“خۆت بە ڕێکخستن بکە، یەکبگرە، تێبکۆشە و ئازاد ببە”

“خۆت بە ڕێکخستن بکە، یەکبگرە، تێبکۆشە و ئازاد ببە”

کۆمەڵەی ژنانی کوردستان(کەژەکە) بە بۆنەی هاتنی ڕۆژی جیهانی ژنان (٨ی مارسی ٢٠١٧) ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند و بە ١١ خاڵ بانگەوازی لە ژنانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی دەکات.

سەدەی بیست و یەکەم لەسەر بنەمای ئازادی ژنان، سەردەمی ئازادی کۆمەڵگایە

سەرەتا لە کەسێتی کلارا زەتکین، ڕۆزا لوکسەمبۆرگ، لەیلا قاسم، ساکینە جانسزدا تێکڕای ئەو شەهیدانە بیردێنینەوە کە ڕۆژی ٨ی مارس-یان ئافراند، لە سەر ڕێبازی سۆسیالیزم، ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی ئاشتی و دیموکراسی ژیانی خۆیان بەخت کردوە و سەری ڕێز و نەوازش لە بەرامبەریان دەنەوێنین. ئەو میراسەی لە ئەوانەوە وەرمانگرتوە، لە هەر شوێنێکی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا سات بە سات بەردەوامی پێدەدەین، هەر شوێنێک دەکەینەوە بە گۆڕەپانی بەرخۆدانی و ژیانی ئازاد.

ساکینە جانسز کە میراسەی شۆڕش و هەموو ئەو دەسکەوتانەی بەدەستهێنراون گەیاند بە ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو پێشەنگی شۆڕشی ژنانی کرد لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەر لەوپێناوەشدا شەهید بوو. بەردەوامی دا بە بەرخۆدانی نەپساوەی زەینەب کناجی، گولناز کاراتاش، سەما یوجە، شیلان کۆبانێ، شیرین عەلەمهولی، ئارین میرکان و ڤیان جاف لە ناو شۆڕشی ئازادی ژناندا. جارێکیتر لە کەسێتی ئەو ژنە قارەمانانە و لە کەسێتی شەهیدانی خۆبەرێوەبەری دیموکراتی ساڵی ٢٠١٦دا سەجەم شەهیدانی شۆڕشی کوردستان بیردێنینەوە. بەڵێنی بونیادنانی کوردستانێکی ئازاد و ژیانێکی ئازاد دووپات دەکەینەوە.

وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی کوردستان، تا کۆتایی هێنان بە هەلومەرج و گۆشەگیری سەر ژیانی ڕێبەر ئاپۆ تێدەکۆشین، کە لە لایەنی تیۆری و پراکتیکیەوە ڕەنجی زۆری بۆ تێکۆشانی ئازادی ژنان داوە، دووپاتی دەکینەوە کە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ئێمەیە، هەبوونمان پەیوەستە بە ژیانی ئەوەوە، لەسەر ئەو بنەمایە سڵاو خۆشەویستی خۆمان ئاراستەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین.

سیستەمی پیاوسالاری هۆکاری هەموو قەیران و گێژاوەکانی کۆمەڵگایە

ئەقڵیەت و سیستەمی پیاوسالاری بەر لە هەموو شتێک دژ بە ژنان دەستی پێکرد و دامەزرا، مێژووی بەکاڵاکردنی ژن، سەرچاوەیەکی قوڵی هەیە و پڕە لە ئازار و مەیەنتی. ژنان بە گوشار، چەوساندنەوە، درۆ و پلانگێڕی لەناو قاڵبی ژیانی سەردەستی بەند کراون. پیاو هەمیشە بە تیۆری ئەشق، خیانەتی لە ئەشقی پیرۆز کردوە، پێکەوە ژیانی ژن-پیاو کراوە بە ئامرازێکی بە کاڵاکردنی ژن. کۆتایی هێنان بە ئەشقی پیرۆز و ژیانی ئازاد، مرۆڤایەتی دوور خستۆتەوە لە چەمکەکانی یەکسانی، ئازادی، ئاشتی، دیموکراسی و ژینگەپارێزی. کۆتایی بە جیاوازی و فرە ڕەنگی هێناوە. هەروەها شارستانی پێنج هەزار ساڵە کە لەسەر زهنی پیاوسالاری دامەزراوە، هۆکارە بۆ هەموو قەیران و ئاڵۆزیە کانە کە ئەمڕۆ بەرۆکی مرۆڤایەتیان گرتوە. ئاشکرایە کە ئیدی سیستەمی هۆمۆژەنی گەردوونی ناتوانێت بە ڕێگەی ڕیفۆڕم، نێوبەرکاری، هاوسەنگی و ڕووپۆشکردن ناتوانێت چارەسەری لەگەڵ خۆی بهێنێت.

هەوڵی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی ژنان دەدرێت

لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم دا ژنان ئاڕاستەی گەران بە دوای چارەسەریان گرتوە. تێکۆشانی ژنان لەسەرانسەری جیهان سیستەمی سەرمایەداری ئەجێنداکەی و سیاسەتە پیاوسالاریەکەی خستۆتە نێو زەحمەتی زۆر. دتوانین بڵێین لە نێوان هێڵی تێکۆشانی ئازادی ژنان و سیستەمی سەرمایەداری شەڕێکی جدی دەستی پێکردوە. هەربۆیە هێزەکانی دەسەڵاتداری پیاوسالار دەیانەوێت ببن بە گەورەترین بەربەست لەبەردەم تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی. بۆ ئەوەش هەرجی هێزی سەربازی و پۆلیسە خراونەتە نێو جموجۆڵ و لە هەموو لایەنە ئابوری، سیاسی، سەربازی، بیردۆزی، کۆمەڵایەتی، کەلتوری و میدیایی شەڕێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دژ بە هێز و دینامۆی ژنان لەسەر کارە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد شۆڕشی ژنان پێکدێت

تەڤگەری ژنانی ئازادی کوردستان لە سایەی بیر و ڕامانەکانی ڕێبەرمان عەبدوڵڵا ئۆجالان، لەسەر بنەمای پەرسپەکتیڤی ژیانێکی ئازاد، بە بونیادنانی ڕێکخستن و پارتی ژنان، هەنگاوی نایەی سەدەی بیست و یەکەمین دەستی بە قۆناغێکی مێژووی کرد بۆ تێکۆشانی ئازدی. تەڤگەری ئازدیمان بە تێکۆشانی ئازدیخوازی ساکینە جانسز پەرەی سەند، بە دامەزراندنی سوپاسی ژنان، بە ڕێکخستن بوون و سەرهەڵدانی ژنانی کورد بەرەو یەکێتی و یەکخستنی ئیرادەی ژنان هەنگاوی نا. تا لە ٨ی مارسی ١٩٩٨ و بە ڕاگەیاندنی ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژنان بە ئاستی پارتی بوون گەیشت. ئەوەش لە ئەنجامی ڕەنج، تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان بوو لە ناو بەندینخانەکانەوە تا یەکینەکانی ژنە گەریلاکان و تێکۆشانی ئازادیخوازیمان لە ناو کۆمەڵگادا. ژنە شەهیدەکانمان بوون بە هەوێنی ڕێکخستن، پارتی و سوپای ئازادی ژنانی کورد کە ئەمرۆ لە سەرانسەری جیهان نمونەی بێ وێنەن بۆ هەموو ژنان و مرۆڤایەتی.

لە ساڵی ١٩٩٩ پارتی ژنانمان دامەزرا، لە ساڵی ٢٠٠٥ وەک پارتی ئازادی ژنانی کوردستان بەردەوام بوو و ساڵی ٢٠١٠ بە ڕوانگەی نوێی ژنۆلۆژی بەرەو خەباتێکی هاوبەش لەسەر بنەمای زانستێکی چارەسەر ساز ئاراستەی گرت. شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستانیش لە ئەنجامی هەموو ئەو تێکۆشانانەی ژناندا وەک مۆدێلی شۆڕشی ژنان، دیموکراتی و شۆڕشێکی مێژووی پێکەوە ژیان شێوەی گرت.

بۆ سەرجەم ئەو ژنانەی سوێندی ئازادیان خواردوە، ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر واتای ڕۆژی بەرخۆدان، ژیانەوە و تێکۆشانە. سەرەتایەکی نوێیە بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە. ڕۆژی سەرلەنەوێ ئافراندنەوەی ژیانی ئازادە. بۆ ژنان هەر ڕۆژ ٨ی مارسە، هەر ڕۆژ ڕۆژی تێکۆشانە، لە ٨ی مارسی ٢٠١٧دا جارێکیتر پیرۆزبایی خۆمان لە هەموو ژنان دەکەین، بە دروشمی “خۆ بە ڕێکخستن بکە، یەکبگرە، تێبکۆشە، ئازاد ببە” با یەکێتی ژنان پێشبخەین، پەرە بە ئاست تێکۆشان بدەین لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا.

لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئێمە هەموو ڕۆژێک بکەینە ٨-ی مارس، بانگەوازیمان بۆ کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی ژنان ئەوەیە:

لەدژی پۆزەتیڤیزم، دامەزراوە فیکریەکانی زیهنیەتی پیاوسالاری، ئێمە زانستی ژنۆلۆژی بەهێز بکەین. ژیان لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی بەیەکەوە بە زمان، ڕەنگ، ئیستاتیکای ژن سەرلەنوێ بئافرێنین.

ژن ڕێکخستەکراو نەبن، یەک نەگرن، تاک گەرایی و خۆپەرستی سیستمی مۆدێرنێتەی کاپیتالیستی تێپەڕ نەکرێت، تێکۆشینی ئازادی ژن ناتوانێ بگاتە سەرکەوتن. هەتا تێگەی لیبرالیزمی ئازادی ساختەی ژن، سیاسەتێک کە ژن دەکاتە کاڵا نەپێچرێتەوە، ژن ناتوانێ ئازاد بێت. بۆیە ئێمە خۆشەویستی، یەکێتی ڕەگەزی بەهێزکردن، لەهەموو شوێنێک کۆمین، ئەنجومەنی ژنان بەڕێکخستن بکەین و ئیرادەی ژنان پیشان بدەین. لەسەر بنەمای پێشخستنی سیستمی ژنانی خۆسەر، مۆدێلی هاوسەرۆکایەتی-تەمسیلی یەکسانی لەهەموو مەیدانەکانی ژیاندا پێکبێنین.

پێشخستنی خۆپاراستنی ژن پێویستیەکی بنچینەییە. هیچ کاتێک ژن خۆپاراستنی خۆی ڕادەستی دەوڵەت و پیاو ناکات. ئاوا کردنی ڕێکخستنی خۆپاراستنی ژنان بە پێی چەمکی پاراستنی ڕەوا بابەتێکی ژیانیە. بەبێ خۆپاراستن، ژیانێکی ئازاد بۆ ژنان پێش ناکەوێت. گومانی تێدا نیە کە دەتوانرێ لەهەر لایەکەوە بە هێرشێکی دژە شۆڕش سەرکوت بکرێت. بۆیە ئێمە لە نمونەی ڕۆژئاواو شەنگالدا دامەزراندنی یەکینەکانی خۆپاراستن وەکو خەباتی سەرەکی خۆمان دەبینین. لەسەر ئەو بنەمایە بانگی ئێمە بۆ تەواوی ژنان ئەوەیە کە بەبێ دواکەوتن، هەموو پێویستیەکانی خۆپاراستن ئامادە بکەن.

لە مێژوودا بۆ جاری یەکەمین لەسەر دەستی ژن ئابوری دەرکەوتووە. سیستمی پیاو سالاری چەمکی ئابوری سەراوبن کردووە، ژنی لە مەیدانی ئیکۆنۆمی دوور خستۆتەوەو وابەستەی خۆی کردووە. بۆ ئەوەی کار ئازاد بێت، ئێمە لەسەر بنەمای چەمکی ئابوری کۆمیناڵ-ئیکۆنۆمیک، هەرەوەزی مەزن دەکەین. بۆ ئەوەی هیچ ژنێک بەتەنها نەمێنێ کە چاوەڕوانی هاوکاری و بەخێوکردن بێت.

ئیندوستریالیزم، سیاسەتی شەڕ، وەبەرهێنان و بەکار بردنی زیاد لە پێویست، کێبەرکێی کاپیتالیست، پڕۆژە سەربازیەکانی کە بەناوی زانست پەرستیەوە دروست دەکرێن، سیاسەتی تاڵانی، چاو بڕینە سروشت وەک تەنها سەرچاوە، ئیکۆسیستمی جیهانی وێران کردووە، ئەم تێکچوونە ژینگەییە هەڕەشە لە تەواوی زیندەوەران دەکات. بۆئەوەی هاوسەنگی کۆمەڵگا-سروشت ڕابگیرێت، گەڕانەوە بۆ ژینگە، گەڕانەوە بۆ جەوهەری مرۆڤایەتی و جەوهەری ژنە. وەک ژن ئێمە ڕێکخستن بوون و تێکۆشانی ئیکۆلۆژیک مەزنتر و بەهێزتر بکەین.

دەزگای بنەماڵە بەتەواوی کەوتۆتە ناو قەیرانێک. لەناو ئەم دەزگایەدا ژن زیندانی دەکرێت، وەکو مەکینەی لەدایک بوون بەکار دەهێنرێن. ڕەنجی ئەو وەک نەبوو هەژمار دەکرێت و تەواوی ژیانی وەکو ئەڵقەیەکی دووبارە ڕادەبوورێت. لەبەرامبەردا بۆ ئەوەی تێگەیشتن لە مۆدێلی هاوژیانی ئازاد دروست بێت و بڵاو بێتەوە، ئێمە خەبات بەهێزتر دەکەین. بۆ ئەوەی منداڵەکانمان بتوانن لەسەر زیهنیەتی ئازاد، تەندروست و بە پەروەردەیەکی ڕاست بژین، با مۆدێلی ژیانێکی ئازاد پێش بخەین.

بۆ ئەوەی بتوانین هەموو فیکر، یۆتۆپیا، کێشەکانی پەیوەندیدار بەژنەوە بە هاوبەشی گفتوگۆ بکەین، چارەسەری هاوبەش بدۆزینەوە، بانگەوازی لە ڕێکخراوەکان، کۆنگرەو کۆنفرانسەکانی ژنانی جیهان دەکەین کە ڕۆلێکی چالاکتر بگێڕن، بۆ ئەوەی لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین یەکینەو فیدراسیۆنی ژنان دابمەزرێت، خەبات بکەین و تێکۆشان پێشبخەین.

بانگ لە ژنانی کورد دەکەین بە ئامانجی چارەسەر کردنی کێشەکانی ژنان بەتایبەتی و هەموو کێشەکانی تر بەگشتی، لە سێهەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ژناندا کۆ ببینەوە.

بانگەوازی دەکەین کە بەردەوام بین لەسەر تێکۆشان بۆ ڕزگار کردنی ژنانی ئێزیدی کە لەدەستی داعشدان و بە ئامانجی چارەسەر کردنی کێشەکان درێژە بەخەبات بدەین و لەسەر ئەو بنەمایە بانگی پشتگیری و پشتیوانی لەهەر کەسێک دەکەین.

لە تورکیا لە دژی مرۆڤ و مافەکانی هێرشێکی گەورە هەیە. لە دژی دیکتاتۆریەتی ئاکەپە-مەهەپە کە نوێنەرایەتی هەرە چەپەڵی زیهنیەتی فاشیستی پیاو سالاری دەکەن، ئێمە بانگ لە هەموو ژنانی کوردستان و تورکیا دەکەین کە لە ڕیفراندۆمی بێژەری فاشیستدا بڵێن “نا”، بە شێوەیەکی چالاک و بەکاریگەر بەشداری کەمپەینی “نا” ببن.

پێنج بەرگی پارێزنامەکانی دامەزرێنەری ئاشتی ڕێبەرمان عەبدوڵا ئۆجالان کە بۆ ئازادی ژنان ڕەنجێکی بێ وێنەی داوە، کە لە بەرامبەر پارادیگمای هەڵوەشاوەی مۆدێرنێتەی کاپیتالیست وەکو ئالتەرناتیڤی پارادیگمای مۆدێرنێتەی دیموکراتیک پێشی خستووە، چارەسەری قەیرانەکانی مرۆڤایەتیە. ئێمە بانگەوازی دەکەین کە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر بۆچوونەکانی ڕێبەر ئۆجالان بکرێت پانێڵ، سیمینار و کۆنفرانس ببەسترێت، لەسەر ئەوە بنەمایە بۆ ناساندنی بە هەموو مرۆڤایەتی پلاننامەی هاوبەش دابڕێژرێت. هەروەها، بەشێوازێکی چالاکترو بەهێزتر بەشداری ئەو چالاکیانە بکەین کە بە ئامانجی تەندروستی، ئاسایش و ئازادی ڕێبەرمان عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوە دەچن.

بە گڕوتنی ئافراندنی ژیانی ئازاد، بەرخۆدانی رۆژی ٨ی مارس لە سەرجەم ژنان پیرۆز دەکەین، دەڵێین سڵاو لە هەموو ژنانی بەرخۆدێر، شەڕڤان و تێکۆشەر!

بژی ٨ی مارس
بژی یەکگرتنی ژنان

بمرێ ئەقڵیەتی فاشیست، پلانگێڕی پیاوسالار.

کۆردیناسیۆنی – کەژەکە

سەرچاوە: gazetesujin

Related posts