بە بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک بەرەو یەکێتی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران
شەشەمین کۆنگرەی پژاک لە رێکەوتی ١٠ و ١١ مارسی ٢٠٢٠، بەرامبەر ٢٠ و ٢١ رەشەممەی ١٣٩٨ هەتاوی بە دروشمی “بە بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک بەرەو یەکێتی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران” لە ماوەی دوو رۆژدا و بە بەشداری ئەندامانی کۆنگرە لە چێاکانی کوردستان بەرێوەچوو. کۆنگرە لە ماوەی دوو رۆژەدا، خەبات و تێکۆشانی سێ ساڵەی پژاکی خستە بەر باس و نرخاندن. هەروەها بە مەبەستی تێپەڕاندنی گرفت و کۆسپەکانی بەردەم خەبات و چالاکییەکان لە چوارچێوەی بۆچوون و رێنموونیەکانی رێبەر ئاپۆدا باس و گفتوگۆی بەنرخ و سازدەری ئەنجامدا، کە دەبنە هۆی کرانەوە لە رەوتی خەباتی داهاتووماندا. کۆنگرە وێڕای پێشکەش کردنی رەخنەداین بە گەلەکەمان سەبارەت کەموکووڕی و لاوازییەکان وەدیهاتوو لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەرنامە و پرۆژەی خەباتی داهاتووی لەسەر بنەمای پارادایمی مۆدێڕنیتەی دیمۆکراتیک داڕشت و پێشکەشی کرد. بە مەبەستی بەشداری چالاکانەتری ئەندامان، دامەزراوە و کۆمیتەکانی پارتیمان و چۆنێتی خەباتیان چاویان پێداخشێندراوە و بە پێی پێداویستیەکانی تێکۆشان لە داهاتوودا، رێکخستن کرانەوە. کۆنگرە ئەندامانی مەجلیسی پژاکی کە بە گشتی لە ١٦کەس پێکدێت، هەڵبژارد و بە زۆرینەی دەنگ هەڤاڵ سیامەند موعینی و هەڤاڵ زیلان وەژینی بۆ دوویەمین جار وەک هاوسەرۆکایەتی پژاک ئەرکدار کرد.
لەو قۆناغە میژووییەی ئێستادا کە شایەدی گۆڕانکاری بنەڕەتی و چارەنووسسازین لە ئاستی کوردستان و هەرێمەکەدا، بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆنگرەی پژاک بە هەنگاوێکی گرینگ، بەنرخ و واتادار دەزانین. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە کاتێکدا کۆنگرەی شەشەمی خۆی بەڕێوەبرد کە ١٥ ساڵ بە سەر خەبات و تێکۆشانیدا تێدەپەڕێ و خاوەن پاشەکەوتێکی بەنرخە لە ئەزموون و لێهاتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. بە هێز و توانستێک کە لە فەلسەفە و ئەندێشەی بەبەرهەمی رێبەر ئاپۆ و شەهیدانی سەربەرزی رێگای ئازادی و سەربەخۆیی گرتوومانە و بە وەدەستخستنی ئەو رێنموونیانەی کە دەرئەنجامی شیکاری و قووڵبوونەوە لە سەر کار و خەباتی رابردوومانن و لە تەک ئایندەبینی ئاوێتەبوون، پێداگر، بڕوامەند و بەئیرادە هەنگاومان ناوەتە مەیدانی خەباتەوە. ئەو رەوتە دەرئەنجامگەلێکی بەنرخی لە تەک خۆیدا هێناوە کە هەنگاونانەوەمان لە رێگای تێکۆشاندا پتەوتر و بەهێزتر دەکات.
کۆنگرە دۆخی سیاسی جیهان و هەرێمەکە و رووداو و پێشهاتەکانی لە سۆنگەی جیاوازەوە خستە بەر باس و نرخاندن. لەسەر ئەو بنەمایە، رەوتی رووداوەکانی سەدەی بیستویەکەم تاکوو ئێستا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم سەدەیە بۆ گەلی کورد وەدیهێنەری دەرفەتگەل و زەمینەخۆشکەری گۆڕانکاری ئەوتۆ و بنەڕەتین. گەلی کورد لە سایەی تێکۆشان و بەرخۆدانی هەمەلایەنە و بێوچان و بە تێگەیشتن لە دۆخی هەیی و بەهرەمەندی لە ئەزموونەکانی مێژوویی، نە وەک ئاکتەر بەڵکوو وەک ئاکتەرگەردانێک لە مەیدانی گۆڕانکارییەکانی جیهانی و هەرێمیدا ناوی دەرکردووە. بەستێنی سیاسەت کردنی وەدیهێناوە و نەبۆتە هەڵگری سیاسەتی هیچ لایەنێک و هەنگاوی بەرەو ئازادی ناوەتەوە. لە کەناری ئەوەدا بە بەرزکردنەوەی ئاستی توانستی خۆی لە بواری رێوەبەری و چارەسازیدا، بۆ هەموو گەلانی چەوساوە و بندەستی هەرێمەکە بووە بە پێشەنگ و سەمبولی بونیادنان و دامەزراندنی سیستەمی ئاڵترناتیوی رژێمەکانی ناکارامە و ئاریشاوی لە هەرێمەکەدا.
لە بەرامبەردا هێشتاش زهنییەتی پاوانخواز، ناوەندگەرا و رەگەزپەرست کە لە پێکهاتەی دەوڵەت- نەتەوەدا وەک ستوونی سەرەکی پەرگالی جیهانی بە سیستەم بووە، پێداگرە لەسەر مانەوەی. ئەو سیستەمە بە مەبەستی پتەوکردنی پێگەی خۆی، هێرشی هەمەلایەنە و پلانداڕێژراو بە ئامانجی تواندنەوە و لەناوبردنی فیزیکی و فەرهەنگی جیاوازیگەلی هەرێمەکە بەڕێوە دەبات. دۆخی قەیراناوی هەرێمەکە بە روونی ئەو بابەتە نیشان دەدا. لە بەرانبەركێ لە تەک ئەو دۆخەدا، بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە ئاستی هەرێمی و جیهانیدا، فەرهەنگی بەرخۆدانی پێگەیشتوو و رێکخستنی، نموودی بەرچاوی پەیدا کردووە و لە ناو گەلانی هەرێمەکە لە گەشەسەندن دایە. بێگومان بە گەشەکردن و هەڵدانی ئەو فەرهەنگە، کەلەبەری وەدیهاتوو لە سیستەمی دەسەڵاتی جیهانیدا، رۆژ بە رۆژ بەرێنتر دەبێتەوە. ئەوەش بەستێنی هەڵدان و پشکووتنی جیاوازییەکان و کەشی پێکەوەژیان دەئافرێنێ. پەرگالی جیهانی ئەو پێشەنگایەتیەی گەلی کورد دەبینێ و لەبەر ئەوەش هێزەکانی داگیرکەری کوردستان بە چرای سەوز و لە ژێر پەڕاوێزی ئەمنی ئەواندا، زیاتر لە هەموو دەمێک بە ئامانجی لەناوبردنی کۆمەڵگای کورد و دەسکەوتەکانی هاتوونەتە مەیدان. بە کوشتار و تاڵان، هەوڵدەدن کە پێشی لە سەرکەوتنی گەلەکەمان بگرن.
هێزە هەژمۆنە جیهانیەکان سیاست و پرۆژەکانیان لە سەر بنەما و فەلسفەی نیولیبڕاڵیسم دادەڕێژن و بۆ وەدەستخستنی بەرژەوەندی زیاتر بەردەوام لە کێشمەکێش دان. بۆیەش هەبوونی هیچ هێزێکی دیکە لە هەرێکەدا قەبووڵ ناکەن. پەرگالی داگیرکاری و کولۆنیالیستی ئەورووپایی خاوەن بنەمای دەوڵەت- نەتەوە کارامەیی خۆی لە دەست داوە و بەرەو داڕمان دەچێت. هێزەکانی هەرێمی بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان سەردانی هەر رێکار و کردارێک دەکەن. بە واتایەکی دیکە پەرگالی جیهانی بە مەبەستی مانەوە و بەردەوامی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووەتە مەیدانی ململانێ و بەستێنی شەڕە نوێنەرایەتی و ڕاستەوخۆیەکان.
کۆنگرە وێڕای جەخت کردن لەسەر ئەو خاڵە کە لە ئێراندا، هەبوونی گەندەڵی سیستەماتیکی سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتی رەهای گەندەڵیهێن و رێوەبەری ناکارامە و لەکەلک کەوتوو هۆکارێکی دیکەی پووکانەوەی رژیمە و قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە دیاری کرد؛ رژیم بۆ داپۆشینی دەستەوەستانی و ناتوانییەکانی و هەروەها ئاوەژوو نیشاندانی بابەتەکان، لە گشت شوێنەکانی ئێران و تەنانەت شارەکانی ناوەندی، دەستی داوەتە سازدانی پرگالێکی سەربازی(پادگانی) و ملیتاریزە کردنی وڵاتی خستووەتە پلانەوە. دەکری لەو بوارەدا ئاماژە بە هەرێمی وەک کوردستان، بەلووچستان و خووزستان بکرێ کە بەردەوام بە سێدارە، تیرۆر و دەستگیری و دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵ، تاقەتیان لە کۆمەڵگا بڕیوە. ئەوەش رەوایی لە دەستچووی رژیمی لە جاران زیاتر خستووەتە ژێر پرسیار و ریسوای کردووە. بایکۆتی بەرفراوانی هەڵبژاردنەکانی پاڕلەمانی کۆماری ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە لایەن گەلانی ئێرانەوە، میناکی بەرچاوی ئەو دەنگهەڵبڕینانەن سەبارەت بە ناڕەوایی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران. هەلومەرجی باسکراو، ئەگەرچی کەشێکی ژاراوی و بەستە و کپی دروست کردووە، بەڵام دژایەتی کردنی رژیم وەک بابەتێکی رۆژانە و ئاسایی لێهاتووە و دەنگی دژایەتی لە هەموو شوێن و چین و توێژێکانی وەک؛ ژنان، جوانان، مامۆستایان. خوێندکاران، کارگەران، جووتیاران، کارمەندان و…، بەرزە بووەتەوە، هەموویان دەستیان داوەتە بەرخۆدانێکی هەمەلایەنە و شانبەشان و هاوهەنگاو لە گۆڕەپانی تێکۆشاندا ئامادەن. هەرێم و بەتایبەت ئێران پێویستیان بە ئاڵوگۆڕی جیدی هەیە و بێ گۆڕانگاری بنەڕەتی دەرفەتی وەدیهاتنی دیمۆکراسییەکی چالاک و سەقامگیر مومکین نییە.
هاوکات لەتەک قەیرانی کۆرۆنا، قەیرانی ناکارامەیی رژیم دەبینین. لاوازی و کەمتەرخەمی رژێمی داگیرکەری ئێران لە رووبەرووبوونەوەی لە تەک رووداو و بوویەرە سروشتی و چاوەڕوان نەکراوەکانی وەک بوومەلەرزە، لافاو و پەتای کۆرۆنا دەریخست کە رژیم لە پاراستنی کۆمەڵگا و دابینکردنی سڵامەتیدا تا چ رادە نابەرپرسیار نزیک دەبێتەوە. پەڕتووکاوی رێکخراو و دامەزراوەکانی رێوەبەری و خزمەتگوزاری رژیم لە بەشەکانی تەندروستی و دەرمان و ئابووریدا، کۆمەڵێ دەرئەنجامی خراپ و نالەباری لێکەوتەوە و سەرمایەی مرۆیی یەکجار زۆری بەرەو نەمان و مەرگ برد. ئەو دۆخە نیشان لە سەرەتانی بوونی رژیم و هەروەها پەرگالی جیهانی سەرمایەداری و ستوونی سەرەکی ئەو واتە دەوڵەت- نەتەوە دەکات، کە بەردەوام بە پێداگری لەسەر فاشیسم و دیکتاتۆری، پێکهاتەی کۆمەڵگا بەسەریدا دەڕووخێنن. بۆ هەموو کەسێک روونبۆتەوە ئەو جیهانەی کە تێیدا دەژین لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە پەرگالێکی پێکەوەژیان بە پاڕادایمی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک، ئێکۆلۆژیک و لەسەر بنەمای ئازادی ژن هەیە.
هەلومەرجی ئەوڕۆی جیهان، پێویستی بە هەبوونی سیستەمی خۆڕێوەبەری پشتبەستوو بە هێزی جەوهەری کۆمەڵگا و بەدەر لە چوارچێوەی نەزمی دەوڵەتی دەسەپێنێ. بۆ ئەوەی لەو چوارچێوەیەدا گەلان و کومەڵگاکان هەلومەرجی ژیان و هەڵدان و گەشەکردنی خۆیان دیار بکەن و هاوسەنگی نێوان کۆمەڵگا و سروشت لە نوێوە بونیاد بنێن. خەبات و چالاکییەکانی بەڕێوەچوو لە لایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە شێوازی خۆبەخش لە رووداو و بوویەرە سروشتیەکانی ماوەی رابردوو، وەک بوومەلەرزەی کرماشان، لافاوەکانی لوڕستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها قەیرانی کۆرۆنا، گوزارش لە توانست و هێزی گەلان و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەکا لە بواری خۆبەڕێوەبەریدا. دەتوانین ئەو دەسکەوتانە وەک سەمبولی تێپەرین و وەلانانی پەرگالی دەوڵەتی بەناوی بکەین. ئەو مژارە روانگەی ئێمە سەبارەت بە پرۆژەی خۆڕێوەبەری گەلان دەسەلمێنی. ئەو کار و چالاکیانەی گەلەکەمان و گەلانی دیکەی ئێران لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەدا بوو بە جێگای ئومێد و ئیلهام.
تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی پژاک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی چارەسەری پرسی کورد و پرسی گەلانی ئێران بۆ پێکهێنانی پەرگالێکی دیمۆکراتیک، هەڵگری ئەزموونی گرینگ و سەرکەوتوانەیە. لە رێگای بەئەنجامگەیاندنی ئەو پێشەنگایەتیە، گەلێک لە هەڤاڵان و هاوسەنگەرانمان گیانی خۆیان فیدا کردووە و ئێستاکەش بە سەدان تێکۆشەر لە زیندان و بەندیخانەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامیدا بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن بەرخۆدان دەکەن. ئێمە لە تێکۆشانی ١٥ ساڵەی خۆماندا، بەردەوام سەبارەت بە چارەسەری پرسی گەلی کورد روانگەیەکی کراوەمان هەبووە و بە شێوازێکی فرەڕەهەند روانیومانەتە بابەتەکە و لەو سۆنگەیەوە پرۆژەی دیار و کارناسانە و رێکاری گونجاومان لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا پێشکەش کردووە. بەرنامە و نەخشەڕێ و پرۆژەکانی پێشکەش کراو لە لایەن ئێمەوە کاتی و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو نین و ئەو گەڵاڵە و پرۆژانە بەرهەمی لێکۆڵینەوەن و بە شێواز و روانگەی ستراتژیک ئامادە کراون. توانستی دابەزاندن و پێکهێنانیان لە پێواژۆی هەستیاری ئێستادا بۆ هەر کەسی روونە.
لە ئەنجامی تێکۆشان و فیداکارییەکانی ئەو قۆناغە، فەرهەنگێکی بەرخۆدان شکڵی گرتووە و روانگەی کلاسیکی دەوڵەت- نەتەوە و دەسەڵاتخوازی دووچاری تەنگەژە کردووە. تێکۆشان بۆ گەیشتن بە پەرگالێکی چارەسازی پشتبەستوو بە هێزی زاتی، بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە. ئاشکرایە کە ئامانج و پرۆژەکانی پژاک لایەن گەلەکەمانەوە پێشوازی لێدەکرێ. یەکێتی و یەکگرتوویی گەل لە دژوارترین دۆخەکان و ئەو بەرخۆدانانەی کە بە شێوەی مەیدانی دەیانبینین، سەلمێنەری ئەو بۆچوونەمانن. ئەو خۆڕاگرییەی خەڵک بووە بە پاڵپشت و ورە و هێزی دڵمان لە تێکۆشاندا و بەردەوام هاندەرمانە لە بەرەوپێشبەردنی چالاکییەکانمان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا. پێویستە وەبیربهێنینەوە کە رەخنە و پێشنیارەکانی گەیشتوو لە لایەن گەلەکەمانەوە لەو کۆنگرەیەدا خرانە بەر باس و گفتگۆ و کرانە رێنموونی بە مەبەستی بڵندکردنی ئاستی تێکۆشان لە داهاتوودا. لە سەر ئەو باوەڕەین و خاوەن ئیدعاین کە بە رەخنە و رەخنەداین سەبارەت بە وەلانان و تێپەڕاندنی لاوازی و کەموکووڕییەکان لە بەڕێوەبردنی بەرنامەکان و شێوازی رێکخستنکردنی رابردوو، دەتوانین بەهێزتر و بە ئەوپەڕی ئامادەیی لە رێبازی خەباتدا هەنگاوی تۆکمە هەڵگرین. بۆ ئەو مەبەستە، پێداچوونەوەمان بە خەباتی هەموو کۆمیتە و دامەزراوەکانی پژاکدا کرد. بۆ ئەوەی کە بتوانن بە شێوازیکی کاریگەرتر و کارامەتر لە قۆناغی نوێدا ئەرکەکانیان بەجێبهێنن، سەرلەنوێ بەڕێکخستن کرانەوە. لە کۆنگرەی شەشەمی پژاکدا، ئامانجی سەرەکی واتە شۆڕشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان و دیمۆکراتیزەکردنی ئێران، جەخت و پێداگری لەسەر کراوە. پژاک لە پێناو بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک، ستراتژی خۆی لەسەر سێ ستوونی سەرەکی، گەشەپێدانی سیاسەتی دیمۆکراتیک، بەرەوپێشبردنی یەکێتی و یەکڕیزی نەتەوەیی و یەکگرتوویی دیمۆکراتیک لەگەڵ گەلانی ئێران دادەڕێژێ. لەسەر ئەو بنەمایە و بە پێی ئەو شیکاری و شرۆڤانە کە ئەنجامدران کۆنگرە ئەو خاڵانە رادەگەیەنێت؛
١- پژاک لە پێناو تێکشکاندنی گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی لە ئاستی کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناونەتەوەییدا چالاکانە تێدەکۆشی و خەباتی خۆی بە ئامانجی ئازادی رێبەر ئاپۆ بە هەموو هێزەوە بەرەوام دەکات. هەر جۆرە رەفتارێک لە بەرامبەر رێبەر ئاپۆ وەک کردارێک لە هەمبەر ئێرادە، شوناس و هەبوونی نەتەوەی کورد دەزانێ و خاوەن هەڵوێستی گونجاو دەبێت. پاڕادایم و پرۆژەی رێبەر ئاپۆ واتە کۆنفدڕاڵیسمی دیمۆکراتیک و نەتەوەی دیمۆکراتیک دەکاتە بنەمای تێکۆشانی خۆی و بە مەبەستی بە ئەنجامگەیاندنی، هەموو توانستی خۆی دەخاتە مەیدانەوە.
٢- پژاک، بونیادنانی خۆڕێوەبەری دیمۆکراتیکی گەلان وەک رێگای دەرکەوتن لە قەیرانی هەیی دەزانێ. لە سەر ئەو بنەمایە لەگەڵ هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کە لە چوارچێوەی رێزلێنانی بەرامبەر و دابینکردنی بەرژەوەندی هاوبەشدا بەرنامە و پرۆژە پێشکەش دەکەن لە سەر بنەمای خەتی سێیەم هاوکاری دەکا. لە مەڕ هەڵگرتنی ئاستەنگی و لەمپەرەکانی سەر رێگای چارەسەری پرسی کورد و دەرکەوتن لە قەیرانی هەرێمەکە بێ جێگرتن لە گەمەکانی دەسەڵات و جەمسەربەندی هێز، بە هەموو توانایەوە و بەوپەڕی جدییەت تێدەکۆشێ. بێگومان لە حەوزەی سیاسەتی دیمۆکراتیکدا رۆڵی پێشەنگایەتی ئایدۆلۆژیک و سیاسی خۆی بەئەنجام دەگەیەنێ.
٣- بۆ چارەسەری دیمۆکراتیکی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دیمۆکراتیزاسیۆنی ئێران، یەکێتی و یەکگرتوویی گەلان بە بنەما دەگرێ و بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی تێدەکۆشێ. بۆ ئەو مەبەستە خاوەن بەرنامە و پرۆژەی ئامادە و دیارە و رێکخستنی کۆمەڵگا بە مەبەستی دەرکەوتنی ئیرادە و هێزی سیاسی سەربەخۆ بە ئەرکی خۆی دەزانێ. لە پێناو تۆکمەکردن، پتەوکردن و گەشەپێدانی بەرێکخستنیبوون هاوکاری هەموو لایەنەکان و جیاوازییەکان دەکات.
٤- پژاک یەکێتی نەتەوەیی گەلەکەمان تەوەری سەرەکی تێکۆشانی خۆی دەزانێ و بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران لە سەر گەلی کورد، چ ئەرک و بەرپرسیارێتی بکەوێتە سەر شانی پێکیدەهێنێ. لەو چوارچێوەیەدا خۆی بە بەرپرسی بەئەنجامگەیاندنی پرۆژەی یەکێتی نەتەوەیی دەزانێ.
٥- بە ئامانجی گەیشتن بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوتەریب لە تەک پارتە سیاسییەکان، هەموو چین و توێژ و جیاواییەکانی کۆمەڵگا وەک، نوێنەرانی چالاک و کارای رێکخراوەکانی ژنان، جوانان، کارگەران، مامۆستایان، بازاڕیان و هەروەها کەسایەتیە کۆمەڵایەتیەکان، رێبەرانی ئایینی، رۆشنبیران و هونەرمەندان وەک بەردەنگ دەبینێ. بۆ وەدیهێنانی بەستێن و زەمینی لەیەکتێگەیشتن، گفتوگۆ و بەشداریکردن بۆ هەموو لایەنەکان بە مەبەستی بەرسازدانی هێزێکی یەکانگیر، بە توانا و کارامە بێوچان تێکۆشان دەکا.
٦- ئامادەیی خۆی بۆ خەباتی هاوبەش لە پێناو دیمۆکراتیزە کردن و یەکێتی گەلانی ئێران و بەرەوپێشبردنی سیاسەتی دیمۆکراتیک لە تەک هەموو جیاوازییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی هەیی لە ئێران دەردەبڕێ و بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دیمۆکراتیک تێکۆشان دەکا.
٧- پژاک، خەبات لە پێناو ئازادی ژنان وەک رەهەندی بنچینەیی پارادایمی خۆی دەزانێ و لە گۆڕەپانەکانی تێکۆشان و خەباتی کۆمەڵایەتی وەک بڕیارستاندن و بەڕێوەبەری ، ئیرادەی ژنان و بەشداری هاوشێوە و بەرامبەر بە بنەما دەگرێ. لە هەمبەر رەگەزپارێزی کۆمەڵایەتی تێکۆشانی فرەڕەهەند و بەکاریگەر بەڕێوە دەبا. بۆ ئەوەی کە ژنان لە گۆڕەپانەکانی سیاسەتی دیمۆکراتیک بە پێی شوناسی تایبەتیانەیان بەشداری بکەن، کۆسپ و لەمپەرەکانی زهنییەتی و پێکهاتەیی لەناو دەبات.
٨- بۆ سڕینەوەی زهنییەتی ناوەندگەرای پیرسالار، رۆڵی پێشەنگایەتی دەداتە جوانان. پێداگرە لەسەر دروستکردنی بەستێنی بەڕێکخستن کردن، بەشداری و چالاکبوون و خۆدەربڕین بۆ جوانان لە هەموو مەیدانەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە تایبەت گۆڕەپانی سیاسەتی دیمۆکراتیک.
٩- لە کاتێکدا کە گەلی کورد و گەلانی ئێران لەتەک هێرشی فیزیکی و فەرهەنگی جۆراوجۆر رووبەڕوون، لە تێکۆشانمان لە دژی داگیرکاری، چەوساندنەوە، دەستدرێژی و تاڵان و هەڵاواردن، وێڕای پاراستنی هەڵوێستەکانی رابردوومان، پێداگرین لەسەر رووکردی پاراستنی رەوا و لەو چواچێوەیەدا وەڵامدەرەوە دەبین.
١٠- بەشێکی مەزن لە گرفت و پرسگرێکەکانی هەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەرئەنجامی بێمشووری کاربەدەستانی رژیمە و نەبوونی سیاسەتی دیارە لە بەشی ژینگەدا. پژاک بە تێگەیشتن لە کارەساتی ژینگەیی، هەموو هەوڵدانی خۆی بۆ پەروەردە و رێکخستن کردنی کۆمەڵگا و هاوکاری لەتەک رێکخراوەکانی مەدەنی بە مەبەستی بەربەرەکانی لەتەک سیاسەتە کاولکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری ژینگەدا دەخاتەگەڕ.
لە کۆتاییدا دەبێژین کە پژاک پێداگرانە لەسەر بنەمای چارەسەری دیمۆکراتیک و یەکێتی گەلانی ئێران بەردەوامی بە تێکۆشانی خۆی دەدا و بڕوامەندانە هەنگاو دەنێتە ئەو رێگایەوە. بە وەلانانی کەموکووڕییەکان و لاوازییەکانی لە چۆنێتی تێکۆشانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پێویست دەبینێ کە بە رۆحی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە و بە هەموو ورە و هێزی رێکخستنی لە گۆڕەپانەکانی خەبات و چالاکی و بەربەرەکانێدا ئامادە بێت و گەیشتن بە سەرکەوتن تاکانە ئامانجی بێ. پژاک کۆنگرەی شەشەمی خۆی لە رێبەری گەلی کورد، رێبەر ئاپۆ، شەهیدانی سەربەرزی رێگای ئازادی، گەلی کورد و گەلانی ئێران، ژنان، جوانان، زیندانیانی سیاسی، بنەماڵەی شەهیدان و هەموو ئازادیخوازان و حەقیقەتخوازان پیرۆز دەکات. هەروەها لە هەر تاکێکی کۆمەڵگا و هێز و لایەنە دیمۆکراتیکەکان دەخوازین کە بۆ بنەبڕکردنی هەرچەشنە داگیرکاری و ستەمکاری و فاشیسم و پاوەنخوازی لە بەرەی دیمۆکراتیکدا جێگە بگرن؛ لە ژێر چەتری رێکخستنێکی تۆکمە و سەربەخۆ، بە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە بەشداری تێکۆشانی هاوبەش ببن.
بژی رێبەر ئاپۆ
بژی ئازادی و دیمۆکراسی
بژی یەکێتی دموکراتیکی گەلانی ئێران
بژی گەلی کورد و کوردستان
بمرێ دیکتاتۆری و فاشیسم
بمرێ داگیرکەری
سڵاو و رێزی شۆڕشگێڕی
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
٠٢\٠٦\٢٠٢٠