گەشتێکی کورت بە ناو داڵانەکانی ڕۆمانی ڕۆبینسۆن کروزوو

گەشتێکی کورت بە ناو داڵانەکانی
ڕۆمانی ڕۆبینسۆن کروزوو

ڕەشاد – مستەفا سوڵتانی
یەکی ئاگوستی ٢٠١٩

داستان و ئیپۆس و یا پۆیەم لە ئەدەبی دونیادا ،جێگایەکی تایبەتی هەیە . ڕۆمانی کوردی هیشتا توانا و پوتانسیل و زەرفیەتەکانی خۆی دەر نەخستوە و بنەماکانی زمانی داگیرکارانی نەشکاندوە . زمانی کوردی سەدان ڕایەڵی دیار و نادیاری هەیە .سەرجەمی ڕۆمانە کوردیەکان ،داواکانی ئەم قۆناغە پڕ ناکەنەوە و ، بە داخەوە ئاستی زۆر لاواز ونزمی ” خوێندنەوە” لە جڤاتی کوردەواریدا سامناکە.
مێژووی ڕۆمان و تەرجومەی شاکارە ئەدەبیەکانی جیهان ،لە کوردستان دێر دەستی پێکردووە و مێژوویەکی کۆنی نیە . ڕۆمان نووسەکان ئافرێنەرانی نەتەوەی خۆیانن . خوێندنەوەی ڕۆمان تەلاری تێگەیشتنمان بەرز و بەرزتر دەکەنەوە . نووسەر و ڕووناکبیرانی کورد ڕەنگە نزیکەی سی سەد ساڵ لە پاش ئوروپاوە هونەری ڕۆمانیان دەس پێکردووە . تەنانەت وڵاتانی داگیرکاری کوردستان لەم بوارەدا ئەزمونیان کرچ و کاڵ و تازە ڕێگای خۆیان ، لە بزنە ڕێگای کوێستانەوە بەرەو شاڕێی ژیاری دۆزیوەتەوە . بابەتێکی زۆر تازەیە و لە بواری نوسینی ڕۆماندا ، گەنجینەی بەرفراوانمان نیە . جەناب کاک کەریم دانشیار نووسەر ، زمان زان و ڕووناکبیری دەڤەری موکریان ، شاکارێکی نووسەری ئیگلیزی دانیەل دوێفوێ بە ناوی ” ڕۆبینسۆن کروزوو ” ی بۆ سەر زمانی کوردی تەرجومە کردوەتەوە. کتێبەکە سەرجەم ٢٧١ لاپەڕەیە و لە شاری ئوپسالای سوید چاپ کراوە وساڵی ٢٠١٩ بڵاو بوەتەوە . چاپەکەی قەشەنگ و ئارایشی لاپەڕەکان لە سەر دڵانن . پەخشانی کتێبەکە تا ئەو ئاستە بۆ من دڵگیر بوو کە وەک ئاسن ڕفێن ، منی کێشا و تا نەمخوێندەوە ، ئۆقرەم نەگرت . کاک کەریم بژاردەیەکی شیاو و بەنرخی تەرجومە کردوەتەوە و ، خامە ڕەنگینەکەی و ژیانی پڕ لە بەهرەی شیاوی ڕێز ، پێزانین و قەدردانیە . وەرگێڕ بیگومان پردی نێوان هات و چوی کولتورەکانە . وەرگێڕ بە زەحمەتی فرەوان دەتوانی کاناڵە تاریک و ڕووناکەکانی ڕۆمان ببڕی . ئەگەر زمان و ئەدەبیات دروشاوەترین سیما و کاریگەرترین هۆکاری بوون و مانی هەر نەتەوەیەک بێت ،تەرجومەی ڕۆمانی ڕۆبینسۆن کروزوو ، شارۆیەک لە پەخشانی کوردی وخاوەنی ئەو ڕاسپاردەیە . لە تان و پۆی ڕۆمانەکە دەربڕینە کورتەکان(ئافۆریزم ) کە تژی لە مانا و جوانین ،زۆرن . خوێندنەوەی ئەم شاکارەگەورە و مەزنە ،کە نرخی تایبەتی خۆی هەیە ،بۆ شارۆمەندانی کورد کە زمان وەک پێناسەی نەتەویی چاو لێدەکەن و هەڵدەسەنگێنن ومتمانەیان بە خۆیان هەیە ،زۆر پێویستە .
************************
١-لایەنی پۆزیتیڤ و خاڵە سەرکەوتوەکانی کتێبەکە لە ئاستێکی بەرزدایە و لایەنی کز و لاوازی تەرجومەکە ئاوارتەیە .
٢- پەخشانێکی پوخت ، پاراو، دڵگیر و بلاوین تەرجومەی کتێبەکەی ڕازاندوەتەوە . کە هاوکات ئاوێتە بە کولتور و فولکلوری شارۆمەندانی کوردستانە و پێگەی زمانی کوردی بەرزتر کردوەتەوە. لە گەنجینەی زمان و کولتوری کوردی بە باشترین فورم کەڵک وەر گیراوە . کەوشەن وسنوورێک لە نێوان تەرجومەکە و زمانی ستانداردی کوردی وجودی نیە . لە دەقی تەرجومەکەدا ڕاسپاردەی مرۆڤدۆستانە و ئۆمانیستی شەپۆل دەدات . زمانی ڕۆمانەکە زمانێکی حەماسییە و خوێنەر هەمیشە هەست بە بزە و پەژارە لە سەر لێوەکانی دەکات .
٣- یەکێک لە خاڵە ئومانیستی و سەرکەوتوانەی ڕۆمانەکە ،هەڵویستی قارەمانی داستانەکە ڕۆبینسۆنە کە پێ خۆش نیە جەماوەر و شارۆمەندانی نیشتەجی لە ناوچەکە بە کۆمەڵ لە ناو بەرێت و دەڵێت : من لە کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵک بیزارم، ئەدی بۆچ دەستی خۆم بە خوێنی کەسانێکی بێ تاوان سوور بکەم ( ل.١٦٩) وپێڤاژە و ڕەوتی داستانەکە خۆی لە ئاهەنگێکی تاڕادەیەک مێلۆ دراماتیک دەدا .
٤- رۆبینسون لە لایەکی ترەوە هەست و هەلویستی دینی خۆی کاتێک یارمەتی دیلێکی سپی پیست دەدا، دەر دەبڕێت . دیلەکە خەڵکی ئیسپانیایە لە بەرانبە چاکەی قارەمانی داستانەکە دەڵێت : من لە خاچ پەرەستانم. دەربڕینی ئەم هەستە پاڵنەرە بۆ تەبایی وهاوکاری ویەکگرتن .
٥- دیالکتی شیرینی موکریان بەسەر تەرجومەکەدا تاڕادەیەکی کەم سێبەری خستوە . گەنجینەی دیالکتەکان کە زۆریش دەوڵەمەندە و، بە ئارەزووی پێویست لە زمانی کوردیدا هەیە ، لە هەندی بواردا پاراگرافەکان دەڕازێنەوە .
………………………………………………………….

خۆزگە و بریا و ئەگەر لوابا ڕووناکبیرانی کورد بەرهەمی نووسین و ڕۆمان گەلی نووسەرانی بەناوبانگ وەک: ئالێن پو ، دومۆپاسان، سێرڤانتیس ،گوگول،ترۆتسکی ،تولستۆی،سالتیکۆڤ شچدرین ،ئیرنست هێمنگوی ، گابریل گارسیا مارکیز ،دیکێنز، بۆرخیس ، داستایۆڤیسکی ،جان ئیشتاین بک ،سەلمان روشدی ،مارێۆڤارگاس یوسا ، ڤلادیمیر ناباکۆڤ،شۆڵۆخۆف ، لە لایەن ژنان و پیاوانی شارەزاوە بۆ سەر زمانی کوردی تەرجومە دەکرانەوە . تا دەرفەتێک بۆ ئەدەبی کوردی بخولقێنێت کە بەرەو سەر لوتکەکانی ئەدەب تێپەڕێت و بخزێت. زۆر کەس بەو ئاڵ و گۆڕە خؤشبینن . ئەگەر ئاستی خۆزگە و ئاواتەکانمان لە بەستێنی ڕۆمانی مێژوویی ، ساتیری و گاڵتەئامێز ، دڵداری و ئەوڤین ،ڕۆمانی لیریک، داستانی قارەمانی و ڕۆمانی دراماتیک بەرزبێت ،دڵنیام بەرزەفڕانە بیرمان نە کردوەتەوە .دەبوا حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت حیزبەکانیش پلاتفورمێکی بیرلێکراو و عیلمیان بۆ وەرگیڕانی سەرچاوە ناسک و جوانەکانی نووسەرانی دونیا هەبوایە. بوون و هەڵبژاردنی لێژنەیەکی زمان ناس و کارامە و زمان زان بۆ ئەو ڕەوتە فەرهەنگی و کولتوریە لە جڤاتی کوردەواریدا خاڵیە . ئیستا تەرجومەکان لە کتێبخانەی کوردیدا ، لە کۆبیری جەماوریدا لە ئاستێکی دڵخوازدا نین . مرۆڤی بەویجدان شەرم دەیگرێت کە کتێبی چارلز داروین ، ساڵێک لەمەو بەر بەکوردی تەرجومە کراوەتەوە .
٦- ئاماژەیەک نەکراوە لە کام زمانی زیندووی جیهان ، کتێبەکە بۆ سەر زمانی کوردی تەرجومە کراوەتەوە . ئەگەرسەرچاوەکە فارسی بووبێت ،مێژوو سەلماندوویەتی کە نەتەوەکانی تورک، عەرەب ، بەلوچ ،کورد، تورکەمەن ، لوڕ وگیلەک پێنج سەد ساڵە بە خۆڕایی خزمەتی زمانی فارسیان کردووە ،ئەمما زمانێکی فونیتیک نیە و بەرتەسک و مەجورە . دیار نیە کتێبەکە لە کام دەق و زمانی زیندووی جیهان تەرجومە کراوەتەوە؟
٧- خوێنەر سەری سوڕ دەمێنێت کە لەو سەردەمە کۆنەدا ، ڕۆبینسۆن بە کردەوە لە دیاردەی ژینگە پارێزی پشتیوانی کردووە . بە هەینی کە دیل کراوە و لە گەڵیدا دەژی ڕادەسپێرێت کە : هەموو ئینسانخۆرە کوژراوەکان ، ئیسک و پروسکی دیلە خوراوەکان لە ژیر خاک بشارێتەوە .
٨- نووسەر کارکتیری سیاسی – بازرگانی بە قارەمانی کتێبەکە داوە کە هاوکات هەڵویستی مرۆڤدۆستانە سەبارەت بە ڕەش پیستەکان نیشان دەدات و،خەریکی کڕین و فرۆشتبی ئاڵتون و زێو و تەختە و کەرەسە ی جۆراوجۆر و ئامێری ژیانە . کە ئەم دیاردەیە تایبەت بە ڕەوەند و پڕۆسەی داگیرکاری کۆن باوی ئیمپڕاتوری ئیگلستانە .
٩- کاتێک ئینسان خۆرەکان شکست دەدەن ، ڕەش پیستێکی بەساڵا چوو کە دیل کراوە، ئازاد دەکەن کە بەهەڵکەوت باوکی هەینیە کە پاشان دەبێتە هاوڕێ گیانی بەگیانی ڕۆبینسۆن.
١٠- قارەمانی ڕۆمانەکە لە ئاستی بێ سنووردا ، داهێنەرە و هومێد و نەسرەوتن بە خوێنەرەکان دەبەخشێت .
١١-پەیوەندی کۆمەڵایەتی ڕۆبئنسۆن و هەینی ، پەیوەندیەکی بان دەست و ژیر دەستە . ویا بەستێنی دیالۆگیان ڕاستەوخۆ خاوەن دەسەڵات (کولونی خواز ) و بێدەسەڵات ( کویلەکراو ) نیشان دەدات کاتیك هەینی دەلیت : من بۆ مردنم ئامادەم ئەگەر ئاغاکەم فەرمانم پێ بدات ( ل ١٦٩ ) ئەم دیاردەیە هێچ پەیوەندیەکی بە وەرگێڕەوە نیە . بەڵام لە خاڵە لاوازەکانی ڕۆمانەکەیە.ڕەنگە بۆ سەردمی کۆن و کات بەسەرچوو زۆر ئاسایی و لە بەردڵان بووبێت .

هەندی هەڵەی نوسین وداکەوتنی پیت ، بە کەمی بەرچاو دەکەون . پێدەچێت بژار کار و پیت چن لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان کەمتەرخەمیانی کردبێت. هەندی وشەی تر کە لە زمانی ستانداردی کوردی جۆرێکی تر دەنوسرین لە، خوارەوە ئاماژەیان پێ کراوە . نووسینی ئەم وشانە بە فورمێکی تر هەرگیز لە خانەی ئیراد و ڕەخنەدا پۆلبەندی نا کرێن .
ئایا ئەم وشانە نەدەکرا بە جۆرێکی تر نوسرابان بۆ نموونە : لە باتی پۆلە بزنێک ، ڕەوە بزنێک . لە باتی دەیبالاند ، دەیباڕاند . لە باتی خەریکی ڕنینەوە ، خەریکی لەوەڕین . لە باتی پۆلێک ئینسان خۆری ، ژمارەیەک ئینسان خۆری . لەباتی قشپیلانەم ، خشپیلانەم . لە باتی کوژتن ، کوشتن . لە باتی پۆلە دارێک ، بێشە دارێک . لە باتی چەند دەنکە ، چەند کەسە . لە باتی قالب ، دڵ . لە باتی کشپەڵی ، پشکەڵی . ئایا لیسبۆن پێتەختی ئیسپانیا بوە؟ دڵنیا نیم ڕەنگە لەو سەردەمەدا، ئیمپڕاتوری ئیسپانیا گەورەتر بووە. لە بەستێنی جێوگرافیای ئەمڕۆدا لیسبۆن پێتەختی پورتەگالە. لە باتی تەپڵۆکە ، تەپۆڵکە .
لە باتی ڕاگوازتم ، ڕاگواستم . لە باتی خاکەنداز ، خاکەناس .

. دوایی 20190801

Related posts