با نەکەوینە ئەو داوە!

ئەمین سۆرانی

با نەکەوینە ئەو داوە!
با چیتر لە ناو بازنەی ئەو گەمەیەدا نەخولێینەوە!
با خۆمان لەم تەڵەیە رزگار بکەین!

کامیان باشترە؟ ئەم یا ئەو؟
کامەیان “کوردترە”؟ هەولێر یا سلێمانی؟
کامیان جوانترە؟ زەرد یا سەوز؟

ئەوە ئەو گەمەیە کە بەرێوە دەچیت بۆ لەبیر بردنەوە و پاشگوێ خستنی پرسیاری سەرەکی کۆمەڵگا. ئەمە رێک کۆپی ئەو گەمەیە کە لایەنەکانی دەستهەڵاتداری رێژیمی ئێران چل ساڵە بەرێوەی دەبەن.

دیارە کە ئەو دوو هێزە لێک جیاواز و ناکۆکن. راستی ئەوەیە کە ئەو دوو”حیزبە” دوو خاڵ بەدەر، لە هەموو شتێک دا جیاوازان. بەڵێ لە دوو خاڵ دا هاوبەش و کۆکن.
یەک: دابەشکردنی باشور بە دوو بەش و دزینی سەروەت و سامانی گەل. رەوانشاد مام جەلال دەیگوت کە ئەگەر فلانەکەس بکەینە “وەزیری گووی کوردستان” نیوەی دەدزێ و دە یفرۆشی، نیوەشی دەخوات.
دوو: بەرێوەچوونی ئەو گەمەیە بۆ خاپاندن و لە رۆژەف خستنی کاکڵی کێشەکە واتە
شێوە و نەوەرۆکی دەستهەڵاتداری و حکومرانی دەستەی دەستهەڵاتدار لە باشور.
باشوری کوردستان دەستهەڵات و حکومەتی خۆی هەیە. مەرجەع /وەلی فەقیە، سەرۆک، سەرۆک وەزیر، دەستەی وەزیران و پارلمانی هەیە. لەشکری خۆی هەیە، دەزگای هەواڵگری و تیرۆر و دژی تیرۆری هەیە. گزیری هەیە، پۆلیسی هەیە. گورزی هەیە، گۆپاڵی هەیە. شمشێری هەیە، مەتاڵی هەیە. لە هەمووی گرینگتر نەفتی هەیە کە دەیفرۆشی و بە پارەکەی”روناکبیر” و تەماتە دەکرێ. کەوابوو ئەە دەستهەڵاتە هەموو کەرەسەی دەوڵەتانی هەیە.

بۆ مرۆفی رەخنەگر و پێشکەوتنواز دیارە دەبێ پرسیاری سەرەکی ئەوە بێت کە: کۆی ئەو دەستهەڵاتە و حکومەتە چ سیاسەتێک پێرەو دەکات؟ سیاسەتی دەرەوە و ناوەوەی چییە و چۆنە. چۆن و چلۆن لە گەل دەوڵەتانی داگیرکەر و هەروەها لەگەل گەلی کورد بە گشتی هەلس و کەوت دەکات. سیاستی پەروردە، رۆشەنبیری، ئابوری، مافی مرۆڤ و ……چۆنە؟ لە هەموو گرینگ تر چ کەس ولایەن یا کام دەستگای ئەو دەستهەڵاتە بەرپرسیاری سەرەکی هەیە؟

بە پێی ئەم گەمەیە و بەم شێوەیە هەممو ئەو پرسیارانە لە بیر دەکرێن. هەمیشە لایەنێک تاوانبار دەبێت و لایەنێک دەرباز، بەڵام کۆی دەستهەڵات هەرگیز ناچێتە ژێر پرسیار. کۆماری ئیسڵامی ئێرانتان دێتە بەر چاو؟ ناحەقتان نییە.

ڵەوانیە بڵێن کە ئەو دەستهەڵاتە یەکدەست نییە بۆیە ئاوهایە. راستە ئەو دەستهەڵاتە تێکەڵاوێکە لە “شیرینی و شیاکە”. کێشە ئەوەیە کە هەر لایەنە خۆی پێ شیرینە و ئەویدی، شیاکە.
باشە ئەدی چار چییە؟ من لەو بروایە دام کە هێشتا لە ناو یەکێتی دا و لە باشور بە گشتی هەندێک کەس و لایەن ماون کە بە تەواوەتی نوقمی ئەو زلکاوە نەبوون.

Related posts