . حسین قولی کە ژاندرمەیە دەڵێت: من پیاوی حکومەتم و، دەبێ دەستور و فەرمانی دەوڵەت بەجێ بگەیەنم . لە مەلای ئاوایی کە جل و بەرگی ” کوردی” لە بەر کردووە، پەڵپ و بەهانە دەگرێت، بۆ جل و بەرگی” فەرەنگی” لە بەر نە کردووە ؟ پێنج تمەن پارە داوا دەکات . سێ تمەن کۆدەکرێتەوە و لە باتی دووتەمەنەکەی تر ، لە مەلا داوا دەکات ، قورئان بۆ دایکی مردووی بخوێنێت . لەم دوو ڕەستەدا ، ئاماژە بە دڵڕەقی کاربەدەستانی حکومەت و تێنەگەیشتوویی ژاندارەکە کراوە و، پەردەر لە سەر ئاستی بەرزی ستەمی نەتەوایەتی لا دەبا . لە داستانی چایی دیواخان، خاوەن مال شڵەژاوە و دڵەراوکی گرتویەتی ، کە ڕەنگە ژاندارەکان لە تەویلە و ئاخۆڕی ئەسپەکان ، لە ناو کادێن ولە کونەدیوارێک فیشەک قایم کەن و بشارنەوە . و گێچەڵ و پەڵپی پێ بفرۆشن و فیشەکەکان بدۆزنەوەو ناچاریان کەن تاوانی قورس و جەریمە بدەن .

٩- لایەنگری راستەوخۆ لە عەدل و داد : کاتێک حکومەتی نیڕویژ دیاری و خەڵاتی نوبیل بە هینری کی سینجر وەزیری دەوەوی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا دەبەخشێت ، هاواری نووسە بەرز دەبێتەوە . ئەمە لە بارودۆخێکدایە کە چاوی راست لە چاوی چەپ، دەستی ڕاست لە دەستی چەپ و هەنگاو لە ڕێگا و قەلەم لە کاغەز دەترسێت وئەم هەڵویستە شەهامەت و خۆبەخشیی دەوێت . پاش شکستی بزووتنەوەی کورد لە ١٩٧٥ی هەتاوی کی سینجر لە دیدار لە گەڵ ڕۆژنامەوانەکانی جیهانیدا وتی: ئێمە پشتی کوردەکانمان بەر دا . سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە کوردەکان بێ ڕەوشتانە بوو . وازمان لە کوردەکان هێنا ، تا عێراق دەستی بۆ لێدانی سووریا ئازاد بێت . کەواسا نووسەر هینڕی کیسێنجر بە شیاوی ئەو خەڵاتە نازانێت . نیکسون سەرۆک کۆماری ئامریکا داوا لە عێراق و ئێران دەکات کە بزووتنەوەی کورد سەرکوت و ناکۆکییەکانی خۆیان چارەسەر کەن و شۆڕشی کوردیش بە ” سەرەتان ” ناو دەبا . قزڵجی بە توندی ڕەخنە لە سیاسەتی فەرانسا و ئامریکا دەگرێت . ڕەخنەکان لە دیالۆگیکدا کە کاراکترکان بەراز، گورگ، ورچ، چەقەڵ وکەروێشکە ، باس دەکات.

١٠- تەرجومەی شاکارەکان : ڕێزدار حەسەنی قزلچی ، هەندی لە شاکارە جوان و ناسکەکانی نووسەرانی جیهانی بۆ سەر زمانی کوردی تەرجومە کردوەتەوە . تەرجومەکان بەرەو لووتکە بەرزەکانی خەیاڵ هەنگاو دەنێن . دوای ئاوا بوونی کۆماری کوردستان ١٩٤٧-١٩٤٦ ی زاینی دەنگی ئازادیخوازانی نرخناس، ڕووناکبیرانی مرۆڤدۆست کپ کرایەوە . و لەو بار و دۆخ و سە ردەم و خولە تەم و مژاوی و تاریکەدا و، لە تاراوگە و هەندەران دیسان مەشخەڵی ڕووناکبیری و نوێخوازی و بیرمەندی هەڵگرتوە . قزڵجی بۆ پلورالیزم و فرە چەشنی ڕێزی هەیە . ئەم ساڵانە هەندی کتێب لە باشوری کوردستان، لە لایەن تاقمێک ” زڕە نووسەر” کاڵ فامانە تەرجومە کراوەنەتەوە ،هەر گیز ئەمانەتداریان نە کردووە و تەرجومەکان لە دارێکی زڕ و بێ بەر و ، لە تاڵاو و خومێکی حەوت ڕەنگ دەچن . لە واقیعدا تەم و مژ تەرجومەکانی داگرتوە و ، ئەوپەڕی سوکایەتی بە فەرهەنگی کورد، خوێنەری کورد و زمانی کوردی کراوە . تەرجومەکانی قزلجی:
* مەرگی فەرمانبەر هئ ئانتوان چیخۆف بووە. * چارە ڕەشەکان (چیرۆک ) هی ویکتور هۆگۆ بووە . * پەنجەرەیەک بەرەو ڕۆژئاوا هی عەزیز نسین بووە . * بەرهەمەکانی شولۆخۆف ، ماکسیم گورگی و ئی- هانری ئامریکایی * ئەڤین – عیشق- هی نووسەری بولغاری بە ناوی دیمیتر نیڤانۆڤ بووە . دیمیتر نیڤانۆڤ زۆر تر بە ناوی ئێلین پێلین ناسراوە . * خۆکوشتن هی ئانتوان چیخۆف بووە .

١١- کاراکتری قزڵجی لە ماسمێدیا : ڕێزدار حەسەنی قزڵجی ماوەیەک بەر پرسی بەرنامەی فارسی و کوردی ڕادیو پەیکی ئێران بووە . ئاسۆی بیر کردنەوەی جیهانگەرایی* و سێکۆلار* بووە . لەم ماسمێدیاوە چەندین بەرنامەی عیلمی سەبارەت بە ماکسیزم و لنینیزم ئامادە کردووە و بلاوی کردوەتەوە . سوسیالیزم ، ماتریالیزمی مێژوویی، خەباتی حیزبایەتی،ئیستراتژیک ، دیالکتیک ،شۆڕشی کۆمەڵایەتی،ماتریالیزمی فەلسەفی، سەرمایەداری ، پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان ، چینەکانی کۆمەلگا ، دەوڵەت ، تیئوری و پراکتیک و شێوە کاری نهێنی گرینگترین وتارەکانی بووە .

١٢- ئاسۆی بەرهەمەکانی نووسەر: نووسەرێکی ڕئالیست و پێشکەوتوو بۆ زۆربەی هەرە زۆری شارۆمەندان دەنوسێت و، نووسراوەکانی لە خزمەت بەرژەوند و ئامانجەکانی ڕەنجبەراندایە . لە ڕوانگەی نووسەری ڕئالیست دیواری حیزبی و ئامانجە بەرتەسکەکانی تاکە کەس و ڕێکخراوە هەرگیز نابێت پیرۆز، تاپۆ و موقەدەس بێت . لێرەدا لێکدانەوەکان و هەڵسەنگاندم ، هەرگیز کەم ڕێزی بە نووسەر نیە . یەک ١: بەرهەمەکانی نووسەر بە گشتی سەبارەت بە ڕەنجدەران و “خۆش نە ژین ” ە کانی دێهاتی کوردەواری نوسراون . دەردەکان، برسێتی، نەخۆشی و نەخوێندەواری، ئازار و کوێرەوەری ڕەنجدەرانی گوندەکانی کوردستانی زەق کردوەتەوە و بۆ زۆربەیان ڕاسپاردەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستانەی پێشنیار کردووە . ئایا ژیان و گوزەرانی هەژاران و قەراخ نشینەکانی شار ، لە گەڵ مەینەت و کوێرەوەری تێکەڵ نە بووە ؟ ئایا چینی تازە پێگەیشتوی بوژوازی بە نیسبەت نەداران و قەراخ نشینەکانی شارەوە، دلۆڤان و میهرەبان بووە؟ ئەگەرچی سەنعەت و پیشەسازی گەورە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بورژوائاسا هێشتا لە بەستێنی شار کز و لاوازە، ئەمما ناکۆکیەکانی ژیانی شاری و مەدەنی لە نووسراوەکانی قزڵجیدا لە ئاستێکی بەرزدا نیە و کەمتر باس کراوە و ڕەنگی داوەتەوە . لە واقیعدا بەشی ڕەنجدەرانی شار لە لایەن نووسەرەوە زۆر کەمە . پارادوکسی ناو شار و کێشە کەڵەکەبوەکانی کەمتر باس کردووە . قزڵجی لە شار ژیاوە و شار ناسە . خودی نووسەر شار بە دەری دەستی سیستەمی بورژوازی ئێرانە کە وەک کادرێکی پەڕیوە و ئاوارە، لە هەرێمی کامیاران گیرساوەتەوە . ئایا دەتوانین ئەم دیاردەیە لە خانەی ڕەخنەدا پۆلبەندی کەین؟ دوو٢ : لە چیرۆکی ” کەشکۆڵی جادوویی ” ئەگەرچی زۆر بیر و ئەندیشەی پێسکەوتووی تێدایە ، ئەمما خۆزگە نووسەر لە سەر شیواز و قاڵبی سیمبۆل و هێما داستانەکە ی نوسیبا. هەموو بەستین و زەمینەکان واقیعی و ڕئالیستین ، پاشان بەرەو ئەفسانە ی خورافی هەنگاو دەنێت . ئایا نووسەر لە ئاستێکی بەرز و شارەزایی زماندا نە بووە ، کە داستانەکە لە بەستێنی هێما و سیمبۆلدا مەترح دەکات ؟ قارەمانی داستانەکە کوڕێکی ئازا و ماندوویی نە ناسە کە ناوی وەیس ە . وەیس لە تاڵی ژیان و زەحمەتی نان بەدەس هێنان وەڕز، ئاوارە و سەرگەردان دەبێت . پێرەمێردێک چارەی دەردی دەکات . کەشکۆڵی جادوویی بە وەیس دەدات . وەیس پێ وایە و بەو قەناعەتە گەیشتوە کە لە هەموو ڕەنج و مەینەت و برسێتی ڕزگاری دەکات . ئایا کەشکۆڵی جادوویی دەتوانی چارەی دەردی دەیان میلیون هەژار وەک وەیس بکات ؟ ئایا هەڵویستی نووسەر لەم چیرۆکەدا، عیلمی و لۆژیکە ؟ ئایا نووسەر پەنای بۆ دیاردەی میتولۆژی نە بردووە؟ ئایا بیری پێشکەوتوانە ومودێڕن و عیلمی لێرەدا بزر و گوم نیە ؟ سێ٣ : لە داستانی خەمڵی پەموو ، نووسەر بە ڕاشکاوی دەور و نەقشی سەید، شێخ ، مەلا،کوێخا وگزیر کە ئامێری دەستی بەگ و فیئودالەکانن نیشان دەدات و دژی تاقمی مێمڵ و بێکارە کەبازرگانیان بە ئاین و ئاین زاکانەوە کردووە قسە دەکات. نووسەر بە ڕاشکاوی دژی هەڵسوکەوتی شێخ، بەگ، مەلا و کوێخا بووە و، هەمیشە بە چاوی گاڵتە، تەوس پەردەی لە سەر بیر و باوڕیان لا بردووە . لە یەک کەلامدا نووسەر دژی داب و نەریتی کۆن و داڕزیو و خورافی ناو کۆمەڵگا یە . بە ڕاشکاوی لە جووتیاران ، پاڵە و ڕەنجبەران دیفاعی کردووە . سۆفی نامیق ‌ قارەمانی چیرۆکەکە، هەڵویستێکی ئازایانە دەگرێ و لە گفت و قسەدا قەولی بەرخودان دژی چەوسێنەران دەدات . ئایا سۆفی نامیق لە حاست خاوەن زەوی و دەست و پێوەندەکانی بەرخودان و ئیعترازی کرد؟ لەم پیڤاژەدا هێچ شتێک ڕوون و دیار نیە و قارەمانی داستان،کە لە داخان دەهری بووە پەیمان شکینە و لە گفتی پاشگەز بوەتەوە وسکوتی کردووە. بۆ قارەمانی داستانەکە تۆلەی خۆی نەکردەوە ؟ پەیام و ڕاسپاردەی ئەم چیرۆکە لێڵ و مژاویە . چوار٤ : لە داستانی عادەتی بازاڕ ، چەوسێنەر و خاون کار پێش ئەوەی نهێنی و ڕازەکانی ئاشکرا بێت ، مێرزا و کاتب دەر دەکات . خۆزگە نووسەر وای گونجاندبا کە کاتب خۆی دەستی لە کار کێشابا و وازی لە کارەکە هێنابا . ڕاسپاردە و پەیامەکە لە جێگای شیاوی خویاندا نین ! پێنج ٥ : لە چیرۆکی چایی دیواخان ، قارەمانی داستانەکە یەک کاراکترە . میرزا ڕەحمان بازرگانە و لە شاردا دەژێت . پلە و ستاتوسی کۆمەڵایەتی و چینایەتی خۆی نزم دەکاتەوە و دەبێ بە ئاغا میرزا ڕەحمان و بەرەو ژیانی گوندنشینی ، شار بە جی دێڵت ولەم پڕوسەیەدا جێگای چینایەتی خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە فیئودال . یانی جێگای چینایەتی خۆی لە بورژوازی ناو شارەوە بۆ فیئودالی ناو دێهات دەگۆڕێت . بە پێ ئوسول ، مەنتیق، قازانج و ئامانجی ئابوری باشتر وا بوو جێگۆڕکی چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا مەنتیقی و لۆژیک بن . مەسەلەن ڕەحمان ئاغا ی فیئودال بەرەو شار ڕویشتبا و ببوایە بە میرزا ڕەحمانی بازرگان . لیرەدا بوچونێکی نا ئاسایی و ئاوەژوو لە ستاتوسی بورژوازی بۆ دەرەبەگایەتی هاتوتە ئاراوە . ئەم خەسڵەت و عادەتانە لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ئاوارتە و دەگمەنن . لە پێوانە ئابوری و ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵگا ،کۆچی فیئودالی دەوڵەمەند بەرەو شار و هەڵبژاردنی شوغڵی بازرگانی ئاساییتر، عادی تر و گونجاو ترە . چونکوو لافاوی گۆڕان ، هەمیشە دیاردە کۆن و بەسەر چوەکان ڕادەماڵێ . ئایا دەکرێ ئەم دیاردەیە لە یانەی ڕخنەدا پۆلبەندی بکرێت؟ مەنتیقی بیرەحمی ئابوری بە پێچەوانەی ئەم جێگۆڕکی قسە دەکات و هەڵویست دەگرێت . دەبوا فیئودالەکە ، بەرەو ژیانی شاری ڕۆیشتبا و ستاتوسی کۆمەڵایەتی و ئابوری خۆی گۆڕیبا. لە نمونەی چیرۆکی نەدیداری حاجی و نە خەوی مزگەوت . نووسەر سەرکەوتوانە ڕەوتی جێگۆڕکی چین و توێژەکان نیشان دەدات . بایز قارەمانی داستانەکە لە پێگە و ستاتوسی جووتیاریەوە بەرەو دووکانداری ( وردە بورژوازی ) ناو شار ملی ناوە و نووسەر ئەم جێ گۆڕکی و کۆچە ی شارەزایانە و سەرکەوتوانە باس کردووە . * * * * *
کورد یەک نەتەوە و کوردستان یەک نیشتمانە ! ئێمە لە ناو ساتە تاریکەکانی مێژوودا تێپەڕ دەبین . ئایا متمانە بە خۆ لە مێشکی ڕووناکبیرانی کورددا ، سەقامگیر بووە ؟ داگیرکاران تەنیا بە چەک و کیمیا باران ، کۆچی زۆرەملی، قەڵاچۆ، زیندان وگازی شیمیایی و لە سێدارەدان، شەڕ لە گەڵ گەلی کوردا ناکەن ، بەڵکوو بە ئامێری ماسمێدیا لە گەڵ فەرهەنگ ، کولتور و زمانی کوردیش شەڕ دەکەن . کوردستان داگیر کراوە ، کە وایە سەرخان و ژێر خانی ئابوری و هەل و مەرجی مێژوویی ئیستای کوردستان بۆ خەباتی چینایەتی گونجاو نیە . گەلی کورد ئیستا لە قۆناغی شەڕی ناوخۆیی چینە جیاوازەکانیدا نیە ، بەڵکوو لە قۆناغی شەڕی ڕزگاری نیشتمانیدایە . وەرچەخانی مێژوویی و شنەی گۆڕان ، پڕۆسەیەکی کتوپڕ نیە . هەندی فاکتور و بنەمای کۆمەڵایەتی لەئاکتیڤ و پاسیو بوونی ڕوداوەکان دەوریان هەیە . بە خاتری سکوتی ئازادیخوازان و مرۆڤە ڕادیکاڵەکان و نە بە خاتری سیستمە خراپەکان ، جیهان پڕە لە جەنایەت و بێ عەدالەتی . تەرجومەی شاکارەکانی ئەدەبیاتی جیهان* بۆ سەر زمانی کوردی، دەتوانی، پردی پەیوندی بێت و زمانی کوردی لە گەڵ ئەدەبیاتی جیهانیدا گرێ بدات . مرۆڤ سەری سورماوە بۆ حەجمی بەرهەمی شاعیرانی کوردستان لە حەجمی پەخشانی نووسەرەکان زۆر ترە ؟ نووسەرانی تر بەرهەمی چاکیان نوسیوە و ،کاتێک بە بیرخانەی مێشکم دا چوومەوە ناوەکانیانم وە بیر نەهاتەوە . بە باوشێکی تژی لە خۆشەویستی بۆ ئەو نووسەرانە هیوادارم دڵمەند نەبن و دڵنیام لە بیر چوونی ناوکانیان لە گەورەییان کەم ناکاتەوە .

ئوکتوبری ٢٠١٦ سوید

———————————- ———- تەواو زانیاری پێویست : ١- ئەحمەد خودا داد(١٩٥٥-١٨٨٢ ) یەکەم چیرۆک نووسی کوردە ، لە گوندی دینەوەری ناوچەی کرماشان لە دایک بووە ، کتێبی- روزگار سیاە کارگر- ی نوسیوە کە جەناب عەبدواللەی مەردۆخ بە ناوی چارە ڕەشی وەرزێر کردوویە بە کوردی . ساڵی ١٩٢٧ ی زاینی بۆ یەکەم جار بە زمانی فارسی لە کرماشان چاپ و بڵاو کرایەوە . ساڵی ١٩٣٠ زاینی لە لایەن ئەلف – شەهری یەوە بە زمانی روسی تەرجومە و لە مۆسکۆ بڵاو کرایەوە . وساڵی ١٩٣٥ ی زاینی دیسان لە تاشکەندیش چاپ کرایەوە . ٢- ئێبراهیم ئەحمەد : سەر نووسەری گۆڤاری گەڵاوێژ چەندین چیرۆکی ئینگلیزی بە زمانی کوردی تەرجومە کردوە و،لە گەڵ کورتە چیرۆکەکانی خۆی لەم گۆڤارەدا بلاوی کردونەتەوە . ئیبراهیم ئەحمەد شیعری ” یاران ” کە هی خۆی بووە بە بۆنەی لە سێدارەدانی قازی موحەمەد و شیعری ” ئەی نائومێدی” پیرە مێردی بە بۆنەی ڕوخانی کۆماری کوردستان لە گەلاوێژدا بڵاو کردوەتەوە . ٣- ساتیر : هەمان ئێرۆنی ، گاڵتە،تەنز و توانجە . کە نووسەر بۆ دەربڕینی ڕاسپاردە، پەیام و مەبەستەکانی، پەنا بۆ ئەم گەنجینە هونەریە دەبا. ٤- ژێ – کاف : ڕێکخراوەیەکی نهێنی ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو . کە ڕێزدار و هێژا جەناب عەبدولرەحمان زەبیحی ، . لە ئاستێکی بەرزدا، ڕێبەری ئەم ڕێکخراویەی دەکرد . لە ئەساسدا ناوی ڕێکخراوەکە، کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان بووە .
٥ – دیاسپورا : وشەیەکی یونانیە و، لە جڤاک ناسی هاوچەرخدا بە پرژ و بڵاو بونەوەی جولەکە لە جیهاندا، دیاسپورا دەڵێن . پێم وایە ئەم تەعبیرە بۆ کوردی هەندەرانش لۆژیک و گونجاوە. ٦- مەلا نەسرەدین : گەورەترین هونەرمەندی سوڕیالیست بوو . ئیستاش چەند ولات و لە وانە: تورکیا، ئێران ، کوردستان ، سوریا ، عیراق مەلانەسرەدین بە نووسەری خۆیان دەزانن . ئایا زمانی دایکی مەلا چ بووە و بە چ زمانێک قسەی کردووە ، هیشتا مەعلوم نیە . ٧- بەڕێزان: ئیبراهیم یونسی و موحەمەدی قازی دوو وەرگێڕی پایەبەرزی گەلی کورد، شاکارە جوانەکانی ئەدەبیاتی جیهانیان بۆ سەر زمانی ” فارسی ” تەرجومە کردوەتەوە و ، پردی پەیوەندی نێوان کولتور، فەرهەنگ و زمانە جیاکانی جیهان بوون . هاو کات خزمەتی گرانبەهایان لە بواری تەرجومەدا تۆمار کردووە. ٨- ئەحمەدی خانی( ١٧٠٧-١٦٥١ زاینی) مەم و زین ی نوسیوە کە لە واقیعدا ڕمئو و ژولیت ی گەلی کوردە . ٩- دوکتور گیوتین : خەڵکی فەرانسا بوو و، ئامێری سەر بڕینی دروست کرد و تەنانەت خودی دوکتوریش لەم ئامێرە ترسناکە ڕزگاری نە بوو و، سەری خۆیشی پەڕاند و داپاچی . ( Satir , Ironi ) , Orthography,Globalization,Secularism,Milan Kundera,Diaspora

Related posts