لە سیستەمی کۆلۆنیالیزم تێ بگەن!

رێبوار رەشید

لە سیستەمی کۆلۆنیالیزم تێ بگەن!

داگیرکاران هەمیشە بیانووی جیاوازیان هێناوەتەوە. پورتوگالیی و ئیسپانیەکان بە ناوی بە “شارستانیکردنی” واتە بە “مەسیحیەتکردنی” لاتین ئەمەریکاییەکان بە سەدان هەزاریان کوشت و کیشوەرەکەیان تاڵان کرد. فەڕەنسا و ئینگلیز و ئیتاڵیا و هتد. هەر وا. کاتێک کە هیتلەر هاتە سەر حوکم هەستی بە کەمبوون و سووکبوون دەکرد کە ئەڵمان لە یەک دوو شوێنی ئیرەوئەوێ نەبێت پێگەیەکی کۆلۆنیالیستیی نەبوو. لە پڕێکدا هات بە بیریدا کە پێویست ناکات کۆلۆنیی دوورە دەست بێت، دەتوانێت ئەوی تەنیشت بێت. هیتلەر پێی وابوو ئەڵمان پێویستی بە ناوچەیەکە کە بتوانێت “باڵی خۆی تیدا با بدات”. یەکەم جار پەلاماری دەراوسێ نزیکەکانی دا، لاوازترینیان پۆلۆن بوو. بەڵام کاتێک کە ڕووانی نەخێر دەتوانێت زیاتریش بکات پەلاماری کۆلۆنیالیستە گەورەکانی وەکوو فەڕەنسا و ئینگلیزیش دا. نموونەکان لە مێژوودا زۆرن. ژاپۆن لە چوارسەد ساڵدا سەدان کۆمەڵکوژیی لە چین ئەنجامدا. چین وەکوو فیلێک کەوتبوو و لە خوێناوی خۆیدا دەگەوزا.

لە هەموو ئەمانەدا بیانووەکان ئەوەن کە داگیرکراوەکان نەزانن، نەفامن، گەوجن، بێ شارستانین، بێ کولتورن، بێ زمانن، بێ مێژوون، بێ غیرەتن، بێ نامووس و بێ شەرەفن، بێ ئیختیار و سووکن.

بەڵام هەرئەوەندەی ژنێک یان پیاوێک، گرووپێک، ڕێکخراوەیەک دژ بەو بندەستیی و نادادیە ڕاستبووبێتەوە و نەخێری بەو داگیرکردنە گوتبێت، ئەوا بە شەڕەنگێز و تێکدەر و جیاخواز و تیرۆرسیت و چەتە و یاساشکێن ناوزەند کراوە. لەلای داگیرکەر نەتەوەی بندەست هیچ کات ئازا و بەجەرگ نییە، بەڵکو یا بێغیرەت و ترسنۆکە یان شەڕەنگێز و چەتەیە.

بە خوێندنەوەی مێژوو مرۆڤ تێ دەگات کە خراپترین لە سیستەمەکانی کۆلۆنیالیزم ئەوی تورکیە، چون هەر لە سەر دوو پایەی ڕەگەزپەرستیی/ سووکتێڕووانین و تاڵانکردن نەوێستاوە، بەڵکو هەروەها لە سەر دوو پایەی دیکەش دامەزراوە کە نکۆڵیکردن لە هەبوون و دەژێنرەکردن، واتە داڕزاندن ـە. سیاسەتی داڕزاندن لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیکدا/ ترادیسیونالدا تەنها قۆناخێک بوو، پاشان بە سەدان نووسەر و ڕۆشنبیر و ئازادیخواز و مافخوازی کۆلۆنیالەکان ڕاست بوونەوە و بە توندیی ڕەخنەیان لەو جۆرە میتۆدە لە مرۆڤشکاندن گرت.

تورکەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەڵێن گوایە ئەوان شەڕیان لەگەڵ کورددا نییە، بەڵکو شەڕیان لەگەڵ پ ک ک هەیە. دیارە ئاساییە کە ئەوان لە سەر ئەو چوار پایەیە سیستەمێکی پروپاگەندەیی و شەڕی دەروونیی دژ بە کورد و کوردستان و بۆ درێژەدان بە هێشتنەوەی کوردستان لە ژێر دەستی خۆیاندا، دابمەزرێنن. ئەوی نائاساییە و تا رادەیەکی باڵا شەرمئاوەرە ئەوەیە کە هەندێک کورد هەمان شت دووپات دەکەنەوە. دەگوترێت “ئەگەر پ ک ک لە باشوور نەمێنێت”، “ئەگەر پ ک ک شەڕی خۆی بباتە نێو تورکیا”، “ئەگەر پ ک ک واز لە ڕۆژئاوا بهێنێت”، “ئەگەر ڕۆژئاوا وێنەی ئۆجەلان بەرز نەکەنەوە”، “ئەگەر ڕۆژئاوا خۆ لە پ ک ک وەدوور بگرێت” و قسەی لەو جۆرە.

پێویست ناکات نموونەی بەئەژمار لە سەر خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەکانی دیکە بهێنرێتەوە کە سیستەمی داگیرکەریی هەتا دوا هەرە فرسەتیش ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕی ئەوانی قبوڵ نەبووە. هەندێک وڵاتی ناو دیموکراسیەکانی ئوروپا هەتا دوا ساتەکانیش ئامادەنەبوون ماندێلا بە نوێنەری تێکۆشانی باشووری ئەفریقا بناسن. ئەم باسە کۆنە. قەیسەری ڕۆم تەنیا کاتێک نەیتووانی بەر بە بزووتنەوەی عیسایی بهێنێت هاتە پێش و ددانی پیادا نا کە عیسایی ئاینێکە. ئەو کاتەیش هەر نەیهێشت سەرکەوتنەکە بۆ خەڵکەکە بێت، بەڵکو کردی بە هی خۆی. چون خەڵکەکەی کۆکردەوە و پێی گوتن: ئێوە دروست بوون، و من هەڵە بووم. من خەونم دیووە، منیش باوەڕم هێناوە و ئەو دینەم قبوڵە.

لە بریتیی ئەوەی بڵێت دێمە سەر دینی ئێوە، گوتی مەسیحیەتم بە ئایین قبوڵە.
لە چرکەیەکدا ئایینی مەسیحی بوو بە ئایینی دەوڵەت. سێ سەد ساڵ لە ڕاوەدوونان و زیندانیکردن و کوشتن و بڕین بە چرکەیەک شاردرایەوە. هەر پاش ئەوە بوو بە ئایینی داگیرکردن.

پێش کۆماری ئیسلامیی ئێران حەمەڕەزا خان و بابیشی دژ بە تێکۆشانی کورد بوون، دژ بە کۆمەڵەی ژ.ک بوون، دژ بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوون و گەورەترین دەستکەوتی ئەو سەردەمەیان تێکدا کە کۆماری دیموکراتیکی کوردستان بوو. کاتێک کۆماری ئسیلامیی ئێران هاتە سەر حوکم خومەینی فەتوای نەهێشتی دا و بەنی سەدر داوای کرد کە هەتا کوردستان بێ دەنگ نەکرێت سەربازەکان بەنی پۆتینەکانیان نەکەنەوە. هەر لەبەرئەوەی کۆماری ئیسلامیی جێی ڕژیمی شای گرتەوە، داگیرکردنی کوردستان کۆتایی پێ نەهات. کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بانگەوازی تێکۆشانی دا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا چاوپۆشیی لەم نەکرد بەڵکو رەنگە توندتریش هێرشی کردە سەر ئەمیش، بەتایبەتیی کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژیکەوە بە کافر دا دەنران.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە هیچ جۆرە خەباتگێڕ و تێکۆشەرێک و هیچ خەباتگێڕییەک و تێکۆشانیك نەکردووە. ئێستایش کە ژمارەی ئەو لایەنانە زیاتر بوون، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بە هەمان شێوە دژایەتیی هەموویان دەکات.

مێژووی ئەم دژایەتییکردنە لانی کەم دەگەڕێتەوە بۆ هاتنەسەرکاری سەفەویەکان.
لە هیچ لەم نموونانەدا فاکتەری پ ک ک نییە.

هەر بە چاو هەڵدانێک بە دروستبوونی ئێراق تەنانەت لە ژێر مانداتی بەریتانیاش، شەڕی دژ بە کوردستان نەوێستێندراوە. لە سەرەتای بزووتنەوەی کوردیەوە حکومەتەکانی ئیراق تاک بە تاکی ڕێبەرانی ئەو سەردەمانەی باشووریان بە “دز” و بە “چەتە” و بە “ڕێگر” و بە “تێرۆریست” و بە “بێ ئابڕوو” و بە “جاشی ئێران و تورکیا”، بە “کاسەلێسی ئەمریکا” و هتد ناوزەند کردووە. بە پرۆپاگەندە هەزاران جار جاڕی تەسلیمبوون و مردن و هەڵهاتنیان دراوە.

لەم مێژووەدا هیچ فاکتەرێکی پ ک ک نییە.

لە سووریا خەڵکی کورد، بە هۆی گەلێک هۆی سرووشتیەوە، هێندەی بەشەکانی دیکە خەباتی چەکداریان نەکردووە، ئەگەر مەسەلە هەر بەرەنگاربوونەوەی چەکداریی بێت. لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت ناسنامەی سووریشیان پێ نەدەدرا. تورکەکان، هەر لە سووتاندنی بەغدادەوە نزیکەی ٧٦١ ساڵ لەمەوپێش هەتا ساڵی ١٩٧٨کە پ ک ک سەری هەڵدا ، نەتەوەی دیکە و کورد کۆمەڵکوژ و تاڵان دەکەن. لێرەیشدا هیچ فاکتەرێکی پ ک ک لە ئارادا نەبووە.

ئەوانەی پێیان وایە سیستەمێکی داگیرکەریی گەورەوگران کە بیستوچوار سەعاتە بە سەدان فڕۆکەی جەنگیی و سەدان تۆن بۆپمب و سەدان تانک و زرێپۆش و سەد هەزار سەرباز و پۆلیسی لە ئیختیاری خۆیدا داناوە کە بتوانێت تاڵانییەکە ئەنجام بدات، دێت و چاوپۆشیی لە ئەم یان ئەو دەکات لەبەرئەوەی ئەم یان ئەو “ئاشتیخوازن” و “باوەڕیان بە شەڕ نییە” و هتد، کەسانێکن کە لە سیستەمی داگیرکەریی حاڵیی نەبوون. سیستەمی داگیرکەریی تەنیا و تەنیا مرۆڤێکی تەسلیمبووی قبوڵە کە سەر ڕێی تاڵانکردنی لێ نەگرێت. بەڵام تاڵانیی هەر دزینی زێر و زیو و سامانی سرووشتیی نییە، هەر داگیرکردنی زەمین و زەویوزار نییە، بەڵکو هەروەها شکاندنی ئابڕوو و شانازیی و سەربەرزییشە، وەکوو دەستدرێژیی بۆ سەر پیاوان و ژنان، ڕفاندنی کچان، وەکوو چاوترسێنکردنی مرۆڤەکان، بێدەنگکردنیان. لە سیستەمی چوارپایەی داگیرکەریی تورکدا ئەسڵەن بە تەنیا بە تەسلیمبوون رازی نابن، بەڵکو مرۆڤێکی بندەستیان قبوڵە کە نەک هەر خۆی، بەڵکوو بە نێرینە و مێینەی خانەوادەکەی و بە دەراوسێ و گەڕەک و شار و وڵاتەوە لە خزمەتیاندا بێت. دۆکترینی داڕزاندن ئەوەیە کە نابێت بهێڵرێت مرۆڤی بندەست هەستی شانازیی و سەربەرزیی و ڕووسووریی و ڕووگەرمیی تێدا بمێنێتەوە.
داگیرکەر فڵان و فیسار ناناسێت و نابینێت. داگیرکەر وا بیر ناکاتەوە. داگیرکەر ئەوە دەبینێت کە دێتە سەر ڕێی و ڕێگای لێ دەگرێت. داگیرکەر ڕووخساری ئەوانەیشی بەلاوە گرینگ نییە، بەلکو تەنیا هەبوونە فیزیکیەکە و ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەکە دەبینێت. بە پلەی یەکەم بە لاوەی گرینگ نییە ئەو کەسە ژنە یان پیاوە، بەڵکو بەلایەوە گرینگە کە ئەو کەسە/ کەسانە چەند ڕێگای لێ دەگرن.
ئا لێرەدایە کە فاکتەری پ ک ک پەیدا دەبێت.

پ ک ک دەتوانێت ناوێکی دیکەی هەبێت، دەتوانێت ناوی خۆی بگۆڕێت، تەنانەت دەتوانێت میتۆدەکانی خۆی بۆ شەڕیش و بۆ ئاشتیش بگۆڕێت، بەڵام تا ئەو کاتەی سەرەڕێ لە داگیرکەر بگرێت ئەوا فاکتەری تێکدان و جیابوونەوەخوازیی و شەڕانگێزییە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بنکەکانیان لە ناو سنووری دەوڵەتیی ئێراندا نییە، بەڵام ئێران بە بەرچاوی جیهانەوە بۆمببارانی کردن. یەپەگە چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە هیچ دژایەتیەکی تورکیا ناکات، بەڵام تورکیا هەر بە بەردەوامیی شەڕیان پێ دەفرۆشێت.

دەگوترێت “ئاخر با وێنەی ئۆجەلان بەرز نەکرێتەوە”، یان “با کەمتر بەرز بکرێتەوە”، یان “ئەگەر هەر بەرزیش دەکرێتەوە با ڕووبەڕووی تورکیا نەبێت” و هتد. لە سەر کتێبەکانی ئۆجەلانیش بە هەمان شێوە شت دەگوترێت، تەنانەت لەسەر دەستماڵی گەریلاکانیش کە ڕەنگە “یەپەگە وا نەکەن، باشتر بێت” و بەو شێوەیە.

ئەو هاوڕێیانە نازانن کە سیستەمی کۆلۆنیالیزم دژایەتیی و بەرەنگاربوونەوەکە و تێکۆشانەکە دەبینێت. بۆ سیستەمی داگیرکەریی وێنەیەک تەنیا ئەو کاتە گرینگە کە بەرەنگاربوونەوە و تێکۆشانێک بەرجەستە دەکات. هیچ وێنەیش هەڵنەواسرێت داگیرکەر هەمان تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوە دەبینێت. دیتن و هەڵسەنگاندنی داگیرکەر بۆ تێکۆشان ئۆبجێکتیڤە، هەستیاریی نییە. داگیرکەر تێکۆشان بە پێوەری جودا دەپێوێت. دەزانێت ئەو تێکۆشانە بە گشتیی چەند کەس دەیکات، خەڵکی کام ناوچە و گەڕەکن، رێژەی ژنان و پیاوان چەندە، جددیەتیی سیاسیی و دیسپلین چۆنە، توانای زیانگەیاندن و دەستوەشاندنیان چەندە، چەند لە خەڵک دوور یان نزیکن، و هتد هتد.

کاتێک کە مستەفا چەمران بە خۆی و تەواوی ئیتلاعاتی ئەو سەردەمە و سپاوە وەدووی گیانبەختکردوو فوئاد مستەفا سوڵتانی کەوتبوون تا تیرۆری بکەن، ڕوویان لە تیرۆرکرنی ئەقڵ و رووخساری تێکۆشانێک بوو، نەک لە قەد و باڵا و ڕووخساری کەسیی مرۆڤێکی کورد. گیانبەختکردوو قاسملۆ لە بەرەی شەڕدا نەبوو، بەڵکو بە مەبەستی شێوەیەک لە چارەسەری ئاشتیی بەشداری کۆبوونەوەیەک بوو، بەڵام تیرۆر کرا، چون نوێنەرایەتی تێکۆشانێکی دەکرد کە دەر لە پاوان و لە کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامیی بوو.

هیچ کام لەم گیانبەختکردووانە و بە هەزارانی دیکە “پ ک ک” ـیی نەبوون و وێنەی ئۆجەلانیان بەرز نەکردووەتەوە.

حەسەن زیرەک شۆڕشگێڕێکی چەکدار نەبوو بەڵکو هونەرمەندێکی کوردستانیی بوو کە رێی بە خۆی نەدەدا لە ناوچەیەکی قەتیسماودا بژی و بمرێت. حەسەن زیرەک چون هونەرەکەیی نەفرۆشت هەر لە دەربەدەریی و هەژاریی و زیندان و ڕاوەدووناندا جەرگی رەش هەڵ گەڕا. بە بەراووردێکی سەرپێیی هونەرمەندانی داگیرکەران کە لە کام هۆڵ و بە چ شێوەیەکی مۆدێرن و لە چ خزمەت و کەیف و سەفایەکدا کاری خۆیان ئەنجام داوە، دەبینن کە داگیرکەر زۆر لەوە هۆشیارتر و ژیرترە کە یەک دوو موچەخۆری سیاسیی نەتەوەی بندەست کەڵەکی لێ بدەن.

نموونەکان بە خەروارن!

بەو شێوەیە ئەو هاوڕێیانە حاڵیی نیین کە بەرزکردنەوەی ئەو وێنانە بۆ تووڕەکردنی سیستەمێکی داگیرکەریی وەکوو تورکیا نییە کە خاوەنی نزیکەی ٧٠٠ ساڵ لە داگیرکردنی راستەوخۆ، لە کوشتنوبڕین و لە تاڵانیی و دزیە، بەڵکو بۆ ناساندن و خەسڵەتپیدان و پێناسەیەکی نیوخۆی ئەو تێکۆشانەیە لە ناو نەتەوەی بندەستدا، بە مەبەستی بەرچاوڕوونیی و هاندان و بەرزکردنەوەی وزە و ورە و ئیرادەی تێکۆشان. ئەوە دوو خاڵی تەواو لە یەک جیاوازن.

سیستەمی داگیرکەریی جا ئێران، تورکیا، ئێراق یان سووریا بێت، سیستەمێکی داگیرکەرییە، واتە لە کۆمەڵێک ماشێنی گەورەوگرانی دەوڵەتیی، یاسایی، سەربازیی، پۆلیسیی، ئاسایشیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، پروپاگەندەیی و پەروەردەیی و هتد پێک هاتووە. سیستەمێکی داگیرکەریی دەتوانێت هاوکات ڕاسیونال، پراگماتیست، واقیعبینانە و هتد بەرخورد بکات. سیستەمی کۆلۆنیالیزم بریتیی نییە لە هەستونەستێکی کاتیی شەخسیی یان گروپی بچکۆلە.

ئەگەر لە چاوترووکاندنێکدا هەموو ئەو وێنانەی ئۆجەلان بهێنرێتە خوار، تورکەکان یەکسەر دەڵێن: جا کێ دەڵێت دوو ڕۆژی دیکە بەرزیان ناکەنەوە، ئێمە گەرەنتیمان دەوێت/ کێ دەڵێت لە ناو ماڵەکانیان هەڵیان ناواسن، ئێمە دەمانوێت بچینە نێو ماڵەکانیان و سەیر بکەین/ کێ دەڵێت لە ناو توێی کتێبەکانیاندا نییە؟ ئێمە دەمانەوێت بیانپشکنین.
بەو شێوەیە بیانووی داگیرکەران بێ کۆتاییە.

لە باشووری کوردستان بڕووانن ئێستایش ژمارەیەکی زۆر لە گوند و ناوچە هەر لە سەردەمی عوسمانیەکانەوە ناوی تورکیان بە سەردا سەپێندراوە. شاری کۆیە (کۆی سەنجەق) کە سەرچەشمەیەکی تێکۆشەران و هۆشیارانی کوردە و زێدی کەسایەتی وەکوو حاجی قادرە ناوەکەی تورکیە. ئایا کەسێک دەتوانێت لە خەباتی ئازادیخوازییدا بەشدار بێت و نامەکەی سالم بۆ نالی نەخوێندبێتەوە؟ سالم خەڵکی سلێمانییە و سلێمانیش لە ژێر دەستی عوسمانیەکاندا لە چاو بەشەکانی دیکەی ویلایەتی موسڵدا کەمترین فشاری لە سەر بووە. لەگەڵ ئەوەیشدا بۆچی سالم دەڵێت “تورکی بێ هونەر”؟ خۆ سالم ئەندامی ڕێکخراوەی پ ک ک نەبووە.

سالم وەکوو مرۆڤێکی هۆشیاری نیشتیمانپەروەری سەردەمەکەی خۆی زیانەخرۆیی و شەڕەنگێزیی دەسەڵاتی تورکان لە سێ وشەدا وێنا دەکات.
ساڵەهایەک لە نێوان نامەکەی سالم بۆ نالی تا لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەوڕۆی تورک لە کەرکووک دا هەیە. ئایا هیچ شتێک گۆڕدراوە زیاتر لەوەی کە ئەو دەسەڵاتە داگیرکەرە هەر لە سەر تاڵانکاریی و پاوانخوازیی خۆی بەردەوامە؟ ئایا وێنەی ئۆجەلان و سیمبولەکانی پ ک ک لە کەرکووک هەڵدراون؟

لە ڕیفەرندۆمی باشووردا دەوڵەتی تورک هات و ئێراق و ئێرانی ناچار کرد کە سەربازەکانیان بهێنن و لە سنووری دەوڵەتیی خۆیەوە بازگەی پێ دانان. پێی گوتن ئەمە سنووری منە و ئەو دیویش سنووری ئێوەیە، ئێوە دەبێت بازگەتان لێرەدا هەبێت نەک کوردەکان. ئێراق و ئێران لەوەبەر هەرگیز ئەوەیان نەکردبوو و بەتایبەتیی لە ڕووی پراکتیکیشەوە بۆیان نەدەکرا.

هەمووان دەزانن کە پ ک ک ڕیفەراندۆمی باشووری ڕانەگەیاندبوو. دەشزانرێت کە ڕیفەراندۆم بریتیی نەبوو لە هەڵواسینی وێنەی ئۆجەلان و سیمبولەکانی گەریلا، بەڵام تورکەکان هەتا سەر ئێسک دژی بوون.

ئەوانەی پێیان وایە سیستەمێکی داگیرکەریی گەورەوگرانی وەکوو تورکیا و ئێران هەر بەو هەنگاوە رازی دەبن کە لەو کاتەدا دەیهاوێژن و هەر بەوەندە قایل دەبن کە لەو کاتەدا دەستیان دەکەوێت، گەوج و ساویلکەن. لە سەرەتای مانگی حەوتی سالی 2003 دا ئەمەریکاییەکان هەڵیان کوتایە سەر بنکە سیخوڕیەکانی ئێران و تورکیا لە باشوور. ئێرانیەکان لە ڕێگای لایەنێکی باشوورەوە ئاگادار کرابووەنەوە و هەڵهاتن، بەڵام چەند کەسێکی پایەبەرزی تورکەکان کەوتنە دەست ئەمەریکیەکان کە تورکەیان بە سەردا کردن. ئەوە خاڵێکی دیکەی وەرچەرخان بوو لە پێوەندیی تورکیا و ئەمریکادا و لە پێوەندیی دیپلۆماسیی و سیاسییدا بە “مەسەلەی تورەکەکە” ناوزەند بووە. لەو کاتەوە کە دەبا پێگەی ئێران و تورکیا لە باشوور لە ڕاستییدا لاوازتر بێت، بەهێزتر بووە. ئێرانیەکان لە سەرەتادا نەیاندەوێرا لە هەولێر وەدەر بکەون. ئێستا پازدە ساڵێک دوای ئەوە لە هەولێر و لە سلێمانی وەکوو لە قوم بن بەرخورد دەکەن. تورکەکان لە سەرەتادا بە هەولێر دەستیان پێ کرد، لە کەرکووک سەریان دەرهێنا و ئێستا لە سلێمانی بە سەر نامەکەی سالم دا پێ دادەنێن. لەم نموونانە بە سەدانن.

کەواتە سیستەمی داگیرکەریی زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە چەند کەسێکی لە رووی سیاسییەوە هەرزەکار گوایا بە شێوەی “نەرم” و “دەراوسێیانە” و “هاوبەرژەوەندیی ئابووریی” پاساوی بدەنەوە. سیستەمی داگیرکەریی یەک بە یەک ئێسک و پروسکی ئەوانە دەهاڕێت کە تەسلیمی دەبن. لە قۆناخێکدا ناچاریان دەکات کە وەکوو مووچەخۆری سیاسیی هەرزە بە زمانی شەڕلاتانیی و بە تەوس و جۆکئامێز لەگەڵ گەلی خۆیان بدوێن. بەو شێوەیە لە ماوەیەکی دیاریکراودا هیچ ئابڕوو و شانازیی و کەسایەتیەکیان پێوە ناهێڵێت. لە پراکتیکدا بێ کردە و دەم پیس و بێ دیسپلین و چەور و چڵێس شەریکەدزیی دەبن. داگیرکەر ئەو نموونەیە لە نەتەوەی داگیرکراو نیشانی جیهان دەدات و دەیکات بە دۆستی خۆی. داگیرکەر بە جیهانی دەر لە خۆی دەڵێت: “فەرموون ئەمە نموونەکەیانە”.

بڕوواننە زمانەکانی نەتەوەکانی جیهان، لە خۆڕا پڕ نین لە وشەی “کویزلینگ/ جاش/خۆفرۆش”، “بەکرێگیراو”، “تەسلیمبوو” و هتد. ئایا ئەو نەتەوانەی دیکە پ ک ک ـیی بوون و وێنەی ئۆجەلانیان هەڵواسیووە؟

لەو بارەوە دەبێت هەموو تێکۆشەرێک لە سەر بنەمای خەباتی ئازادیخوازیی لەگەڵ داگیرکەر مامەڵە بکات، نەک لە سەر بنەمای بیانووگەلی داگیرکەر. هەموو تاکەکەسێک، تەنانەت ئەوانەیش کە لە قۆناخێکدا پاسیڤ و دوورەپەرێزن، دەبێت “پ ک ک” و هەموو ئەوانەی دیکە کە خۆبەخشانە و دڵخوازانە، بێ مووچە و بێ پلەوپایەی دەسەڵاتداریی و بێ کۆشک و تەلار، تێ دەکۆشن، کە وەکوو سۆمای چاویان بپارێزن. تێکۆشەرانی خۆبەخش گەورەترین سامانی نەتەوەی بندەستن. ئەوان لە هەموو کانیاوێکی زێڕ و زیو و نەوت و ئاسن و هی تر بەنرخترن، چون بێ ئەمان هەموو ئەوانە لە بن دەستی داگیرکەردا دەبن.

پاراستنی تێکۆشەران ئەرکە، هەر بە تەنیا ئەرکێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی نییە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆڤپەروەریی و سەربەرزییپەروەرییە. با کەس باسەکە نەگۆڕێت، پاراستنی تێکۆشەران بە مانای ڕەخنە نەگرتن و بێدەنگیی نایەت. ڕەخنەی دروست بەشێکی گرینگە لە پرۆسەی تێکۆشان.

مرۆڤ لە حاڵەت و لە دۆخی سرووشتییدا دەبێت ئازاد بێت، دەبێت سەربەرز و شاناز بێت. لە سایەی هیچ سیستەمێکی داگیرکەرییدا ئازادیی و سەربەرزیی و شانازیی لە سفار و لە گۆڕەپانی تێکۆشان و بەرخۆداندا نەبێت، لە دەرەوەی ئەودا نییە و نابێت.

ئێمەی کورد لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەی مێژووداین. زۆربایەتیی خەڵکی کوردستان وەکوو هەموو نەتەوەیەکی دیکە خەڵکێکن کە دەیانەوێت لە ئاشتیی و ئازادیی و لە پێوەندیی دۆستانەدا بژین. ئەوانەی دەیانەوێت لەم خەباتەدا بەشدار بن دەبێت بۆ ئەو ئامانجانە تێ بکۆشن کە ئازادیی و سەربڵندیی و سەربەخۆیی مرۆڤ بە ناوەند دەگرێت. یەکەم هەنگاو تێگەیشتنە لە سیستەمی داگیرکەریی ئەوجا تێکشکاندنیەتیی.

دەبێت هەموو یەکێک کە دەیەوێت لەو تێکۆشانەدا بەشدار بێت بە خۆبەخشیی و بە دیسپلین و بە جیددیەتیی سیاسیی و لە کرداردا مامەڵە بکات. بەهێزکردن و هۆشیارکردنەوەی تاکەکان، لێکنزیکبوونەوە و یەکترقبوڵکردن و هاودەنگیی دەبن بە بناخە بۆ یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کە تەنیا ڕێگای سەرکەوتنمانە.

لە لاپەڕەی نووسەر وەرگیراوە

Related posts