کۆنفەرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێست و چارەسەریی

کۆنفەرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێست و چارەسەریی

هاوڕێیان، ژنان و پیاوان
رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو بەشەکانی دیکەی کوردستان پارچەیەکی داگیرکراوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەی جیاواز ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەچەوسێنێتەوە. چەوساندنەوەی نەتەوەیی، چەوساندنەوەی ئیداریی، پیادەکردنی شێوەکانی ڕەگەزپەرستیی و هەڵاواردن، سیاسەتی بە ئەنقەست بێکارکردنی خەڵکی کورد و ڕێگاگرتن لە سەرمایەگوزاریی و پێشخستنی پیشەسازیی و کشتوکاڵ، بەرتەسککردنەوەی کەرتەکانی تەندروستیی و خزمەتگوزاریی و هتاد بەشێکی گرینگن لە سیاسەتی ڕۆژانەی سیستەمی داگیرکەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. هاوتەریب لەگەڵ ئەم سیاسەتە، کوشتن و بڕین، ڕاوەدوونان و ترساندن و هەڕەشە و گوڕەشە و بنچاوخستنی خەڵک بەردەوامە.

بە چاوخشاندنێک بە سیستەمی داگیرکەریی لە جیهاندا دەبینین کە سیستەمی داگیرکەریی لە کوردستان لە هەندێک بارودۆخدا لە گەلێک نموونەی جیهانیی دڕندەترە، بەتایبەتیی کە داگیرکەرانی کوردستان بە بەردەوامیی هاوکاریی یەک دەکەن، کارهاسانیی بۆ یەکتر دەکەن و دڕندەیی و زەبرگیریی خۆیان بۆ یەکتر دادەپۆشن و پێکەوە هێرشی پروپاگەندە بە ڕێ دەخەن.

ئەمانە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرن. بەڵام مەخابن کە ڕیتۆریکی خەباتی کوردستانیی دژ بەم داگیرکەرە ترسناکە تا ئەوڕۆ ڕیتۆریکێکی لاوازە. ڕیتۆریکێکە کە چەقی قورسایی خۆی بە تەنیا خستووەتە سەر وێناکردنی خۆی وەک قوربانییەک ئەویش بێ ئەوەی کە بتوانێت میکانیزم و کەناڵ و میتۆد و مێدیای بۆ بخاتە کار. ڕیتۆریکێکە وەکوو خەڕەک لە دووبارەبوونەوەیەکی بێ سووددا جەخت لە سەر دڕندەیی ئەم نەزمە دەکات ئەویش بێ ئەوەی کە بتوانێت ئانالیزی قووڵایی و ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم سیستەمە بکات و ترسناکیی لە سەر ناوچەکە و جیهان بخاتە بەر دەست. ڕیتۆریکێکە کە ناوێرێت خۆی لە خەسارناسیی بدات بەڵکو تەنیا ئاماژە بە خودی فیداکاریی و ئەو ڕەنجە دەکات کە داویەتی. ڕیتۆریکێکە کە توانای خۆڕەخنەکردنی نییە، ئامادەی خۆهەڵسانگاندنی بە شێوەیەکی کۆنکرێت و واقیعی نییە، توانای نییە لە مەیدانێکی دیموکراسیی بەرفراواندا هێزی خۆی نیشان بدات، بە گشتیی لە خۆویستیی و لەخۆڕازیبووندا رەفتار دەکات، هەر لایەک بە بەردەوامیی ئەوی دیکە بۆ تەواوی کەمکاریی و کەمتەرخەمیەکان تاوانبار دەکات و خۆی لە بێبەریی دەکات. کولتورە باوە سونەتیەکە ئەوەیە کە سەرئەنجامە کوشندەکان دەخرێتە ئەستۆ و ئۆباڵی ئەوی دیکە یان ئەوانی دیکە.

هاورێیان،
لەم بەشەی کوردستانیشدا تۆلەرانسی سیاسیی بەشداربووانی خەباتی ئازادیخوازیی کورت دەیهێنێت، زیاتر کەڵک لە گفتوگۆی پشت پەردە وەردەگرن، بەرامبەر بە ڕەخنە زۆر زوو گارد دەگرن، پاش چەندین ساڵ لە ئەزموونی خەبات هێشتا بە نەخۆشیگەلی منداڵیەوە دووچارن، ناتوانن خۆ لە بەخیلی سیاسیی ڕزگار بکەن، ناتوانن بە سەرکەوتنی ئەوی دیکە شاد بن و لە کاری هەرەوەز خۆ بە دوور دەگرن. بە ئەزموون نیشان دراوە کە تەنانەت بە گومان و بە هەستیاریەکی ناپێویستەوە خۆ لە دیالۆگی دیموکراسیی دەدەن.
قسەی تێدا نییە کە هۆی سەرەکیی لە بەردەوامبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر پێتەختی دیکتاتۆریی و کۆنەپەرستیی، هەر ئەوە نییە کە دەسەڵاتداران بە زەبروزەنگ بن و لە چەوساندنەوەدا زرنگ و لێهاتوو بن، بەڵکو هەروەها ئەوەیش ڕاستیەکە کە سەرجەم هێزگەلی ئۆپۆزیزیسیۆنی دروست فرە لاواز بوون و نەیانتووانیوە خەڵک بە ڕێکخستن بکەن و ئەڵتەرناتیڤێکی دروست بخەنە بەر دەست. چەقبەستن لە نێو بازنەی دروشمگەریی و تاکڕەوییدا خەسڵەتێکی بەرچاوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییە بێگومان بە ڕۆژهەڵاتیشەوە.

ئەوی کە لانی کەم لە لایەکەوە دەسەڵاتی داگیرکەریی بەهێز دەکات ئەوەیە کە لایەنانی تێکۆشەر لە خەباتی ئازادیخوازییدا بکەونە دۆخێکەوە کە بەتایبەتیی سەرقاڵی کێشەی نێو خۆیان بن، کە بێن و کێشە ناوخۆییەکان کە ڕەنگە زۆر ئاسایی و سرووشتیش بن گەورەتر و قووڵتر بکەنەوە وەک لەوەی هەن. بێگومان دەسەڵاتی داگیرکەریی بەهێز دەبێت کاتێک کە پرۆژە نەتەوەییە ئازادیخوازیەکان دەکرێن بە پرۆژەی شەخسیی و بە ئەجێندای حیزبیی بەرتەسک.
لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازیی گەلاندا دەرکەوتووە کە دەسەڵاتی داگیرکەریی دەستی لە پێشخستنی ئەو جۆرە لە کولتوری زەرەرمەنددا هەیە.

ئێمە بێگومان خۆشحاڵیین کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی حیزب و ڕێکخراوەی جیاوازە و تەنانەت بە دیاردەیەکی تەندروستیشی دەزانین، بێگومان شانازیی بە گیانبەختکردنی سەدان و بگرە لە هەزاران لە تێکۆشەرانمان دەکەین، بە دڵنیاییەوە سەرمان بە خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسییمان و بە تیکۆشەرانی چالاکوانی دیموکراسیی و سیاسییمان بڵندە. دەشزانین کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات دڵسۆز بە خاک و نیشتیمان و خەڵکی خۆیەتی، لە زۆر ڕووەوە بە توانایە و دەتوانێت و دەیەوێت بەرەنگاری سیستەمی داگیرکەریی بێتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی کە بتوانین قازانجی دروست لە پۆتێنسیالی گەورەوگرانی گەلەکەمان بکەین و متمانەداریان بکەین دەبێت لە بازنەی ڕیتۆریکی سوننەتیی بێینە دەر و خۆڕزگار بکەین، ئەو نوسخەیەی کە زیاتر لە چل ساڵە هیچ خۆراکێکی لێ نەکەوتووەتەوە و قازانجێکی شایانباسی پێ نەگەیاندووین.

ئەڵتەرناتیڤی دروست بەرامبەر بە سیستەمی داگیرکەریی دەبێت لە سەر هاوپەیمانیی و قەراردادێکی سەرتاسەریی نەتەوەیی لە ناو گەلدا دابمەزرێت، دەبێت خەباتی خۆبەخشانە و دڵخوازانە ببێت بە پریسنسیپی یەکەمین، دەبێت ڕەووشت لە مانای پاراستنی مافی یەکتر و ژیانی یەکتر و خاک و ژینگەی وڵات بکەین بە یەکێک لە پایە ئەسڵییەکان.
تێکۆشانی دروست دژ بە نەزمی داگیرکەریی دەبێت لە سەر بناخەی کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان دابمەزرێت، لە سەر پرینسیپی یەکتر قبوڵکردن، ڕێزگرتن لە کاری یەکتر، پێشخستنی کاری هەرەوەزیی، هاودەنگیی و هاوسەنگەریی لە پرۆژە گشتییە سەرانسەریە کوردستانیەکەدا کە ئازادیخوازییە. بەهێزیی ڕۆژهەڵات لەوەدایە کە لە خەباتە کوردستانییە سەرانسەریەکەدا زیاتر و زیاتر جێی خۆی بکاتەوە.

ئەڵتەرناتیڤ بەرامبەر نەزمی داگیرکەریی کاتێک دروست دەبێت کە لە کرداردا مەیدان و میچی دیموکراسیی بڵندتر بکەین، کە لە ڕەفتار و بەرخوردی پاراستنی مافەکانی گەلدا نموونەیی بین، کاتێک کە دەست لە هەرێمچیەتیی و پاوانخوازیی هەڵدەگرین، کاتێک کە پرۆژەی هەبوونی یەک سپا، نەک میلیشیای حیزبیی، دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، کاتێک کە نوێنەرایەتیەکی هاوبەش بۆ کاروباری دیپلۆماسیی دەستبەکار دەکەین، کاتێک کە حیزب خەریکی کاری ڕێکخستنی خۆی دەبێت و بە پێی توانای ڕێکخستنی خۆی لە پرسە سیاسیی و سەربازییەکاندا داوای پشک دەکات.

هەموومان دەزانین کە گەلی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی وڵات هەروەکوو بەشەکانی دیکە بێ خزمەت و بێ پەروەردەیە، لەبەرئەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە هەموو لایەک دەکات ئەو خزمەت و پەروەردە و هۆشیاریی و رێنماییە بۆ ڕۆژهەڵات فەراهەم بکەن کە پێویستە.
چاوەڕووانیەکان لە سەر ئەم کۆنفەرانسە دەتوانن زۆر بن، بەڵام هەنگاوی یەکەم کردنەوەی مەیدانێکی دیموکراتیکی بەرفراوانە بۆ هەمووان، مەیدانێک بۆ دیالۆگێکی دیموکراتیک، بۆ شەنوکەوکردنی کێشە و گرفتە جیاوازەکان لە دیدێکی هاوبەشی کوردستانییەوە. گەلی ڕۆژهەڵات کاتێک گەرمتر و بەگوڕتر و بەهیواتر دەبێت کە یەکیەتیەکی نەتەوەیی نیشتیمانیی ببێت بە مۆتۆرێکی گەورەی ئەو خەبات و بەرخۆدانە.

هاورێیان، ژنان و پیاوان
تێکۆشانی ڕۆژهەڵات دەبێت لە سەر پرینسیپی کوردستانیبوون بێت. خەباتی ئەوڕۆی ئێمە پێویستیەکی بەرچاوی بە یەکیەتیی پێکهاتەکانی گەلی ئێمە هەیە، یەکیەتیی ڕیزەکانی گەل، بەرنامەی هاوبەشی حیزبەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لە جیاتی دوورگریی دەبێت نزیکبوونەوە و پێکەوەبوون هەڵبژێرین، دەبێت هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی نیشتیمانیی بدەین کە بتوانێت بە گشتیی دەنگی سەرانسەری ڕۆژهەڵات بێت.
یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی هەر لێکنزیکبوونەوەی حیزبەکان نییە، بەڵکو نزیکبوونەوەی پێکهاتەکانە لە یەکتر و خاوەن دەرکەوتنیانە لە یەکتر، ڕێزگرتنە لە مافی مرۆڤ، ڕێزگرتنە لە مافی ژنان و لە فەراهەمکردنی دەرفەت بۆ بەشداریان لە خەبات و تێکۆشان و بۆ مافی بڕیارداریانە لە پرسە گرینگەکاندا. یەکیەتیی نەتەوەیی بەرپرسیاریەتیی و بەدەربەستەوە هاتنە، بەهێزکردنی کولتوری خۆبەخشیی و خەباتی دڵخوازانەیە، ئامادەبوونمانە بۆ کار و چالاکیی دژ بە سیستەمی داگیرکەریی.
بەڕێزان،
ڕۆژهەڵات خاوەنی تێکۆشان و بەرخۆدانێکە کە جێی شانازیی هەموومانە. بە یەکیەتیی و یەکدەنگیی و یەکسەنگەریمان دەتوانین دۆخی داگیرکەریی بشکێنین و بەو مافانە بگەین کە شایستەی گەلەکەمانن. ئێمە دەبێت و ئەرکی سەرشانمانە کە لە پێشخستنی ئەو کولتورە ئازادیخوازییەدا لەگەڵ گەلەکەمان بین.
لەو بارەوە دڵنیایین کە ئەم دوو ڕۆژە ئێوە لە گفتوگۆیەکی دیموکراتیک و دڵسۆزانەدا قسەوباس دەکەن و ئاماژە و پێشنیاز بە چارەسەریی دەکەن، و سەرئەنجامی ئەم دوو ڕۆژە دەکەن بە هەوێنی بەردەوامیی خەبات و تێکۆشان.

هاوڕێیان، بە دڵنیاییەوە پێکەوە بەهێزتر دەبین و سەر دەکەوین!

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
ڕێبوار ڕەشید
2019-9-14
20

Related posts