لە ٣٥یەمین ساڵیادی ١٥ی ئاب “تەباخ” دا

لە ٣٥یەمین ساڵیادی ١٥ی ئاب “تەباخ” دا

ساڵ ١٩٨٤، رۆژ ١٥ ی تەباخ ـ ئاب. کوردستان و تورکیا لەژێر حوکمی فاشیستیی کۆدێتای ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ دا دەناڵێ. زوڵمێکی بێ سنوور و کوشت و کوشتارێکی بێ وێنە، ئەشکەنجەدانێکی دڕندانە ژیانی لە خەڵکی خستبووە نەهامەتیەوە. زیندانەکان لە خەڵکانی ئازادیخواز پڕ کرابوون. جونتای فاشیست ترس و تۆقاندنی لە ناو کۆمەڵگادا تەنیبوو. ترسی مردن لەسەر میللەتدا حاکمیەت بوو. نەفەسی ژیانی ئازادانەی لە خەڵک بڕیبوو. لەناو ئەو شەرت و مەرجە قورسەدا خەڵکی کورد و پێشەنگانی بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان، لە بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرەی جمهوریەتی تورکیا دا دانەنەواند، سەریان شۆڕ نەکرد، بەرخۆدانێکی بێ وێنە و پیرۆزیان کرد. لە بەرامبەریدا قوربانی مەزن پێشکەش کرا، بەڵام لە بەرامبەری ئەو زوڵمەی دەوڵەت دا ئاڵای ئازادی بەرزکرایەوە.
لەناو ئەو ئادمۆسفەرە دژوارەدا، تێکؤشان و بەرخۆدانێکی قارەمانانە و بە تەقاندنی یەکەم گولللەی ١٥ ی تەباخ ئابی ١٩٨٤، بانگی ئازادی و رزگاریی کورد و کوردستان لە سەرانسەری کوردستان، تورکیا و جیهان جارێکی تر بەیان و جاڕی بۆ درا.
لەو هەڵمەتە مەزن و مێژووییەدا ئەم جارەیان ئێروح و شەمزینان بوونە مەیدانی دەستپێکی تێکۆشانی رەوا و شەرعی شۆڕشی چەکداری، لە باکوری کوردستان لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا. بەو هەوڵ و کۆششە ئەمڕۆ ترووسکەی شۆڕشی کوردستان بۆتە بڵێسەی بە گوڕ و ئاگرێکی گەش لە ناو نیشتیمان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. عەگیدی عەگیدان بە کۆمەڵێک شەڕڤانانی ئازادیەوە دەستیان پێکرد و ئەمڕۆ بوونە هێزێکی مەزنی گەریللا لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکە لە پرۆسەی تێکۆشان و بەرخۆدانی دۆزی کورد و کوردستان دا لە باکور. ئەم هەڵمەتە و ئەم هەنگاوەی ١٥ ی تەباخ با لە گشت خەڵکی کورد وخەڵکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز بێت.
لە ساڵیادی ٣٥ یەمینی ١٥ی تەباخدا، کۆماری تورکیا هێرشکاریی خۆی بە هەموو جۆرێک بەردەوام دەکات. دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر هێز، توانا، بەرخۆدان و تێکۆشانی خەڵکی کورد و هەموو کوردستانیان کەوتۆتە ناو ئاڵۆزیی گەورە و بەو توڕەیی و رق و قینی شەڕ و هێرشکردنەکانی هەر دێ و زیاد دەکات. بەو هەڵسوکەوتانەی خۆی لە دژی مرۆڤایەتیدا هەموو جۆرە چەکێکی لەناوبردنی بەکاردێنێ. لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا، ژینگەی کوردستانیی کردۆتە ئامانج و کردوویەتیە دۆزەخ. لە دێرسم تاوەکو هەکاری، لە قەرسەوە هەتا عەنتاب چ شاخێک، دۆڵ و مێرگ و نەوال نەما کە تۆپبارانی نەکات. دار و دەوەن و دارستانەکانی سوتاند، ئاو و ئاوەدانی لەناو برد و خنکاند و بە دروستکردنی بەربەست و بەنداو خەڵکانی ناوچەکی کۆچبەر کرد.
هێرشەەکانی دەوڵەتی تورکیا تەنیا بە باکوری کوردستانەوە نەوەستاوە، بەڵکو هێرش ئەلاتە سەر رۆژاواو باشووریش. هێرش و پەلامارەکانی ئەو دەوڵەتە بەرامبەر ئەو دوو پارچەیەش بەردەوامن و چەند جاوچەیەکیشی داگیرکردوون. لە ساڵی رابردووەوە لە رۆژاوا عەفرین و لە باشووریش ناوچەی برادۆستی داگیرکردووە. رۆژ لە دوای رۆژیش ئەو داگیرکارییانە فراوانتر دەکات. لەو ناوچانەوە لە سەرانسەری کوردستان بەرخۆدان و تێکۆشانی بێ وێنە دژی ئەم هێرش و داگیرکارییان بە رۆحی 15ی ئاب ( تەباخ) بەڕێوەدەچێت.
دەوڵەتی تورکیا گەڕاوتەوە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و دەیەوێ بەرخۆدانی گەلێ کورد، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان بخنکێنێ. سیستەمی داد و دادگا بووەتە تەوقی ترس و ئەسارەتیی تێکۆشەرانی کوردستان. دیسان زیندانەکانی لە تێکۆشەرانی دۆزی کوردستان پڕ کردووە. توندوتیژی و ئەشکەنجە لەلایەن پۆلیس و جەندەرمەکانی دەوڵەت، بۆتە کارێکی ڕۆتین و ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی دژی هەموو خەڵکی کوردستان.
بەڵام ئەم هەڵسوکەوت و کردارانەییان هەوڵی پووچ و بێ ئەنجامن. کورد و کوردستانی بە گیانی نیشتیمانپەروەری و گیانی ١٥ ی تەباخ، لەناو بەرخۆدان و تێکۆشانیێکی گەرم و گوڕدایە. دۆڕانی کۆماری تورکیایە وسەرکەوتنیش دەبێتە هی گەلی کوردستان.
بە بۆنەی ئەم هزروبیرە، ئێمە وەکو ( ک ن ک ) ٣٥ یەمین ساڵیادی ١٥ ی تەباخ ـ ئاب. بە دڵگەرمی پیرۆز دەکەین، شەهیدانی شۆڕش بە رێز و حورمەتەوە بە بیر دێنین و سەری رێزیشیان بۆ دادەنوێنین. ئەوانەی گیانیان بۆ کردە قوربانی و ئەوانەی بەردەوامن لەو شۆڕشەدا و هەنگاوی مێژووییان نا، سڵاو دەکەین. ئێمە هەموومان قەرزاری ئەوانین.
هیوادارین کە گەلی کوردستان بە گیانی ١٥ی تەباخ، هەموو هێز و توانای خۆیان یەکبخەن و رێککەوتنی ناوخۆیی یەکجارەکی پێکبێنن و لە دژی هەر رەنگێکی زوڵم و زۆرداری داگیرکەران خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانەیان بە یەکدەنگی و یەکسەنگەری بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان سەربخەن و بگەینە ترۆپکی ئامانجە مەزنەکەمان.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ك.ن.ك
١٤ ی ئاب ٢٠١٩ ـ برۆکسل

Related posts