کاتی دروستکردنی سپایەکی هاوبەشی کوردستانییە

کاتی دروستکردنی سپایەکی هاوبەشی کوردستانییە

نیشتیمانی ئێمە کوردستان تەنیا شوێنێکی گۆی زەمینە کە لە چوار لاوە کەوتووبێتە ناو ئاگربارانێکی داگیرکەرییەوە. تەنیا شوێنێکە کە بە دەیان گرووپی چەتە و تیرۆریستیی غەیرەزنیزامیان لە ژێر ناوی جودا دژ بە خەباتە ئازادیخوازییەکەی دروست کردبێت. تەنیا نیشتیمانێکی داگیرکراویشە کە بەو شێوەیە لە ئاستێکی باوەڕپێنەکراودا رووبەڕووی کۆنەپەرستیەکی مەزهەبیی و دڕندەییەکی داگیرکەرانە بوو بێتەوە.

خەبات و تێکۆشانی ئێمەی کوردستانیی دژ بە دەوڵەتانی ئێراق و ئێران و سووریا و تورکیا مایەی شانازایی و سەربەرزیمانە، بەڵام ئیدی لە سەر هەموو ئازادیخواز و تێکۆشەرێکی کوردستانیی پێویستە کە زۆر کەمتر حیزبیی و ناوچەگەر و کاتیی بیر بکەنەوە. بیرکردنەوەمان دەبێت کوردستانیی سەرانسەریی و ستراتیژیی دواڕۆژانە بێت.
هێرشی داگیرکەران بۆ سەر گەلەکەمان هیچ سنوورێکی دەراوسێیەتی، مێژوویی، رەووشتیی، دیپلۆماسیی و سیاسیی ناناسێت. ئامانجی ئەوان سڕینەوەی ناوی کورد و کوردستانە لە مێژوودا.
لەبەرئەوە ئێمەی کوردستانیی دەبێت یەکدەنگ و یەکسەنگەر بەرامبەر بە داگیرکەران ڕابووەستین.
بۆ ئەوەی بتوانین دەستکەوتەکان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزین و هەروەها بەر بە هێرشی دڕندانەی داگیرکەران بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵات بگرین پێویستە زووبەزوو سپایەکی هاوبەش دابمەزرێنین، سپایەکی کوردستانیی کە تەواوی سنوورە حیزبیی و ناوچەیی و پارچەییەکان بشکێنێت.

لە ڕاستییدا داگیرکەران چوار نیین، یەک دانەن. ئەوان کاتێک هێرش دەهێننە سەر کوردستان و هەڕەشە لە گەلی کورد دەکەن و دەیانەوێت بیترسێنن و ناچار بە تەسلیمبوونی بکەن، بیر لە ئەم پارچە و ئەو پارچە ناکەنەوە. بۆ ئەوان بەهدینان و سۆران و گەرمیان و بۆتان و شکاک و هەورامان و یارسان و ئێزیدیی و عەلەویی و سۆسیالیست و لیبرال و هتاد نییە. ئەوان دژی گەلی کوردستانن و دەیانەوێت خاکی کوردستان بە داگیرکراویی لە دەست خۆیاندا بهێڵنەوە.
وەڵامی دروستی کوردستانیانیش دەبێت لەو چوارچێوەیەدا بێت: داگیرکەر بۆ دەرەوە لە خاکی کوردستان!

هەوڵی کوردستانیان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیکی سیکولار و پلورالیستی پێشکەوتوو داگیرکەران و کۆنەپەرستانی ناوچەکەی تەواو هەژاندووە. ئەوان لە مێژە بڕیاریان داوە کە دژ بە سەربەخۆیی و مافی خەڵکی کوردستان بن بۆ مافی بڕیاردان لەسەر جارەنووسی خۆیان. ئێمەی کوردستانییش دەبێت لەو ئاستەدا وەڵامیان پێ بدەینەوە. ئەویش یەکخستنی هێزی بەرگریی کوردستانە، دروستکردنی سپایەکی یەکگرتووە، دانانی فەرماندەیەکی پاراستنی هاوبەشە، و سوود وەرگرتنە لە توانا و لە هێزی گەلەکەمان کە لە هەموو کاتێکدا سەدان هەزار لە جەوانان ئامادەن خۆبەخشانە سەنگەرەکان بپارێزن، کچان و ژنانی کورد سەری بڵند و پایەی خۆڕاگریی ئەو تێکۆشانەن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە هەموو تاکێکی کورد دەکات لەو هەستەبەرپرسیارییەوە بەرخورد بکات، کە لە ناو خۆدا ئارام و هێمن بن و دیالۆگێکی نیشتیمانیی و زمانێکی سیاسیی جیددیی پاراو پێش بخەن، و ڕێگا بە خۆیان نەدەن کات و وزەی نیشتیمانیمان لە قۆچ لەیەکهەڵسووینی ناوخۆدا بە فیڕۆ بڕووات. دەبێت ڕێز لە هەموو تێکۆشەر و لە هەموو شێوەیەکی تێکۆشان بگرین. کوردستان نیشتیمانی هەموومانە!

لەو بارەوە داوا لە هەمووان دەکەین داوای دامەزراندنی سپا و فەرماندەیەکی پاراستنی هاوبەش بکەن و بیخەنە ڕۆژەڤی خۆیانەوە. تەمەنی داگیرکەریی لە کوردستان بەرەو کورتبوونەوە دەچێت، بە سپایەکی یەکگرتوو زووتر چۆک بە داگیرکەر دەدەین و دەیبەزێنین. جیهانیش ئەو ڕێزەمان نیشان دەدات کە گەلەکەمان شایستەیەتی.

کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
23/9/2017

Related posts