هاوسەرۆکی کۆدار: هیوا هەیە لایەنەکانی ڕۆژهەڵات یەک بگرن

هاوسەرۆکی کۆدار: هیوا هەیە لایەنەکانی ڕۆژهەڵات یەک بگرن

هاوسەرۆکی کۆدار، ڕایدەگەیەنێت، کە هیوا هەیە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک بگرن و لە نزیکەوە گوێ لەیەکتر بگرن و بەپێی ئەوە هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان بدەن، دەشڵێت:”ئەگەر ئێران ئامادەیی تێدانەبێت بۆ گۆڕانکاریی و بەردەوامبێت لە سیاسەتی فاشیستی و دیکتاتۆریی، ئەوە ئەگەر هەیە ڕەوشەکە بەرەو تەقینەوە بچێت”.

زیلان تانیا، هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوز-دا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵی ئێران، نەخشەڕێگای کۆدار، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەوشی کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدوێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

-ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە نەخشەڕێگایەکتان بڵاوکردەوە بۆ چارەسەریی قەیرانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشکەشکردنی ئەو نەخشەڕێگایە لەم کاتەدا بۆ؟.

“چیدی گەلانی ئێران ناتوانن لەژێر ئەو زوڵم و چاوترسێنییەدا بژین”

زیلان تانیا: وەک دەزانین لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو هەڵبژاردن لەپێشە، هەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و هەمیش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شار و گوندەکان، ئەم هەڵبژاردنانە لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا پێکدێت، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی ئێستا لە جیهان و ناوچەکەدا هەیە، کە ئێرانیشی لەناودایە، ئەم گۆڕانکارییە زەروریەتی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بۆ هەموو هێز و دەوڵەتەکان دەسەپێنێت، ئەم بابەتە بۆ ئێرانیش بە هەمان شێوەیە، هەروەها ئاستی ناڕەزایەتی گەلانی ناوخۆی ئێران، چونکە هەموویان زوڵم ستەمێکی زۆریان لەسەر دەکرێت، بەهۆی ئەو عەقڵیەتەی ئێستا لەناو ڕژێمی سەردەستی ئێراندا هەیە، کە عەقڵیەتێکە نکۆڵی لە ناسنامە و بوونی گەلان دەکات، نکۆڵی لە مافەکانیان دەکات، لەڕووی ئابووری و کلتوری و هەموو بوارەکانی دیکەوە گوشارییان لەسەرە، کە چیدی گەلانی ئێران ناتوانن لەژێر ئەو زوڵم و ستەم و چاوترسێنییەدا بژین، لە قۆناغێکدا، کە هەتا کاربەدەستانی ئێرانیش، بەهۆی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەوە باس لە پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتەکانیان دەکەن، ئێمە دۆخی ئێستای ئێرانمان قبوڵ نییە، وە ناشبێت ببین بە بازنەیەک لە سیاسەتی دەرەوە و دەستوەردان لەناوخۆی ئێران قبوڵ ناکەین، لە ڕەوشێکی وادا ئێمە نابێت تەنیا چاوەڕوانی ئەوە بین، کە حکومەت پرۆژە پێشکەش بکات و گۆڕانکاریی بکات، بەڵکو ئەمە ئەرکێکە لەسەر هەموو لایەنەکان و دەبێت هەنگاو هەڵبگرن بۆ گۆڕانکاریی، بۆیە ئێمە وەک لایەنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە، ئەو نەخشەڕێگایەمان پێشکەش کرد.

-نەخشەڕێگاکەی ئێوە چ چارەسەرییەکی پێیە بۆ قەیرانەکانی ئێران؟.

“پرۆژەیەکی دیموکراتییە، کە چارەسەری بۆ هەموو کیشەکان پێیە”

زیلان تانیا: نەخشەڕێگاکەی ئێمە پرۆژەیەکی دیموکراتییە، کە چارەسەری بۆ هەموو کیشەکان پێیە، هەم حکومەت و هەم کۆمەڵگای ئێرانی لەخۆ دەگرێت، دەتوانێت ئارامی و ئاشتی و سیستمێکی دیموکراتی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، ئەمە تەنیا خەیاڵ نییە و دەتوانێت پێکبێت، بەڵام بۆ ئەمە دەبێت کۆمسیۆنی هاوبەش پێکبێت، ئێمە هەشت کۆمسیۆنمان دەستنیشان کردووە(ژنان، ئابووری، دووبارە پێناسەکردنەوەی پێکهاتەکانی بەڕێوەبردن، زمان و کلتور، پێکەوە ژیانی دادپەروەرانەی گەلان، یاسایی، ئاسایش، ژینگە)، ئەمانە کۆمسیۆنی هاوبەشن هەموو ڕەنگ و دەنگێک لەناو خۆیدا جێگا دەکاتەوە، تەنانەت پرۆژەی دەوڵەتیش دەتوانێت خۆی لەگەڵ ئەم پرۆژەیەدا بگونجێنێت.

-بۆ دروستبوونی ئەو گۆڕانکارییانە دەبێت ڕژێمی ئێران چی بکات؟، ئەگەر نەیکرد چی ڕوودەدات؟

“ئەگەر هەیە ڕەوشەکە بەرەو تەقینەوە بچێت”

زیلان تانیا: ئێران بۆئەوەی خۆی لە قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی دەرباز بکات و گۆڕانکاریی لە سیاسەتیدا بکات، دەتوانێت بە خوێندنەوەیەکی دیکە و بە بوونی پرۆژەیەکی دیموکراتی بۆ گەلانی ئێرانی، خۆی ڕزگاربکات و بەرەوە دیموکراتی بوون بڕوات، لەکاتێکدا، کە ئێران ئامادەیی تێدانەبێت بۆ ئەم گۆڕانکارییانە و بەردەوامبێت لە سیاسەتی فاشیستی و دیکتاتۆریی، ئەوە ئەگەر هەیە ڕەوشەکە بەرەو تەقینەوە بچێت، چونکە چیدی گەلانی ئێران ناتوانن قبوڵی ئەم سیاسەتە بکەن و لەژیر چەتری ئەم سیاسەتانەدا بژین.

– نەخشەڕێگاکەتان پێشکەش بە کێ کردووە و لەگەڵ کێدا گفتوگۆتان لەسەر کردووە، ئایا پێشکەش بە کاربەدەستانی ڕژێم کراوە؟.

“گفتوگۆمان لەگەڵ گەلانی ئێراندا کردووە”

زیلان تانیا: پێشتر لەگەڵ زۆربەی گەلانی ئێران دیدارمان ئەنجام داوە گفتوگۆی ئەوەمان کردووە، کە ئەم پرۆژەیە چۆن دەتوانێت لە بەرژەوەندی سەرجەم گەلانی ئیران بێت، خۆشبەختانە هەموویان پەسەندییان کردووە و پێیان باشبووە، ئێمە پێشەنگایەتییمان کردووە، بۆ ئەوەی هەموو گەلان خۆیانی تێدا ببیننەوە، ئەوانیش قبوڵیان کرد، ئەمە دەنگێکی هاوبەش بوو، بەڵام پرۆژەکە بە فەرمی پیشکەش بە هیچ لایەنێک نەکراوە، تەنیا لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە.

-پێتانوایە، کە ڕژێمی ئێران ئەم پرۆژەیەی ئێە قبوڵ بکات؟.

“ئەمە هەوڵدان و دەستپێشخەرییەکە”

زیلان تانیا: قبوڵ کردن و نەکردن شتێکی دیکەیە، بەڵام ئەمە هەوڵدان و دەستپێشخەرییەکە، ئەگەر ئیرانیش قبوڵی نەبێت، ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین و تێکۆشانێکی مەودا درێژیشی دەوێت، لەوانەیە قبوڵی نەبێت، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت پرۆژەکەی ئێمە تەنیا بۆ کاتی هەڵبژاردنە، بەڵکو ئەگەر ئێستا ئەمە قبوڵ نەکرا، ئەوا جارێکی دیکە ئێمە بە شێوازی جیاواتر پەرە بە ئەم تێکۆشانەمان دەدەین.

-کۆدار چ بڕیارێکی لەسەر هەڵبژادنەکان داوە، ئایا بەشداری تێدا دەکەن یان بایکۆتی دەکەن؟

“بەپێی هەڵوێستی ڕژێمی ئێران تێکۆشانمان دیاریی دەکەین”

زیلان تانیا: ئێمە هێشتا چاوەڕێین، لە ئێستاوە هەتا کاتی هەڵبژاردن قۆناغێک هەیە، هیوادارین کرانەوەیەکی دیموکراتیانە بۆ گۆڕانکاریی پێکبێت، ئێران دەتوانێت کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرێت، لەڕێگای بە فەرمی ناسینی دەنگی جیاواز لە ناوخۆ، ئەمە لە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە بگرە هەتا بزوتنەوە چەپەکانی ئێران و هەموو لایەنە جیاوازەکانی دیکە، بەوەی کە بە کردار هەنگاو بۆ گۆڕانکارایی بنێت و بە کردار ببینرێت، نەک تەنیا لە ڕاگەیاندنەکان باس بکرێت، ئێمە بەپێی هەڵوێستی ڕژێمی ئێران تێکۆشانمان دیاریی دەکەین.

-لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ چەند حزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە، دواین کۆبوونەشتان لەگەڵ کۆمەڵەدا بوو، سەردانەکانتان بۆچییە و بە دەنگەوەهاتنی ئەو لایەنانە لە چ ئاستێکدایە؟.

“هیوا هەیە، کە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک بگرن”

زیلان تانیا: بۆ ئامادەبوون و پێشوازیکردن لەو قۆناغە نوێیەی ،کە پێش دێت، دەبێت هەموو بزوتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاودەنگی و هاوبیریمان هەبێت، وە بۆ ئەوەی بتوانین خوێندنەوەیەک بۆ ڕەوشی ئێستا و داهاتوو بکەین، وە دەبێت وەک لایەنە کوردییەکان چ هەنگاوێک هەڵبگرین، دیدارمان لەگەڵ بەرەیەکی کۆمەڵە سازکرد و ئەو پرسانەمان بە وردی تاوتوێ کرد، ئەوانیش پێیان خۆش بوو، بۆیە هیوا هەیە، کە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک بگرن و لە تێکۆشان و پرۆژەکانی یەکتر ئاگاداربن، لە نزیکەوە گوێ لەیەکتر بگرن و بەپێی ئەوە هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان بدەن، ئەمە تێکۆشانێکی دوورودرێژی دەوێت، بە یەک دیدار لەوانەیە خەیاڵی بێت، کە هەموو کێشەکان چارەسەر ببن و هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەبێت، ئەمەش قۆناغێکی تێکۆشانە بۆ ئێمە، پێشتریش لەگەڵ یەک بە یەکی لایەنەکان دانیشتووین، ئێستاش وەک ئەرکێکی مێژوویی لەسەر شانی خۆمان دەیبینین و چی بکەوێتە سەر شانمان دەیکەین، هەرچەندە جیاوازی زۆرمان هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشیشمان هەیە، ئێمە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان زیاتر دەوەستین، مەترسییەک هەیە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە بۆ هەر گۆڕانکارییەک دەبێت بزوتنەوەکانی رۆژهەڵات پەرتەوازە نەبن و پێش بە دووبەرەکییەکان، وە بگرین ئەوەی گەلەکەمان چاوەڕێی دەکات هەنگاوی بۆ هەڵبگرین.

-لە چەند رۆژی ڕابردوو حەوت لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە بڕیارە بەیاننامەیەکی هاوبەش لە سەر هەڵبژاردنەکانی ئێران بڵاوبکەنەوە، ئێوە بانگهێشت کرابوون بۆ ئەو کۆبوونەوە؟.

“نە ئاگادارکراوین نە بانگهێشت کراوین”

زیلان تانیا: نەخێر ئێمە نە ئاگادارکراوین نە بانگهێشت کراوین، ئەوەی کە ئێمە بیستومانە، ئەوانیش پرۆژەیەکی هاوبەشیان هەیە، هەم بە خوێندنەوەیەکی تازە لەسەر قۆناغەکە، هەم پێکهێنانی بەرەیەکی تیکۆشانی هاوبەش و بەیاننامەیەکی هاوبەشیش بڵاودەکەنەوە.

سەرچاوە: ڕۆژنیوز – شنا فایەق

Related posts