-
پەیمان ڤیان: ڕژێمی ئێران بەبێدەنگی ژنان کۆمەڵکوژ دەکات
2016-06-23رۆژنیوز – ئاوات هاوار
بهرپرسی پهیوهندییهکانی دهرهوهی کهژار، رایدهگهیهنێت، که له ئێران و رۆژههڵاتی کوردستان فشارێکی زۆر لهسهر ژنان ههیه و شۆڕشێکی بێدهنگیش له دژی ئهو سیستهمه سهرکوتکهره بهڕێوهدهچێت، دهشڵێت: خێزان دەوڵەتێکی بچووکە و پێویستە ژنان لە بەرامبەر هەموو بنەماکانی دەسەڵات لە دەوڵەتەوە تا ناو خێزان بوەستن.
پهیمان ڤیان، بهرپرسی پهیوهندییهکانی دهرهوهی کۆمهڵگای ژنانی ئازادی رۆژههڵاتی کوردستان( کهژار) له چاوپێکهوتنێکی لهگهڵ رۆژنیوز باس له گرنگی شۆڕشی ژنانی رۆژئاوای کوردستان و سیاسهتی سهرکوتکهرانهی رژێمی ئێران لهسهر ژنانی رۆژههڵاتی کوردستان و ترسی ئهو ڕژێمه له ئیراده و بزوتنهوهی ژنان دهکات.
دهقی چاوپێکهوتنهکه:
رۆژنیوز: بە ڕای ئێوە جیهان تا چ ڕادەیەک توانیویەتی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بناسێت؟
-شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا شۆڕشێکی ئازادیخوازانەیە و دەستکەوتی نزیک بە 40 ساڵ خەبات و تێکۆشانە، کۆمەڵگای جیهانی شۆڕشی ژنان لە ڕێگای وێنە ڕێک و پێکەکاندا دەیبینێت، ژیانی نوێی ژنان کە ئێستا لە ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت جێگرهوهیهکی پێشکەوتووە بۆ سیستەمی پیاوسالارانەی پێشوو، سیستەمێک کە بە درێژایی مێژوو بە چاوی کۆیلە ژنی بینیوە، بههۆی ڕووداوێکی کاتی نیە کە ژنانی کورد لە جیهاندا بوون بە نموونە، بەڵکو خەبات و بەرخۆدان و پەروەردەیەکی لە پشتە، هەر بۆیە پێویستە بۆ تێگەیشتن لە شۆڕشی ژنانی کورد میژووی ئەم شۆڕشە بە تەواوی بخوێنرێتەوە و بە دڵنیایەوە ئەم کارە بە چەند وێنە و فلیم کە میدیا جیهانیەکان بڵاوی دەکەنەوە ناکرێت، وه شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا بە چەک نەکراوە بەڵکو بیر و ئیرادە و پراتیکێکی ئازادیخوازانەی لە پشتە، ئەم بزوتنەوەیە تایبەت نیە بە ڕۆژئاوا بەڵکو لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە پێشەنگی ژنان بەڕێوەدەچێت.
رۆژنیوز: بۆچوونی ئێوە لە بارەی دۆخی ژنان لە ئێستای ئێران و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە؟ تواناکانی بزوتنەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵات چۆن دەبینن؟
-لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فشارێکی گەوەرە لە سەر ژن هەیە، ڕۆژانە لە ئێران بە هەموو شێوازەکان ژن سەرکوت دەکرێت، هۆکاری سەرەکی ئەم سەرکوتە ترسی سیستەمی دەسەڵاتداری ئێرانە لە هێزی هزری و باوەڕی و ئیرادەی ژنان، دەسەڵات بەهۆی ئهوهی ترسێکی لە بزوتنەوەی ژنان هەیە ڕۆژ بە ڕۆژ گوشار لە سەر ژنان زۆرتر دەکات، سیستەم بە ئەم گوشارانە دەیەوێت کە ژن لە پرسە سەرەکییهکانی خۆی لا بدات و بە بڕێک شتی ئاساییەوە خەریک بێت، لە ئێرن دەبینین کە خۆکوژی ژنان ڕوو لە زیادبوونە، ئەمە نابێت وەکو خۆکوژییەکی ئاسایی ببینرێت بەڵکو دەبێت وەکو شۆڕشێکی بێدەنگ لە دژی سیستەمی دەسەڵاتداری ئێران بیری لێ بکرێتەوە، ئەم خۆکوژیانە بکوژێکی نهێنی یان لە پشتە، پێویستە ئێمە ئەوە ئاشکرابکەین، کە سیستەم هیچ مافێک بۆ ژن ناهێڵێتەوە مەگەر خۆکوشتن، ئەم گوشارانە تا ڕادەیەک پێشڕەویان کردووە کە ئیمام جومعەی ئهسفەهان دەڵێت حیجابی خراپی ژنان هۆی سەرەکی وشکبوونی ڕووباری زایەندەڕوودی ئهسفەهانە، بەڵام لە لایەکی ترەوە توانایهکی زۆر بەهێز لە نێوان بزووتنەوەی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، ئێمە وەکو کەژار جێگرهوهیهک بۆ ژیانی ئازادی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران دیاری دەکەین.
رۆژنیوز: لە ڕۆژهەڵات جیا لە دەسەڵاتی سەرکوتکەری دەوڵەت، کۆمەڵگا و بنەماڵەش لە سەرکوتی ژنان دا ڕۆڵیان هەیە، بە ڕای ئێوە خەبات لەگەڵ کام یەک لە ئەم هێزە سەرکوتکەرانە سەرەکی ترە؟
-سیستەمی پیاو سالارانە لە ئێران ژوور تا ژێری کۆمەڵگای داگیرکردووە، بەڵام ژنانی ئازاد لە ئێران مل بۆ ئەم سیستەمە کەچ ناکەن و لە زیندانەکان، زانکۆکان و ڕێکخراوەکان کار و خەبات دەکەن، لە ئێران لەگەڵ توندوتیژی و سەرکوتی ژنان بە دەستی سیستەم، هاوکات ناڕەزییەکی زۆر بەهێز هەیە، سیستەم دەیەوێت ژنان و ڕۆحی ژنانە لەناوببات، دەتوانین بڵێین سیستەم خەریکی کۆمەڵکوژکردنی بێدەنگی ژنانە، سیستەمی پیاوسالارانە لە بنەماڵەوە دەستپێدەکات، لە ئێستای جیهاندا بنەماڵە ( خێزان)، دەوڵەتێکی بچووکە و پێویستە ژنان لە بەرامبەر هەموو بنەماکانی دەسەڵات لە دەوڵەتەوە تا ناو بنەماڵە بوەستن، بۆیە شەڕ لەگەڵ بنەماکانی کۆمەڵگای پیاوسالار پێویستی بە ئاگاییەکی هەمەلایەنە هەیە، خەباتی ژنان لە ناو بنەماڵەوە دەستپێدەکات و بەرەو کۆمەڵگا و دەوڵەت پێشدەچێت.
رۆژنیوز: خوێندنەوەی ئێوە لە سەر بزووتنەوە فێمینیستەکانی میژوو چۆنە؟ ئایا نزیکیەکی هزری یان پراتیکی لە نێوان خەباتی خۆتان و ئەوان دەبینن؟
-کەژار بزووتنەوە فیمینیستیەکانی مێژوو وەکو کەلەپور بۆخۆی دەبینێت، لە مێژووی شۆڕشی ژنان-دا فێمینیستەکان بەرخۆدانێکی گەورەیان کردووە و تا ئەو ڕادەیەی کە لە توانایاندا بووە مافی ژنانیان پاراستووە، ئێمە بزوتنەوە فێمینیستیەکانی مێژوو دەخوێنینەوە و ئەزموونەکانیان بەکاردەهێنین هاوکات لە زۆر بواردا ڕخنەمان لە سەریان هەیە، دیارە شێوازی خەبات و تێکۆشینی ئێمە لەگەڵ ئەوان جیاوازە، بەڵام وەکو سەرچاوەیەکی میژوویی بۆ خەباتی ژنان بە کاریان دەهێنین.
رۆژنیوز: دانیشتنی ئێوە لەگەڵ کومیتەی ژنانی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومۆنیستی ئێران (کۆمهڵه) بە چ مەبەستێک بووە؟
-دیارە دانیشتنمان لەگەڵ کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە چاوپێکەوتنێکی ئاسایی نیە، ئێمە وەک کەژار ئامادەین لەگەڵ هەر کام لە حیزبەکان کە پرسی ژن لە لایان گرنگە دابنیشین و چاوپێکەوتنمان هەبێت، ئێمە دەبێت پرسی ژنان وەکو پرسێکی نەتەوەیی ببینین، ئەم چاوپێکەوتنە تەنها بە خاتری نزیکی تیۆریک نەبووە، بەڕای ئێمە لە هەر شوێنێک کە چالاکی ژنان هەبێت ژنان پێشەنگی شۆڕش دەکەن، ئێمە بۆ بەرەوپێشبردنی شۆڕشی ژنان پێویستە لە ئەم چاوپێکەوتنانەدا بەردەوام بین، ئەم چاوپێکەوتنە بۆ گەشەپێدان بە ڕۆحی نەتەوەیی شۆڕشی ژنان و جەختکردن لە سەر پێشەنگی ژنان بەڕێوە چووە.
سەرچاوە رۆژنیوز