سیمای داگیرکەر و سیمای داگیرکراو

سیمای داگیرکەر و سیمای داگیرکراو

ئامادەکردنی غەفوور موحەمەدی و ئەهوەن چیاکۆ

پێشەکی:
کورتەیەک لە کتێبی سیمای داگیرکەر و سیمای داگیرکراو، نووسەر ئالبێر مەممی کە هۆما ناتێق وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسیی و ئەم دەقەش لە تەرجومەی فارسیی ئەو کتێبە هەڵگیراوە. ئەو کتێبە ساڵی ١٣٤٩ بە زمانی فارسی وەرگێڕردراوە و لە تاران چاپ کراوە. بەڵام بۆ چاپی دووهەم ئیزنی چاپی دوبارەی پێنەدراوە و تەنیا جارێک لەچاپ دراوە.

دەتوانین بڵێین ٥٠ ساڵ لەمەو پێش دەوڵەتی پاشایەتی پەهلەوی وەک دەوڵەت‌ـ‌نەتەوەی ئێرانی و دسەڵاتی مۆدێرنی سیستەمی خوسرەوانی ترسی لە وشیاری نەتەوی گەلانی ئێران هەبووە و ئیزنی چاپی دوبارەی بە کتێبەکە نەداوە. هەروەها لەسەردەمی کۆماری‌ئیسلامیش، وەک بەردەوامی دەوڵەت‌ـ‌نەتەوەی ئێرانی و سیستەمی خوسرەوانی، پێشی لە ناسین و لەچاپدانی ئەم کتێبە گرتووە. بێگومان دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی لە سەردەمی پەهلەوی و جمهوری ئیسلامیدا، بە پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە پڕبایخە، چەندە لە هوشیاربوونەوەی تاک و کۆمەڵی سەر بە گەلانی داگیرکراو ترسی بووە، ئەوەندەش لە وشیاربوونەوەی تاکی سەر بە نەتەوەی سەردەست و داگیرکەری ئێرانی ـ فارس، ترساوە. لەبەر ئەوەی لەم کتێبەدا هەرچۆن سیمای قیزەوەنی داگیرکراو پێناسە دەکرێت، بە هەمان شێوەش سیمای دزێوی داگیرکەریش رووماڵ دەکرێت، کە ئەگەر کەمێک ویژدانی تێدا بێت لە خۆی شەرم بکات. لەڕاستیدا دوای بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە بوو کە کۆمەڵێک تاک و رۆشنبیری فەرانسی کەوتنە رخنەی دەوڵەتی خۆیان واتە فەرانسە، بە هۆی داگیرکەری وڵاتانێک وەک ئەلجەزایر لە لایەن فەرانسەوە.

سەرەنج راکێش ئەوەیە کە چەندە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، هەوڵی داوە پێش لە ناساندی ئەم کتێىە بگرێت، بە هەمان شێوەش ئەو هەموو تاک، گرووپ، انتشارات، حزب، تەڤگەر و… بەناو چەپ و سوسیالیست و دیموکراتیکەی ناو ئێرانیش خۆیان لە ناساندن و بە چاپ گەیاندنی ئەم کتێبە دزیوەتەوە. لەڕاستیدا یەکێک لە بەشەکانی ئەم کتێبە باس لە سیمای داگیرکراو لە بەرگی چەپدا دەکات. بەڕای ئێمە ئەم کتێبە و چاپکردنی بۆ رەوشێک کە گەلانی ئێران تێدان، ئەگەر لە بەرهەمەکانی مارکس، لنین، مائۆ و… گرنگتر نەبێت، کەم بایختر نییە. ئیجا ئەم لایەنانە بۆچی ئاوەڕیان لێنەداوەتەوە بیهێڵینەوە بۆ قەزاوەتی ئەو کەسانەی کە ئەم کتێبە دەخوێنەوە.

هاوکات ئێمە تەرجومەی کوردی ئەم کتێبەمان بەدەست نەکەوت و پێمان وانییە تەرجومەی کوردی کرابێتەوە. خۆ ئەگەر تەرجومەش کرابێتەوە و ئێمە ئاگادار نەبین، ئەوە جێگای خۆشحاڵییە. لەبەر ئەوە ئێمە بە باشمان زانی کە کورتەیەکیش بێت لە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە دوای نوت هەڵگرتن لە کاتی خوێندنەوەی بخەینە بەرچاو، تا ئەوانەی کە پێیان خۆشە، کەڵکی لێ وەربگرن. هاوکات لەبەر ئەوەی کە فارسیەکەی چاپی دووبارە نەکراوەتەوە، فارسیەکەیشی وەک کتێبی چاپ کراو بە ئاسانی دەست ناکەوێت و ئێمەش ماویەک بەدوایدا بووین تا بە زۆری بەرگێکمان دەست کەوت. هاوکات شکڵی پیدیئێفی ئەم کتێبەش لەبەردەست دا نییە. هەربۆیە ئێمە هەوڵدەدەین دواتر ئەو بەرگەی کە لەبەردەستماندایە ئێسکەن بکەین و بەو شێوە بەڵاوی بکەینەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەمان زێهنیەت و رۆڵی داگیرکەری، بەرانبەر بە گەلانی ئێران و بە تایبەت بەرانبەر گەلی کورد هەیە. زۆر لە هوشیاری نەتەوەیی کوردان و گەلانی ئێران دەترسن کە لە لایەن ناسیۆنالیسمی فارسەوە هەموو مافێکیان لێ زەوت کراوە و سەرکوت کراون. هەرچۆن داگیرکەرێکی فەرانسی لەو کتێبە بێزار بووە، هەر ئاواش داگیرکەرێکی ئەمریکی و ئینگلیسی و تورکی و هەر ئاواش داگیرکەرێکی فارسییش لەو کتێبە و نوسەرەکەی بێزارن. لەبەر ئەوەشە نەیان‌هێشتووە بناسێندرێت و چاپ و بڵاو بکرێتەوە.

ئەو کتێبە باسی داگیرکردنی وڵاتی الجەزایر لە لایان فەرانسەوە دەکات، نوسەر زۆر کۆمەڵناسانە و دەروونناسانە سیمای داگیرکراو و داگیرکەر باس دەکات. بەوردی ئازارەکانی گەل، کۆمەڵگا و تاکی داگیرکراو دێنێتە سەر زمان. کەسایەتی ساختە، دوڕوو، تاڵانکەر و هەروەها کەسایەتی دور لە پێوانەکانی ئەخلاقی داگیرکەریش زۆر بە وردی بۆ خوێنەر ئانالیز دەکات. خوێندنەوەی ئەم شێوە کتێبانە و بەتایبەت کتێبی ناوبراو، بۆ گەلی ئێمە کە لە لایان ٤ وڵاتەوە داگیرکراوە و ئەو ٤ وڵاتە هەموو دەوڵەتانی جیهانیان بە خۆیانەوە گرێداوە و کوردستانیان وەک داگیرکراوێکی نێودەوڵەتی لێکردووە، زۆر گرینگە.

ئەو رەوشەی کە گەلی داگیرکراوی کورد لە لایان دەوڵەتانی تورکیە، ئێران، عێراق و سوریا تێیکەوتووە ٢ قات و ٣ قات لە رەوشی ئەو سەردەمی گەلی الجەزایر خراپتر و دژوارترە. دەوڵەت نەتەوەکانی داگیرکەری کورستان دەیان کۆمەڵکوژی و سەدان کۆچی زۆرەملیان بەسەر کوردان هێناوە کە الجەزایر قەت ئەو ئازارانەی بەو شێوازە نەدیتووە. لە کوردستان هەموو سامانیان بەتاڵان بردوو و سروشتیان ئاگر تێبەرداوە و… کە قەت بەو رادەیە بە سەر گەلی ئەلجەزایر نەهاتووە. ئالبێر مەممی زۆر بە ئاشکرا باس لەوە دەکات کە هەر دەستەڵاتێک بە ئیزنی داگیرکەر لە وڵاتی داگیرکراوو دادەمەزرێ، ناتوانێ بەرژەوەندی گەل بپارێزێ، بەڵکو دەستەڵاتی داگیرکەر دەپارێزێ، بەرژەوەندی دەستەڵاتدارانی داگیرکەر دەپارێزێ و بێ سوپا و ئەرتش داگیرکەر ناتوانێ لە سەر پێ بمێنێ. بۆ وێنە حکومەتی بنەماڵە لە باشوور بێ ئیزنی داگیرکەرانی ئێران و تورکیە ناتوانێ لەسەر پێ بمینێ. ئەو حکومەتە بە ئیزنی ئێران و تورکیە دامەزراوە بە مەرجێک کە بەرژەوەندی ئەوان بپارێزێ. بەردەوامی ئەم دەقە راستەوخۆ نوتی وەرگیراوی کتێبەکەیە.

نوت و کورتەیەک لە ناوەڕۆکی، سیمای داگیرکەر و داگیرکراو لە نووسینی ئالبێر مەممی

هێندێک دەڵێن گەلی داگیرکەر و کۆمەڵگای داگیرکراو وەک یەک ئازارەکانی ئەو پێوەندیە نایەکسان و نادادپەروەرانە دەچێژن یان هەست پێدەکەن، بەڵام ئێمە دەڵێین ئەوە راست نییە. هەروەها دەڵێن لەوانەیە داگیرکاری تا کاتێکی کورت لە بەرژەوەندی گەلی سەردەست یان داگیرکەر دابێت، بەڵام لە درێژخایەن ئەوانیش دەکەونە بەر ئازار و چەوسانەوەی سیستەمی داگیرکەر یان ئیستیعمارگەر.

ئەوەیان تا رادەیەک راستە چونکوو دەستەڵاتداری و دەوڵەت هەرگیز کۆمەڵگا ناپارێزن، نە کۆمەڵگای خۆیان و نە کۆمەڵگای داگیرکراو. ئەو ٢ پێکهاتە یانی دەوڵەت و دەستەڵاتداری دژ بە کۆمەڵگا و دژ بە ئازادی و پێکەوە ژیانی ئازادن. با بە یەکەوە پێوەندیەکانی داگیرکەر و داگیرکراو شیبکەینەوە و ئەو ئازارانەی کە کۆمەڵگا بەهۆی داگیرکەری و ئەو پێوەندیە دژە ئینسانیە توشی دەبێت، باس بکەین.

داگیرکەر کانزاکان و بەرهەمی سەر زەوی و ژێر زەوی کە هی داگیرکراوە، دەگرێتە دەستی خۆی و بە پارەیەکی زۆر کەم دەیبات بۆ وڵاتەکەی خۆی. پاشان دەیکا بە کاڵای سەنعەتی و دەیان کەل وپەلی دیکە و بە چەندین بەرانبەر زێدە دەیفرۆشێتەوە بە داگیرکراو. ئەوەش دەبێتە هۆی فەقیربونی رەنجدەران، کرێکاران، جوتیاران و کۆمەڵگای نەتەوەی داگیرکراو بە گشتی. ئەو سیستەمە چەوسێنەر و تاڵانکەرەی کە داگیرکەر لە سەر وڵاتی داگیرکراو پێکی دێنێ، بە بێ هێزی سەرکوتی وڵاتەکەی خۆی کە داگیرکەرە، ناتوانێ لە سەر پێ بمێنێ. هەر بۆیە هێزی سەرکوتی وڵات یان گەلی داگیرکەر دەبێتە پێداویستیەکی هەمیشەی سیستەم و حکومەتە دەستنیشانکراوو و داسەپاوەکەی داگیرکەر لە سەر وڵاتی داگیرکراو.
داگیرکەر یان ئیستیعمارگەر لە وڵاتی خۆی هێندێک پرەنسیپ و ماف و ئازادی بۆ گەلەکەی دابین دەکات، بەڵام ئەو مافانە بۆ تاک و گەل و کۆمەڵگای داگیرکراو رەوا نابینێ. داگیرکەر داگیرکراو هان دەدات کە نفوسیان زیاد بێت بۆ ئامادەکردنی سوپای بێکاران و کرێکاری هەرزان، بەڵام ئەو پلانە لە وڵاتی خۆی پێک نایەنێت. بۆ داگیرکەر هەردم داگیرکراو وەکی ژێردەست، دەرجە ٢ یان کۆمەڵگا و کەسانی پەست چآو لێدەکرێ. کۆمەڵگای داگیرکراو لە بوارەکانی دەسترەنجی کار، ئازادیەکان، مافی کار، کولتور، ناسنامە، هەبونی ماڵ و … جیاوازیان هەیە لە گەڵ کەسانی داگیرکەر. ئەو جیاوازیە و ئەو هەڵاواردنە لە کردەوەکان، لە ئیدارات، لە بازرگانی، لە سیاسەت و لە هەر شوێن خۆی دەردەخات.

ئیدی داگیرکراو وەک مرۆڤ سەیر ناکرێ و هیچ مافێک ئەو ناگرێتەوە و ئازار و چەوسانەوە و ئەشکنجەدان و کوشتنی هیچ کێشە دەرناخات و بگرە رەواییشی پێ دەدرێت. لەو سیستەمەی داگیرکەر دایدەمەزرێنێت ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە هیچ مافێک نایاگرێتەوە نە مافی سیاسی، نە ئابوری و نە پاراستن و …. دەبێت هەر برسی بن و لەهەڕەشە و پەستی دا بژین. ئەندامانی نەتەوەی سەردەست و داگیرکەریش لە سەر وڵاتی داگیرکراو هەمو مافەکان دەیاگرێتەوە، مافی کار، پاراستن، ناسنامە، ئەرکداربون، بەرپرسبون و…… ئیدی دەستەیەک کە داگیرکەرن وەک ئینسان چآو لێدەکرێن و دەستەیەکیش کە داگیرکراون، وەک ئاژەڵ سەیر دەکرێن و بەئازارەوە دەژیێن و دەمرن.

هەربویە سیستەمی داگیرکەری لە سەری دا پێویستە مرۆڤ بون و کەسایەتی لە تکەکانی خودی نەتەوەی سەردەست و داگیر دا بکوژێت و پاشان لەبەرانبەری داگیرکراوان وەک دڕندەیان لێبکات و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات. هەر ئەو هەڵسوکەوتەش داگیرکراو هاندەدات بۆ نابودی داگیرکەر و دەبێتە دژی داگیرکەر. داگیرکەر بەو کردەوە دژە ئینسانیانەی بەرانبەر بە داگیرکراو گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێ. بەشێکی زۆر لەو هۆکارانە سیستەمی کولونیالیسمی ئەوروپای بەروە هەڵوەشان و دو شەڕی جیهانی برد ئەم موناسبات و پەیوەندیانە بوون. داگیرکر لە ولاتی داگیرکراو قەت غەریب نییە و خاوەن ماڵە، دیپلۆمی هەبێ وەک دوکتورایە، ستوانێک بێت وەک ژنراڵێکە، بە پارەی کەم بازرگانی گەورە دەکات، قازانجی زۆر بێ سکات و ماڵیات وەردەگرێ، کرێکار بە پارەی زۆر کەم دوقاتی وڵاتەکەی خۆی کاری بۆدەکات.

بۆ داگیرکەر، داگیرکراوو وەکی کرێکارێکی رەش، نەزان، گێل، وەک جوتیارێکی سادە و کۆیلە و گوێ لەمستە. وەک باربەرێکی بێ ئازارە و وەک پاشکەوتویەکەی بێ رەگ و ریشە وناسنامەیە کە پێویستە بەڕێوەی بەری و خواردنێکی بدەیەی و ئیدی بەس. ئیدی داگیرکەرهەر پارە کۆدەکاتەوە وکۆدەکاتەوە و تاڵان دەکات کە کاتێک گەڕاوە وڵاتی خۆی پارەیەکی زۆری کۆکردبێتەوە و تاڵانی کردبێت و بتوانێت تا مردن وەک سوڵتانێک بژیت. بەڵام پاش ماوەیەک، دڵبەردان لەو پارە تاڵانکراوە، لەو پلە و پایە بەتاڵان دەستخراوە و لەو هەمو قەدر و قیمەتەی وەریگرتوە زۆر زەحمەت دەبێت. ئەو دەزانێت کاتێک بگەرێتەوە نێو وڵاتەکەی خۆی بێ هیچ کام لەو دەسترۆیانە، وەکی کەسێکی ئاسایی و بە نیوەی نیوەی ئەو داهاتە دەبی بژیت.

هەرچەند نفرەت دەکات لە جل و بەرگ و ژیان و کولتور و خۆراکی داگیرکراوو و بە چاوێکی سوک چاویان لێدەکات، بەڵام بە خۆی دەڵێ هیچ نییە دان بەخۆ دادەنێم تا دەگەمە ئاستێکی زۆر بڵند و پاشان ئەو نفرەتیانە جێ دەهێڵم. کاتێک کە رەوش نالەبار دەبێت و هێندێک لەو داگیرکەرانە دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان ئەو کات لەوێش غەریبن، منداڵیان لە وڵاتی داگیرکراو لەدایک بووە، مردوەکانیان لەوێ ناشتووە، کەس لە وڵاتی خۆیان ناناسن، فێری ژیانی ناوەند و دەستەڵاتداری و دەسترۆیی بونە و ژیانی ساکار و نورماڵ ئازاریان دەدات. یان زۆر دەترسێ و نیگەرانە کە بگەڕێتەوە و ئەو هەمو پارە مفت و تاڵانکراوە و ئەو هەمو دەستەڵاتداریە لەدەست دەدات. جا کەوابوو تا داگیرکراو نەبێت، داگیرکەریش نابێت، هەبوونی داگیرکراو بە داگیرکەر هێز و مانا دەدات.

کاتێک داگیرکراو لە بەرانبەر داگیرکەر رابوو، ئەو کات داگیرکەر دەبێت رابکات، ئەگینا هەموو بەرژەوەندیە ئابوریەکەی ئاگر تێبەردەدرێت و لەناو دەچێت. هەر کات داگیرکەر روی خۆش نیشانی داگیرکراو دەدات ئەوە لە کەسایەتی داگیرکەر نییە بەڵکو گوشار و رابوون و هێزی داگیرکراوە ئەوی نەرم کردووە و ترساندووە. چوونکە دەزانێ کە ئەو ژیانە خۆش و شاهانەی ئەو پێکیهێناوە لە کار و هەبوونی ستەم‌لێکراوی داگیرکراوە. دەزانێ کە پلە و پایەی ئەو هی نەبونی ئیمکان و نەبونی دەرفەتی بەرپرسیارەتی و نەبونی دەرفەتی خۆبەڕێوەبەری داگیرکراوە.

ئەو دەزانێ کە بۆخۆی ئەو یاسا نادادپەروەرانەی بۆ داگیرکراو نوسیوەتەوە، هەروەها بۆخۆی یاسا و کولتورەکانی داگیرکراو رەش و سووک دەکات و لە شوێنیان یاسا و کولتور و ناسنامەی خۆی دادەسەپێنێت. منداڵانی ئەو بێ گرفت دەچنە زانکۆ، بەڵام هی داگیرکراو یان زۆر بەزەحمەت دەچن یان هەر رێگەیان پێنادرێت. دەزانن سەروەت و سامانی ئەوان هی تاڵانی سامانی داگیرکراوە. ئەوە داگیرکەرە کە رەگەزپەرستی و نەژادپەرستی و هەڵاواردن بە یاسا دەکات، ئەوە کە لەسەر زەوی داگیرکراو کۆشک و قەڵا ساز دەکات و داگیرکراویش نە ماڵ و نە شوێنی ژیانی هەیە. هەربۆیە داگیرکەر پێش داگیرکراو هەست بە نافەرمی بوون و نادادوەرانە بوون و نائینسانی بوونی خۆی دەکات.

داگیرکەر هەرگیز داگیرکراو وەک خۆی نابینێ، ئەگەر داگیرکراو لەو برۆژواتر بێت، بازرگانێکی لەو دەوڵەمەندتر بێت، یان لەبواری زانست لەو لەپێشتر بێت، دیسانیش بۆ ئەو داگیرکراوە و ژێردەستەیە و بە هاوکارێکی بچوکی خۆی دەیزانێ. لە وڵاتی داگیرکراو هاووڵاتییەکی داگیرکەر ئەگەر چەوسانەوەشی لەسەر پەیرەو کرابێت، یان زۆر دەستەڵاتدار و خاوەنی سەروەت و سامانیش نەبێت، دیسانیش هەر سیستەمی داگیرکەری و ئیستیعمار دەپارێزیت، بۆچی؟

چونکو لە دەزگا و سیستەمی داگیرکەر دا دەرفەت و پلە و پایەی ئەو لە داگیرکراو هەردەم لە پێشترە. پلە و پایە و دەرفەت و مافی ئەو هەم بۆ بەمکتەب، هەم لە دەزگایی داد، هەم لە شارەوانی، هەم لە زانکۆ و مەکتەب و سیستەمی ئیداری و هەرشوێنێک زیاتر و لەپێشترە. بگرە داگیرکراویش ئەو بە بەرزتر دەزانێ، چونکو هەر کە لەدایک دەبێت داگیرکەر بۆ داگیرکراو پیرۆزتر و مافدارتر تاریف دەکرێت. بۆ داگیرکراو داگیرکەر بەرزتر وێنا دەدرێت، لەسەرترە، پێشکەوتوترە و خاوەن مافترە، چونکو سیستەمی داگیرکەری ئەو سیاسەتە پێشدەخات و داگیرکراویش تا رادەیەک پەسندی دەکات.

جەژنەکانی داگیرکەر، ئاڵای داگیرکەر، پیرۆزیەکانی داگیرکەر، زمانی داگیرکەر، کولتوری داگیرکەر، کاڵای داگیرکەر لە وڵاتی داگیرکراو هەردم لە پێشن، پیرۆزترن و یاسایی ترن. داگیرکەر بۆ هەر شوێنێک بە ئۆتۆمبیلی تایبەت دەبەن، بۆ چێشتخانەی تایبەت دەبەن، بە دەیان کەس ئاگاداری لێدەکەن، بۆ هەر شت پرسی پێدەکەن ئەگەر زۆریش نەزان و گێل بیت. زۆر کەم هەڵدەکەوێ کە هاوڵاتییەکی داگیرکەر بۆ نمونە فرانسەویەک لە ئەلجەزایر هەرچەندە توشی چەوسانەوەش هاتبێت، بەڵام دژ بە سیستەمی داگیرکەر یان ئیستیعمارگەری فەرانسە راوەستێتەوە، بۆچی؟ چونکو لە ئازادی داگیرکراو دا مافی خۆی نابینێ، هەرگیز ناتوانێت ببێتە شۆرشگەرێکی رادیکاڵ دژ بە سیستەمی داگیرکەری کە هاوڵاتی خۆی پێکیهێناوە.

ناتوانێ دەست لەو دەرفەت و دەستەڵاتە هەڵگرێ کە سیستەمی ئیستیعمار بۆی دابینکردووە. ئەگەر زۆریش بەو زوڵم و زۆری و نادادپەروەری و سەتەمکاریانە عاجز بێ دیسانیش هەر دەنگی خۆی ناکات. ئەگەر زۆرعاجز بێت تەنیا ئیمزایەک دەکات، بەشداری لە کۆنفرانسێک دەکات، رخنەیەکی زۆر لاواز دەگرێت، یان نیزیکایەتی گروپ یان رێکخستنێکی زۆر لاواز و کەمرەنگ دەکات. ئەگەریش زۆر بە ویژدان یان ئازادیخواز بێت، دیسانیش تا رادەیەک و تا زەمانێکی دیاریکراو دەتوانێت وەکی داگیرکراو جل و بەرگ بپۆشێ، خواردن بخوات، گۆرانی گوێ بداتێ، سەما بکات و ئیزدواج بکات.

بەڵام بە تێپەڕبوونی زەمان زۆر کار و کردەوە و جل و بەرگ و خۆراک و گۆرانی داگیرکراو حەز ناکات و بگرە زۆر جار نفرەتیشیان لێدەکات و هێدی هێدی دەگەرێتەوە سەر سەرچاوەی خۆی و ئەویش دەبێتەوە داگیرکەر بە جۆرێک. هەر چۆن روناکبیرێک ناتوانێ خۆی وەک رەنجدەرێک لێبکات، ناتوانێت قەت وەک گریلایەک بیربکاتەوە و خۆشەویستی بۆ وڵات هەبێ، هەر ئاواش شۆرشگەرێکی نەتەوەی سەردەست و داگیرکەر ناتوانێ حەز و خواست و ئێش و ئازاری داگیرکراو هەست پێ بکات. لایانگرانی سیستەمەکانی جیهانی، جا ئەو سیستەمە سۆسیالیسمی شۆروی و وڵاتانی ئوروپی دەبێت، یان کاپیتالیسم و یان خەلافەتی جیهانی ئیسلامی و یان ئیمپراتوریەتی مەسیحی زۆریان رق لە تێکۆشانی نەتەوەییە و بە ئاستەنگ و دوژمنی خۆیان ناوی دەبەن. بەڵام ئەوان لە ژێر دەمامکی جیهانی بوون، نەتەوەی خۆیان دەپارێزن، لە شەڕەکانیان دا هەستی نەتەوی بەکار دێنن، لە پەروەردەکانیان هەستی نەتەوی پێش دەخەن، بەڵام تێکۆشانی نەتەویی گەلانی دیکە و گەلانی داگیرکراو سەرکوت دەکەن. دەستەڵاتدار و دەوڵەتە چەپەکان، کاپیتالیستەکان و دینەکان هەمویان ئاوان.

داگیرکەر ئەگەر چەپ بێت، کاپیتالیست بێت یان لایانگری هەردینێک بێت با بێت بەڵام هەر کردەویەکی داگیرکراو بە گومان چاو لێدەکات، بۆ نمونە کاتێک داگیرکراو شەڕ دەکات و داگیرکەرێک دەکوژێ وەک تێرۆریست چآوی لێدەکات و دەڵێ ئەو رێکخراوە چەپە ناتوانێ ئەندامانی خۆی کۆنترۆڵ بکات. یان ئەوانی دی دەڵێن: ئەو رێکخراوە ئیدۆلۆگە، توند و تیژی پێش دەخات و باوەڕی بە تێکۆشانی دیمۆکراتیک نییە. ئەو پارتەی بۆ ئازادی و رزگاری گەلەکەی شەڕ دەکات، چەپەکان پێی دەڵێن: توندرەوی تێدا پێشکەوتووە. دەڵێن زۆر لە ژێر ستەم دابونە بۆیە، هەر دەرفەت ببینن دەکوژن، ئیدی هەرگیز ناڵێ ئەوان بە هەموو چەکێک هێرش دەکەنە سەر داگیرکراو و ئەوانیش مافی خۆیانە خۆیان بپارێزن.
کرێکار و ژنان و منداڵانی داگیرکراو، وەکی ژنان و کرێکاران و منداڵانی داگیرکەر چاو لێناکات. هەر تێکۆشانێکی داگیرکراو بۆ ئەوان جێگایی گومانە، روناکبیر و فیلسوف و شۆڕشگەری داگیرکەر لە سەر تێکۆشانی داگیرکراو بە گومانن. داوایان لێدەکەن دەست لە توندڕەوی هەڵگرن، شەڕ نەکەن، کەس نەکوژن، دیمۆکرات بن، زۆر نەتەوی نەبن و… ئەوەش چەپ و شۆڕشگەرانی جیهانی لێک دور دەخاتەوە. تێکۆشانی داگیرکراو زۆر دژوار دەکات و بێهیوایی و گومان لەنێو ریزەکانی شۆڕشی داگیرکراو، پێش دەخات. لە کاتی ئاوەها دا شۆڕشگەری چەپ، روناکبیری چەپ دەکەوێتە زەحمەتی گەورە. نازانێ لە ئازادی گەلی داگیرکراو پشتگیری بکات و لە رزگاری گەلێک، لە تێکۆشانی گەلێک بۆ ژیانی ئازاد پشتگیری بکات، یان لە وڵات و نەتەوەکەی خۆی کە داگیرکەرە.

تاکەکەسی وڵاتی داگیرکەر نیگەرانە لەوەی ئێستا کە وڵاتەکەی خۆی زۆر دەرفەتی لە وڵاتی داگیرکراو داوەتە پێ، لەوانەیە ئەگەر ئەو داگیرکراوانە رزگاریان بێت، ئەو مافانەی پێ نەبەخشن. کەسایەتی داگیرکەر تا کاتێک ئەو هزر و کەسایەتیە لە خۆی دا نەکوژێ ناتوانێ دۆست و هەڤاڵێکی راستەقینەی داگیرکراو بێت و هەردم خۆی بێگانە و کاتی دەبینێت، لە ناو وڵاتی داگیرکراودا. ئەوەش زۆر زەحمەت دەبێت، کەسێک لە وڵاتی خۆی را دێتە وڵاتی داگیرکراو، ناسنامە دەگرێ، بەڵام گەلی خۆی خۆش دەوێت. باوەڕی بە سیستەمی وڵاتەکەی خۆی کە داگیرکەرە زیاترە، یاساکانی دەیپارێزن، دەرفەتی ئابوری، سیاسی و ئیداری پێدەبەخشێ، پارە کۆدەکاتەوە و… هەربۆیە ناتوانێ دەست لەو هەمو دەرفەتانە هەڵگرێ و پشت لە سیستەم و دەوڵەتی خۆی بکات.

هەزار بەهانە و بەڵگە دێنێتەوە بۆ ئەوەی خۆی قەناعەت پێبدات کە ئەو هەمو جینایەتەی بۆخۆی و وڵاتەکەی دیکات مافی خۆیەتی، لەبەرئەوەی هەبوونی ئەو لە سەرکوت و داگیرکاری داگیرکەر دایە. تا لەو سەرکوت و تۆقاندن و کوشتنانە قوڵتر دەبێتەوە، زیاتر نفرەت لێکراو دەبێ و ئەویش زیاتر گوشار و سەرکوت و سووکایەتی پێشدەخات و رەوایی بەو کردەوانەی دەدات. نەژادپەرستی پێشدەخات، هەڵاواردنی رەگەزی و نەتەوی پیشدەخات. بە هەزارانیان چاوی خۆیان لەهەموو ئەو کردەوە نامرۆڤانە دەگرن کە وڵاتەکەیان و سیستەمەکەیان بەسر داگیرکەری دێنن، خۆیانی لێ بێدەنگ دەکەن یان رەوایی پێدەدەن. کاتێک دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆشیان دەبنە روناکبیر، کتێب و گۆڤار دەنوسن و وەکی دۆست و ماموەستا و بابێکی باش نەسیحەتی کەسایەتی و کۆمەڵگای داگیرکراو دەکەن.

کەسایەتیەکی دووڕوویان هەیە، قەت رخنە لە ئاکارە دژە ئینسانیەکانی خۆیان ناگرن، جینایاتی خۆیان و سەرکوت و دڕەندەیی وڵاتەکەی خۆیان دەشارنەوە. بەڵام کەم و کۆڕیەکانی داگیرکراو، زق دەکەنەوە و ئەو کەمو کۆڕیانە دەکەنە هۆی داگیرکردنیان. دەڵێن‌: وڵاتەکەیان زۆر گەرمە، زۆر ساردە، خەڵکەکەیان زۆر پاشکەتوون، خورافاتین، خۆراکیان پیسە، عەشیرەتین، جل و بەرگیان زۆر ناشیرینە. هەزار کەم و کۆڕیان بۆ دەدۆزنەوە. هەرگیز رخنە لەناوەند و جنایاتی ناوەندی خۆیان بەرانبەر بە گەل و وڵاتی داگیرکراو ناکەن. هێندێکی کەمیش نارازین و جارا جار هێندێک رخنەی نەرم دەگرن و هێندێک پێشنیاری بێکەڵکیش دەکەن. بەڵام هەر لەناو ئەوانیش زۆریان هێدی هێدی باوەڕ دەکەن کە داگیرکراو مافی خۆیەتی وای بەسەر بێت، هەڵەی خۆیەتی، پاشکەوتوویی خۆیەتی، توندڕەوی خۆیەتی، تێرۆریست بوونی خۆیەتی. هەموو ئەو بەهانانە دێنێتەوە بۆ ئەوەی خۆی رازی بکات کە حەقی وڵاتەکەیەتی ئەوانە داگیر بکات.

ئیدی بەو ذێهنییەتە ئەشکنجە، دیکتاتۆری، فاشیسم و مەیلی کوشتن و سەرکوت تەشەنە دەکات. تاقمێکی زۆرکەمیش کە ویژدانیان دەهەژێ لە دوو رێیان دا دەمێننەوە، کە چی بکەن. ئەوانەی گەنجن و ناتوانن ئەو رەوشە پەسند بکەن لە نەهایەت دا تەنیا دەتوانن وڵاتی داگیرکراو جێ بهێڵن. سووکایەتی بە داگیرکراو، زۆر بەرژەوەندی ئابوری بۆ بۆرۆژوازی و کەسایەتی داگیرکەرهەیە. دەڵێن داگیرکراو تەنبەڵە و کار ناکات، هەر دەخوات و دەنوێت، لە سەر کار خۆی دەدزێتەوە، جدی نییە و کارەکان بە درووستی ناکات. دەڵێن: دزی دەکات، پێشکەوتنخواز و خوڵقکار نییە و پێویستە ئێمە بەڕێوەیان بەرین، رێوەبەریان بکەین، فێری جدییەتیان بکەین و وڵاتەکەیان بۆ بەڕێوەبەرین. هەمووی ئەوانە بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی و دەسەڵاتی داگیرکەریان تێدا شاراوەیە. بەو بەهانانە زەمینەسازی دەکەن و دەڵێن: کار و بەرپرسیارەتی مەدەن بەوانە، ئەگەر کاریشیان دەدەنێ پارەیەکی کەمیان بدەنێ، هەر ئەوەندەیان شایانە. بەرپرسیارەتیان مەدەنێ چونکوو پێکی ناهێنن و هەر پێویستە ژێردەستە بن و فەرمانیان بەسەر دا بەڕیوە ببرێت. پارەی ٤ کرێکار ناکاتە پارەی کرێکارێکی وڵاتەکەی خۆی، هەروەها ئەو مافانەی کە کرێکارێک لە وڵاتەکەی خۆی داوای دەکات قەت لە وڵاتی داگیرکراو پێکنایەت، ئەو داهاتەی لە وڵاتی داگیرکراو دەستی دەکەوێت، چەندین قات زیاترە لە وڵاتەکەی خۆی. ئەو تۆمەتانەی هەڵیان دەبەستن تەنێ بۆ کرێکاران نییە، بەڵکوو بۆ ماموەستایان، بۆ دوکتورەکان، بۆ جوتیارانیش و هتد.

ئیدی چۆنە گەلێک هەموی دەبنە، دز، تەنبەڵ، بێ جدییەت، نادرووست، ناخوڵقکار، گێل، ترسنۆک و تێکدەر، ئەوەش زەمینەی باشە بۆ سوک کردن و رەش کردنی داگیرکراو. بۆ لاوازکردن، بیهیواکردن و تێکشکاندنی ئیرادەی داگیرکراو.ئیدی هێدی هێدی بەشێک لە کۆمەڵگای داگیرکراو ئەو سفەتانەی داگیرکەر بۆی دادەنێ پەسند دەکات. دەڵێ ئەگەر ترسنۆک نەبام وام بەسەر نەدەهات، ئەگەر تەنبەڵ نەبام وام بەسەر نەدەهات، ئەگەر توانیبام خۆم بەڕێوەبەرم، ئێستا ئەوان بەڕێوەیان نەدەبردم و هتد. ئەو باوەڕی و گومانانە لەناو زۆرێک لە داگیرکراوان دەبێتە زەمینە بۆ ئەوەی ببنە سەرباز و وەفادارێکی پر مەترسیدار بۆ داگیرکراو، کە زۆر جار لە داگیرکەر مەترسیدارترن بۆ گەلەکەیان. هەر ئەوکەسانە بەهاوکاری چینی دەستەڵاتخواز و بەکرێگیراوو و خائینانی ناوخۆ دەبنە ئاستەنگ و مەترسی گەورە بۆ رزگاری وڵات و نەتەوەی خۆیان. جا کەوابوو داگیرکەر لە رێگای زۆرداری و هێزەوە وڵاتێک داگیر دەکات، پاشان گەلی داگیرکراو سوک و بێ نرخ دەکات. پاشان ئەو گەلە مەجبور دەکات کۆیلەتی خۆی و لاوازی خۆی پەسند بکات و داگیرکەر بە مافدار بزانێت و داگیرکراوی خۆی بەرەوا بزانێت.

یانی تەنێ هێز ناتوانێ داگیرکەر لە سەر پێ راگرێت، بەڵکو دەبێ داگیرکراو بۆخۆی دان بە داگیرکردنی خۆی دابنێ، کۆیلە بوونی خۆی پەسند بکات. ئەوە تێکشکاندنی ئیرادە، ناسنامە و هەبوونی کۆمەڵگایەکە. لە وڵاتی داگیرکراو هەڵبژاردنی ئازاد، ئازادی رادەربڕین، مافی چارەی خۆ نوسین و… بوونی نییە. مافی بڕیاردان لە سەر سیاسەتی دەرەوە، لەسەر شەڕ، لە سەر ئاشتی، لە سەر پەروەردە، پاراستنی خۆی، ناسینی، دیرۆکی خۆی و… نییە. داگیرکراو با بڵێ دستەڵاتی خۆجێیشم هەیە، با بڵێ حکومەتی خۆجێیشم هەیە، بەڵام هەرگیز ئەو مافانەی پێنادرێت و ئەوە سیاسەت و پرۆژە و پلانی داگیرکەرە کە لەوێ بڕیاردەری سەرەکی و ئەساسین. داگیرکراو هێدی هێدی ئازادی، دیرۆک، ناسنامە و رابردووی خۆی لەبیردەکاتەوە و هەرگیز جەسارەت ناکات لەبەرانبەر داگیرکەرێک توند و تیژی بکات، یان بیکوژێت. چونکوو پێیان گوتووە کوشتنی داگیرکەرەێک، کوشتنی سەدان داگیرکراوی لێدەکەوێتەوە.

نوێنەرانی پارلمان یا دەستەڵاتی داگیرکراو، دەبێ دەستەڵاتی داگیرکەر بپارێزن، نەک گەلکەیان. بەرژەوەندی ئەوان دابین بکەن نەک هی گەلەکەیان. چونکوو دەسەڵاتی ئەوان بە هەبوونی داگیرکەر گرێدراوە. چونکوو ئەوان نوێنەری گەلەکەیان نین، بەڵکو داگیرکەر ئەو دەستەڵاتەی پێ بەخشیون. کاتیێک داگیرکراویان وەک دز، درۆزن، بێ پرەنسیپ، تێکدەر و ئاژاوەچی ناساند، دەبێتە بەڵگە کە داگیرکەر بڵێ ئەوانە ناتوانن ببنە رێوەبەر، ناتوانن ببنە ماموەستا و پەروەردە بکەن. دەڵێن کەسێک یان گەلێکی ئاوا ناتوانێ دیرۆکی هەبێت، ناسنامەی هەبێت، کولتوری هەبێت، سیاسەت نازانێ، ئابووری ناتوانێ دابین بکات، وڵات تێکدەدات و ناتوانێ خۆی بپارێزێت و هتد. هەمووی ئەو سفەتانەی دەدرێنە پاڵ داگیرکراو ساختەیە، هەڵبەت لەناو هەر گەل و کۆمەڵگا و وڵاتێک، دز و درۆزن و ناڕاست و ناجدی بوون و هتد..، هەیە. بەڵام ئەگەر لە ناو گەلی داگیرکراو رێژەکەی زیاترە ئەوەش زۆرتر سیستەمی پەروەردەی دەسەڵاتداری و چینایەتی و دەوڵەتی داگیرکەر پێشی دەخات و ئەوە سیستەمی پەروەردەی دەوڵەتە کە کۆمەڵگا لەجەوهەری راستەقیەنەی خۆی دور دەخاتەوە.

بەڵام ئەگەر کۆمەڵگای داگیرکراو ئەو سفەتانەشی زۆر تێدا بێت، ئەوە بەهۆی سیاسەتی داگیرکەرەوە پێش دەکەوێت، ئەگینا لەناو خودی کۆمەڵگا هەبوونی نەبووە. سیستەمی داگیرکەر، پەروەردەی داگیرکەر، سەرکووتکاری داگیرکەر، چەواشەکاریەکانی داگیرکەر، توندو تیژی داگیرکەر و راگەیاندنەکانی داگیرکەرن کە ئەوە پێش دەخەن. ئەوجار بنەماڵەی داگیرکراو کە دەستی لە وڵاتی خۆی هەڵگرت، ئیزن نادات کە منداڵەکانیشی باسی رزگاری و ئازادی بکەن و بێهودەبوونی ئەو ئۆتۆپیایانە بە منداڵەکانیشی دەدا بە پەسند کردن. بۆ رزگاری لە داگیرکەری پێویستە کاریگەری شەڕی تایبەت لەسەر گەلەکەت راکەی و ئەو کەم و کۆڕیانەی کە داگیرکەر باسیان لێوە دەکات، یان دەیان ئافرێنێت و پێشیان دەخات، کەم رەنگ کەیەوە و تا دەتوانی لەناویان بەری. گەلێک هەرگیز دز نییە و ئەوە داگیرکەرە وای نیشان دەدات، ئەوەی دز و تاڵانکەرە خودی داگیرکەرە، نەک داگیرکراو. داگیرکراوێک کە لەبرسان و بێ دەرەتانی کیلۆیەک تەماتە دەدزێ، داگیرکەر هەر رۆژ میلیۆنان دۆڵار لە داگیرکراو بە ئاشکرا دەدزێ و کەس بەدزی لەقەڵەم نادات.

گەلێک هەرگیز ترسنۆک نییە و دەتوانێ خۆی بپارێزێت و پێویستی بە داگیرکەر نییە بی پارێزێت. هەموومان دەزانین کە داگیرکەر هەرگیز داگیرکراو ناپارێزێت. ئەوەی زۆر ترسنۆکە و لە راپەڕینی گەل دەترسێ، ئەوە خودی داگیرکەرە. ئەو گەلە پێویستە هێزی پاراستنی خۆی دامەزرێنیت و نیشانی بدات کە لە داگیرکەر ناترسێ و دەتوانێ خۆی بپارێزێت. پەروەردەی سیاسی، کەسایەتی، دیرۆکی، ئایدۆلۆژی، زانستی خۆی پێش بخات و ئیزن نەدات پەروەردەی مەکتەب و زانکۆکانی داگیرکەر لە ناسنامەی خۆی دووری بکەنەوە. ئابووری خۆی پێش بخات، بەرهەم هێنان و ئافراندنی کار بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات، ئیزن نەدات بە داگیرکەر کە سامانەکەی تاڵان بکات. لەبەرانبەر بە هەڕەشە و توند و تیژی داگیرکەر، گەلەکەی بپارێزێت و لە هیچ ئاستەنگییەک نەترسێ. بەتوندی لەبەرانبەر بە نۆکەرانی ناوخۆی داگیرکەر راوەستێ. رێکخستنەکانی ژنان و جوانان و هێزی پاراستنی خۆی پێش بخات و بەهێزیان بکات. پێویستە بۆخۆی رێوەبەری کۆمەڵگا بگرێتە دەستی خۆی، نیشان بدات کە ئەوە داگیرکەرە کە ناتوانێ ئەو بەڕێوە بەرێ، نەک بۆخۆی.

کولتوور و زبان و فەرهەنگی خۆی پێش بخات نە فەرهەنگ و زبانی داگیرکەر و ئیزن نەدات کە داگیرکەر سوکایەتیان پێبکات. نووسەری راستەقینەی خۆی، ئەدەبیاتی پاراوی خۆی، دیرۆکی خۆی و هونەرمەندانی وڵاتپارێزی خۆی وەک نمونە بۆ خۆی نیشان بدات. گەلێک کە زمانەکەی و فەرهەنگەکەی قەدەغە کرا و سووکایەتی پێکرا، ناتوانێ خۆی پێش بخات. ناتوانێ نووسەری زۆری هەبێ، فیلسوفی زۆری هەبێ، ئەدبیاتی دەوڵەمەندی هەبێ. دەرفەتی نادەنێ موسیقای رەسەنی خۆی بپارێزێت، ئەدەبیاتی کۆن و دیرۆکی خۆی بپارێزێت، منداڵەکانی بپارێزێت و یان سروشتەکەی بپارێزێت. هەرگیز هەبونی داگیرکەر رەوایی پێنەدات و تا دەرکردنی داگیرکەر لە وڵاتەکەی دەست لە خەبات و تێکۆشان و شەڕ بەرنەدات. تەسلیم بوون و خۆئینکار کردن هەرگیز رزگاری و ئاسایس لەگەڵ خۆی ناهێنێ و کۆمەڵگا بەرەو نەمان دەبات. ئەو گەلە سات بە سات و رۆژانە مەرگی خۆی دەبینێ. تا داگیرکەر هەبێت منداڵەکانی، ناسنامەکەی، دیرۆکەکەی و هەست و نیستی داگیرکراوە. تاکە رێگا رابوون لە بەرانبەر داگیرکەر، سەرهەڵدان و دەرکردنی داگیرکەرە و رزگاری نەتەوییە.

سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێریی

Related posts