ئەم کوڕێ کێیە و ئەو ژنی کێیە ؟؟؟

🔹ئەم کوڕێ کێیە و ئەو ژنی کێیە ؟؟؟

#فایق_دارتاش

ئەو زەعیفە قژدرێژ و بێ‌پەچە و ڕووبەندەی لە پارلمانی پێشکەوتووترین و دەست‌ڕۆیشتووترین وڵاتی ئەم جیهانە بەرامبەر بە ئاپۆرای پیاوەڕێکپۆش و چاوزەقەکان ، چاوەکانی نەترووکاند و ڕەخنەی لە سیاسەتی هەڵەی سەرۆک‌کۆمار و بەڕێوەبەرایەتیی سیاسیی ئەمریکا گرت ، ژن و کابانی ناوماڵی کامە کەڵەپیاو و خاوەن‌مڵک و سەرۆک‌هۆز و ئامرهێز و سەرۆک‌حیزبە ؟

ئەدی ئەم کوڕە ڕەشتاڵە نەرم و نیان و لەسەرخۆیەی کە سەرۆکی هەمان وڵات بە “ژەنڕاڵ” بانگی دێڵێ و داوەتی وڵاتەکەی دەکا ، کوڕی کێیە و باوکیی چەندەها پشکی لە کۆمپانیا نەوتی و نانەوتییەکان دا هەیە و خزمەکانیی وەزیر و کاربەدەستی باڵای کامە دەزگای ئەم وڵاتەن؟

ئەوانە کوڕی کێن و ژنی کێن و کچی کێن و ئامۆزا و پورزا و خاڵۆزا و کوڕەزا و کچەزای کامە سەرۆک و سەرمایەدار و بازرگان و ڕانتخۆرن کە ئێمە باوکیان و مێردیان و برایان ناسناکەین؟

ئاخر مەگەر دەبێت لەم ڕۆژهەڵاتی ناڤینە ، کەسێکت وەزیر و بەرپرس و نەوتخۆر و کاسەلێس و ماستاوچی نەبێ و بتوانی لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا ، هەولێریی گوتەنی بە هەندت بزانن و حیسابت لۆ بکەن ؟
ئاغاوەتی وڵاتی مە ، ئەگەر باسی کەسێکیان بکردایە ، نەیاندەگوت ناوی چییە بەڵکوو دەیانپرسی کوڕی کێیه ؟ یان ئەگەر ژنێکی تەڕپۆش و شۆخ و شەنگ یان ژیر و تێگەیشتوویان بدیتایە ،نەیاندەپرسی ناوی چییە بەڵکوو دەیانگووت ژنی کێیە ؟؟
واتە کەسەکە خۆی بە فەرمی نەدەناسرا بەڵکوو ئەوە باوک و بنەماڵە و عەشیرەت و هۆز بوو کە ناسنامەیان پێدەبەخشی و لە ڕیگەی ئەوانەوە دەیتوانی قسەی هەبێت و قسەی بڕوات .
…..
ئەوانەی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی ئەو ئەزموونە دەکەن ، کوڕ و کچی ئەو خاکەن و موڵکی کەس و لایەنێکی تایبەت نین و با سەرمایەدار و گازینۆدار و باڵەخانەسازەکانیش بە “ژەنڕال” بانگیان بکەن ، لە ڕاستیدا ” هەڤاڵ” ێکی بێ پاشناو و بێ پێشناو ن و ئەگەر ڕۆژێک متمانەی خەڵک لە دەستبدەن ، یەکەم شتی کە لێی بێبەش دەبن ” هەڤاڵ” بوونە .

مەزلوم و ئیلهام ، لە ئاسمان بەرنەبوونەتەوە و لە هەردیش هەڵنەقوڵاون ، ئەوان و هەزارانی وەک ئەوان ، بەرهەمی ئەو دارەن کە بە خوێن ئاودراوە و هەر بۆیەشە لە بەرچاوی خەڵک هیچ فەرقێکیان نییە دەگەڵ شەڕوانێکی سادەی غەیرەکوردی خەڵکی گوندێکی هەژاریی ئەو جوغرافیایەی کە پێی دەڵێن باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا . (ئەگەر وانەبێ و پێچەوانەی ئەمە بێ ، کڵاوێکی گەورەمان چۆتەسەری) .

ئەوان ئەو پەیامەیان بە ئێمەش و بە گوێی جیهانیشدا چرپاند کە :
– دەتوانی و دەکرێ کوڕی فڵانەسەرۆک‌حیزب و ژنی فیسارە بەرپرس نەبی و دەگەڵ گەورەسەرۆکەکانیش دا دابنیشی و سەرکۆنەشیان بکەی .
– دەکرێ و زۆریش سەیرنییە دەرچووی زانکۆی سەربازی و کۆلیژی جەنگ نەبی و ” ژەنڕال”یش بی و هەر ” شاهین” ەکەی جارانیش بمێنیتەوە .
– دەکرێ خەڵکی سووریای مەکۆی خەلافەتەکەی داعش بی و لە جیاتی بوون بە ” کۆیلەی سێکسی ” و بەرکاری “جیهادی نیکاح ” ، نوێنەرایەتیی ژنی ئازاد بکەی و خاوەنی قسە و ئارەزووی خۆت بی .
– دەتوانی ژن بی و کورد بی و لە هەموو دەزگایەک و ئۆرگانێک دا دەگەڵ پیاوێک و ناکوردێک ” هاوسەرۆک ” بی .
لێرەدایە کە دەبی به ، ئیلهام‌بەخشی هەموو مەزلوومەکان و سەرەڕای هەبوونی هەڵە و پەڵە و کەم‌وکووڕییەکانی پێشوو و ئێستا و داهاتووش ، هەوڵنادەی کە هەر مۆڵ و باڵەخانە و شاری یاری و سەربازگە دروست بکەی بەڵکوو هاوتەریب دەگەڵ ئەوانە ، کەماڵ چۆمانی گوتەنی تێدەکۆشی بە قەد باڵای باڵەخانەکان ، کەسایەتی نوێ بئافرێنی ….

🌼ڕۆژنووس🌼
@rojnus

Related posts