پێناسه‌ی نوێ‌ بۆ بارزانی له‌لایه‌ن پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات قورسایی سیاسی یان ناهێڵێت

پێناسه‌ی نوێ‌ بۆ بارزانی له‌لایه‌ن پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات قورسایی سیاسی یان ناهێڵێت

01.11.2017

ئامه‌د شاهۆ

له‌باشووری كوردستان چ ده‌گوزه‌رێت؟ بۆچی گه‌لی كورد پێگه‌ی سیاسی له‌هه‌رێم لاواز ده‌بێت؟ كێ‌ به‌رپرسیاره‌ له‌و دۆخه‌ی له‌باشووری كوردستان ده‌گوزه‌رێت؟ ئاینده‌ی باشووری كوردستان به‌ره‌و كوێ‌ ده‌ڕوات؟ چ كاریگه‌ری بۆ سه‌ر به‌شه‌كانی تری كوردستان ده‌بێت؟ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ و هێوه‌ركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ به‌ چ میتۆدێك ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت؟ ئه‌و پرسیارانه‌و ده‌یان پرسیاری تر له‌ناو شه‌قامی كوردی دێت و ده‌ڕوات و نیگه‌رانی هاوڵاتیان له‌مه‌ڕ چاره‌نووسیان تا ده‌ڕوات زیاتر ده‌بێت. واتا ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی 26 ساڵه‌ی حۆكمڕانی دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری باشوور، هه‌رێمی تووشی دۆخێكی كاره‌ساتبار كردووه‌ كه‌ قه‌یران له‌دوای قه‌یران ده‌خوڵقێنێت و له‌ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌شدا ئاشكرایه‌ كه‌ هیوای چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه‌یان به‌ ته‌واوی له‌ده‌ست داوه‌. ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه‌ دوا گورزی كوشنده‌ی پارتی و بارزانی له‌ده‌ستكه‌وته‌كانی كورده‌، وه‌ك بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك بووه‌ هۆكار، كه‌ ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان سه‌ره‌وژێر بكات و خه‌سارێكی زۆری كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، سه‌ربازی و گۆڕینی دیمۆگرافی هه‌رێمی لێبكه‌وێته‌وه‌. بۆ پێش گرتن له‌و كاره‌ساته‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كرا ئه‌وه‌ی ده‌بوو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم، حكومه‌ت، په‌ڕله‌مان و پارته‌كانی ده‌سه‌ڵات بكرایه‌، به‌داخه‌وه‌ پشتگوێ‌ خرا و ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌ده‌بوو بكرایه‌، مه‌سعوود بارزانی و پارته‌كه‌ی به‌ ده‌هۆڵ و زۆڕناوه‌ به‌ سه‌ر لایه‌ن و هاوڵاتیانی هه‌رێم سه‌پاندیان و ئێستاش هاوڵاتیان و هێزه‌ سیاسیه‌كان به‌ ده‌ست ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ خۆسه‌پێنه‌ره‌وه‌ شینی له‌ده‌ستدانی له‌ 51% خاكی هه‌رێم و له‌ده‌ستدانی خه‌ونی ده‌وڵه‌ته‌ كوردیه‌كه‌ی بارزانی ده‌گێڕن.

ریفڕاندۆمی 25ی ئه‌یلوولی 2017ی بارزانی، ده‌بێته‌ ئیستارتی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ئێراق، توركیا و ئێران بۆ سه‌ر باشوور و مه‌ترسیه‌كی جددیيه بۆ سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد. ئه‌وه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رنامه‌و داخوازیه‌كانی بارزانی ده‌بێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ له‌نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ناوچه‌كه‌ و هه‌رێم ئاڵوگۆڕی جددی به‌دوای خۆی بێنێت. تایبه‌ت پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ژێر سایه‌ی سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی مه‌سعوود بارزانی له‌به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانی سێ‌ قۆڵی توركیا، ئێران، ئێراق و به‌ چاودێری ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا، رۆژ له‌دوای رۆژ به‌ره‌و دواوه‌ له‌پاشه‌كشێ دایه‌. ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌بڕێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌ پێشه‌نگایه‌تی بارزانی سه‌ودا و بازرگانی به‌ مێژوو، كه‌رامه‌ت، ئیراده‌ و ناسنامه‌ی ئازادی گه‌لی كورده‌وه‌ ده‌كه‌ن. له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی و بنه‌ماڵه‌یی و مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات خاك و نیشتمان به‌ ئه‌رزانی، ترسنۆكانه‌و به‌ بێ‌به‌رپرسیارییه‌وه‌ راده‌ستی نه‌یارانی كورد ده‌كه‌ن. خیانه‌تێك به‌ نیشتمان و رۆحی پاكی شه‌هیدان له‌ئارادایه‌ كه‌ كه‌رامه‌ت و قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌ی كوردی له‌ئاستی ناوچه‌كه‌ و جیهان پێ‌ سووك و ریسوا ده‌كه‌ن. نیشتمانی زامداركراو به‌ دیارده‌كانی خیانه‌ت، نیشتمان فرۆشی و كۆیله‌بوون ده‌ڕازێننه‌وه‌. بارزانی و هاوكارانی به‌ پێ‌ ویست و پیلانی توركیا، ئێران و ئێراق له‌نێو كۆمه‌ڵگای باشوری كوردستان چه‌مكی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی كلاسیك و ئیشاره‌ته‌كانی شه‌ڕی ناوخۆیی ده‌گه‌شێننه‌وه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ له‌هه‌موو شتێك بێ‌به‌پرسیارانه‌تر و ترسنۆكانه‌تره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بێ‌شه‌رمانه‌ لایه‌نێك، لایه‌نێكی تر تۆمه‌تبار به‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ ده‌كات و خۆی ده‌كاته‌ قاره‌مانی گه‌مه‌ شكست خواردوه‌كه‌ی دۆخی قه‌یراناوی و ئاڵۆزی ئێستای باشوور. داهێنه‌رانی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌ رێگای میدیا چه‌واشه‌كاره‌كانیانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت به‌و رێگایه‌وه‌ خیانه‌ت و شكسته‌كانیان په‌رده‌پۆش بكه‌ن و وه‌ك رێبازی هه‌میشه‌ییان رای گشتی پێ‌ فریو بده‌ن و رق و نیفره‌تی خه‌ڵك و كاردانه‌وه‌كانیان دژ به‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم كه‌م بكه‌نه‌وه‌.
بارزانی به‌ ئه‌نجامدانی ریفڕاندۆم ویستی مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات مسۆگه‌ر بكات و شه‌رعیه‌ت به‌ مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی هه‌ریم بدات، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ پێداگری له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم كرد. به‌ پێ‌ شایه‌دی مێژوو ئاشكرایه‌ كه‌ ده‌رد و كولی بارزانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نه‌بووه‌ و نییه‌، به‌ڵكوو مانه‌وه‌ی له‌ده‌سه‌ڵات و پاراستنی پێگه‌و به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌ و پارته‌كه‌ی مه‌رجی به‌شداربوونی له‌و پیلانگێڕییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌دایه‌. ئه‌گه‌رنا چۆن ده‌بێت له‌سوریا ره‌قا كه‌ به‌ پایته‌ختی داعش ناونرابوو له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیمۆكراتیك ئازاد بكرێت و رۆژێك دوای ئه‌وه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی بارزانی كه‌ركووك كه‌ دڵی كوردستانه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سۆپای ئێراقه‌وه‌ داگیر بكرێت. ئه‌گه‌ر بارزانی پێش ریفراندۆم به‌ به‌رپرسیارییه‌وه‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم رابگه‌یاندایه‌و به‌ هه‌ستی كوردایه‌تییه‌وه‌ به‌شداری له‌راوێژی نه‌ته‌وه‌یی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بكردایه‌، باشووری كوردستان رووبه‌ڕووی كاره‌ساتێكی دڵته‌زێنی وه‌ك ئه‌مڕۆ نه‌ده‌بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا، بریتانیا، وڵاتانی ئه‌وروپا، ئێران، توركیا و ئێراق بۆ ریگرتن له‌ئه‌نجامدانی ریفڕاندۆم هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت و گه‌لێك هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی توند و جددیان له‌هه‌رێم كردو به‌دیلی به‌هێزتریان خسته‌ به‌رده‌م بارزانی. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بارزانی و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم زۆر نابه‌رپرسیارانه‌ و ناسیاسیانه‌ وه‌ڵامی پێشنیار، پڕۆژه‌، هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمی و جیهانیانه‌یان دایه‌وه‌. ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆكار له‌كه‌سایه‌تی بارزانی و حكومه‌ته‌ ئیفلیج كراوه‌كه‌ی سزای ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسی به‌سه‌ر خه‌ڵكی باشووری كوردستان بسه‌پێنرێت و پشتیوانی هێزه‌ جیهانی و هه‌رێمیه‌كان له‌ده‌ست بده‌ن.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ 92% دانیشتوانی هه‌رێم له‌ده‌نگدان بۆ ریفڕاندۆم ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ دا. به‌ڵام وڵاتانی جیهانی و هه‌رێمی ده‌نگدان بۆ ریفڕاندۆم یان به‌ ناده‌ستووری و پارچه‌كردنی خاكی ئێراق ناوزه‌د كرد. بۆیه‌ له‌دوای ئه‌نجامدانی ریفڕاندۆم عه‌بادی، ئه‌ردۆغان و خامنه‌یی له‌هه‌ر لێدوانێكیاندا جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی ئێراق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ریفڕاندۆم و سزادانی به‌رپرسانی هه‌رێم كرد. كاردانه‌وه‌ی توندی دۆست و هاوپه‌یمانانی خودی بارزانی له‌مه‌ڕ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ترس و دڵه‌ڕاوكێ‌ له‌لای مه‌سعوود بارزانی دروست كرد و ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆكار كه‌ پاشه‌كشه‌ له‌ئه‌نجامدانی ریفراندۆم دا بكات. هه‌ڵبه‌ت جیا له‌ پارتی و یه‌كێتی، گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هانی هاوڵاتیانیان دا كه‌ بڕۆنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگی به‌ڵێ به‌ پڕۆسه‌ی ریفراندۆم بده‌ن له‌ده‌رئه‌نجامه‌كانی ریفڕاندۆم به‌رپرسیارن. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌یه‌ تاكه‌ هێزێك كه‌ هه‌ڵوێستی دیمۆكراتیك و گونجاوی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ریفراندۆم هه‌بووه‌‌و زۆر به‌رپرسیارانه‌و واقعبینانه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌رهاوێشته‌كانی ریفڕاندۆم هه‌بووه‌، ته‌ڤگه‌ری ئازادی كوردستانه‌ كه‌ به‌ رۆحێكی شۆڕشگێڕانه‌وه‌ به‌شداری كردن له‌پڕۆسه‌ی ریفراندۆمی بایكۆت كرد.

بارزانی و پارته‌كه‌ی دوای ئه‌نجامدانی ریفڕاندۆم زیاتر پێداگرییان له‌سه‌ر سیاسه‌تی تاكڕه‌ویانه‌ و نادیمۆكراتیانه‌ی خۆیان كرد و دۆخێكیان هێنا ئاراوه‌ كه‌ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌كانی تری باشووری كوردستان به‌ ناچاری ته‌سلیمی دۆخه‌كه‌ ببن. بۆ ئه‌وه‌ی بارزانی توركیا، ئێراق و ئێران له‌ئامانجه‌كه‌یان نزیك بكاته‌وه‌ دوای ئه‌نجامدانی ریفڕاندۆم ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ـ ئێراق كه‌ هیچ پشتیوانی یاسایی و شه‌رعیه‌تی نه‌بووه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی خۆی دامه‌زراند. ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ش جیا له‌پاشه‌كشه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئامێزی ئێراق و راده‌ستكردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنووریه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و كیڵگه‌نه‌وتی و راده‌ستكردنی كه‌ركووك و ناوچه‌ جێ‌ناكۆكه‌كان به‌ حه‌شدی شه‌عبی و سۆپای ئێراق هیچ واتا و گرنگییه‌كی تری به‌دواوه‌ نه‌بووه‌. پێشینیان ئه‌وه‌یان وتووه‌ كه‌ “هه‌ڵگرتنی به‌ردی گه‌وره‌ نیشانه‌ی لێنه‌دانه‌”، ئه‌م وته‌یه‌ به‌ ته‌واوی پڕ به‌ پێستی راستی بارزانییه‌. بارزانی له‌ژێر ناوی ریفڕاندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌رێمی غه‌ڵتانی زه‌لكاوێك كرد كه‌ ده‌بێته‌ هۆكار توركیا و ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا پێگه‌یان به‌هێزتر بێت و به‌تایبه‌ت سوپای پاسداران له‌ئێراق باڵاده‌ست بێت و پێگه‌ و قورسایی كورد بۆ ساڵی 2003ی میلادی بگه‌ڕێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ ئه‌و گورزه‌ی داعش نه‌یتوانی له‌هه‌رێمی بدات، بارزانی لێدا.

باڵاده‌ستبوونی ئێران له‌ئێراق و هه‌رێم راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وتی ئازادیخوازی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌بێت و مانه‌وه‌و خه‌باتی پارت و لایه‌نه‌كانی باشوور ده‌خاته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌، گۆمانێكی وا دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ئایا ئه‌نجامده‌رانی ریفڕاندۆم دوای ئه‌و شكسته‌ مه‌زنه‌یان، له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و سۆپای ئێراق، سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌و باره‌گای پارته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ناكه‌ن؟!. بارزانی بۆ دڵنیایی و شاردنه‌وه‌ی پیلانه‌كانی و بۆ به‌لاڕێدابردن به‌ رواڵه‌ت دژایه‌تی خۆی له‌به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی و سۆپای پاسدارانی ئێران راده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی رازی كردنی ئه‌مریكاو به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پشتیوانی ئه‌مریكایه‌. بۆیه‌ ده‌بێت پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات ئیدی هیواو چاوه‌ڕوانیان له‌بارزانی نه‌بێت و دۆزینه‌وه‌و پێناسه‌ی پێگه‌یه‌كی نوێ‌ بۆ بارزانی قورسایی سیاسیان ناهێڵێت. چۆن هێڵی كلاسیكی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی بارزانی له‌باشوور تێكده‌شكێت و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هێڵی خۆڕاگری و نه‌ته‌وه‌ی دیمۆكراتیك له‌كه‌سایه‌تی رۆژئاوا سه‌ركه‌وتن له‌دوای سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌لی كورد و مرۆڤایه‌تی تۆمار ده‌كات.

دوای ئه‌وه‌ی بارزانی پڕۆژه‌ی ناته‌واوی داعشی له‌هه‌رێم به‌ ئه‌نجام گه‌یاند، له‌ژێر گوشاری ئه‌مریكا، بریتانیا، ئێراق، توركیا و ئێران زۆر به‌ مه‌زلوومانه‌وه‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی راگه‌یاند. به‌ڵام ئه‌و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ ده‌ستپێكردنی قۆناخی ئاژاوه‌گێڕی، پشێوی و نائارامی له‌هه‌رێم ده‌ستپێكرد. نمونه‌ی په‌لاماری لایه‌نگرانی بارزانی بۆ سه‌ر په‌رله‌مانتاران و رۆژنامه‌نووسان له‌هۆڵی په‌ڕله‌مان و سووتاندنی بنكه‌و باره‌گای پارته‌كانی باشوور سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌. له‌مه‌ڕ درێژه‌پێدانی سیاسه‌تی بنه‌ماڵه‌گه‌ری و حزبی، دۆخی باشووری كوردستان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌ڕوات، دۆخه‌كه‌ زیاتر ته‌مومژاوی ده‌بێت. ناكۆكی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان قووڵتر ده‌بێته‌وه‌. ترس، تۆقاندن، تیرۆر و سووتاندنی باره‌گا و دام و ده‌زگاكان، په‌لاماری سه‌ر ده‌زگا شه‌رعی و نوێنه‌رانی خه‌ڵك په‌ره‌ ده‌سێنێت. بێ‌هیوایی و بێ‌باوه‌ڕی باڵ به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگای باشوور ده‌كێشێت. حكومه‌ت، پاڕله‌مان و ده‌زگا شه‌رعیه‌كان كارتۆنی ده‌بن. مه‌سعوود بارزانی دوای ئه‌وه‌ی ناچاری وازهێنان له‌پۆسته‌كه‌ی ده‌كرێت، ده‌سته‌واژه‌ی سڕكردنی له‌ئه‌ده‌بیاتی سیاسی باشوور داهێنا. واتا به‌سڕكردنی ئه‌نجامی ریفڕاندۆم، پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی سڕ كرد. سه‌رسووڕهێنه‌ر نابێت كه‌ ژیانی تازه‌ی بارزانی سیاسه‌ت، به‌رخۆدان و تێكۆشانیش سڕ بكات و ئه‌وه‌ش دۆخێكی مه‌ترسیدار به‌ قازانجی نه‌یارانی كورد به‌دوای خۆی ده‌خوڵقێنێت.

ئه‌وه‌ی له‌باشوور روویدا پارچه‌یه‌كه له‌گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد‌، نابێت سه‌رجه‌م سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر باشوور كۆببنه‌وه‌. پێویسته‌ بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی رۆژئاوا، باكوور و رۆژهه‌ڵات گه‌لی كورد له‌ناو ئاماده‌كاریدا بن. پێویسته‌ هه‌ر كه‌س وانه‌ له‌ئه‌زموونی باشوور ده‌ربخات. خاوه‌ندارێتی له‌رێبه‌ر ئاپۆ له‌ناو ئه‌و پیلانه‌ ته‌مومژاویانه‌دا ئه‌ركی ئه‌خلاقی و ویژدانی هه‌ر تاكێكی ئازادیخواز و نیشتمانپه‌روه‌ره‌. پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر هێز و لایه‌نێكی كوردی له‌قووڵ كردنه‌وه‌ی ناكۆكی و گرژی و ئاڵۆزیه‌كان خۆی بپارێزێت و له‌پێناو یه‌كگرتنی ماڵی كوردی ئه‌ركی سه‌رشانیان به‌جێ‌ بێنن. هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدرێت سه‌رجه‌م ده‌زگا شه‌رعی و حكومیه‌كان كارا بكرێنه‌وه‌و كه‌سانی رۆشنبیر، دیمۆكرات و ئازادیخواز بۆ ده‌ربازبوونی كورد له‌و دۆخه‌ی باشوور په‌ره‌ به‌ هه‌وڵه‌كانیان بده‌ن. ده‌بێت به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئه‌و میدیایانه‌ دابنرێت كه‌ به‌ وه‌شانی ژه‌هراویان دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن و وه‌شانیان ده‌كه‌وێته‌ خزمه‌ت نه‌یارانی كورده‌وه‌. هاوكات پێویستی به‌ دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌كی ئازدیخواز و نیشتمانی هه‌یه‌ كه‌ له‌و قۆناخه‌ قه‌یراناوییه‌دا بتوانێت پارێزگاری له‌مافی ره‌وای گه‌لی كورد بكات. بۆیه‌ جارێكی تر دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ رێگایه‌ك كه‌ ده‌توانێت گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ گه‌له‌كه‌مان مایه‌پووچ بكات، به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و ئیدی ده‌بێت هه‌ر كه‌س له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كۆك بێت كه‌ هاوئاهه‌نگی، یه‌كڕیزی و یه‌كێتی كوردان زامنی پاراستنی ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌كه‌مانه.

http://pjak.eu

Related posts