حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت، ئەگەر بیەوێت!

ڕێبوار ڕەشید

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت، ئەگەر بیەوێت!

لێدوانەکانی بەرپرسیارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەوڕۆ ئەرێنییە و بێگومان جێگای خۆشحاڵییە، بەڵام کورد گوتەنی قسە هەزارە و دووانی بەکارە. قسەکردنی زۆر کە کردەوەی لە پێشەوە نەبێت لە درێژخایاندا زیان دەگەیەنێت.
بەرپرسیارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانن کە:

١. کاری حیزب و حکومەت ئەوە نییە کە خۆی بکات بە ناوبژیکار و لە نێوان گەل و داگیرکەردا بێلایەن رابووەستێت. یەکێک لە کارەکانی حیزب و حکومەت لە هەموو جیهاندا لە کاتی شەڕدا ئەوەیە کە ڕابەرایەتیی خەڵک بکەن و پێش خەڵکی ئاسایی بەر لە دوژمن بگرن.

٢. بە پێی لێدووانە فەرمیەکانی بەرپرسانی هەرێم خۆیان زیاتر لە 120 هەزار پێشمەرگە هەن. هەر ئێستا 23 بارەگای سپای تورک لە باشووری کوردستاندا هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان کەنگێ ئەم سپایە بە سپایەکی داگیرکەر دادەنێت و لێیان دەدات؟ یان لانی کەم دوامۆڵەت دەداتێت و داوای چوونەدەرەوەیان لێ دەکات؟ ڕۆژئاوا لە عەفرین بەرامبەر بە دووهەم سپای ناتۆ خۆی راگرت و ئێستایش بە تاک و تەنیا تێ دەکۆشێت. باشوور بەو هەموو ئەزموون و پێشمەرگە و بەو پشتگیرییە ڕەسمییە نێونەتەوەییەی کە هەیەتی بە ئاسانیی دەتوانێت بەرامبەر بە تورک ڕابووەستێت. باشوور بە ڕەسمی یەکەیەکی فیدڕاڵییە، تەنانەت دەتوانێت بە ڕەسمیی داوای کۆمەک لە دەوڵەتانی عەرەبیی دۆست بکات.
ئێمە بینیمان چۆن جەوانانی دڵسۆزی دەڤەرێکی بەهدینان بە دەستی بێ چەک هێرشیان کردە سەر مۆڵگای پڕ چەک و تەقەمەنیی تورک و ئەو سەربازانەیان راو نا کە جەستەی بێگیانی گەریلا بە پەت بە دوای خۆیاندا ڕادەکێشن.

٣. کۆنسۆلی تورکیا لە هەولێر هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە ڕاگەیاندنی ناڕەزایی کۆنسۆلی تورکیا تا دوا بڕیار بنێرێتەوە بۆ تورکیا. هەمووان بە بەرپرسارانی حکومەتی هەرێمەوە دەزانن کە کۆنسۆلگای تورکیا (هەروەکوو هی ئێران!) بارەگای جاسووسیی و تێکدان و ئاشووبە و ئاژاوەیە. ئەم جاسووسخانەیە لە زەرەر نەبێت هیچ جۆرە قازانجێکی بۆ باشوور نییە.

٤. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت زۆر بە هاسانیی بڕیاری ڕاگرتنی بازرگانیی لەگەل تورکیا بدات. لە ڕاستییدا هەر بازرگانییش نییە چون باشوور لە نەوت زیاتر هیچ بە تورک نافرۆشێت. دروست ئەوەیە کە فرۆشیاریی تورکیا لە باشوور رابگیرێت. هەمووان دەزانن ئەو بەرهەمانەی تورکەکان بۆ باشووری دەنێرن کانگای نەخۆشیی و دەردن. پیسترین و خراپترین بەرهەمی خۆراکن کە شایستەی ئەوە نیین مرۆڤ بیانخوات. ئەمانە بە ناوی باشترین خۆراک دەرخواردی گەلی باشوور دەدرێن.

٥. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت (دەبێت!) بە ڕەسمیی دوژمنایەتیی و داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیا بە باشوور رابگەیەنێت. داگیرکەرانی سەر ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور ناتوانن دۆست و یاری بەرپرسیارانی باشوور بن. هەمووان دەزانن ئەو پێوەندیانە چین و لە چ ئاستێکدان. سەبارەت بەو بەرپرسانەی کە پارەی زۆریان لە بانکی تورکەکان داناوە، ئەردۆغان بدۆڕێت یان نا تازە ئەوان ئەو پارانەیان دەست ناکەوێتەوە. ئەوی سوود لە مێژوو وەربگرێت و بە مێژووی تورک ئاشنا بێت پارەی خۆی ناخاتە نێو کیسەیانەوە.

٦. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ڕێگا بە خەڵکی سەربەرز و دڵسۆزی باشوور بدات کە لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە خاوەنی کولتوری لە کۆمەلکوژیی و دزیی و تاڵانیین، هەموو کارێک بکەن کە لە دەستیان دێت. باشوور لە ئەدەبیاتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستاندا باشووری مەزن بوو. ئێستایش باشوور هەر باشووری مەزنە. کاری هیچ بەرپرسێک نابێت ئەوە بێت کە ئەم شێرە لە قەفەس بهاوێت.

ئەمڕۆ ڕۆژی هاوسەنگەرییە. هاوسەنگەریی زۆر زیاترە لە قسەکردن. داگیرکەر لە هەموو دونایدا بێشەرەف و بێویژدان و بکوژ و تاڵانکارە و هەر بە تێکۆشانیش واز دەهێنێت. هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو زووبەزوو بۆ سەر تەواوی باشوور و پاشان بۆ ڕۆژهەڵاتیش دەبێت. بە هیوای ئەوەی پێکەوە ئەم داگیرکەرە دڕندە بێ فەرهەنگە و داگیرکەرانی دیکە پێکەوە تێک بشکێنین کە بە بێگومانییەوە دەتوانین.

بە دروشمی لە قسەوە بۆ کردار بەرەو دژایەتیی داگیرکەران!

ڕێبوار ڕەشید
10/10/2019

Related posts