ڕۆژئاوا و نیگەرانیی هێزەکانی ناوچەکە

ڕۆژئاوا و نیگەرانیی هێزەکانی ناوچەکە
.
#فایق_دارتاش

دوای ئەوەی سوڵتان ڕەجەب فڕۆکە و تانک و زرێپۆش و سەربازی تورکیایی و چەتەکانی سەر بە گرووپە توندڕەوەکان و سوپای سووریای ئازادی ناردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و جەنگێکی هەمەلایەنەی دژ بە کوردانی ئەو پارچەیە دەستپێکرد ، بەڕێزان مەسعود و نێچیرڤان و مەسرور بارزانی هەر یەکەو بە جیا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لەو بارودۆخەی کە لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتووە.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەرجەعی باڵای کوردایەتیی و هەروەها سەرۆکی ئێستای هەرێم و دواتر سەرۆکی حکومەت نیگەرانی خۆیان لەو ڕەوشە دەربڕی کە لە سووریا بۆ کوردەکان هاتۆتە پێشەوە و ڕایانگەیاند کە هەر لە سەرەتاوە بە وردى چاودێریى دۆخەکە دەکەن و بە دڵگرانى و نیگەرانییەکى قووڵەوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ڕۆژهەڵاتى فورات دەڕوانن و ئامادەى هەموو جۆرە نێوانگیرى و هاوکارییەکن بۆ ڕاگرتنى شەڕ، بۆ ئەم مەبەستەش لە هەوڵى بەردەوامدان.
هەتا ئێرە ئەو لێدوانانە هیچ عەیبیان تێدانییە و جێگای دەستخۆشین بەڵام لە بیرمان نەچێت کە لەو ڕۆژهەڵاتی فوراتەی کە سێ بەڕێزە هاوناوەکە باسی دەکەن نە لافاو هاتووە نە بوومەلەرزە و نە وشکەساڵی و نە تاعوون بەڵکوو سەرەکیترین و تەیارترین و دڕندەترین دوژمنی ئێستای کورد لە هەموو جیهان ، هێرشی کردۆتە سەر ئەو پارچەیە و دەخوازێ دانیشتووانەکەی قڕبکات . ئەو دەربڕینانە ، لێدوانی ڕێبەری وڵاتێکی ئاسیای دوور یان ئەفریقا یان ئامریکای لاتین نیین بەڵکوو لێدوانی گەورەبەرپرسەکانی تەنیا قەوارەی ڕەسمی و یاسایی و دان‌پێدانراوی کوردییە لە هەموو گۆی زەویی کە جێگای هیوا و هومێدی بە میلیۆنان هاوزمان و هاووڵاتیی هەموو کوردستانەکان و هەندەرانە و چاوەڕوانی پشتگیریی و لانیکەم ئیدانەکردن و مەحکومکردنی بکەری سەرەکی ئەو هێرشانە واتە دەوڵەتی تورکیان . لێدوانی هەر سێ سەرۆکەکە بۆ یەک جاریش ناوی تورکیای تێدا نەهاتووە و هیچکامیان ئیدانە و پڕۆتێستۆی ئەو کرەدەوە هێرشکارانەیان نەکردووە بەڵکوو تەنیا و تەنیا نیگەرانییان دەربڕیوە .
لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆرێ ، ئەویش ئەوەیە کە ئاخۆ ئەو هۆکارانە چین کە بوونەته هۆی لێدوانی ئاوا شەرمنانەی مەرجەعی باڵای کوردایەتی و کوڕ و برازاکەی ؟
بێدەنگی ماناداری دەوڵەتی ناوەندی سوریا لە ئاست داگیرکردنی بەشێک لە خاکەکەی و داواکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆژاوا بۆ گەڕانەوەیان بۆ باوەشی نیشتمان ، هەڵوێستی بانێک و دوو هەوای ئێران و ڕووحانی گوتەنی تێگەیشتن لە نیگەرانییەکانی تورکیا لە مەر ئاسایشی سنوورەکانی خوارەوەی خۆی ، خۆگێل‌کردن و خۆدزینەوەی ڕووسەکان لە کێشەکە لە کاتێکدا پێشتر قەت بە شتی وا ڕازی نەدەبوون و هەروەها هەڵوێستی شەرمێونانە و چەمۆڵەی ناوگیرفانی ڕایەدارانی باڵای هەرێمی کوردستان ، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە لانیکەم لە سەر مەسەلەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان نیزیکایەتییەکی فکری و سیاسیی و تاکتیکی لە نێوانی ئەو چەند هێزەدا هەیە کە تا ڕادەیەک بە وەزعەکە ڕازین یان ڕازی‌کراون بەڵام دیاریشە کە هەموویان نیگەرانن لەوەیکە نەکا لە ئەنجامی ڕووداو یان پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو دا دۆخەکە ئاڵۆز بێ و لە کۆنتڕۆڵ بچێتەدەرەوە چوونکە هەرکام لەو ئاجێندا و هێزە هەرێمیی و جیهانییانە بۆ مەبەستێکی تایبەت و بەرژەوەندییەکی ماوەدار و کاتی بەم دۆخە قایل‌بوونە .

ئەو لایەن و دەوڵەتە ئاماژەبۆکراوانه لە هەڵوێستیی لاواز و ڕاڕاییانەی سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بێ هەڵوێستیی وەک هەمیشەی ئەوروپا ، کەڵکیان وەرگرت و کەوتنە خۆئامادەکردن بۆ ئەوەی کە بتوانن بە یەک تیر چەند نیشان بپێکن.
بەرژەوەندی کورتماوە و درێژماوەی هەر یەکە لەم لایەنانە بەم جۆرەیە :
.
یەکەم : ڕووسیا باش دەزانێ کە لەبەر هەبوونی هێزەکانیی ئەمریکا ، ناتوانێ خۆی ڕاستەوخۆ بەشداری لە گرتنەوە و ڕادەستکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی فورات بۆ سەر خاکی سووریا بکات ، هەر بۆیە لە توڕەیی تورکیا باشترین کەڵکی وەرگرت و دەیهەوێ مارەکە بە دستی تورکان بگرێت و بەم کارە لە لایەک تۆڵەی خۆی لە کوردەکان بکاتەوە کە بوونە دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکا لە شەڕی سوریا دا و لە لایەکی ترەوە دەخوازێ تورکیا لە شەڕێک وەربدات کە وا بە ئاسانی نەتوانێ لێی‌دەرچێ و لە ئەنجام دا هەر خۆیان بتوانن بە قازانجی دەوڵەتەکەی بەشار ئەسەد ، نێوەندگیریی لە نێوان سووریا و تورکیا دا بکەن و ڕۆژاوا بخەنەوە سەر دەوڵەتی ناوەندی . سەرەڕای هەمووی ئەوانە ڕووسەکان باش دەزانن کە ئەوە تەنیا ڕێگایەکە بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە سووریا و سەپاندنی هەژموونی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکە . پوتین لە رێگەی فرۆشتنی ئێس ٤٠٠ ەوە، سوڵتانی جڵەوکردووە و هەر بۆیە پێدەچێ لە هەردوو ئەگەری سەرکەوتن یان ژێرکەوتنی تورکیا دا ڕووسیا براوەی یەکەمی ئەو یارییە بێت .
.
دووەم : تورکیا دوای دواهەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە تێیدا زەبرێکی مەزنی خوارد و شارەوانی هەر پێنج شارە مەزنەکەی تورکیای لێ‌وەرگیرایەوە ، پێویستیی بە شەڕێکی نوێ هەیە لە ناوچەکە و باشترین شوێنیش بۆ ئەنجامدانی ئەو مەبەستە ڕۆژئاوای کوردستانە کە دڕوویەکی ئازاردەرە لە جەستەی ئیخوانیزم و فاشیزم و نەتەوەگەرایی تورکی و بەربەستێکە لە هەمبەر سیاسەتی فراوانخوازیی سوڵتان دا . تورکیا لە ڕێگای ئەم شەڕەوە دەخوازێ کوردەکانی ڕۆژئاوا و پڕۆژەکەیان لاواز بکات و هەتا ئێرە هیچ ناکۆکییەکی دەگەڵ سیاسەتی سووریا و ئێران و رووسیا و هەرێم نییە بەڵام لەوانەیە کێشە لێرەوە دروست بێت کە تورکیا سەرکێشی بکات و دواتر ڕازی نەبێت بە چۆڵکردنی ئەو ناوچانە چونکە پلانی ئەوەشی هەیە کە ئاوارە عەرەب و تورکمانە سورییەکان بهێنێتە ئەو ناوچانە و لەوێ جێگیرییان بکات و بەم جۆرە بخوازێ دیموگرافیای ناوچەکە بە قازانجی تورکمان و عەرەبەکان بگوڕێ هەر بۆیە ناچار بووە بە ڕازی‌کردنی هەمو ئەو هێز و لایەنانەی کە لە سەر ئەرزی واقعی سووریا سیاسەت دەکەن و بوونیان هەیە و بێگومان ئیمتیازی داوە بە هەموویان و ئەوانیش بۆ کورتماوە و سنووردار ئەو هێرشەیان پشتگوێ خستووە .
.
سێیەم : هەموو کەس دەزانێ کە ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کاتی هەنووکە دا ناتوانێ وا بە ئاسانی ڕۆژهەڵاتی فورات بخاتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی چونکە بەم کارە دەبێ ڕووبەڕووی هێزەکانی ئەمریکاش بێتەوە و لەهەمان کاتدا دەگەڵ داعشیش دەکەوێتەوە شەڕێکی ڕاستەوخۆ ، هەربۆیە پیی ناخۆش نییە تورکیا بە ئاگاداری ڕووسیا و ئێران و بە شێوازێکی سنووردار ، هێزەکانی سوریای دیموکرات بکاتە ئامانج و لاوازیان بکات . بێگومان دەوڵەتی سووریا دواتر دەتوانێ لە ڕێگای ڕووسیا و ئێران و کۆمکاری عەرەبی گوشار بخاتە سەر تورکیا تاوەکوو ئەو ناوچانە ڕادەستی ئەوان بکاتەوە.
.
چوارەم : لە هەموو ساڵەکانی دوای شەڕ و پێکدادانەکانی ناوخۆی سووریا ، ئێران هەمیشە پێداگری کردووە لە سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئەمریکای بەوە تاوانبار کردووە کە خوازیاری پارچەکردنی ئەو وڵاتەیە . ئەو هێرشە ئەگەر سنووردار بێت دەتوانێ تا ڕادەیەک یەک لە ئامانجەکانی ئەوانیش بپێکێ کە ئەویش لاوازکردنی ئەو ستاتۆیەیە کە کوردەکان پێکیان هێناوە و تا ڕادەیەک توانیویانە لە بەڕێوەبردنی دا سەرکەوتووبن و بەم هۆیەوە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، خۆشەویستی خەڵکی کورد بە دەستبهێنن . هەر بۆیەشە ئێران وێڕای ئەوەی کە لە لێدوانی ڕەسمی دا ئەو هێرشە بە کارێکی باش نازانێ بەڵام هەڵوێستێکی ڕەق و جیددیشی نییە لە سەر داگیرکردنەکە .
.
پێنجەم : دیارە حکومەتی هەرێم نە دەتوانێ بەشداریی سەربازییانەی ئەو کێشەیە بکات و نە کەسیش ئەو چاوەڕوانییەی لێیان هەیە ، چونکە دونیا دەزانێ هەولێر و ئانکارا لە بوارەکانیی ئابووری و سەربازیی و ئەمنیی و تەنانەت فکرییەوە چەندە لێک نیزیکن و هەرێمی کوردستان بە زۆر هۆکاران ناتوانێ بەرامبەر سوڵتان قسەی هەبێ بەڵام دەربڕینی چەند وتەیەکی شەرمێونانە لە زاری گەورە بەرپرسانی تاقە حکومەتی کوردییەوە جێگای ڕەخنەی جیددیە و ئەوە نیشان دەدات کە هەولێر پێی ناخۆش نییە سیستەمی سیاسیی لە ڕۆژئاوای کوردستان تووشی کێشە بێت و دۆستەکانی خۆی کە هاوکات هاوپەیمانی تورکیاشن بتوانن لەم بارودۆخە دا بە نەوایەک بگەن . ڕەخنەکە لێرەدا خۆی دەبینێتەوە کە هەولێر سەرەڕای لێک‌دووربوونی لە شێوازی بەڕێوەبەرایەتیی و هێڵی فکریی و ئایدۆلۆژیکی ئەو پارچەیەی کوردستان ، دەکارێ هاوتەریب دەگەڵ پڕۆژەکەی ئەوان بەرەوپێشەوە بڕوات و تەنانەت ئەگەر ئەو دوو ئاجێندایەی مەیدانی سیاسەتی کوردی قەتیش نەگەن بە یەک با لانی کەم هەرکامەیان بە شێوازی خۆی دەستکەوت بەدەستبخات و هەر کامێکیان دەستکەوتی زیاتری هەبوو با لە ڕێگای پڕۆسەیەکی دیموکراتیکەوە خەڵک لە دەوری کۆببنەوە و ئەویتر ببێتە ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بگێڕێت.
.
شەشەم : هەڵوێستی لاوازی ئەمریکا لەمەڕ دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە ، وای لە لایەنی بەرامبەرکرد کە گوشاری زیاتر بخاتە سەر ترامپ بۆ ئەوەی لە سووریا دەرکەوێ . ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەوەی کە هەر لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە تڕامپ خۆی بە قەرزداری پوتین دەزانێ چوونکە ئەوە ئەوان بوون کە یارمەتییان دا تاوەکوو بە سەر هیلاری کلینتۆن دا سەربکەوێ . لە لایەکی ترەوە تڕامپ لانیکەم لە ڕواڵەت دا باوەڕێکی پتەوی بە چەمکەکانی وەکوو ” دەوڵەتی هێژمۆنیی ” و ” ستراتیژیی درێژخایەن ” و ” راگرتنی باڵانسی هێزەکان ” و شتی لەم بابەتەوە نییە کە هەم کۆماریخواز و هەم دیموکراتەکان لە سەری کۆکن و نیۆلیبڕالیزمیی ئەمریکایی لە سەری بنیات‌نراوە بەڵکوو ئەو وەکوو کابرایەکی کاسبکار بەپێی ڕۆژ بازرگانیی دەکات و ئەگەر دەوڵەتێکی وەکوو ڕووسیا یان تورکیا یان ئێران شتێکی بداتێ و قازانجی ئەو کاتەی تێدا بێ ، مامەڵەی دەگەڵ دەکا و زۆر بە ئاسانی دەگەڵی دەسازێ . هەر بۆیە لە لایەک زۆر بازاڕییانە گوشار دەخاتە سەر ئەو لایەن و هێزانەی کە بە هۆی دۆسییەی ” ئۆکڕاین گەیت ” ەوە دەخوازن سوێندی بدەن و لە سەرۆکایەتیی بخەن و لە لایەکی ترەوە بە توویتە ناڕێک و یەک‌لەدوای یەک و دژبەیەکەکانیی ڕیزەکانیی نەیارەکانیی تێکدەدات . هەر لە بەر ئەم هۆکارانەیە کە لە ماوەی رابردوو دا و تا کاتی ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە سیاسەتی ڕووسیایە کە قسەی یەکەم دەکات و بە سەر هێژموونی و سیاسەتی ناوچەیی ئەمریکا دا زاڵە .
.
هەموو ئەو ئاماژە و هێمایانە دەرخەر و دەربڕی ئەو ڕاستییەن کە کێشەی کورد وەکوو جاران کێشەی ناوخۆیی ئەو چوار دەوڵەت_نەتەوەیە نییە کە وڵاتی کوردەکان لە چوارچیوەی جوگرافیایی ئەوان دایە بەڵکوو لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی هەم ناوخۆی کوردستان و هەمیش ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ، ئێستا ئیتر بۆتە کێشەیەکی جیهانی و بە جورئەتەوە دەتوانرێ وەکوو سەرەکیترین کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیری بکرێ و تەنانەت بە زۆر هۆکار وەپێش کێشەی فەلەستینیش کەوتووە .
ئەوە ڕاستییەکە کە کوردەکان بە هۆی نەبوونی ستاتۆیەکی سیاسیی وەکوو لاوازترین ئاڵقەی سیستەمە سیاسییەکان لە ناوچەکە مامەڵەیان دەگەڵ دەکرێ بەڵام ئەو مامەڵە و سازان و لێکنزیکبوونەوانە وەکوو جاری جاران لە مابەینی دەوڵەتە سەردەستەکان و هێزە ئیقلیمییەکان نییە بەڵکوو گەورەهێزە هەژموونیخوازەجیهانییەکانی وەکوو ڕووسیا و ئەمریکا و ئەوروپا تیایدا دەخیلن و بەرژەوەندییان تێیدا هەیە ، هەر ئەمەشە وادەکات کورد و سیاسییکارانی کورد چیتر بە عەقڵییەتی سەدەکانی ناوەراست و لە سەر بنەمای پارچە و ناوچە و خێڵ و بنەماڵە و گەڕەک و کۆڵان سیاسەت نەکەن و پانتایی بیرکردنەوە و سیاسەتکردنییان فراوانتر بکەن و بە پێی پێداویستیی کۆمەڵگای کوردستان و هەموو پێکهاتە میللی و ئایینییەکانییەوە ، بەردەکانی بناخەی کوردستانێکی ئازاد و دیموکرات دابڕێژن چونکە خێڵ-حزب یان بنەماڵە یان گروپێکی ئایدۆلۆژیی ناتوانێ هەڵگری بیرۆکەی نەتەوەیی و نیشتمانیی بێت و هیوای ئەوەی پێ ببەسترێت کە لە دواڕۆژ دا ببێتە جێبەجێکاری پڕۆژەیەکی لە جۆری دەوڵەت_نەتەوە یان نەتەوەی دیموکراتیک .
کێشەی کورد ئیتر بەم قەبارە و ئاستە بەرزەیەوە پێویستیی بە سەرکردەی سواڵکەر و هونەرمەندی گرینۆک و تاکی بێ ئیرادە و فەرمانبەری بندیوار نییە ، ئیتر سەردەمی دروشمگەلی وەکوو ” کورد کەسی نییە چیاکان نەبێ ” بە سەرچووە و کۆتایی سەردەمی ئەو ناسیۆناڵ -ئیخوانییانەیە کە دڵیان بۆ پڕۆژەکەی ئاکپارتی و ئیخوانیزمی تورکی-کوردی لێدەدات و هاودڵی و هاوسۆزی بۆ دەکەن و بە نووسینی یەک دێڕیش ناوێرن ڕەخنە لە سیاسەت و هزری پاوانخواز و فراوانخوازیی سوڵتان بگرن .
کورد و بزاڤەکەی لە مێژووی نوێی خۆی‌دا قەت ئەوەندە یەکگرتوو نەبووە و نەیتوانیوە ئاوا ڕیزەکانی خۆی ڕێکبخات و خاوەنی یەک گوتار بێت بەرامبەر بە نەیارەکانی . ڕۆژئاوای کوردستان و پڕۆژەکەی بۆ یەکەم جار توانییان جیهان بە دەوڵەت و میللەتەوە بهێننە سەر خەت و پێیان بڵێن کە جیهانێک بە بێ کوردی ئازاد ناتوانێت بوونی هەبێت .
تاکی کورد لەم چەند ڕۆژە دا ئەوەشی بە گوێی سەرکردە و ڕێبەر و دەمڕاستەکانی خۆی دا چرپاند کە ئەگەر بێتوو پێشەنگەکانی ئازادی و یەکسانی و ڕزگاری ڕوحی یەکگرتوویی و لێبوردەیی و خەباتیان تێدا هەبێ ، ئەوانیش هەمیشە ئامادەن بۆ پشتگیریکردنیان .

🌼ڕۆژنووس🌼
@rojnus

Related posts