خەیانەت و کاڵفامی سیاسی, قازانجی داگیرکەران!

ئەھوەن چیاکۆ

خەیانەت و کاڵفامی سیاسی, قازانجی داگیرکەران!

رێفراندۆم:

ھەندێ کەس دەڵێن: رەوشی ھەنووکەی باشوور پەیوەندی ئەوتۆی بر رێفراندۆمەوە نییە و رفراندۆمیش نەکرابایا دیسان پیلانی خولقاندنی دۆخێکی وەک ئیستا لەلایەن داگیرکەرانەوە ھەبوو، بێگومان داگیرکەر بەردەوام لە پیلاندایە، بەڵام زیرەکی سیاسی ئەوەیە کە بتوانی دوژمنانی خۆت پارچە بکەیت، تاک بیانھێڵیتەو و خاڵ و ڕێڕەوی ھاوبەشی یەکگرتنیان بۆ دروست نەکەیت، بەتایبەت لە کاتێکدا پێگەی خۆتت تۆکمە نەکردبێت.
مخابن ناشرەزایی سیاسی پێداگرانی رێفراندۆم بوو بە ھۆی یکگرتنەوەی توکمەتری داگیرکەرانی کوردستان، کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو تا ئاستێک لە یەک ترازا بوون.

قازانجی تورکییا:
تا چەند مانگی بەرێدا دەوڵەتی ناوەندی عێراق بە زمانێکی زبر داوای لە تورکییا دەکرد کە ھێزەکانی لە باشووری کوردستان بباتە دەرەوە، ئیستاکە نەتەنییا ئەو داوایەی لێناکرێ بەڵکوو ھاوپەیمانی لەگەڵ دەبەستێت. ھاوکات تورکییا ھاوکاری ئێران و دەوڵەتی ناوەندی سووریای بۆ موداخلەی زیاتری رۆژئاوی کوردستانی وەدەست خستووە و….

قازانجی عێراق:
دەوڵەتی ناوەندی عێراق تا بەر لە رێفراندۆم دەستی ئەوەندە لاواز بوو کە بۆ دیالۆک دەلاڵایەوە، بەڵام بەھۆی ھەڵەی سیاسی بەڕێوەبەرایەتی باشوور، ئیستاکە دەستی ئەوەندە بەھێز بووە کە وێڕای ھەموو تەنەزۆلەکانی بەڕێوەبەرایەتی کورد، دیسان ئامادە نییە و مەرجی قورستر دەسەپێنێت. ھەروەھا بووەتەوە خاوەنی باڵافڕگەکان، گومرۆکەکان، ناوچەدابڕاوەکان و….

قازانجی ئێران:
ھەوڵی دەستێوەردانی ئێران لەلایەن ئامریکا نزیک ببووە و لە ھەوڵدانی ئەوە دابوون عێراق وەک سەکۆیەک بۆ دەستێوەردانی ئێران ئامادە بکەن، بۆئەوەش بەشێک لە شێعەکانی ئێراقیان لە ئێران وەرچەرخاندبووە، ئێران ئەمەی خوێندەوە و لە دەرفەتی رفراندوم بۆ تێکدانی ئەم سەکۆیە و جارێکیتر پێش خستنی ھەژموونی خۆی لە عێراق کەڵکی وەرگرت. لەڕاستیدا قەڵسی ئامریکاش لە حکوومەتی باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم مژارە. ھاوکات ئێران لە دەرفەتی رێفراندوم بۆ ملیتاریزەکردنی ھەرچی زیاتری رۆژھەڵاتی کوردستان کە لە ئەگەری ھەر موداخلەیەک دەیەوێت وەک قەڵخانێک بەکاری بێنێت، کەڵکی وەرگرت و…

زەرەری کورد:
ھەموومان دەزانین کە ھەر قازانجێکی داگیرکەران زەرەرێک و بگرە زیاتریش زەرەری کوردی تێدایە، کەواتە: بەقەد ئەو قازانجانەی داگیرکەران کە ئاماژەمان پێکرد و بگرە زیاتریش کورد بەتایبەت لە باشووری کوردستان زەرەری لێکەوتووە و لە کورتخایەندا قەرەبووکردنەوەی ئاسان نییە. بەڵکوو لە ئەساسدا رێفراندۆم وەک ئەجندایەکی دەرەکی بۆ ئەوەکرا کە دۆخێکی بەم شێوە بێتە ئاراوە نەک ئەوەی بڕیارێکی بەتەواوی ناوخۆیی فئۆدالیسم و بورژەوایی کورد بووبێت.

لەڕاستیدا سەربەخۆیی شتێک نییە کە مرۆڤ رفراندومی بۆ بکات، مافێکی بێ ئەملاوئەولایە، دابڕانی جوغرافیایی – سیاسییە کە بەڕێوەبەرانی رفراندوم راشکاوانە حاشای لێدەکەن.
بەڵام ڵایەنگرانی رێفراندومیش ئەوەندە چێژی عاتیفی لێدەبەن، ئانالیزی سیاسی یان بۆی نییە. رێزم بۆ عاتیفەی نەتەواتەتی ھەیە، بەڵام ھەمووشت بە عاتێفە ناکرێت و تەنانەت عاتێفەی غەیرە سیاسی و رێکخستنی دەتوابێت زەرەر بدات. ھاوکات عاتێفە بە پێی شوێن و زەمان نرخی دەگۆڕدرێت. بۆ وێنە لەبەینی پشتگیری کوردانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە یەک نرخ دانانرێت.
پشتگیری ناوخۆی رۆژھەڵات لە رێفراندۆم لە پاڵ عاتیفە ریسک و شۆڕشگەری تێدا ھەبوو، تووڕەیی لە داگیرکەر و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی تێدا ھەبوو، رووکردنی داخوازی خۆشیان وەک گەلی کورد لە رۆژھەڵات، تێدا ھەبوو.
پشتگیری رۆژھەڵاتیەکانی دەرەوی وەڵات بەشێکی ھەستی پاک و سەمیمیەت بوو، بەڵام بەشێکیشی ڤالانژی و ساوێلکەیی و دونباڵەڕەوی پاشوەڕۆیی پارتی (بارزانی) بوو.

لەبیر نەکەین ئێمە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست داین، کە ھێز یەکلاکرەوەیە، ئەویش لەم کاتە ھەستیارەدا کە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە زاووزێ داڕشتنەوەیەکی نوێیە. ھاوکات ئێمە باسی کوردستان دەکەین کە موستەعمەرەیەکی جیھانییە و پرسەکەی پرسی دەگمەنە.
بۆ بڕیاری دابڕانی سیاسی و جوغرافی ھەریەک لە بەشەکانی کورستان لە قەوارەی سیاسی – جغرافی داگیرکەر، یان دەبێت پاڵپشتێکی بەھێزی حقوقی و دیپلۆماتیک ئاوا بکەین، یان جەسارەتی شۆڕشگێڕی ناوخۆیی بۆ ئاواکردنی دیفاکتۆ توکمە بکەین.
بەڕای من لە ئەگەری توکمەکردنی جەسارەتی شۆڕشگەری، ئەگەر لە پارچەکانیتر بەتەواوی ئەم ئیمکانە لەبار نەبێت، بەڵام لە باشووری کوردستان بە مەرجی پێشخستنی ئیرادەی سیاسی و یەکڕیزی نەتەوەیی، کورد دەتوانێت، بڕیاری دابڕانی جوغرافیایی و سیاسیش بدات.

بەم ھۆوانە:
١- لە باشوور وەک بەشەکانیتری کوردستان لە گەڵ کۆمەڵگای دەرەوەی کوردستان ئەو تێکەڵاوییە، کولتوری و کۆمەڵایەتییە نییە، پەیوەندییەکە پەیوەندییەکی، سیاسی و ئابوورییە کە بەپێی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و کولتوری بڕیاردان لەسەری ئاسانترە.
٢- بە پێچەوانەی گەورە شارەکانی ئێران و تورکییا و تەنانەت سووریاش لە شارە گەورەکانی عێراق (جیا لە کوردە فەیلیەکان) ئەژماری سەدھەزاری و میلیونی کورد جێگیر نین.
٣- بەپێچەوانەی ھێڵی سنووری بەینی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران و باکووری کوردستان و تورکیا و تەنانەت رۆژئاوای کوردستان و سوریا (دابڕانی جوغرافیایی رۆژئاوای کوردستان ) کە بەھۆی ئاسیملاسیۆن و ھۆی تروە پتانسیەڵی بەرگری و دابڕان تا ئاستێک لاوازە، ھێڵی سنووری بەینی باشووری کوردستان و عێراق بەھێزترین یان یەکێک لە شوێنە بەھێزەکانی کوردایەتی و پتانسیەڵی بەرگرییە.
٤- ئەگەر بەشەکانیتری کوردستان ئینکارێکی جیھانییان لەسەرە، لانیکەم دانپێدانانێک لەسەر باشووری کوردستان ھەیە.
لەڕاستیدا ئەگەر ئیرادە، متمانە، سەمیمیەت، یەکڕیزی و… ھەبێت، بەجێگەی پاشەکشە لە ژێر ناوی گفتوگۆ دەتوانرا بێ رێفراندومیش و بە رێفراندومیش ئەم دەرفەتانە بەکار بێندرێن. ئەوکاتە دەتوانرا ئامادەکاری گشتی (بەسیجی عمومی) و کۆمەڵگای شەڕوان رابگەیەندرێت و کۆمەڵگا بۆ بەرخودانێکی گشتی لە بەرانبەر ھێرشەکان و گەماروە ئابووری و ترانزیتیەکانیش ئامادە و پەروەردە و ئیقناع بکرێت و لە پتانسیەڵی پارچەکانیتری کوردستانیش کەڵک وەربگیردرێت و خۆشمان ئەوەندە موحتاجی نیشتنەوەی فرۆکە لە سلێمانی و ھەولێر لە ئەگەری دۆخ و بڕیارێکێ ئاواھادا نەبینین بە دیفاکتێکی بەو شێوە دەتوانرێ بێدەنگی جیھانیش بشکێت. خۆ ئەگەر ئامادەکاری و جەسارەتێکی ئاواش نییە، با دەست لەسەر ئەو خەڵکە ھەژارە ھەڵبگیردرێت. لانیکەم با ژیانی ئاسایی خۆی بکات تا یان ئەو جەسارەتە دروست بێت یان رۆژھەڵاتی ناوین بکەوێتە ناو دۆخێکی جیاوازتر لە ئیستا.

دەرفەتی موسڵ:
بەر لە رێفراندۆم ھۆکاری شکەستی ئیستای باشوور ئەوەیە کە بارزانی دەرفەتی مووسڵی لەبار برد. وەک دەزانرێت لە مووسڵ ئەژمارێکی سەدان ھەزار نەفەری کورد لەپاڵ گەلانیتردا دەژین. ھاوکات مووسڵ لەبواری مێژوویی و جوغرافیدا خاوەنی شوناسی کوردستانییە. لە مێژوویشدا بەقەد کەرکووک و بگرە زیاتریش وەک ناوەندی پیلانی داگیرکاری کوردستان بەتایبەت لە سەردەمی لۆزان بەکاربردراوە و لەو کاتەدا تا ئیستا ھەوڵدراوە لە مێشکی گشتی و بیرەوەری مێژووی (ذهن جمعي و حافظه تاريخي) گەلی کورد بسڕدرێتەوە. بەداخەوە تا ئاستێکیش ئەنجامگیر بووە. ئوپراسیونی پاککردنەوەی مووسڵ لە داعش دەرفەتێک بوو کە سیاسەتی سەدساڵەی تەڵەی موسڵ، بۆ کوردان بشکێت و کۆتایی پێ بێت.
وەک دەزانرێت داعش کەرەسەیەکی مەیدانییەو بە ھیچ شێوەیەک بۆ ھێشتنەوەی درێژخایەن لە شوێنێکدا نییە. ھێزە دەستێوەردەرەکان رێگەی بۆ دەکەنەوە تا شوێنێک یان شارێک بگرێت و دواتر لەژێر ناوی کوالسیۆنی دژی داعش لەو شوێنە دەریدەکەن، بۆئەوەی رێگەی ئاوادانکردنەوە ھەموار بکەن.
واتە: وێرانی یەکێک لە مەبەستەکانی سەرمایدارییە. لەبەر ئەوەی لە پرۆسەی وێرانیدا دەتوانێت چەک وچۆڵ بفرۆشێت و قازانج بکا. بەڵام دوای وێرانی پێویستە كەش و ھەوایەکی ئارام بۆ ئاوادانکردنەوە بێتە ئاراوە و تا لە ئاوادانکردنەوشدا بتوانێ شت ومەکی کامپانیا زەبلاحەکانی بفرۆشرێن و قازانج بکەن. بۆ وێنە شارێک وەک مووسڵ کە بەتەواوی لەم ٣ ساڵەدا، بەتایبەت لەپرۆسەی پاککردنەوەدا وێران کراوە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کە بەساڵان دەخایەنێ پارەکەیشی دچێتە گیرفانی سەرمایداری. ئەمە شتێکی بەئازارە، بەڵام ھیچ لەراستیەکەی کەم ناکاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەو ھەموو ئازارەی کەھەیەتی، بۆ گەلان بەتایبەت گەلی کورد دەرفەتێکیش دێنێتە ئاراوە. لەبەرئەوەی ھەرلایەنێک کە لە پرۆسەی پاککردنەوەی داعش رۆڵبگێڕێت ئەوە ھەم دەبێتە خاوەن پرستژ، ھەم لە مانەوە و چارەنووسی داھاتووی ئەو شوێنە خاوەن رۆڵ و بەھرەمەند دەبێت. واتە لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست قورسایی خۆی دەبێت. ھەربۆیە بەشداری کارای کورد لە ئۆپراسیۆنی پاککردنەوەی مووسڵ ھەم دەرفەتێک بوو، ھم ئەرکێکی ئەخلاقی نەتەوەیی بوو، لەبەرئەوەی بەسەدان ھەزار کورد لە مووسڵ و دەورووبەری دەژین و لەبواری مێژوویی و جوغرافی شوناسی کوردستانی پێوەیە، کە بەداخەوە بارزانی لە چوارچێوەی بەرژوەندی تەسک و گوێڕایەڵی تەواو بە تورکییە رێگەی لەبەر بەربەست کرد. ئەگەر نە بەشداریکردنی کورد لە ئوپراسیۆنی موسڵ بەچەند ھۆکار لە بەشداری ئوپراسیۆنی رەقا ئاسانتر بوو. لەبەر ئەوەی موسڵ بە جوغرافیای کوردستان گرێدراوە و کوردێکی زۆری تێدایەو لە حافیزەی تاریخی گەلی کورددا وەک شارێکی کوردستانی جێگەی ھەیە و ئەگەر کورد لە ئوپراسیونی ئازادکردنیدا بەشداری کردبایا کاریگەری زۆری لەسەر ھەستی نەتەوەیی گەلی کورد دەکرد و دەیتوانی لە ھەرچوار پارچەی کوردستان ئەژمارێکی بەرچاو لە جەوانانی کورد بەشداری ریزی شۆڕش بکات. تەنیا مژارێک کە بەشداری کوردی لە ئوپراسیونی موسڵ بەپێی رەقا زەحمەت دەکرد ئەوە بوو کە ھێزە شۆڕشگێڕەکانی کورد لە رۆژئاوا(یەپەگە و یەپەژە) یەکدەست بوون و یەکلایەنە دەیانتوانی بریار بدەن. فەقەت ھێزە شۆرشگێڕەکانی کورد لە باشوور (ھەپەگە و یەپەشە) ناچار بوون بۆ بەشداریکردن لە ئوپراسیونی ئازادی مووسڵ لە گەڵ پارتی دیموکرات (بارزانی) رێکبکەون. بەڵام ھەرچەند ھەوڵدرا بارزانی لە چوارچێوەی داخوازی تورکیا رێنەکەوت و ئەوەش بوو بەھۆی ئەوە دەرفەتی موسڵ بۆ کوردان بەھۆی نزیکایەتی و گورایەڵی بارزانی بە تورکییا بە فێڕۆ بچێت و ئەمڕۆ کورد لە ھاوسەنگییەکان دەستێکی لاوازی ھەبێت.

یەکیەتی نەتەوەیی چارەیە:
پاڕانەوە و خۆ بچووک کردنەوە لە بەرانبەر داگیرکەران چارەسەر نییە و داگیرکەران ئەوەی کە دەرحەق بە کورد نایکەن پێیان ناکرێت، ئەگەر نە ستراتیژی ئەوان لەناوبردن و لەباشترین حاڵەتدا کوێلەکردن و دەستەمۆکردنی گەلی کورد و گەلانیترە.
ھێزە ئامپریالیستە جیھانیەکانیش تەنیا لە چوارچێوەی قازانج بڕیار دەدەن و بەپێی رەسەنایەتی ھێز (اصالت قدرت) ھەڵوێستی سیاسی رابەر دەکەن. واتە ئەگەر لە کورددا ھێزیان بینی لای دەگرن. ئەگەر ھێز نەبێت گلە و گازندە و شکایەتی داگیرکەران لای ئامپریالیسم کە خۆی شێوەی داگیرکەری جیھانییە کەڵکی نییە.
ئامریکا ئەمڕۆ بۆ خۆی لە رێگای ترامپیسمەوە، رێبازی نئۆناسیۆنالیسم و نئۆفاشیسم بەڕێوە دەبات و سانترالیسم بەھێز دەکات و تەواو پەرە بە کونسرواتیسم دەدات. لەڕاستیدا ئەو شتەی کە ئەمڕۆ داگیرکەرانی کوردستان شانیان بۆ شل کردووە لە قودرەتگرایی جھانشمول ورە و مەشروعییەت دەگرێت. ترامپ بۆخۆی لەبەینی ئامریکاو مکزیک دیوار دادەنێت جا چۆن دەتوانێت لۆمەی سیاسەتی سانترالیستی عراق بکات.
تەنیا شتێک کە دەتوانێت بمانکات ھێزی پووچەڵکردنەوەی ھەڕەشەکان و ئاواکردن و قۆستنەوەی دەرفەتەکان یەکڕیزییە لە چوارچێوەی گشتی کورد و کوردستاندا. تێپەڕاندنی تایبەتمەندییەکانی ھێڵی کلاسیک وەک: پارچەگرایی، ھەرێمگرایی، پیاوسالاری، پیرسالاری، دەسەڵاتخوازی و…
لەڕاستیدا ئەوەیکە پێویستە وەلابنرێن ئەم چەمکانەن. ئەگەر ئەم چەمکانە وەلاننرێن و تەنیا دەمووچاوەکان بگۆڕدرێن، دیسان زەمینی قەیرانێکیتر لە ئارادا دەبێت.
بۆ دەربازکردنی ئەم رەوشە پێویستە لە دوو شێوازی لێکدانەوە خۆمان بپارێزین، یەکەم ئەو بۆچوونەی کە پێوایە ھیچ نەقۆماوە و دیسان بە پاساوی جۆراوجۆر خەیانەت و ھەڵەی سیاسی دەپارێزێ و یان لایەنێک دەکات ملائکە و قارەمان و لایەنێک دەکاتە دێو و خەیانەتکار، پێویستە بابەتەکە وەک ھێڵ و چەمک بگیردرێتە دەست.
دووەم لەو بۆچوونەی کە بێھیوایی و کرووزانەوە پێش دەخات و پێوایە ئیدی ھەموو شت چوو و دەسکەوتەکانی ھێڵی کوردی ئازاد نابینێت و تەنییا کارەساتەکانی ھێڵی کلاسیک دەبینێت.
لەڕاستیدا ئەگەر راست بین و چاوکراوە لەگەڵ رەوشەکە نزیک بووینەوە گەلێک جار ھەندێ شکەست کە لە کورتخایەندا ئازاریان زۆرە دەکرێت لە درێژ ماوەدا ببن بە سەبەبی بردنەوەی گەورە.
بۆ وێنە لە کاتی شەڕی خاجپەرەستەکاند دونیای رۆژئاوا (مەسێحیەت) لە بەرانبەر دونیای رۆژھەڵات ئیسلام شکەستی خوارد، دواتر بردنەوەی دونیای ئیسلام رێگەی لەبەر موتڵەقیەت و چقبەستووی کردەوە و لە ئاکامدا دونیای رۆژھەڵاتی تووشی دواکەوتووی ھێنا.
لەلایەکیترەوە شکەستی دونیای مەسێحیەت رێگەی لەبەر لێگەڕین و بردنە ژێر پرسیاری موتڵەقیەتی کلیسا کردەوەو پێواژۆی رێنسانس ھاتە ئاراوە و دونیای رۆژئاوا بۆ پێشکەوتن پێشی کراوە.
ھێوادارم ئێمەش بە جێگای باسی پلۆمیک و بێ کەڵک و بە جێگەی کرووزانەوە و بێ ھیوایی لەم شکەستانە وانە بگرین و لە ناکارامەیی چەمک و رێبازی ھێڵێ کلاسیک و ھێڵی کوردی ئازاد قووڵبینەوە و ئەوە بزانین ھەرچەند خەیانەت و شکەستی ھێڵی کلاسیک ئازاری تووشی گەلی کورد کردبێت و ھەندێ دەسکەوتی دابێتە دەستی داگیرکەرانەوە. بەڵام دیسان کورد و کوردستان پایەدارە و ئەوە تێکۆشان و بەرخودان لە رێبازی کوردی ئازاد و ھێڵی سێومە داھاتوو دیاری دەکات.

ئەھوەن چیاکۆ

Related posts