لە بێدەنگی پامووکەوە تا زرمەی پۆستاڵە ڕەشەکانی خەلیفە ئەردۆغان و سپا سوورەکەی

لە بێدەنگی پامووکەوە تا زرمەی پۆستاڵە ڕەشەکانی خەلیفە ئەردۆغان و سپا سوورەکەی

عەتا وەلەدی

تا خرۆشانی پێڵاوی ناڕەزایەتی نووسەران، ڕۆشنبیران، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەو مرۆڤانەی وا بە بێ جیاوازی ئەتنیکی و ئایینی دڵیان بۆ مرۆڤ لێدەدا و ئەو منداڵەی وا لە شەقامەکانی ئامەد و دەرسێم لە ژێر تانک و زرێپۆش‌دا خوێنیان دەرژێ، بە ڕۆڵەی خۆیانی دەزانن و بە گشتی خەمی مرۆڤیان هەیە و ئاڵای سپی ئاشتیخوازی، جوانترین ئاڵایە بە لایانەوە، بە شێوەیەکی گشتیی چینی مامناوەندی تورکیا، شەقامەکانی ئەو وڵاتە نەخاتە لەرزە و دەنگی مافخوازی و یەکسانخوازییان بەرزتر نەبێ لە زرمەی پۆستاڵی سەربازەکان، تورکیا ڕووی هێمنی و ئاشتی و پێکەوەژیانێ فرەڕەنگی یەکسانی مرۆیی بە خۆوە نابێنێت.
تا دەنگی نا بۆ فاشیزم و ڕاسیزم بەرزتر نەبێ لە مایکی دەسەڵاتدارانی دەم پڕ لە هەرات و بانگەوازخوازانی مەرگدۆستی و فەندەمەنتاڵیزمی تاک ڕەهەند و تینوو بە خوێنی ئەوی دیکە ، فاشیزم لەوەی کە هەیە زیاتر بنج و بناوان ئەکوتێ و کەرامەتی مرۆڤی ناوەک‌ئەوان ساناتر دەشکێ و ڕوومەتی مرۆڤایەتی گەلێ زۆرتر لە ئێستاش دەڕووشێ.
هەرچی شەقام کپ و بێدەنگتر بێ یان بێدەنگ بکرێ، زرمەی پێی فاشیزم بەرز و بەرزتر دەبێتەوە. هێزێکی جەماوەریی پتەو و باوەڕی ئینسانیی پتەوتری دەوێ تا واز لە خۆشەیدایی کەمالیستی و تیۆری زمانی خۆر و مێژووی ساختە بهێنرێ.
هەنووکە کە کەمالیزم کەوتە ئاویلکە و دواهەناسەکانی لە ئیسلامێکی بە ناو میانەڕەوی ئەردۆغانی‌دا خۆی بینیوەتەوە و دوا لنگەفرتێکانی خۆی دەکات، دەبێ دەنگی مرۆڤدۆستی شەقامی تورکیا، بیرۆڕای کەمالیزم بەرەو هەڵدێری ڕیخەکەن کردنێ ببەن و لە هەڵدێرێکەوە بەری بدەنەوە.
تا بڕوا بە کەمالیزم پتەو بێت، ئەردۆغانەکان لە سەر ژیڵەمڕی عوسمانیزم، توورانیزم و کەمالیزم سەرهەڵدەدەنەوە.
خەڵکی تورکیا بە تایبەت بەرەی ڕۆشنبیری دەبێ هەوڵ بدەن ڕئالیستییانە لە گەل واقێعدا ڕووبەڕوو ببنەوە و ئەو پەڵە ڕەشەیە هەشتا ساڵە بە ڕوومەتی تورکیاوە ماوەتەوە پاک بکەنەوە و ئەو مێژووە درۆینەیەی وا لە سەر ژنۆساید و پاکتاوکردنی ڕەگەزیی و خوێنی ئەرمەن و چەرکەس و کورد دانراوە بخەنە بەر نەشتەرگەری توند و تیژ و دان بە ڕاستییەکاندا بنێن، تا هەنگاوی ڕاستەقینەتر بەرەو پاراستنی کەرامەتی ئینسان هەڵبگرن. تا پامووکەکان بێدەنگی هەڵبژێرن یان پێیان هەڵببژێردرێت ( بێدەنگی لە هەمبەر ستەم، ستەمکار دەمسوورتر دەکات بۆ درێژەی ستەمەکەی و بێدەنگی دەبێتەوە بە بەشێک لەو ستەمە).
ئەوە ئەردۆغانەکانن سواری شەپۆلێ لە بێدەنگی ڕۆشنبیران، کۆمەڵگەی مەدەنی و چینی مامناوەندی و کاڵفامیی ئاینیی دەبن و بڕوا بە توورانیزم و عوسمانیزمە کە براوەی گۆڕەپانە تژی لە ڕق و قینە فاشیستیانەکەیە بەرامبەر بە کەرامەتی مرۆڤی دەرەوەی ئەو بازنە بەرتەسکە ڕاسیستیانەیەی وا هێشتا لە سەر ڕەفز کردنەوەی ژینۆسایدی ئەرمەن و چەرکەس و کوشتنی مرۆڤی کورد سوورە لە هێشتاکەیشدا.
خەڵکی تورکیا تا بە بڕوایەکی ئەمڕۆییانەوە بۆ هەمیشە بڕیارێک نەدەن و خۆیان لە گەل ئەو ڕوانگە دژە مرۆییە یەکلایی نەکەنەوە و ئەم ئاشە کۆنە تا ئەو ئاولیخنەی لێنەبڕێ هەر کەرامەتی مرۆڤ دەهاڕێ و خوێن لە بەری دەڕوا و تۆزی ئەم ئاشە هیچ ڕوویەک بۆ هەمیشە چەرموو ناکات!
چاوداخستن و لۆکە خستنە ناو گوێی پامووکەکان و دەنگی ئێجگار کزی شەقامی تورکیی دژ بە فاشیزم، گەلێ کوشندەترە لە شریخەی گولە و هووژەی فرۆکەکانی سپاکەی ئەو وڵاتە بە سەر جەستەی ئەمڕۆی منی کوردەوە و ناخوێن دەخاتە برینی دوێنێی کورد و ئەرمەنەوە.
تا خەڵکی تورک بڕیار نەدەن دەست لە تۆڕ و قولاپ بوون هەڵگرن و ببنە ماسی، ناتوانن خزمی منی ماسی ناو دیجلە و فورات بن، برایەتی لە نێوان ماسییەکاندا دەبەسترێ نەک پەشێو واتەنی؛ برایەتی تۆڕ و ماسی‌دا، کەوابوو وەرن ماسی بن و لەم بەرینییەدا شەقەی باڵەکانمان زەریا بنووسێتەوە.
جەنگ سەرەڕای دیوە دزێو و نامرۆڤانەکانی ئەمڕۆ یا سبەی هەر کۆتایی دێ، برینی سەر جەستەکان لە گەڵ تێپەڕینی کات‌دا بەرەو تۆزێ کاڵتر بوون دەچن و برینی سەر ڕۆحەکان هەر تێراوێی دەمێنێ.
بێدەنگیی پامووک و پامووکەکان بە سەر ڕۆحی منی کوردەوە داخێ سەوزتر دەمێنێتەوە تا زرمەی پۆستاڵەکانی خەلیفە ئەردۆغانەکان و سپای کانیی ئاشتییەکەیان وا بە سەر جەستەمەوە کە سوور!
ڕۆژ لە ڕۆژئاوا نەک ئاوا، کە هەڵدێ؛
ئەمە وتەی ئێڤای کچۆلە قژ خۆڵاوییەکەی ڕۆژئاوایە وا خۆی لە تۆزی فڕۆکە و بۆمبای کانیی ئاشتییەکەتان دەتەکێنێ بزەیەک بە لێویەوە بۆ داهاتووی زەوی تا نەبێ کاولێکی کەس تیا نەماو!

سەرچاوە: پایگاە خبری تحلیلی هاژە

Related posts