لەسەر بارودۆخی باشووری کوردستان

لەسەر بارودۆخی باشووری کوردستان
لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی حکومەتی ئێراق و حەشدی شەعبی هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر ناوچە دابڕێنراوەکان و دەوروبەری کەرکوك. هەموو گەلی کوردستان چاوەڕێی و بەهیوابوون هێزی پێشمەرگە رووبەڕوویان ببنەوەو نەهێڵن پێشڕەوی بکەن. بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی چەندین پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە پاشەکشەیان کردوو زۆر ناوچەیان چۆڵ کرد. حەشدی شەعبی کەوتنە ناو کەرکوك، توزخورماتوو، داقوق، شەنگاڵ، مەخمورو دەوروبەری موسڵ و چەند شوێنێکی تر. لە کەرکوک هێزێکی بچوکی گەریلاکانی هەپەگە لەگەڵ کۆمەڵێک لە پێشمەرگەی دێرین و خەڵکی خۆبەخش تا ماوەیەکی باش بەرخۆدانیان کرد. هێزەکانی حەشد هەر لە توزخورماتووەوە دەستیان بە راونانی خەڵک و تاڵانکردن و سووتاندنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان کرد. لە کەرکوکیش کەوتنە ئازاردانی خەڵک و سوتاندنی چەندین بنکەو بارەگای پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان. لە ئاکامدا خەڵکێکی زۆر ئاوارەو دەربەدەر بوون.

دوای ریفراندۆمی 25ی ئەیلول دۆخی باشوور بەرەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی زیاتر چوو. هەر لە سەرەتاوە دەوڵەتانی تورکیاو ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئێراق، دەستیان بە جووڵە کرد. کۆبوونەوەو رێککەوتنی هاوبەشییان لە دژی خواستەکانی گەلی کوردستان رێکخست و کەوتنە هەڕەشە. رێبەرایەتی باشوور بە پەلەو بێ حسابێکی ورد، بێ ئامادەکاریی ناوخۆیی و دەرەکی، بێ ئامادەکاریی سیاسی و دیپلۆماسی، لەهەمووی مەترسیدارتر، بێ ئامادەکاریی سەربازی پرۆسەی ریفراندۆمیان دەستپێکرد. ئەم بێ پلانییەش بووە هۆی روودانی کارەسات، بووە هۆی ئاوارەبوون و تالانکردنی خەڵک، بوو بە هۆی رووخانی ورەی خەڵك، بووە هۆی شکاندنی شکۆی گەلی ئێمە لە ناوخۆو دەرەوە. رێبەرانی باشووری کوردستان بەگشتی بەرپرسن لەم دۆخە.

ئەم بارودۆخە نابێ هەروا تێپەڕێت. پێویستە گەلی کوردستان لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بوون بە هۆکاری ئەم رەوشە. ئەمڕۆ رۆژی پاساو هێنانەوەو وتووێژی بێ ناوەرۆک نییە. نەیارانی ئێمە لەبەر دەرگان. دۆخەکە ئاڵۆز و ناڕوونە و ئێمە لەبەردەم هەڕەشەو مەترسی گەورەداین. پێویستە هەموو هێزو دینامیکە کوردستانییەکان لە پەیوەندی و هەماهەنگیدا بن. لە زوترین کاتدا هێزی بەرگریی و دیپلۆماسیی هاوبەش پێکبینن. جگە لە هەماهەنگی و کاری هاوبەش، رێگایەکی تر نییە بۆ سەرکەوتن. ئێمە لاواز و بێتوانا نین. ڕۆژاوای کوردستان لەبەرچاومانە.ئەگەر یەکێتی و هەماهەنگیمان هەبێت، ئەگەر خاوەن بڕیار بین، ئەتوانین سەرکەوتن بەدەست بێنین. ئازادکردنی رەققە کە پایتەخت و بنکەی داعش بوو، نمونەیەکی زیندووە.

نەیارانی ئێمە سەرەڕای ناکۆکیەکانیان، لەسەر دژایەتی کۆکن و رێكکەوتوون، پێویستە ئێمە ئەو راستییە ببینین و لێی فێربین.
پێوستە حکومەتی عێراق ئەوە بزانێ کە ناتوانێ بە هێزی سەربازیی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بشکێنێ. ئەبێ بە پێی یاسا و دەستور مامەڵ بکات و هەموو ئەکەسانەی دەستیان لە هێرش و تاڵانکردن و کاولکاری و دەربەریی خەڵکدا هەبووە، سزا بدرێن. ئێمە لەو بارەیەوە ئەو هێرشانەی حکومەت و هێزەکانی ئێراق بۆسەر کوردستان بە توندی شەرمەزار ئەکەین. ئامادەشین تا دوایی لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بەرخۆدان بکەین.
داوا لە رای گشتی و فەرمی جیهان و هێزە هاوپەیمانەکانیش دەکەین کە تەنیا تەماشاوانی بارودۆخەکە نەبن، بەڵكو پشتگیریی گەلی کوردستان و مافە رەواکانی بکەن.

داوا لە خەڵکی کوردستان ئەکەین، بە تایبەتیش خەڵکی ئەو ناوچانەی پەلاماردراون، بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و زێدی باب و باپیرانیان جێنەهێڵن. ئێوە بێ پشتیوان نین. ئەگەر هەندێک هێزیش پاشەکشەیان کردبێ و جێیان هێشتبن، بەڵام هێزی بەرگریمان هەیە، پێشمەرگەو گەریلای قارەمانمان هەن، بەرخۆدەرانی رۆژاوا هەن، کچ و کوڕی خۆبەخشمان هەن کە ئەم رەوشە قبوڵ ناکەن و تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەن و گەلی خۆیان دەپارێزن.

ئێمە داوا لەگەلی خۆمان ئەکەین لە دەوری هێزەکانی بەرگریی کۆبننەوە و بەر بە هێرشەکان بگرن. دواجار سەرکەوتن هی ئێمەیە.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك.ن.ك
18.10.2017

Related posts