ئەگەر بە ڕاست بۆ چارەنووسی باشوری کوردستان بە پرۆشین!

ئەمین

ئەگەر بە ڕاست بۆ چارەنووسی باشوری کوردستان بە پرۆشین!
باری باشوری کوردستان لە هەموو بارێکەوە نالەبارە. ئەم باری نالەبارە بە دروست کردنی سیناریۆ، تڕوتۆپ و هەڕەشەی دەستهەڵاتداران و دواتر پاشگەزبوونەوە و پاکانە و پاڕانەوە، بە باوبژ و هاشوهوشی سەر فەیسبۆک و سۆشیالمەدیا چارەسەر ناکرێت و ناشاردرێتەوە. ڕیگای دەربازبوون و چارەسەری ئەم وەزعە درێژ و ناهەموارە. یەکەم هەنگاو لەو بارەوە دان پێ دانان بەو ڕاستیە تاڵەیە کە بارەکە ناڵەبارە. دووهەم هەنگاو دانپێدانان بەو ڕاستیە تاڵترەیە کە هۆکار پێش هەموو شتێک و هەمووکەس دەستهەڵاتدارانی کورد خۆیانن، دواتر ئەو دەوڵەتە داگیرکارانن کە دەستهەڵاتدارانی کورد بە دۆستایەتی یان دەخوڕن.
پاش ئەوە کارو خەباتێکی دور و درێژ.
دەنا ئەگەر هەروا بڕوات “ئەزموونی باشور” بە دەردی ئەزمونی تر دەچێت.
با نموونەیەک بهێنینەوە.
شۆرشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ی روسیا شۆرشێکی گەورە بوو. لەم شۆرشەدا شۆرشگێرانی زۆربەی وڵاتانی دوور و نیزیک بەشداریان کرد. ئەم شۆرشە بە گۆڕین و تێکدانی نەزمی کۆن کۆمەڵگای هەنگاوێک بەرەو پێش برد. تەنانەت وڵاتانی تریش لە ترسی تەشەنەی شۆرش دەستیان کرد بە هەندێک چاکسازی و رێفۆرم. تەفگەری ئازادیخوازی لە زۆر شوێن بووژایەوە و پەرەی ستاند. بڕیار وابوو کە ئەم شۆڕشە ببێتە پشتیوان و پشتگری ئازادیخوازان لە هەموو جیهان دا. سەرەتایش لە ڕاستی دا هیوابەخش بوو بەڵام:
ستالین بە هێنانە گۆڕی تێزی دامەزرانی سۆشیالیزم لە یەک وڵات دا پێوانەکەی گۆڕی و شۆڕش لە ئامانجەکانی دوور کەوتەوە. لەم کاتە ڕا هەموو ئازادیخوازانی دونیا دەبوایە بۆ دامەزراندن و پێگەیاندنی سۆسیالیزم لە خزمەت “یەکێتی سۆوێت” دا بن. تەفگەر و تێکۆشانی ئازادیخوازانی گەلێک شوێن بوون بە قربانیی بەرژەوەندی دەستهەڵادارانی دەوڵەتی شۆرەوی. لە ناوەوەیش دزی و گەندەڵی پەرەی ستاند و گشت وڵاتی داگرت. لە کۆتایی دا سیستەمی دەستهەڵاتداری خۆی لە بەر فشاری دەرەوە و ناوەوە ڕانەگرت، تیدا چوو و بەم شێوە ئاواتی پێشکەوتنخوازی و ئافراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد بۆ ماوەیەکی نادیار لە گۆڕ نرا.
ڕزگاری باشوری کوردستان دوای نەمانی رێژیمی بەعس و سەددام بە هۆی دەستتێوەردانی ئەمریکا ئەنجامی پرۆسەیەکی درێژی تێکۆشانی گەلی کورد بوو. لە پرۆسەی تێکۆشانی دوورو درێژی گەلی ئێمە لە باشور، ڕزگاریخوازانی هەموو بەشەکانی کوردستان بەشداریان کرد. ڕزگاری باشور هەنگاوێک بوو بۆ ڕزگاری هەموو کوردستان. بۆیە چاوەڕوانی دەکرا کە باشور ببێتە پاڵپشت و پشتیوانی تەفگەری ڕزگاریخوای لە پارچەکانی تری کوردستان. بەڵام زوو دەرکەوت کە دەستهەڵاتدارانی باشور ڕێگایەکی تریان مەبەستە. بە پاساوی پاڕاستنی “ئەزموونی باشور” دەبێت تێکۆشانی کوردان لە دژی داگیرکەران بوەستێت یا بخرێتە خزمەت دەستهەڵاتی باشور. لە جێگای بەرگری لە خەباتی رەوای کوردان لە دژی دەوڵەتانی داگیرکەر دۆستایەتی داگیرکەران و دژایەتی کوردانی باکور، رۆژئاوا و رۆأهەڵات بوو بە کاکلی سیاسەتی “دەرەوەی” دەستهەڵاتدارانی باشور. گرێدراوی دەستهەڵاتدارانی باشور بە داگیرکەران لە پێناوی پاراستنی دەستهەڵات، هەروەها دژایەتی تەفگەری ئازادی پارچەکانی تر بۆ رازی کردنی دەوڵەتانی تورکیە و ئێران گەییشووەتە ڕادەیەکی ترسناک. باشور کراوەتە پێگە و پایەگای داگیرکەران. دەستهەڵاتدارانی باشور بە ڕادەیەک دەستەمۆن کە دەکرێت بگوترێت کە ئێستا سیاسەتی باشور لە دەست دەولەتانی تورکیە و ئێران دایە.
لە باری بەرێوەبردنی وڵات دا ئەوەندە بەسە بگوترێت کە شێوەی دەستهەڵاداری و “حوکومڕانی” دەستهەڵادارانی باشور لە زۆربەی بوارەکان، سیاسی، دادوەری، کۆمەڵایەتی، ئابوری، پەروەردە، و…. ڕێک شێوەی دەستهەڵاتداری جەمهوری ئیسلامی ئێرانە. دزی و گەندەڵی بە دەست مافیای دەستهەڵات هەموو باشوری تەنیوەتەوە. سیاسەتی دەستهەڵاتدارانی گرێدراو بە داگیرکەر ستاتۆی باشوری خستووەتە مەترسی گەورە. ئێستا باشور لەوپەری لاوازی دایە. ڕاستە، باشور لە مەترسی دایە. ئەگەر ئێمە بە ڕاست بۆ چارەنووسی باشور بە پرۆشین دەبێت تێبکۆشین کە سیاسەتی باشور سەرڕاست بکرێتەوە. دەبێت سنور بۆ داگیرکاری تورکیە و ئێران دابندرێت. دەبێت پەرە بە تێکۆشان بدرێت.
ئەگەر ئێمە هیچ لەوانە ناکەین، لانی کەم دەتوانین چیتر بە بیانووی “کوردایەتی” پاکانە بۆ داگیرکەران و دەستهەڵدارانی گرێدراویان نەکەین.

Related posts