مەجلیسی پەژاک سڵاوی لە سەرهەڵدانی گەلانی ئێران کرد و بانگی بەشداری چالاکانە لە سەرهەڵدان دا کرد

مەجلیسی پەژاک سڵاوی لە سەرهەڵدانی گەلانی ئێران کرد و بانگی بەشداری چالاکانە لە سەرهەڵدان دا کرد

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان”پەژاک” سڵاوی لە سەرهەڵدانی گەلانی ئێران کرد و بانگی لە سەرجەم گەلان و بە تایبەتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری سەرهەڵدان ببن. لە هەمانکات دا ڕایگەیاند؛ لەو باوەڕەدان کە ساڵی نوێی زایینی، دەبێ بە ساڵی ئازادی هەموو گەلانی چەوساوە و بە تایبەتی ژنان.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان “پەژاک” بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی و سەرهەڵدانی گەلانی ئێران لێدوانێکی بڵاو کردەوە و لەگەڵ ئەوەی ساڵی نوێی زایینی لە هەموو گەلان و بە تایبەتی باوەڕمەندانی مەسیحی پیرۆز کرد، دەسنیشانی کرد کە لە ساڵی ٢٠١٧ دا، کوردستان چەقی شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو و لە بارەیەوە ڕایگەیاند:
” گەلانی هەرێمە بە ئیلهام وەرگرتن لە بەرخۆدانی گەلی کورد بە ئیرادە و باوەڕەوە بەشدارییان لە تێکۆشانی ئازادیخوازانە و دیموکراسیخوازانەدا کرد. گەلی کورد بە پەیرەو کردنی هێڵی سێهەم، ئەو هێڵەی کە لە بەرانبەری هێڵی سەرمایەداری و دوگماتیزم و چەقبەستووی هەرێمەکەیە، بوو بە سەرچاوی هێزی ئاڵتەرناتیڤ بۆ سەرجەم گەلانی زوڵم لێکراو. بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلی کورد لە ساڵی ٢٠١٧ دا، لە لووتکەدا بوو. ئەم تێکۆشانە، هێزە داگیرکەر و دەسەڵاتخوازەکانی تەنگەتاو کردووە.

مەجلیسی پەژاک بە ئاماژەکردن بەوەی کە لە ساڵی ڕابردوودا، داخوازییەکانی گەلانی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر خۆی لە شێوەی کۆبوونەوە و نارەزایەتی جەماوەریی دا نیشان دا، ڕادەگەیەنێ:” یەکێک لە سەرکیترین و قوڵترین کێشەکان کە بناغەی سەرجەم کێشەکانە، پرسی ژنانە. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سەدان ژن، لە ئاکامی توندوتیژی دا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. هەروەها ژمارەیەکی زۆریان بە بیانووی پووچی بنپێکردنی یاساکان، دەسگیر کران و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ئازار بوونەوە. لەبەر هۆکاری زێهنیەتی دواکەتوو لە نێو کۆمەڵگا دا ژمارەیەکی زۆر ژن لە ساڵی ڕابردوودا کوژران. ئەوە لە کاتێک دایە کە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئیلهام وەرگرتن لە فەلسەفەی ئازادی ئاپۆیی لە دژی سەرجەم نادادپەروەرییەکان سەریان هەڵدا و بوون بە دەنگی بەرزی ئازادی.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان دەسنیشیانی دەکا کە ساڵی نوێی زایینی دەبێ بە ساڵێکی گرینگ لە تێکۆشانی گەلانی ئێران و لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنێ:
” ئەو ناڕەزایەتییانەی کە ماوەی چەند ڕۆژە لە زۆرێک لە شارەکانی ئیران و بە تایبەتی لە شارەکانی مەشهەد و کرماشان دەستیان پێکردووە و بە سەرانسەری جوغرافیای ئێران دا بڵاو دەبێتەوە، خاوەن پۆتانسیەلێکی بەو شێوەیە کە بناغە بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئیران دا خۆش بکات. گەرچی هەندێ لایەن بە زانابوون یان بێ ئاگایی، سەرچاوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ کێشەی ئابووری دەگەڕێننەوە، بەڵام دەبێ هەموو لایەک بزانن کە لە ئاکام دا سەرچاوەی هەموو کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، سیاسییە.

مەجلیسی پەژاک جەخت لە سەر ڕەوایەتی هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەک بۆ گۆڕان و وەرچەرخانی ڕیشەیی لە ئێران دا دەکاتەوە و ڕادەگەیەنێ:” بەستنەوەی ناڕەزایەتی گەلان بە کەسانی بیانی و دەرەوە تەنیا بە ئامانجی سەرکووتکردن دەکرێ. لەم هەلوومەرجە هەستیارەدا، هاوئاهەنگی، خۆبەرێکخستنکردن و یەکێتی گەلانی ئیران و پشتیوانی سەرجەم هێزە دیموکراتیک و یەکسانخوازەکان گرینگییەکی ژیانی هەیە.”

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە کۆتایی لێدوانەکەی دا سڵاوی لە سەرهەڵدانی گەلانی ئێران کرد و بانگی لە سەرجەم گەلانی ئێران و بە تایبەتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری سەرهەڵدان ببن. لە هەمانکات دا ڕایگەیاند؛ لەو باوەڕەدان کە ساڵی نوێی زایینی، دەبێ بە ساڵی ئازادی هەموو گەلانی چەوساوە و بە تایبەتی ژنان

Related posts